کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هاتنە دەنگ لە بێدەنگى.

Monday, 21/02/2011, 12:00


تا گەڕانەوەى حورمەت بۆ بوونى ئینسانیمان، ڕەوایەتى دان بە مرۆڤبوونمان پێویستە فەزایەكى تر بۆ ژیان بدۆزینەوە فەزاى هاتنە دەنگ لە بێدەنگى.. لە دنیایەكدا كە پاكیزەیى بوونى نەماوە هۆیەكەى ئەوەیە كە حزب پاكى پیس كرد، بەرائەتى ناو ماڵەكانمانى كووشت چیتر ڕێگاى نەدا هەمووان لە ماڵەكاندا لەسەر سفرەیەك دابنیشین.. لە گازینۆ و مەیخانەكاندا مێزێك بەناوى مێزى جوانى كۆمان بكاتەوە، چونكە شوێنە گشتیەكانى پڕ كرد لە ناشیرینى و پیسیەكانى خۆى، حزب بیست ساڵە درۆمان لەگەڵ دەكات پێمان دەڵێت چیتان لە شەقام ئەوێ ئەوە لەسەردەمى داگیركەر بوو ئەهاتنە شەقام ئێستا ووڵات ئارامە، بەڵام كاتێ پرسیارى ئەوەیان لێ ئەكەین: كامەیە ئارامى ئەو كاتەى هەرە پێداویستیە سەرەتاییەكانى ژیانمان نیە كاتێ ژیانتان زەوت كردووە بۆ خۆتان، ئەو دەمەى دێینە شەقام تێدەگەین كە ژیان دۆزەخێكە هیچ شتێك ڕووى نەداوە جگە لە گۆڕینى دەمووچاوەكان، ئەوەتە شەقام كە ئێوە هەمیشە لێى ترساون بۆیە نەتانویستووە ئێمە لەوێ بین ئێوە هەر لەگەڵ ڕاپەڕینەوە تۆمەتتان بۆ بزووتنەوەى شوراكان وكۆمۆنیستەكان درووست دەكرد كە ئەهاتنە شەقام، لەڕاستیدا ئەو تۆمەتانەى ئێوە درۆیەك بوو خۆشتان باوەڕتان پێى نەبوو تەنیا ترستان بوو لە شەقام.
ئێستا هیچ بیانوویەكتان نەماوە نە حكومەت ساوایە ونە ئێوە كەم ئەزموونن، چونكە ئێوە بیست ساڵە خەریكى بە كاریزماكردنى بێدەنگى و سەركوتكردنەوەن، بۆیە كاتێ بیانووەكانتان كۆتایى هاتووە سەرلەنوێ لەبەردەم ئەزموونێكى سەختدان ئەزموونى بێدەنگى ئێوەو دەنگى ئێمە لە شەقام.. چیتر ئێمە بێدەنگ نابین ئەمجارە ئەوەى بێدەنگ ئەبێت ئێوەن، گەورەترین بێدەنگى ئێوە تەقەكردنە لە ئێمە ئێوە بۆ ئەوەى بیسەلمێنن كە بێدەنگن هیچتان پێ ناكرێت ئەبێت تەقە بكەن ئەبێت گەنجەكانى ئەم ووڵاتە بكوژن تا لەبەردەم داواكانمان سەر لەنوێ فەزاى خوێناوى درووست بكەن، بەڵام ئەگەر لافاوى خوێن هەڵبستێت ئەوەى گیانى سوور ئەبێت ئێمە نین، بەڵكو ئێوەن بە خوێنى تفەنگەكانتان ڕەنگى جیاوازى حزبەكانتان ئەكەن بە ڕەنگى خوێنى تفەنگ بۆ ئەوەى كە لە شەقامدا بە پێشتان تێپەڕین خێرا بتانناسینەوە هاوار بكەین "گەنجان چاوەڕوان بن ئێستا تفەنگە ترسنۆكەكان تەقە ئەكەن"
ئێمە لەبەردەم ئەو گەنجەى تفەنگى ئێوە تەقەى لێ دەكات وتفەنگەكانتان پڕن لە خوێنى سوور ئەزانین ئەو چ ڕقێكى گەورەیە لە هاوڵاتى بوون چ ڕقێكى گەورەیە لە شارێك كە جگە لە ئازادى خۆى هیچى تر ناناسێت، كەچى ئێوە تۆمەتیان ئەخەنە پاڵ بۆ ئەوەبێت بەدەنگ هاتن لە مافى ژیان بوون و ئازادیەكانمان خەڵكى فێرمان بكات بۆ ئەبێت بە جەهەنەمەكانى ئێوە ڕازى بین بۆچى ئێوە جارێك بەخۆتاندا نایەنەوە كە لەتەواوى مەینەتیەكانى ئەم ووڵاتە ئێوە بەرپرسیارن.. بۆچى هەمیشە لەپشت دەنگى ئێمەوە مۆڕەكردنێكى سەختى ئێوە بوونى هەیە بۆچى لەپشت هاتنە شەقامى گەنجان ئێوەى توڕە لە ژیان دەست ئەخەنەوە سەر میلى تفەنگەكانتان و دواتریش ڕەوایەتى بەو كوشتنە ئەدەن گوایە دیفاعتان لەخۆتان كردووە ئاخر ئێوە دیفاعى چى ئەكەن ئێوە خۆتان جبەخانەى سەربازین خۆتان دنیاتان كردووە بە جەهەنەم بەویستى خۆتان ئەتوانن لێمان بكوژن چاومان دەربكەن لەناو خوێنى تفەنگەكانتان بمانگەوزێنن دەسا ئیتر ئێوە تفەنگ و هێزەكانتان زیاتر بخەنە كار چونكە ئیدى دەنگى ئێمە لە شەقامدا كپ نابێتەوە تا گەڕانەوەى حورمەت بۆ ژیانى ئینسانى بوونمان.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە