کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قەیرانێكی تری سیاسی لەبەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئێراق لە ئارادیە

Monday, 16/11/2009, 12:00


ئێراق لەبەردەم قەیرانێكی تری سیاسی دایە لەسەر یاسای هەڵبژاردن ئەگەر یاسای هەڵبژاردن بگەڕێنرێتەوە پەرلەمان، ئەوە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن دێتە ڕۆژەڤەوە. پەرلەمانی كوردستانیش داوای كرد كە یاساكە ڤیتۆ بكرێ. یاسای‌ هەڵبژاردنی ئێراق ڕۆژی‌ 8ی‌ ئەم مانگە لە پەرلەمانی ئێراق دوای نزیكەی مانگێك لە مشتومر ئەرێ كرا. بۆ كاركردن بەو یاسایە لە دوا قۆناغ دا پێویست بە ئەرێ كردنی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی ئێراقە كە پێك هاتووە لە جەلال تاڵەبانی‌ سەرۆك كۆمار‌ی ئێراق و جێگرەكانی ئادل ئەبدولمەهدی‌ و تاریق هاشمی.
تا ئێستا تاڵەبانی و ئبدوڵمەهدی یاساكەیان وەك خۆی پەسەندیان كردووە بەلام بەلام تاریق هاشمی‌ ڕەتی كردەوە.
تاریق ئەلهاشمی لە دەنگدانی دەرەوەی وڵات لەگەڵ ئەندامانی تری ئەنجومەنی سەرۆكایەتی ناكۆكە.
هاشمی دەلێ لە گەڵالەی یاساكەدا 3 ژمارە بۆ دەنگدەرانی‌ دەرەوە وڵات پێشنیار كراوە وەك رێژەی‌ لەسەدا پێنج‌ و لەسەدا دە و لەسەدا پازدە و پێی وایە ئەگەر ئەندامانی‌ پەرلەمان هەمویان لە كاتی‌ دەنگداندا ئامادە بونایە ئەوە ڕێژەی دەنگپێدراو زیاتر دەبوو.
شایانی باسە بەپێی لێدوانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەئێراق نزیكەی ملیۆنێك دەنگدەری ئێراقی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات بەشداری لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەكەن لە كۆی دوو ملیۆن ئێراقی نیشتەجێی دەرەوە و ، ئۆفێسێكیش لەهەولێر دەكرێتەوە بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان لەدەرەوەی‌ وڵات.
هاشمی‌ پەرلەمانی ئێراقی‌ وشیار كردەوە لەوەی‌ كە یاسای‌ هەڵبژاردنەكان پەسەند ناكات گەر ئەو بڕگانە هەموار نەكرێن كە پەیوەندیدارن بە كورسییەكانی‌ ئێراقییەكانی‌ دەرەوەی‌ وڵاتەوە هەیە.
هاشمی‌ دەلێ بەپێ دەستور پێویستە مامەڵە لەگەڵ ئێراقییەكانی‌ دەرەوەدا نەكرێت بە شێوەیەكی‌ جیاواز و وەكو سەرجەم ئێراقییەكانی‌ دیكە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و سەرجەم مافە دەستورییەكانیان بۆ فەراهەم بكرێت.
لەسەر یاسای هەڵبژاردن ، سەرۆكی كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەكان فەرەج حەیدەری ڕایگەیاند كە ئەگەر یاساكە لە ئەنجومەنی‌ سەرۆكایەتییەوە بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، ئەوان روبەڕوی‌ هەڵوێستێكی‌ سەخت‌ دەبنەوە ، لە كاتێك دا كەتەنیا دوو ڕۆژ ماوە یاسای‌ هەڵبژاردن یەكلایی‌ بكرێتەوه.
لە كاتێكدا كە قەیرانێكی سیاسی لە سەر یاسای هەڵبژاردن سەری هەڵداوە ، سەرۆك كۆماری ئێراق جەلال تاڵەبانی ڕووی لەفەرەنسا كرد.
موحسن سەئدون ئەندامی‌ لیژنەی‌ یاسایی‌ پەرلەمانیش وتی : گەڕاندنەوەی‌ یاساكە بۆ پەرلەمان كاردەكاتە سەر وادەی‌ دیاریكراوی‌ هەڵبژاردن‌و تێكڕای‌ ئەم لێدوانانەش ئاماژەن بۆ مەترسی‌ ئەگەری‌ دواخستنی‌ هەڵبژاردن.
شایانی باسەكە دادوەر قاسم ئەبودی‌ سەرۆكی‌ دەزگای‌ هەڵبژاردن لە كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەكان رایگەیاندبوو كە كۆمسیۆنەكەیان پشت بە داتاو زانیارییەكانی‌ كۆبۆنی‌ خۆراكی‌ وەزارەتی‌ بازرگانی‌ دەبەستێت بۆ دەستنیشانكردنی‌ ژمارەی‌ دەنگدەران و جگەلەو زانیاریانە هیچ ئامارێكی‌ دیكە لە ئێراقدا نییە بۆ ئەوەی‌ كۆمسیۆن پشتی‌ پێ ببەستێ.
جێگای ئاماژەیە جیاوازییەكی‌ زۆر هەیە لە نێوان ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ ئێراق لە نێوان ساڵی‌ 2007 و 2009 كە ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ ئێراق بە شێوەیەكی‌ بەرچاو زیادی‌ كردوە و ، ئەم زیاد بونەش زیاد بونێكی‌ ناسروشتییە بەتایبەتی لە هەردوو شاری‌ بەغداد و موسڵ.
هەر بە پێی ئامارەكانی وەزارەتی‌ بازرگانی‌ ژمارەی‌ دەنگدەرانی‌ سێ پارێزگای هەرێمی‌ كوردستان تەنیا 3 كورسییان بۆ زیاد كرا، ئەوەش لە لایەن كوردەكانەوە بە نارەوا دەزانرێ.
شایانی باسە كە لەدانیشتنی‌ دوینێی پەرلەمانی‌ كوردستاندا كە تایبەتە بەگفتوگۆكردنی‌ یاسای‌ هەڵبژاردنەكانی‌ ئێراق‌و دابەشكردنی‌ كورسییەكانی‌ پەرلەمانی‌ ئێراق بەسەر پارێزگاكان دا، یاداشتێك ئاراستەی سەرۆكایەتی‌ كۆماری‌ ئێراق دەكرێت.
لە یاداشتەكەدا نارەزایی له بەرامبەر زیادبونی‌ ناسروشتیی‌ كورسی‌ پارێزگاكان و بێبەشكردنی‌ پارێزگاكانی‌ هەرێم لەو زیادبونە خراوەتەڕوو‌.
بەپێی یاداشتەكە لە دابەشكردنی‌ كورسییەكانی‌ كوردستاندا ناهەقییەكی‌ زۆر بەرامبەر بە شارەكانی‌ هەرێم كراوە و بەتایبەتی شاری سلێمانی كە ئامارەكەی وەزارەتی بازرگانی نیشانی دەدا كە شاری‌ سلێمانی‌ لە هەڵبژاردنی ڕابردووەوە هیچ كورسیەكی زیادی نەكردووە.
داواش دەكرێ كە مافی ڤیتۆ لە بەرامبەر یاساكە بەركاربهێنرێ.
گەڵالە یاسای‌ هەموار كراوی هەڵبژاردن كە رۆژی یەكشەممەی پێشوتر ئەرێ كرا ، ژمارەی‌ كورسییەكانی‌ پەرلەمانی‌ داهاتوی‌ ئێراق لە 275 كورسییەوە بۆ 323 كورسی‌ زیاد بكرێ بەلام ئەو زیاد بوونە رێژەیەكی زۆر كەمی بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە