دەم و چاوە بڵحەكان سزا بدەن مەیانگۆڕن
Sunday, 22/02/2009, 12:00
كێشەى یەكێتى كێشەى گۆڕینى دەم و چاو نیە , كێشەى ئەو بێ سیستەمى و دامەزراوەییە كە ئەمانە بەرهەم دەهێنێت ,لە یانزە خاڵەكەدا كە ئەو پێنج هەڤاڵە دەست لەكار كێشاوەیەى مەكتەبى سیاسى لەگەڵ تاڵەبانى لە سەرى ڕێكەوتن ئەوەیە گۆڕینى دەم و چاوەكانە , ئەگەر ماناى گۆڕین تەنها ئەوە بێت ئەم دەموچاوە بڵحەى كە سەرچاوەى مەینەتیە بۆ یەكێتى بە دەم و چاوێكى تر لەو بڵح تر ئەوە گۆڕین لەم حاڵەتەدا هیچ مانایەكى نابێ , ئەو كەسەى بۆتە هۆى ناشیرین كردنى یەكێتى لە مەكتەبەكەى خۆیدا , مەكتەبێكى سەقەت كردوە ئێستا لە باتى ئەم دەم و چاوە سزا بدرێت كەچى دەیبەن لە شوێنێكى تردا داى دەنێن و ئەو ئۆرگانەش سەقەت دەكات , كەواتە ئەم گۆڕینە نەكرێ زۆر باشترە و چیلكەى تێ وەرنەدەیت , نمونە ئەرسەلان بایز یان مەلا بەختیار یان عومەر فەتاح و عیماد ئەحمەد و دەیانى تر ئەمانە هەتا ئەم ساتە بونەتە هۆى داتەپاندنى یەكێتى , ئەوەى ئەم كەسانە بە یەكێتیان كردوە هیچ دوژمنێكى یەكێتى نەیكردوە كەچى ئێستا بێ لێپرسینەوە لە شوێنى خۆیان دەیان گۆڕن بۆ ئۆرگانێكى تر ئەمە نەگبەتیەكەى یەكێتیە , ئەوەى دڵسۆزە دوور ئەخرێتەوە , ئەوەشى بۆگەنە نزیك ئەخرێتەوە , ئەوەى ئەندازیارە لە تێكدانى یەكێتى و ئۆرگانەكەى خۆیدا ئەیبەن ئۆرگانێكى ترى پێ تێك دەدەن , عومەر فەتاح یەكێكە لەو دەم و چاوە بڵحانەى كە نەك یەكێتى بەڵكو كوردیشى ناشیرین كردوە , تائێستا فاشیل ترین كەس لە جێ بەجێ كردنى ئەركەكانیدا ئەم عومەرەیە كەچى ئێستا بێ لێپرسنەوە تاڵەبانى دیارى ئەداتێ و خۆشى داواى پۆستى بەرز تر ئەكات و پێشى ڕازى ئەبن , جاوەرە گۆشت بخەرە بەردەمى ئەم گەلە گورگە , گۆڕین تائێستا لاى دەسەڵاتى كوردى بەو مانایە دێت كە عەمر لابە و زەید بێنە , بێئەوەى سزاى كەس بدرێ , ئەوەى كە دێت چاو لەوەى پێش خۆى دەكات و ئەویش دەست پێ دەكات , هەموو ئەزانین مەسعود بارزانى بێجگە لە دزى و ووڵات فرۆشتن , گەورەترین خیانەتكارە , ئەمە لە باتى لێپرسینەوە و ڕادەست كردنى بۆ بەردەم دادگا كەچى ئەكرێت بە سەرۆكى ئەم هەرێمە , جەلال بە هەمان شێوە , ئەوانى تریش بە هەمان شێوە , ئیتر گۆڕین ئەگەر ئەم مانایەى هەبێت و بەردەوامیش بێت ئیتر كەس ترسى لە گۆڕان نابێت بگرە پێمان خۆشە زوو زوو گۆڕان بكرێت بۆ ئەوەى بەرز تر بینەوە ,یەكێتیش ئەمڕۆ توشى گەورەترین قەیرانى سیاسى بوە ,ئەوانەشى كە یەكێتیان توشى ئەم قەیرانە كردوە ئێستا پێشنیار كراوە بگۆڕێن و ببرێنە شوێنێكى تر , دەكرێ بپرسین ئایا بەم گۆڕانە یەكێتى ئەتوانێ كێشەكانى چارەسەر بكات یان دەبێت فاتیحەى بۆ دابدەین , ئەبێت ئەو سیستەمە بگۆڕین كە ئەمانەى تیا بەرهەم هاتوە , ئەبێت ئەو كەسە بگۆڕین كە ئەمانەى حەشار داوە و پشت و پەنایانە , یەكێتى تا نەكرێ بە حیزبێكى دامەزراوەیى , تا نەگەڕێتەوە بۆ پەیڕەو و بەرنامەكەى , تا نەگەڕێتەوە بۆ پرنسیپەكانى خۆى ئەوا ئەبێت چاوەڕێى خراپ ترى لێ بكرێ , ئەگەر لەم ووڵاتەدا یاسا هەبێت , كەس لە سەرووى یاساوە نەبێت ئەوا ئیتر كەس ناتوانێ گەندەڵى بكات , بەڵام لێرە كابراى لێپرسراو نەك یاسا بەڵكو لەسەروو خەڵكیشەوەیە , ئەم ووڵاتە شتێك نیە ناوى سزاو لێپرسینەوە بێت كە ئەمەش نەبوو ئیتر ووڵات دەبێتە جەنگەڵستان , ئەوەتا لێرەش لەم دەڤەرەى كە ئێمەى تیادا دەژین نە یاسا سەروەرە , نە عەدالەت هەیە بەڵكو میللەتێك گیرۆدەى دەستى چەند كەسێكى كەمە , ئەوانیش بە ئارەزووى خۆیان هەموو شتێك دەكەن كەسیش نیە بڵێت ئالەمانە بپرسنەوە , یەكێتى بە گۆڕینى دەم و چاوەكان ناگاتە ئەنجام ئەبێت خۆى بگۆڕێت , ئەوانەى یەكێتیان گەیاندە بن بەست و ئەمڕۆژە ئەوانە دوور بخاتەوە لە خۆى , ئەبێت وسڵى خۆى دەربكات لەو كەسە ناشیرین و پیسانە , نەك شوێنى باشتریان بداتێ , ئەگەر ئێَوەش ئەمڕۆ ئەوەنەكەن ئەوە شەقى زەمانە ئەتان گۆرێ ئیتر ئەو كاتە دەستان لە بنى هەمانەكە دەردەچێت و فریاى هیچ ناكەون ,
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست