کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


په‌رله‌مانێکی دۆڕاو، حکومه‌تێکی ڕوخاو، سه‌رۆکێکی سواو !، میلله‌تێکی... ؟

Thursday, 10/03/2011, 12:00



 ئه‌مه‌ ئه‌و کاته‌یه‌ ‌ گه‌نده‌ڵی سه‌رجه‌م میکانیزمه‌کانی چاره‌سه‌ر تێپه‌ڕده‌کات و هه‌موو ده‌روازه‌کانی  ئومێد و هیوای چاکسازی  به‌ ڕووی جه‌ماوه‌ر و میلله‌تدا داده‌خات...  ئه‌وکاته‌یه‌ هاوڵاتی له‌ ناو کۆنکرێته‌ ئه‌ستوره‌کانی گه‌نده‌ڵیدا ته‌نها درزێکیش  شک نابات لێوه‌ی بڕوانێته‌ ڕوناکی وبه‌هاکانی ژیان؛ په‌رله‌مانتارێک، کاربه‌ده‌ستێک، که‌ناڵیک، ڕۆژنامه‌ یا گۆڤارێک، ڕادیۆیه‌ک، مرۆڤێک، ده‌عبایه‌ک... هیچ شتێک نیه‌ سه‌ر به‌ به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات بێت و داکۆکی له‌ مافی گه‌ل و هاوڵاتیانی به‌شمه‌ینه‌ت  و سته‌مدیده‌ بکات! ئه‌وه‌ی له‌م 20 ساڵه‌ی ڕابردوودا له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی وپارتی له‌ کوردستاندا ڕویدا، به‌ جارێک هه‌موو تیۆر و بنه‌ماکانی  دیموکراسیه‌تی له‌ به‌رچاوی میلله‌تدا شێواند، بڕواناکه‌م له‌ دوای پارتی و یه‌کێتی هیچ حیزب و ده‌سه‌ڵاتێکی نوێ له‌ کوردستاندا له‌ڕوی بێت پاشگری دیموکراتی له‌خۆی بنێت، ئه‌مانه‌ هه‌موو قودسیه‌ت و پیرۆزیه‌کانی په‌رله‌مانیان  سوک کرد، گاڵته‌ کردن به‌ نه‌فس و ئیراده‌، فریودان و گه‌وجاندن، دزین و ڕوتکردنه‌وه‌، تاڵانی و کۆسته‌ڵه‌و بۆی ده‌رچوون، فاسد کردن و بێ ڕه‌وشت کردنی کۆمه‌ڵگا.. و چه‌ندان پرۆژه‌ی نامرۆیی و دژه‌ ئینسانی، له‌ دروشم و سه‌ردێڕ و تایتڵی ئه‌و بابه‌تانه‌یه‌ که‌ له‌ ناو حکومه‌ت و په‌رله‌ماندا بۆ یه‌کتری ته‌رح ده‌که‌ن و ده‌یخه‌نه‌ به‌رده‌ستی یه‌کتر..
 لێدان و هه‌ڕه‌شه‌و ئیهانه‌ کردنی په‌رله‌مانتارانی ئۆپسزیۆن له‌ پێناوی چیدا ؟ ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت ئۆپۆسزیۆن  به‌رگری له‌ زۆرینه‌ ده‌که‌ن؛ که‌واته‌ فراکسیۆنی لیستی ده‌سه‌ڵات دژی زۆرینه‌ن، له‌ کاتێکدا به‌ حساب هه‌ر به‌ده‌نگی  زۆرینه‌ ده‌سه‌ڵاتیان بردۆته‌وه‌، ئه‌م فرتوفێڵ و چه‌واشه‌کاریه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر زۆرینه‌ هۆکاری چیه‌ ؟ ئایا زۆرینه‌ ساویلکه‌و نه‌زانه‌ و به‌ دیار دروشمه ‌کۆنه‌کانی زه‌مانی شاخه‌وه‌‌ خه‌ڵه‌فاوه‌؟ یان  بێئاگان له‌ هه‌ڵوێسته‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ناو په‌رله‌مان و حکومه‌تدا؟ وه‌ یان حه‌زیان به‌وشێوازه‌ حکومڕانیه‌یه‌ که‌ ئه‌مانه‌ کردویانه‌ و ده‌یکه‌ن؟ یان ترس و بێ متمانه‌ییه‌و هه‌ست نه‌کردنه‌ به‌ به‌دیلێکی شیاو ؟... هه‌رچی بێت ئه‌مه‌ ناکه‌ته‌ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات دۆگما و چه‌قبه‌ستوو له‌ جێگای خۆیدا بمێنێته‌وه‌، گۆڕانکاری ئه‌گه‌ر به‌ خراپتریش بێت، هه‌نگاو نانه‌ به‌ره‌و ده‌رئه‌نجامێکی باشتر،  بۆ نموونه‌  کورد له‌ ڕاپه‌ڕینی 1991 دا وه‌ک ئه‌وه‌ی شایسته‌ی باسکردن و دیار بێت قازانجێکی ئه‌وتۆی نه‌کرد، ڕژێمێکی له‌ناوبرد به‌ ڕژێمێکی تر که‌ له‌ ده‌لاله‌ت وبه‌لاغه‌تی فریودان و قڕکردنی میلله‌تدا هه‌مان شت بوو، هیچ ده‌سکه‌وتێکی سیاسی و ئابووری و نه‌ته‌وه‌یی چه‌سپاوو پۆزه‌تیڤ به‌ سنورێکی تۆکمه‌وه‌  بۆ هه‌رێمی کوردستان به‌دی نه‌هات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌سکه‌وت بوو له‌و کاتدا که‌ تا ئێستاش مایه‌وه‌ و جێی شانازیه‌ بۆ کورد، (ئه‌زموونی ڕاپه‌ڕین) بوو! ڕاپه‌ڕین به‌ واتای مل نه‌دان بۆ هیچ ڕژێم و ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی له‌ ده‌ره‌وی خواسته‌کانی میلله‌ت،  ئه‌م هاتنه‌ سه‌رجاده‌و بیردۆزی ڕاپه‌ڕینه‌ی 2011 هه‌ر هه‌مان باوه‌ڕی گه‌له‌ به‌و ئه‌زموونه‌ی له‌ ڕابوردوودا چه‌سپاندی، ئه‌گه‌ر سه‌دان حکومه‌تی سه‌پێنه‌رو دیکتاتۆری به‌هێز بێته‌وه‌ مه‌یدان تازه‌ خۆی له‌به‌رده‌م ئیراده‌ی گه‌ل ڕاناگری و ده‌ڕوخێت چونکه‌ گه‌ل ئه‌زموونی ڕاپه‌ڕین فێربووه‌، تا ئێستا ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی و پارتی هێڵاوته‌وه‌ له‌ کوردستان، هه‌ست کردنه‌ به‌ عه‌تف و سۆزێکی باوکانه‌ له‌ لایه‌ن گه‌له‌وه‌، چۆن باوکیک چاوپۆشی له‌ هه‌ندێک هه‌ڵه‌ی ڕۆڵه‌کانی ده‌کات به‌ هه‌مان شێوه‌ گه‌لیش چاوپۆشی له‌ هه‌ندێک هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران کرد له‌ کاتی خۆیدا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات چاوپۆشیکردنه‌کانی نه‌کرده‌ په‌ندێک بۆ دوپات نه‌کردنه‌وه‌ی، به‌ڵکو وا تێگه‌یشت ئه‌و چاوپۆشیکردنه‌ ‌ له‌ نه‌زانی و بێ ئاگایی گه‌له‌وه‌یه‌ تا ئه‌و به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌تر و کوشنده‌...  په‌رله‌مانێک له‌ ده‌نگ و ئیراده‌ی سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی پێکدێت ده‌کرێته‌ کۆیله‌ی حکومه‌تێکی ڕوخاو له‌ به‌رده‌م سه‌رۆکێکی ته‌زویردا! ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ کورد هه‌ر میلله‌تێکی تر بێت به‌ خوێناویترین ئاکار ده‌سه‌ڵاتی ده‌ڕوخاند، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م له‌ ئینگلته‌را ڕویدا و ده‌رئه‌نجام به‌ بڕیاڕی‌ په‌رله‌مان سه‌ری شا په‌ڕێنرا به‌ به‌رچاوی میلله‌ته‌وه‌...
 هه‌موو لایه‌ک ده‌زانن هه‌ر پرۆژه‌و پاساوێک له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ ده‌ربچێت ئه‌وه‌نده‌ی له‌ خزمه‌تی حیزب و ده‌سه‌ڵات و که‌مینه‌دایه‌، نیو ئه‌وه‌نده‌ که‌متریش له‌ خزمه‌تی میلله‌ت و زۆرینه‌دا نیه‌، هه‌موو گه‌ڕان و ئه‌ملاو و ئه‌ولاکردن و سه‌ردانه‌کانی دکتۆر به‌رهه‌م بۆ ناوچه‌کان ته‌نها له‌ پێناوی هه‌ڵخه‌ڵاتاندن و فریودانی هاوڵاتیاندایه‌ و به‌و هه‌ڵوێستانه‌ هیچ له‌ مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی چاره‌سه‌ر ناکات، باشتر وابوو‌ دکتۆر به‌رهه‌م نه‌چێته‌ ناو خه‌ڵک و بۆنه‌ ئاینیی و نیشتمانیه‌کانه‌وه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ رێگا چاره‌ بۆ بنبڕکردنی یه‌کێک له‌ گه‌نده‌ڵیه‌کان بدۆزیبایه‌ته‌وه‌ و ئه‌و کاته‌ نه‌کوژێت به‌و تێکه‌ڵاو بوونه‌ له‌ناو خه‌ڵکدا، بۆ سه‌لماندی دڵسۆزی خۆت بۆ که‌سێک مه‌چۆ له‌که‌لاوه‌که‌یدا له‌گه‌ڵی دابنیشییت ، به‌ڵکو به‌وه‌ی توانا و ده‌سه‌ڵاتت هه‌یه‌ ڕێو شوێنی بۆ دابینکه‌ و ئه‌وکات پێویست ناکات هه‌رگیز سه‌ردانی بکه‌یته‌وه؛ به‌ڵام ئه‌م نزیک بونه‌وانه‌ چ له‌ ناو خه‌ڵک چ له‌ ناو په‌رله‌مان و له‌ هه‌رشوێنێک ته‌نها بۆ دڵنیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌تی‌ له‌وه‌ی که‌ وای ده‌ربخا‌ت دڵسۆزه‌ بۆ خه‌ڵک به‌ڵام ئامانجه‌که‌ ته‌نها فریودان و هه‌ڵخه‌ڵاتندنی زۆرینه‌یه‌... هه‌رچی مه‌سعود بارزانیش هه‌یه‌ هه‌ر ئه‌و سه‌رۆکه‌ بو که‌ ده‌بابه‌کانی 31 ی ئابی هێنایه‌ سه‌ر په‌رله‌مانی کوردستان و په‌رله‌مان له‌و کاته‌وه‌ تا ئێستا هه‌یمه‌نه‌و پێگه‌ی سیاسی خۆی ‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری نیمچه‌ ده‌وڵه‌ته‌که‌ی هه‌رێمدا دۆڕاندوه ، هه‌ردو سه‌رۆکی حیزبی  ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو ئه‌زموونه‌ جاشی و خۆفرۆشی و خاک فرۆشیه‌ به‌ چ ئه‌قڵیه‌ته‌که‌وه‌ باسی خزمه‌تکردنی میلله‌ت و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ ده‌که‌ن! بیجگه‌ له‌ که‌مینه‌یه‌ک هیچ که‌س له‌ هه‌رێمدا بڕوای به‌ بڕیار و په‌یمان و دروشمه‌کانی ئه‌وان نیه‌ که‌ به‌ ناوی کوردایه‌تی و پاراستنی سنوری نه‌ته‌وه‌یی به‌ ڕوی خه‌ڵکیدا ده‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌م سه‌رۆکانه‌ ته‌نها ئاسنی سارد ده‌کوتن و بێجگه‌ ده‌سته‌و تاقم و ماستاوچیه‌کانی دوروبه‌ریان که‌س بڕوای به‌ مه‌سعود و جه‌لال نه‌ماوه‌ و دو سه‌رکرده‌ی سواو و بێزراوو عه‌بوسن له‌ ناو خه‌ڵکدا...
 لێره‌دا ته‌نها ئه‌وه‌ی ماوه‌ تیشکی بخرێته‌ سه‌ر،هه‌ڵوێستی ئێستای میلله‌ته‌! ئه‌وه‌ نزیکه‌ی مانگێکه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی هه‌یه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تیه‌کانی هه‌رێم  و ڕۆژ به‌ ڕۆژیش  ڕو له‌ زیاد بوونه‌،  به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێکی تا ڕاده‌یه‌ک تێروته‌سه‌ل و واتادری هاوڵاتیان نه‌دراوه‌ته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ده‌سه‌ڵات وا له‌ مه‌سه‌له‌که‌ گه‌شتبێت خه‌ڵکی پاش ماوه‌یه‌ک ماندوو ده‌بن و واز له‌ خۆپیشاندانی هێمنانه‌ دێنن، بڕوای ئه‌وان هه‌ر هه‌مان بڕوای چینه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی مێژووه‌ که‌ زانایان و داهێنه‌رانیان پشتگوێ ده‌خست تا له‌ سه‌ر کاره‌که‌یان سارد ببنه‌وه‌، له‌ کاتێکدا ئه‌وه‌ بیردۆزێکی هه‌ڵه‌یه‌ و هه‌میشه‌ سه‌رکه‌وتوان له‌ پشتگوێخستنیاندا چڕتر ده‌بنه‌وه‌و تۆکمه‌ تر ده‌بێت، له‌ ناو په‌رله‌ماندا ده‌ڵین گوایا 67 په‌رله‌مانتار ده‌نگیان به‌ مانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح داوه‌ بۆ مانه‌وه‌، به‌ڵام چ 67 په‌رله‌مانتارێک؟! ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ ته‌زویرات و ماستاوچێتی بۆ به‌رژه‌وندی شه‌خسی تاکه‌که‌س چونه‌ته‌ ئه‌و جێگایه‌، میلله‌ت زیاتر له‌ ملیۆنێک که‌سه‌ داوا ده‌کات ‌ ئه‌و سه‌رۆکانه‌ نه‌مێنن، ئه‌و 67 که‌سه‌ی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات  بۆیان نیه‌ به‌ ناوی ملیۆنێک خه‌ڵکه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هه‌ر به‌رپرس و سه‌رۆکێک بده‌ن له‌ کاتێکدا میلله‌ت نایه‌وێت، ئه‌وانه‌ ته‌نها نوێنه‌ری حیزبه‌کانیانیان و حاشا میلله‌ت هه‌رگیز ده‌نگی به‌و چڵکاوخۆرانه‌ نه‌داوه‌ و به‌ ته‌زویرات چونه‌ته‌ په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات خه‌ریکی ئه‌م چه‌واشه‌کاری و خۆگه‌مژه‌ییه‌ بێت و خێرا نه‌یه‌ت به‌ده‌م داواکاری خۆپیشانده‌ران و ئه‌و خاڵانه‌ جێبه‌جێ نه‌کات که‌ ئه‌نجومه‌نی کاتیی سه‌رای ئازادی له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا له‌سه‌ری ڕێکه‌وتوون، ئه‌گه‌ر به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران داواکاری خۆپیشانده‌ران بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌سه‌ریا تێپه‌ڕن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداران و یه‌کێتی و پارتی، ئه‌گه‌ر میلله‌ت به‌م جۆره‌ خه‌باته‌ هێمنانه‌ی خۆپیشاندان نه‌گات به‌ مافه‌ ڕه‌واو سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆی و داواکاریه‌کانیان جێ به‌ جێ نه‌کرێت... هه‌موو سه‌رانی ده‌سه‌ڵات له‌وه‌ دڵنیا بن  به‌ زۆر و زه‌بری هێز  ده‌بێت له‌م وڵاته‌ بڕۆن و ده‌که‌ونه‌ ناو جه‌نگێکی ناوخۆیی تره‌وه‌؛ ئاکامه‌که‌شی به‌هه‌مان ئاقاری به‌عس ده‌برێن و له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنرێن!  بۆیه‌ خوازیارین زو به‌ زوو وه‌ڵامی کرداریانه‌ی خۆپیشانده‌ران بدرێته‌وه‌ تا نه‌گه‌ن به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی په‌نا ببرێته‌ به‌ر ئه‌و زمانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتداران‌ لێی تێده‌گه‌ن!...
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە