نامەیەكى پەلە بۆ كاك نەوشیروان
Tuesday, 07/07/2009, 12:00
كاتێك خوێندكارى پۆلى پێنجەمى ئامادەیی بووم ئەوكات وانەى لە وانەى مێژوودا باسى شۆرشى فەرەنسیمان دەخوێند من زۆر سەرسام بووم بەو شۆرشگێرانەى فەرەنسا زۆركات واخۆم دەبینى كە یەكێًكم لەوانەى زیندانى باستیل دەروخێنن.
بەڵام لە وانەكانى دواتردا توشى شۆكێكى گەوەرە بووم ئێستاش ئەو دێڕەم بیر ناچێتەوە كە نووسرابوو (پاش ماوەیەك شۆڕشگێڕەكانى فەرەنسا هەڵگەرانەوە لەو خەڵكەى كە پشتگیرییان كردن و بونە هۆى سەركەوتنیان) ئیتر لە دڵى خۆمدا وتم ئەم هاوكێشەیە زۆر لاسەنگە چۆن شۆڕشگێر دەبێت بە دوژمنى خەڵك و پشت لەبیرو باوەڕى خۆى دەكات
ئەو ساڵەى من لە ئامادەیی بووم هاوكات بوو لەگەڵ دەستپێكدرنى شەڕى ناوخۆ ئەو شەڕەى نازانم بەڕاستى چ ناوێكى لێبنێم (ناوخۆ، كوردكوژى ، براكوژى) بەهەر حاڵ وامدەزانى ڕووداوەكانى دواى شۆڕشى فەرەنسى لە واقعى ئەوكاتەى كوردستاندا بەچاوى خۆم دەبیم .
من ئەوانم بە شۆڕشگێر دەزانى چونكە لەو كەسوكارە پێشمەرگە شەهیدانەى خۆم و سەدان گەنجى ترى خوێنگەرمى كوردستانەوە سەیرى ئەوانیشم دەكرد .
یەكێك لەو شەهیدانە كە ئامۆزامە لە دوو رۆژ پێش 7/3/1991 كاتێك یەك ڕۆژ بوو خوا كۆرپەیەكى پێدابوو لە شارى بانە ، ئەو بەتایۆنەى ئەو ویستبوویان بێن بۆ بەشداریی ڕاپەڕین . برادەرەكانى وتبویان قەینا بەو ناڵێین چونكە دوێنى مناڵیان بووە با ئەمڕۆ نەیەت، بەڵام كاتێك ئەو هەواڵەى بیستبوو كە بەجێماوە دەستى كردبوو بە گریان و لە هاوڕێ پێشمەرگەكانى زۆر زویر بوبو
كە هاتیشەوە بۆ كوردستان ئیتر جارێكى تر نەگەڕایەوە بۆ ئەوەى كچە نۆبەرەكەى ببینێت لە كەركوك و لە گرتنى معسكر خالید شەهید بوو
بەڕێز كاك نەوشیروان ئەو كات لاى من هەمووتان وەك ئەو ئامۆزا شەهیدەم پاڵەوان و شۆڕشگێر بوون
بەڵام دواى دەستپێكردنى شەڕى كوردكوژە ئیتر لە ناخى خۆما بوومە نەیارى هەموو حیزب و سەركردە كوردستانیەكان ، بە تایبەت خیانەتى گەورەى 31 ئاب تووشى گەورەترین شۆكى كردم ئیتر شۆڕشگێڕەكانى خۆمان شۆڕشگێڕەكانى فەرەنسایان لەبیر بردمەوە !!!!!!!!!!!!!!!!
تا ئەم ساتەى ئەم نامەیە بۆ بەڕێزت دەنووسم بەشداریم لە هیچ هەڵبژرادنێكى نە كوردستانى و نە عێراقیدا نەكردووە تەنانەت لە زانكۆش بەشداریم لە هەڵبژاردنە خوێندكاریەكاندا نەكردووە.چونكە هەرگیز نەمتوانى قەناعەت بەخۆم بكەم كە من هەڵەم ئەوەى ڕووى یا تەواوبوو ، ڕۆژ بە ڕۆژ هەستم بە زوڵم و زۆرداریی و بێ عەدالەتى ئەم دوو حیزبە ئەكرد ڕۆژ بە ڕۆژ سور بووم لەسەر نەیاریم ئەگەر نەشموێرابێت بە ئاشكرا قسە بكەم گرنگ لەگەڵ خۆم ڕاستگۆبووم هەرگیز دەنگى خۆم نەدا تەنانەت بە نوێنەرێكیشیان لە ڕێكخراوێكى خوێندكارى یان قوتابیان
بەڕێزكاك نەوشیروان لەگەڵ چەند هاوڕێیەكم ساڵانى پێشوو زۆر كات باسى دوورە پەرێزى و بێ دەنگی ئێوەمان دەكرد زۆرجاریش ئەمانوت ڕەنگە هەندێك شت هەبێت بەڵام ئێمە نەزانین
سەیر بوو لامان كە بەڕێزتان كاتێك ئامادەنین بەشێك بن لەو زوڵم و چەوسانەوەیە ئەى بۆ بێدەنگن .
زۆر جار كە ئیتر بەتەواوى بێزار ئەبوین و هەندێك شتمان ئەبیست لە كارى گەندەڵی و داوێن پیسى و بێ ویژدانى زۆرێك لە سەركردە و مەسئولەكانى ئەم دوو حیزبە ، دەماونوت بەدڵنیایەوە خواى گەورە ئەم زوڵمە قبوڵ ناكات ئەمانیش كاتى خۆیان دێت جارێ با بیخۆن .
ئەم قسانە تەنها بۆ دڵ خۆشى دانەوەى خۆمان نەبوو بەڵكو لەو باوەڕەوە بوو كە هەرگیز خواى گەورە زوڵم قەبول ناكات هەمووكات سەداممان ئەهێنایەوە بە نموونە كە چۆن ڕسوا بوو دواى ژیان لە ناو ئەو هەموو قەسرو باڵەخانانە لە كونە سەگێكا هێنایانە دەرەوە.
ببورە كە نامەكەم درێژەى كیێشا بەڵام من لە ئێوە وا ڕادەبینم كە وەك ئامۆزا شەهیدەكەم و براكەى كە لە شەڕى ڕزگاركردنى سلێمانى دواى گەڕانەوە لە كۆچ و ڕەوى 1991 لەبەر دەركى سەرا شەهید كر ا و هەزاران دڵسۆز و پێشمەرگەى دیكە بەڕاستى و ڕاستەقینە شۆڕشگێڕو خەمخۆرن و فرمێسكى دڵسۆزى بۆ خاك و خەڵكى كوردستان دەڕێژن و من وهەزارانى تر لە نەیارى و نامۆیی لە وڵاتى خۆماندا ڕزگار دەكەن و خواى گەورە ئێوەى هەڵبژاردووە بە فریادڕەسى هەزاران زوڵم لێكراو بە دەستى ئەو دوو بەماڵە زاڵم و خائینە .
هەر سەركەوتووبن
*كچى خۆت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست