کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


راگەیاندنی "چەتری ئازادی" سەبارەت بە روداوەکانی بادینان

Sunday, 11/12/2011, 12:00




بەدوای فتوادەرکردن بۆ هێرشکردنەسەر دوکانی مەیفرۆشی‌و سەنتەرەکانی مەساج لەشاری زاخۆو سوتاندن‌و وێرانکردنی ئەو شوێنانە، بارودۆخێکی نائاسایی‌و بارگرژی باڵی بەسەر ئەوناوچەیەدا بەتایبەتی‌و بەسەر سەرجەم کوردستاندا بەگشتی کێشا کە هێرشی بۆسەر بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی‌و سوتاندنی چەند بارەگای بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم روادوە مەترسیدارە بووە جێگای مشتومڕی نێوان دوو لایەنی دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسۆن(پارتی‌و یەکگرتوی ئیسلامی)و هەریەکەیان پەنجەی تۆمەت بۆ بەرامبەرەکەی رادەکێشێ‌و تاوانباری دەکات بە ئەنجامدانی کارەکە. لەئاکامی ئەوەشەوە ئەگەری ئەوە زیاتربووە کە تووندبوونەوەی کێشەکان بەبارێکدا بکەوێ زیانی بۆسەر خەباتی رەوای جەماوەری کوردستان لەدژی نایەکسانی‌و گەندەڵی‌و لەپێناو ئازادی‌دا هەیە. هەلومەرجێکی جەنگی‌‌و ململانێی حیزبیی توندوتیژ کە لەونێوەدا زەرەرمەندی سەرەکی جەماوەری بێبەش‌و ئازادیخوازو نارازیی کوردستانە.

ئێمە لەچەتری ئازادی، فتوادان‌و هاندان بۆ هێرشکردن‌و هەروەها هێرش‌و پەلامار بۆسەر سەنتەرەکانی مەیفرۆشی‌، مەساج‌و سەرجەم ناوەندەکانی گەشتوگوزارو حەوانەوەی خەڵك بەکردەوەیەکی مەترسیدار دەزانین کە ئازادیی فەردی هاوڵاتیانی کوردستانی لەژێر پێدەنێ‌و بەشێکە لە پرۆسەی داسەپاندنی کەشوهەوای سەرکوت‌و پێشێلکردنی ئازادی لە کوردستان. هەروەکو پێمانوایە پەلاماردان‌و هێرشکردنە سەر بارەگای لایەنە سیاسیەکان هەنگاوێکی ترسناكە کە بارودۆخی سیاسی کوردستان بەرەو مەترسی شەڕو پێکدادانی چەکداری‌، نائارامکردنی ژیان‌و گوزەرانی خەڵك‌ دەبات‌و پاشەکشەکردن بە خەباتی عەدالەتخوازانەیان دەکات. بۆیە لەهەردوو سەرەوە روداوەکانی بادینان مایەی نارەزایەتی‌ ئێمەن‌وهیچ کەس‌و لایەنێك‌و لەژێر هیچ بیانوویەکدا بۆی نیە ژیان‌و ئاسایشی هاوڵاتیانی کوردستان بخاتە مەترسیەوە. دەبێ هەموو لایەك پابەندبن بە پاراستنی ئازادیە سیاسی‌و فەردیەکانی هاوڵاتیانی کوردستان بەبێ رەچاوکردنی جیاوازیی ئینتمای دینی‌، نەتەوەیی‌و سیاسییان.

چەتری ئازادی/لەندەن
[email protected]

١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠١١
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە