کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌سه‌ڵات و سیاسیه‌تی چه‌واشه‌کاری و په‌رته‌وازه‌ !

Tuesday, 22/02/2011, 12:00


ده‌سه‌ڵات و سیاسیه‌تی چه‌واشه‌کاری و په‌رته‌وازه‌ !





وته‌یه‌کی باو هه‌یه‌ له‌ ناو کورده‌واریدا ده‌ڵێن؛ (ئینسان‌ که‌وته‌ ئاوه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خنکێت په‌نا بۆ چڵه‌ پوشێکیش ده‌بات خۆی پێ بگرێته‌وه‌)، ده‌گونجێت بارودۆخی حیزب و لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌م کاته‌دا به‌و که‌سه‌ خنکاوه‌ و که‌سه‌ به‌ ناو ڕۆشنبیره‌کانیش که‌ به‌رگری له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن به‌و چڵه‌ پوشه‌ بخه‌مڵێنین ... فه‌رهاد پیرباڵ به‌ نموونه‌


ساڵانێک به‌ر له‌ ئێستا و پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگۆی دروستبوونی لیستی گۆڕان له‌ ئارادا بێت، که‌سانی خوێنه‌رو چاودێرانی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ مه‌ده‌نیه‌کان هه‌ستیان به‌و ڕاستیه‌ کردبوو که‌ چیتر ئه‌م حکومه‌ته‌ هه‌یئه‌ت و متمانه‌ی خۆی له‌ده‌ست داوه‌و و که‌م تا زۆر و دور یا نزیک ده‌بێت بڕوخێت و چیتر خه‌ڵک ناتوانێت له‌ سایه‌یدا گوزه‌ران بکات، بۆیه‌ هه‌ندێک له‌و چاودێرانه‌ی که‌ خولیای سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردن بون،به‌ حوکمی ته‌جروبه‌ و گه‌ڕان به‌ وڵاتانی ڕۆژئاوادا و ناوچه‌ دیموکراته‌ ڕاسته‌قینه‌کان، پێیان وابو باشتر له‌وانه‌ی ‌ ئێستا له‌ ده‌سه‌ڵاتدان فه‌رمانڕه‌وایی ده‌که‌ن بۆیه‌ که‌وتنه‌ هه‌وڵدان بۆ راکێشانی خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر به‌دوی خۆیاندا و باشترین ڕێگاش بۆ ئه‌و ڕاکێشانه‌ نوسین و ڕه‌خنه‌گرتن بو له‌ ده‌سه‌ڵات؛ له‌ ساڵی 2006 دا ده‌زگای ڕه‌نج کتێبێکی بۆ فه‌رهاد پیرباڵ چاپکرد به‌ ناوی (زمانی حه‌یزه‌ران)، ئه‌گه‌رچی کتێبه‌که‌ به‌ گشتی ڕه‌خنه‌ گرتنه‌ له‌ سیسته‌می سیاسی هه‌رێم له‌ ڕوی زانکۆ و په‌روه‌رده‌و خوێندنه‌وه‌ ویستراوه‌ سوچێک له‌ عه‌ببای حکومه‌ت ڕاکێشێت به‌ دیوی په‌روه‌رده‌دا، به‌ڵام ئامانجی سه‌ره‌کی و سیاسی نوسه‌ر له‌وێدا گۆڕینی ڕژێمه‌که‌ بوو؛ به‌ تێڕوانین له‌ پێشه‌کی کتێبه‌که‌دا تێیدا هاتبوو که‌ فه‌رهاد پرباڵ ده‌ڵێت: (ده‌بێت وا له‌ خوێنکاران بکات له‌ جیاتی جانتا ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ستیانه‌وه‌) !، له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ وته‌یه‌کی جوانه‌ و لێکدانه‌وه‌یه‌کی قورس و شیکاری هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌و که‌سه‌ی خاوه‌نی ئه‌م وته‌یه‌ بێت ده‌بێت خاوه‌نی هه‌مان ئه‌و ڕێگایه‌ بێت که‌ خوێندکار پێیدا بپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی ئه‌و جانتا وه‌همیه‌ که‌ ئه‌و به‌ ده‌سه‌ڵات مه‌زه‌نده‌ی ده‌کات، دوای ئه‌وه‌ش ده‌بو هه‌ر خاوه‌نی ئه‌و وته‌یه‌ چاوساخ و ڕیشسپی ئه‌و خوێنداکارانه‌ بێت تا ده‌گه‌نه‌ شوێنی ئامانج؛ به‌وه‌ نا که‌ نوسه‌ر شاره‌زاتر ده‌توانێت ئه‌و جانتایه‌ هه‌ڵگرێت، به‌ڵکو به‌وه‌ که‌ ده‌توانێت بیانخاته‌ سه‌ر ڕێگاکه‌ و نه‌هێڵێت ڕێگا ون که‌ن و ئه‌گه‌ر کاره‌ساتێکیش پێشهات له‌ پێش هه‌مویانه‌وه‌ به‌رگری بکات... به‌ڵام فه‌رهاد پیرباڵ پاش بێ توانایی و بێ ئه‌مه‌ل بوونی له‌ پشتیوانی کردن و به‌رگری کردن له‌و ڕێگایه‌ نه‌یتوانی به‌رگری له‌ وته‌که‌ی خۆیشی بکات، هه‌ر له‌ گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و گردکردنه‌وه‌ی که‌سانی ڕۆشنبیرو خوێنداکران به‌ ده‌وری بزوتنه‌وه‌که‌دا، به‌ر له‌ 25 ی حه‌وت بایدایه‌وه‌ به‌لای ده‌سه‌ڵات و به‌رگری له‌و سیسته‌مه‌ سیاسیه‌ گه‌نده‌ڵه‌ ‌کرد که‌ هه‌ر پێشتر خودی ئه‌و به‌ توندی ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرت و ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ هه‌وڵی داڕوخانی ده‌دا ! ئه‌گه‌رچی وردتر بچینه‌ ناو بابه‌ته‌که‌وه‌ ده‌بینین که‌ له‌ به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی بڕێک شاباشدا فه‌رهاد پیرباڵ وته‌کانی خۆی فرۆشت، به‌ڵام دواتریش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ستی تێکه‌ڵ کرد و که‌وته‌ دژایه‌تی کردنی ئایدۆلۆژیای چاکسازی به‌ شێوه‌یه‌کی به‌ ناو موسه‌قه‌فانه‌ له‌ پشت په‌رده‌یه‌کی عه‌شایریدا...


ئه‌وه‌ی که‌ گرنگه‌ بۆ هاوڵاتیان بیزانن ده‌رباره‌ی ئه‌م چاووڕاوه‌ پێویسته‌ هیچ کات باوه‌ڕ به‌ که‌سانی خۆفرۆش نه‌که‌ن و دوای که‌سانێک نه‌که‌ون که‌ ده‌یانه‌وێت عاقاری ڕاپه‌ڕینه‌که‌تان لێ تێک بده‌ن به‌ بارێکی تردا، چونکه‌ ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵات هیچ ڕێگا چاره‌یه‌کی پۆزێتیڤ و دڵنیایان نه‌ماو که‌ له‌م قه‌یرانه‌ ڕزگاریان بکات ناچار ده‌یانه‌وێت که‌سانی وه‌ک فه‌رهاد و پیرباڵ و له‌و بابه‌ته‌ بخه‌نه‌ ناو خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ تا ئێوه‌ دوای که‌ون و ئاڕاسته‌ی ڕاپه‌ڕینتان لێ تێک بدات له‌ پاشدا دورتان بخاته‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌مانه‌وێت ده‌سه‌ڵات بڕوخێت و دواتر خۆشیان وه‌ک سه‌رقاپ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر مه‌نجه‌ڵی حیزب.


بۆیه‌ زۆر وریاو ئاگادار بن له‌و که‌سه‌ به‌ناو ڕۆشنبیرانه‌ که‌ له‌ لایه‌ن یه‌کێتی و پارتیه‌وه‌ ده‌نێردرێنه‌ ناوتان و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ زمانی ئێوه‌وه‌ به‌رگری ده‌که‌ن و هوتاف ده‌کێشێن تا ئێوه‌ متمانه‌ی ته‌واویان پێ بکه‌ن و لێیان دڵنیا بن له‌وه‌ی داکۆکی له‌ مافی ئێوه‌ ده‌که‌ن، به‌ڵام دواتر که‌ کۆنتڕۆڵیان کرد ئه‌و کات به‌ ناوی ئێوه‌وه‌ پاشه‌کشێ له‌ وه‌زعه‌که‌ ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش به‌ دویاندا پاشکه‌شێ بکه‌ن و له‌ ئامانجی سه‌ره‌کی خۆپیشاندانه‌کان لاتان بده‌ن ...


له‌ بیرتان نه‌چێت و به‌ شێوازێک پێشوازی مه‌که‌ن له‌ هه‌موو نوسه‌رێک یان سیاسی یان هونه‌رمه‌ند یان شانۆکار یان هه‌ر که‌سێکی تر که‌ ده‌یه‌وێت له‌ سایه‌یه‌ی جموره‌وه‌ قۆرخی خۆپیشاندانه‌کان بکات و ئاڕاسته‌ی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ به‌ ئاڕاسته‌ و ئاقارێکی تردا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و که‌مینه‌ و ده‌سه‌ڵاتدا به‌رێت ... ، ئامانجی سه‌ره‌کی ئێوه‌ له‌ ناوبردنی ئه‌م ڕژێمه‌ گه‌نده‌ڵه‌ تۆتالیتاره‌ نا شارستانیه‌ نا دیموکراته‌یه‌، ئامانجی ئێوه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه‌ خزمه‌تکردنی هاوڵاتیانه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی نوێی ئاشتی خوازه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتێک که‌ به‌رد نه‌گرێته‌ خۆپیشانده‌ران له‌ سه‌ربانی ده‌زگایه‌کی تیرۆرستیه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتێک وه‌ڵامی به‌رد به‌ گوله‌ نه‌داته‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتێک کێشه‌ی میلله‌تێک به‌ سوڵحی عه‌شایه‌ری حه‌ل نه‌کات !، ده‌سه‌ڵاتێک له‌ ژێر یاساو ده‌ستوری میله‌تدا ملکه‌چ بێت و ببێته‌ پردێک بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی هاوڵاتیان به‌ره‌وه‌ ده‌روازه‌کانی ئازادی و شارستانیه‌ت نه‌ک ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان بکرێنه‌ پرد له‌ نێوان بازرگانی و به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە