ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەكرێت ؟
Sunday, 07/07/2013, 12:00
گەر وەبیرى خۆمانى بێنینەوە حیزبە كوردیەكان كە لێدوان دەدەن خاڵێكى جێگیر لە لێداونەكانیان ئاماژەكردنە بۆ بەرقەرار بوونى ئازادى بیروڕاى تاكى كورد سەربەخۆى لە بڕیاردان و دیموكراسی بوونى كوردستان ئەم وشانە لە هەموو راگەیاندراوێكیان هەیە تەنانەت بە هێزە ئیسلامیەكانیشەوە بەڵام ئەوەى جێى سەرنج و راستیە ئەوەكە لە پاش تێپەڕ بوونى بیست و دوو ساڵى دەستەڵاتى هێزە دیموكراسی خوازەكانى كوردستان تا ئێستا هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم بەدەنگى گەل یەك جار ئەنجام دراوە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان ئەویش بەهەمان شێوە یەك جار ئەنجام دراوە هەڵبژاردنى پەرلەمان تا ڕادەیەك زیاتر لە هەڵبژاردنەكانى تر ئەنجامداراوە كە ئەویش بۆخۆى هەزار كەلێن و تانەى لەسەرە تائیستەش ، ئەوەى مەبەستمە گەر ئێوە حیزبێكى دیموكرات خوازو دیموكراسی خوازن گەر لەگەڵ ئازادی تاكەكانن ئەوەى كە تێپەڕیوە و تێدەپەڕێت لە كوردستان پێم بڵێن لەكوێى دیموكراسیەت ڕێى دەبێتەوە ؟ لەكاتێكدا هەڵبژاردن كۆڵەكەى دیموكراسیەتە لە دوونیا چوار ساڵ جارێك هەڵبژادرن ئەنجام دەدرێت بۆ پۆستەكان ئەى حیزبە كوردیەكان چەند هەڵبژاردنتان كردوە ؟ با واى دابنێین بەهۆى شەڕی ناوخۆ و دەستەویەخەى حیزبەكانەوە نەتوانراوە ساڵانێك هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بەڵام خۆ ئەوەتا زیاتر لە دە ساڵە شەڕ نیە و ماوەى ئەنجام دانى هەڵبژاردنەكانی كوردستانیش یاسایی نیە !
بینیمان لە 30/6 پەرلەمان چۆن بە چ جۆرێك ماوەى درێژكردنەوە ویلایەتى سرۆكى هەرێم درێژە پێدا ئایا ئەو كارەى پەرلەمان دیموكراسیانە بوو ؟ ئایا بەپێى یاسا و پەیرەوى ناوخۆى پەرلەمان ئەكرا بەو شێوە پەسەند بكرێت ؟ ئەوە ڕوونە كە بەپێى پەیرەوى پەرلەمان دەبوو كۆتاى بەو دانیشتنە بهێنرێت لەلایەك لەلایەكى ترەوە خودى درێژكردنەوەكە پێچەوانەى یاساى ماوەى سەرۆكایەتیە هەرچەند هۆكارى ئەو درێژكردنەوە بە بیانوى دروست نەبوونى قەیران و كێشە دروست بوون پەسەند كرا بەڵام ڕاستى ئەو كارەى پەرلەمان یاسایى نیە ، ئەوەتا هەڵبژاردنى پارێزگاكانیش دوادەخرێت و دواخرا ئەى ئەو بیانوو چیە ؟ ئایا كۆمیسیۆن تواناى بەڕێوە بردنى نیە 2 هەڵبژاردنى نیە لەیەك كات و یەك ڕۆژدا ؟ ئەوە ڕوونە وانیە چونكە كۆمیسیۆن خۆی ڕاى گەیاند چەند مانگ پێش ئیستەكە ئامادەیە بۆ هەر 3 هەڵبژاردنەكانى هەرێم لەیەك ڕۆژدا تواناى بەڕێوەبردنى هەیە ، ئەى خێرە ئیستە پەشیمان بۆتەوە لە كاتێكدا وەك وتم پێشتر ڕایان گەیاند كە لەیەك ڕۆژدا 21/9/2013 هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاكان دەكرێت وە هەموو ئامادەكاریەكان كراوە بۆ ئەو ڕۆژە بەڵام ئیستە پێچەوانەى ئەو ڕاگەیاندنانە دەدوێن دڵنیام گەر ڕێكەوتنێكى سیاسی ڕوبدات لە نێوان حیزبەكانى دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن ڕونتر بیڵێم گەر كۆبوونەوەى پێنج قۆڵى دەست پێبكاتەوە و ڕێكەوتنى پێج قۆڵى ڕووبدات ئەوا ئەمساڵ هیچ هەڵبژاردنێك ناكرێت لە كوردستان چونكە هەر لایەنە و ویست و بەرژەوەندى لەگەڵ دواكەوتنى هەڵبژاردنێك هەیە حیزبێك ئەیەوێ هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم دواكەوێ و یەكێكى تر لەبەرامبەردا ئەیەوێ ئەنجومەنى پارێزگاكان نەكرێت لەمساڵدا و ئەوى تر ئەیەوێ هەڵبژاردنى پەرلەمان ئەنجام نەدرێ هەمووش لەترسی لەدەست دانى ئەو كورسیانەى كە ئێستە هەیانە
ئەوەى سەرەوە ئاماژەم پێدا ڕووى ڕاستى مەرامى حیزبەكانە ئیتر گرنگ نیە بۆیان گەل داواى چی دەكات و ئاراستەى دیموكراسی بە چ ئاقارێك ئەڕوات ، ئەوان نایانەوێ گەل چوار ساڵ جارێك بریارى خۆى بدات و نوێنەرى خۆى هەڵبژێرێت بەڵكو ئەیانەوێ گەل لە گێژاوى ململانێى خۆیان نغرۆ بكەن تا ئەوكاتەى بیزار دەبن لە كورسیەكان ئەگینا گەر وانیە ئەى خێرە هەڵبژاردن بە دەساڵ جارێك ناكرێ لەم ئایا لە چ وڵاتێك و لە چ دەستور و ڕێسایەكى حیزبى تەكنۆكرات و مەدەنى خواز هەیە كە هەڵبژاردن لە چوار ساڵ زیاتر تێپەڕ بكات ؟
بۆیە لە كۆتاى دەڵێم دەنگۆى ئەنجام دانى هەڵبژاردن تەنها یاریكردنە بە خەڵكى كوردستان و هیچى تر .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست