ئەو دەمەى دەنگى هاولاتى بوون شەقام پڕ ئەكات لە گووللەى دەسەڵات
Saturday, 26/02/2011, 12:00
(1)
ئەوەى لە 17 ى شوباتى خوێناوى لە سلێمانى ڕوویدا ڕووداوێكى ئاسایى نەبوو بەقەد ئەوەى زەنگێكى مەترسیدارى دەسەڵاتى كوردى بوو كە پێى ووتین هیچ شتێك نەگۆڕاوە جەبەرووتى دەسەڵات هەموو ساتێك ئامادەیە بەهێزى چەكدارى ململانێكان یەكلا بكاتەوە، دەسەڵاتى كوردى وەك هەمیشە بۆ هەر دەنگێك ئەتوانێ پەنا بەرێتەوە بەر چەك، ئێمە لەم ووتارەدا هەوڵ ئەدەین قسە لەسەر ئەو دیدە تاریكبینەى دەسەڵات بكەین كە لەبەرامبەر شارێكدا كاتێك ئەرژێتە سەر شەقام بۆ داواكاریەكانى كەچى بە فیشەگ وەلام ئەدرێتەوە، ئێمە سەرەتا هەوڵ ئەدەین لەسەر ڕووداوەكە بوەستین و دواتریش لەسەر پەیوەندیى ئەم شارە بە خەونى دنیایەكى تر هەڵوەستە بكەین.
(2)
خۆپیشاندانە جەماوەریەكەى رۆژى 17ى شوباتى 2011 لە سلێمانى و وەڵامدانەوەیان لەلایان دەسەڵاتى كوردى بە گوللە كۆمەڵێك پرسیارى جدى دێنێتە پێشەوە لەسەر پەیوەندیى نێوان شەقام و فاشیزم.
فاشیزم كە دنیا لەخۆى و لەدەنگى خۆى كورت دەكاتەوەو هیچ دەنگێكى تر قەبووڵ ناكات بەهۆى ئەوەى ناتوانێت جیاوازى قەبووڵ بكات، بۆیە هەموو سەرمایەى ڕەمزى خۆى لەڕێگەى دەزگا ئایدیۆلۆژیاكانى حزبەوە خستە كار بە درێژایى سالانى راپەرین تاوەكو شەقام لەكار بخات وچیتر شەقام نەبێتە شوێنێك بۆ دەنگى یاخى بوونى هاوڵاتى، بۆیە ئەو دەمەى شەقاممان لێ زەوت ئەكەن بیانووى ئەوەیان هەیە كە ئیدى ماڵەكانمان ئارامە پێویست ناكات لە شەقام بمێنینەوە، بەڵام كاتێك ئەبینین نە ماڵەكان ئارامەو نە دنیاكەمان ئەو دەمەى دەنگەكانمان لەناو سندوقى هەڵبژاردنیش جگە لە مەهزەلەیەك زیاتر نیە، چونكە سەرەنجام چاو سوركردنەوەكان وسامان دابەش كردن وزەوى دابەش كردن دەنگەكان یەكلایى دەكاتەوە ئەو دەسەڵاتە لەوە تێ ناگات قەت ئەو ناتوانێ تەمەنى خۆى بەقەد تەمەنى بەعس درێژ بكاتەوە.
ئەگەر بەعس لەڕێگەى فاشیزمێكى تۆكمەى ڕەمزى و عەسكەرى خۆى ڕێكخستبوو، بەلام دەسەڵاتى كوردى ئەوەى نمایشى كردووە تەنیا هێزە سەربازیەكەى بووە نەك رەمزیەكەى، هەڵبەت ویستوویەتى بۆ ستایش كردن بەكارى بێنێت، بەلام هەمیشە ئەوەى بەهەند وەرنەگرتووە تەنیا وەك جۆرێك لە كەرنەڤاڵ سەیرى كردووە، بەلام ئەگەر ئەو قسەیەى بۆردیۆ وەربگرینەوە كە فاشیزمى ڕەمزى دەرەنجامەكانى زۆر ترسناكترە لە فاشیزمى عەسكەرى ئەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرئەكەوێت كە ئەوەى هێزى بە بەعس بەخشیبوو سووپا دڕندەكەى نەبوو، بەڵكو ئەو فاشیزمە ڕەمزیە بوو كە لەڕێگەى میدیاكان و بەتایبەت تەلەفزیۆن كاریزماى سەددام حوسێنى كردووە بە شێك لەهێزى تۆقێنەرى ناو ژیانمان، ئەوە جگە لەوەى سووپا مانایەكى ڕەمزى واى كردبوو بوونى ببێتە دەسەڵات، بەلام كاتێ دەسەڵاتى كوردى ئەو هێزە تۆكمەو رێكخەرەش نیە ئەوە بە دلنیاییەوە ناتوانێ بەو شێوەیە كۆمەڵگا سەركوت بكات، بەتایبەت لەبەرامبەر ئەو شارانەى كە خاوەنى ئیرادەى تایبەت بە خۆیانن ئێمە پێشتر لە نووسینى تردا باسمان لەو خەسڵەتەى شارى نوێ كردووە و سلێمانى وەكو نمونەى شارى نوێ جێى قسەكردنمان بووە بەوەى شارى نوێ هەمیشە چونكە خۆى بە هەڵگرى هەڵگرى تازە ئەزانێت وەك شارى مێژوویى نیە كە تەسلیمى عەقڵیەتى حوكمڕانى دەسەڵات بێت.
بۆیە ئەگەر سلێمانى لە هەشتاكاندا ئەو شارە بێت چ لەڕووى بزووتنەوەى خوێندكاریى زانكۆ یا گەنجانى ئەو شارە توانى شەقام بكاتە ئەو ڕووبەرەى كە یەك دەنگى لەدژى فاشیزم درووست بكات، بۆیە ئەو شارە كە ئێوارەى 17 ى شوباتَ هاتەوە شەقام لە ڕاستیدا ئەوە هێزى یادەوەرى ئەم شارە بوو كە سەلماندیەوە ئەتوانێ سەرلەنوێ شەقام بكاتەوە ڕووبەرى بەگژداچوونەوەى دەسەڵات بەڵام ئەگەر فاشیزمى بەعس لەرێگەى توندوتیژیى وتەقەكردنەوە ڕووبەرووى ئەم شارە بۆتەوە ئەوا دەسەڵاتى كوردیش ئەو هەقیقەتە بەم شارە ئەڵێتەوە كە ئەوان هەمیشە دەنگى یاخى بوونى خۆیان بەگژ دەسەڵات بەكار ئەخەنەوە، هەمیشە دەسەڵاتیش بەعس بێت یا دەسەڵاتى كوردیى سەرەنجام بە گوللە ڕووبەروویان ئەبێتەوە، بەلام شارێك كە خاوەنى یادەوەریەكى تۆكمە بێت بۆ بەگژداچوونەوە بە دڵنیاییەوە گووللە بی كێ سى یەكێتى و پارتى تواناى ئەوەى نیە بیانترسێنێت، چونكە سەرەنجام ئەوە دەنگێكە لەپێناو ئازادبوونى ناخى چەپێنراو كە لە ڕاپەڕینەوە تا ئێستا بە بیانووى كوردبوون و سەردەمى ئازادیەوە كۆمەڵگایەك فریو ئەدرێت سەرەنجام ئەوەى كۆتایى ڕێگاكە نیە، بەڵكو سەرەتایەتى بەلام وەك هەمیشە ئاساییە سەرەتاكەى دیسان لە سلێمانى دەست پێ بكاتەوە، بەلام كۆمەلگایەك بەتەواوى دێتەوە دەنگ و بەرەو رووى دەسەلاتى كوردى ئەوەستێتەوە و بەگژ دەسەلاتە تۆقێنەرو دەزگا سەربازى وموخابەراتى و توندوتیژیەكانى ئەوەستێتەوە.
(3)
تا گەڕانەوەى حورمەت بۆ بوونى ئینسانیمان، ڕەوایەتى دان بە مرۆڤبوونمان پێویستە فەزایەكى تر بۆ ژیان بدۆزینەوە فەزاى هاتنە دەنگ لە بێدەنگى.
لە دنیایەكدا كە پاكیزەیى بوونى نەماوە هۆیەكەى ئەوەیە كە حزب پاكى پیس كرد، بەرائەتى ناو ماڵەكانمانى كووشت چیتر ڕێگاى نەدا هەمووان لە ماڵەكاندا لەسەر سفرەیەك دابنیشین.. لە گازینۆ و مەیخانەكاندا مێزێك بەناوى مێزى جوانى كۆمان بكاتەوە.. چونكە شوێنە گشتیەكانى پڕ كرد لە ناشیرینى و پیسیەكانى خۆى، حزب بیست ساڵە درۆمان لەگەڵ دەكات پێمان دەڵێت چیتان لە شەقام ئەوێ ئەوە لەسەردەمى داگیركەر بوو ئەهاتنە شەقام ئێستا ووڵات ئارامە، بەڵام كاتێ پرسیارى ئەوەیان لێ ئەكەین: كامەیە ئارامى ئەو كاتەى هەرە پێداویستیە سەرەتاییەكانى ژیانمان نیە كاتێ ژیانتان زەوت كردووە بۆ خۆتان، ئەو دەمەى دێینە شەقام تێدەگەین كە ژیان دۆزەخێكە هیچ شتێك ڕووى نەداوە جگە لە گۆڕینى دەمووچاوەكان، ئەوەتە شەقام كە ئێوە هەمیشە لێى ترساون بۆیە نەتانویستووە ئێمە لەوێ بین ئێوە هەر لەگەڵ ڕاپەڕینەوە تۆمەتتان بۆ بزووتنەوەى شوراكان وكۆمۆنیستەكان درووست دەكرد كە ئەهاتنە شەقام، لەڕاستیدا ئەو تۆمەتانەى ئێوە درۆیەك بوو خۆشتان باوەڕتان پێى نەبوو تەنیا ترستان بوو لە شەقام.
ئێستا هیچ بیانوویەكتان نەماوە نە حكومەت ساوایە ونە ئێوە كەم ئەزموونن، چونكە ئێوە بیست ساڵە خەریكى بە كاریزماكردنى بێدەنگى و سەركوتكردنەوەن، بۆیە كاتێ بیانووەكانتان كۆتایى هاتووە سەرلەنوێ لەبەردەم ئەزموونێكى سەختدان ئەزموونى بێدەنگى ئێوەو دەنگى ئێمە لە شەقام.. چیتر ئێمە بێدەنگ نابین ئەمجارە ئەوەى بێدەنگ ئەبێت ئێوەن، گەورەترین بێدەنگى ئێوە تەقەكردنە لە ئێمە ئێوە بۆ ئەوەى بیسەلمێنن كە بێدەنگن هیچتان پێ ناكرێت ئەبێت تەقە بكەن ئەبێت گەنجەكانى ئەم ووڵاتە بكوژن تا لەبەردەم داواكانمان سەر لەنوێ فەزاى خوێناوى درووست بكەن، بەڵام ئەگەر لافاوى خوێن هەڵبستێت ئەوەى گیانى سوور ئەبێت ئێمە نین، بەڵكو ئێوەن بە خوێنى تفەنگەكانتان ڕەنگى جیاوازى حزبەكانتان ئەكەن بە ڕەنگى خوێنى تفەنگ بۆ ئەوەى كە لە شەقامدا بە پێشتان تێپەڕین خێرا بتانناسینەوە هاوار بكەین "گەنجان چاوەڕوان بن ئێستا تفەنگە ترسنۆكەكان تەقە ئەكەن"
ئێمە لەبەردەم ئەو گەنجەى تفەنگى ئێوە تەقەى لێ دەكات وتفەنگەكانتان پڕن لە خوێنى سوور ئەزانین ئەو چ ڕقێكى گەورەیە لە هاوڵاتى بوون چ ڕقێكى گەورەیە لە شارێك كە جگە لە ئازادى خۆى هیچى تر ناناسێت، كەچى ئێوە تۆمەتیان ئەخەنە پاڵ بۆ ئەوەبێت بەدەنگ هاتن لە مافى ژیان بوون و ئازادیەكانمان خەڵكى فێرمان بكات بۆ ئەبێت بە جەهەنەمەكانى ئێوە ڕازى بین بۆچى ئێوە جارێك بەخۆتاندا نایەنەوە كە لەتەواوى مەینەتیەكانى ئەم ووڵاتە ئێوە بەرپرسیارن.. بۆچى هەمیشە لەپشت دەنگى ئێمەوە مۆڕەكردنێكى سەختى ئێوە بوونى هەیە بۆچى لەپشت هاتنە شەقامى گەنجان ئێوەى توڕە لە ژیان دەست ئەخەنەوە سەر میلى تفەنگەكانتان و دواتریش ڕەوایەتى بەو كوشتنە ئەدەن گوایە دیفاعتان لەخۆتان كردووە ئاخر ئێوە دیفاعى چى ئەكەن ئێوە خۆتان جبەخانەى سەربازین خۆتان دنیاتان كردووە بە جەهەنەم بەویستى خۆتان ئەتوانن لێمان بكوژن چاومان دەربكەن لەناو خوێنى تفەنگەكانتان بمانگەوزێنن دەسا ئیتر ئێوە تفەنگ و هێزەكانتان زیاتر بخەنە كار چونكە ئیدى دەنگى ئێمە لە شەقامدا كپ نابێتەوە تا گەڕانەوەى حورمەت بۆ ژیانى ئینسانى بوونمان.
(4)
"وەختى خۆتەو هەلمەبوێرە هەر ئێستاكە وەرە دەرێ خۆت نیشانى خەڵكى بدە چونكە ئەو شۆڕشە زۆر تەمەن كورتە" ئەو دێرەى شانۆگەرى (مارا- ێاد) لەهەموو ساتەوەختێكى شۆڕشدا ڕەوایەتى خۆى وەردەگرێت لەپەیوەندیى نێوان هاولاتى ودەسەڵاتدا، ئەو دەمەى هاولاتى شەقام ئەكاتەوە بە گۆڕەپانى ناڕەزایەتیەكانى لەبەرامبەر ئەوەشدا دەسەڵات بەدواى فیشەگەكانى هێشتا هەڕەشە ئەكات كە بەدەنگ هاتن لە دەسەڵات بەواتاى ئیدى ئێمە لەبەردەم ئەواندا ئەبێت خۆمان ئامادە بكەین كە دەست وقاچمان ببردرێتەوە، چونكە شەقام بۆ دەسەڵات ماناى فیتنە گیَِڕیە، ئەو تێگەیشتنە لە ساتەوەختێكدا كە دەسەڵات هەست بە مەترسیەكان بكات بە حالەتێكى سرووشتى وەرئەگیرێت، چونكە دەسەڵات دڵنیایە لەوەى ئەوە فیتنەگێڕیى نیە شەقامى هێناوەتە لەرزین، بەڵكو ئەوە بێ دادپەروەرى و زوڵم وستەمى بیست ساڵى حاكمیەتى كوردیە، حاكمیەتێك ئیدى ئەوان چاوەڕوانن بەماوەیەكى كورت شەقام هێمن بێتەوەو هەموو بگەڕێنەوە ماڵەكانیان، بەڵام جیاوازیەكەى ئەوەیە تەمەنى كورتى هاتنە شەقام بەهۆى ئارامبوونەوە نیە بەقەد ئەوەى پەیوەندیى بە كورتى تەمەنى دەسەڵاتى كوردیەوە هەیە، ئەو دەسەڵاتە دەرفەتى باشى هەبوو بۆ خۆ چاككردن نەیكرد بۆیە ئێستا بەزەبرى بەرد باران كردن هاولاتیان چاكى ئەكەن، ئەبێت دەسەڵاتیش واز لە میلیشیاكانى و هەموو هەڕەشەكردنێك بێنێت بۆ هەر قەسابخانەیەكى خوێناوى، ئێستا ئیدى شەقامەكان پڕ ئەبن لە دەنگ، چونكە ئیدى دەرفەتێك نەماوەتەوە بۆ خۆ شاردنەوە ئەو دەمانەى شەقامەكان یەكدەنگى ئێمەن حزبەكان چیتر ناكرێ وێنەى ڕابردویەكمان بە سەروەرى بەسەردا بفرۆشنەوە، ئەوەى تا ئەمڕۆ بەنەوەیەكى ناڕازیى بەدنیا فرۆشرایەوە ئیدى ئەفسانەیەكەو سەردەمى بەسەرچووە چیتر حیكایەتەكانى پێشمەرگە ئەو كارەكتەرە خورافیە تواناى بەشدارى كردنى نیە لەناو زیندەگى ئێمەدا، ئارەزووى ژیاندۆستى وامان لێ دەكات كە بۆ ئەوەى كارەكتەرى نیشتیمان پەروەر بین ئەوەندە بەس نیە لەپێناو نیشتیماندا بمرین، مردن لەپێناو نیشتیمان لەئێستادا جگە لە حیكایەتێكى بەسەرچوو هیچیتر نیە، چونكە ئەكرێ نیشتیمانپەروەریت بگاتە لووتكە ونەشمریت، بەلام دەسەڵات چونكە لە نیشتیمانپەروەرى نەوەیەك دڵنیایە بۆیە ئەیانكوژێت.. ئێمە كە نیشتیمانمان خۆش ئەوێ ئەمانەوێ خزمەتى بكەین ئەوەندە بەسە بۆ ساتێك جێمان نەهێشتووە وەك ئێوە مانگانە سەفەر ناكەین و ناسنامەى ووڵاتانى ترمان لە گیرفان بێت، بۆیە كە نیشتیمانمان خۆش ئەوێ كە جێى نایەلین بەڵام ناشمانەوێ لەپێناویدا بمرین نەخێر ئەمانەوێ لەپێناویدا بژین.. ئەبێت دەسەڵاتدارانى دنیاى كوردى لەوە تێبگەن كە ئەو نەوەیە شەڕ لەسەر نیشتیمان ئەكات بۆ ئەوەى بژى نەك بمرێت، ئێوە كە خۆتان رۆحى خۆتان كوشتووە بۆ ئەتانەوێ گەنجان بمرن.. بۆ خەونى مردنى ئەوانتان هەیە ئاخر ئەوەندە بەسە كە خۆتان مردوون، كەرنەڤاڵى سازكردن بۆ كوشتنى گەنجانى ڕاپەڕیوو جگە لە نائومێدبوون وتاریكترین ساتەوەختى مێژووى ئێمە هیچیتر نیە كە شانازى بە تەقەكردن وبرینداركردن وشەهیدكردنى گەنجان بكەنەوە.. ئەوە كەڕنەڤاڵ نیە نەخێر ئەوە مردنى خۆتانە.. تەنیا بۆ جارێك تێبگە لەوەى كە وا ئیدى ساتەوەختیەتى كە خۆتان لە ڕاستى نەدزنەوە.. لەناو ژوورى داخراو وەرنە دەرەوە چیتر بە پاسەوان و فیشەگ و چەك خۆتان مەشارنەوە خۆتان نیشانى خەڵك بدەن وەرن پێیان بڵێن ئێمە لە ڕاپەڕینى ئێوە ئەترسین بۆیە تەقەتتان لێ دەكەین تا زووە فریاى خۆتان بكەون چونكە ئەم شۆڕشە زۆر تەمەن كورتە تەمەنى كورتە بۆ ئێوە سەركەوتنیش ئەبەدیە بۆ ئێمە ئیدى دەبێت ئەم ئێوارەیەش كە شەقام ئەخرۆشێت پڕ بەدەنگ هاوار لە دەسەڵاتى كوردى بكەین "وەختى خۆتەو هەلمەبوێرە هەر ئێستاكە وەرە دەرێ خۆت نیشانى خەڵكى بدە چونكە ئەو شۆڕشە زۆر تەمەن كورتە" خێراكە خۆت نیشانى خەڵكى بدە چونكە هەموو لە شەقام ئەمێنینەوە.. كەس ناگەڕێتەوە ماڵەوە.
(5)
خەون بینین بەدنیایەكى ترەوە ساتەوەختێكى هەڵچوون نیە لەو خۆپیشاندانەوە دەستى پێكردبێت، بەڵكو ئەوە نائومێدبوونى تەواوى نەوەى نوێیە لەبەرامبەر دەسەڵاتى سیاسى ئەو شارە، بەوەى هەموو خەونەكانى كۆمەڵگایەكى مەدەنى و پەیوەندیى نێوان (دەسەڵات وشار) و (هاوڵاتى وشار) تەنیات وەك بانگەشەیەكى سیاسى ڕووت مایەوە، بۆیە پێویستى بە ڕەوتێكى سەربەخۆ هەبوو كە گوزارشت لەبوونى شارەكە بكات.
رەوتێك چەندە هەڵگرى خەونى مرۆڤەكان بێت هێندەش لە ڕۆحى شارەكەوە هاتبێتە بوون، بۆیە لەدایكبوونى بزووتنەوەى گۆڕان وابەستەى خەونى مرۆڤەكانى ئەم شارە بوو، ئەوە سەرەتایەك بوو بۆ هاتنە پێشەوەى ڕەوتێكى سیاسى كە ناڕەزایەتیەكانى خۆى بە ڕووى دەسەڵات ڕابگەیەنێت وبشتوانێ بەرەو خەونى گۆڕانى مرۆڤەكان هەنگاو بنێت، ئەگەرچى خۆپیشاندانە جەماوەریەكە خاڵیە لە پەیوەندیى ئەو بزووتنەوەیە، بەڵام ناكرێ ئەو بزووتنەوەیە داببڕین لەكاریگەرى لەسەر بزواندنى شەقامى سلێمانى، هەرچەندە كاریگەرى ناڕاستەوخۆى لەسەر شەقامى ئەو شارە هەبێت، بەڵام لەڕوویەكى تریشدا جۆرێك نائومێدى دێنێتە كایەوە بەوەى هەر خەونێك وابەستەى ئەو بزووتنەوەیە كرابێت سەرەنجام ئەو خەونەش وەك هەر خەونێكى تر هەڕەشەى ترس ودڵە ڕاوكە لەناخى مرۆڤەكان جێ دێلێت، بەڵام بەر لە قسەكردن لەو نائومێدیە پێویستە لەسەر ئەو بونیادانە قسە بكەین كە گۆڕانى هێنایە بوون، ئاخۆ بونیادەكان بەتەنیا پەیوەست بوون بە خەونى شارەوە یاخود پەیوەست بوون بە عەقڵیەتى تۆڵەسەندنەوەو پاشماوەى یادەوەرى سیاسیەوە؟
(6)
هەموو ستایشێكى سیاسیانەى یەكێتى نیشتیمانى بۆ ئەم شارە لەگەڵ ئاشت بوونەوەى ئەم هێزە لەگەڵ پارتى ئیدى ستایشەكان دەركەوتن كە تەنها بانگەشەى سیاسى بوونە ئیدى بەكردار دەركەوت ئەوان ئاوا سەیرى سلێمانى ناكەن، بەڵكو ناوبردنى سلێمانى وەك شارى رۆشنبیریى وپێشكەوتن لەڕاستیدا كورت كردنەوەى ئەو شارە بوو لەناو یەكێتى خۆى، بۆیە كە شەڕ تەواو ئەبێت ئەو شارە ئەبێتە بەشێك لە پەراوێزو قوربانیەكى ترى ئەم شەڕە.
لێرەوە بوونى بزووتنەوەیەكى چالاك كە لەڕۆحى ئەم شارەوە بێتە بوون خواستێكى سەرەكى ئەم شارە بوو، دەرفەتێكى چالاك هەبوو بۆ خوڵقاندنى ئەو بزووتنەوەیە، ئەوە بوو بزووتنەوەى گۆڕان بوونى خۆى ڕاگەیاند، بۆیە بە شێوەیەكى زۆر خێرا توانى تەشەنەیەكى تەواو بكات وابكات زۆربەى خەڵكى ئەم شارە لەخۆى كۆ بكاتەوە وبچێتە ناو پێشبركێى هەڵبژاردنەكان ودەنگێكى باشى هاولاتیانیش وەدەست بێنێت و بكەوێتە ناو شەڕێكى هەڵبژاردنەوە كە دواتر ئەم شەرە ئیشكردنەوە بوو لەسەر یادەوەرى سیاسى كارەكتەرەكانى ناو یەكێتى.
(7)
لەناو پێكهاتەى سیاسى یەكێتى نوخبەیەك هەیە خۆى بە مۆدیلێكى رۆشنبیریى سیاسى كورد زانیووە، ئەوەش كاریگەرى ئەو یادەوەریە سیاسیەى ئەوان بووە لە كۆمەڵەى ڕەنجدەران، نەوشێروان مستەفا دیارترین ناوى ناو ئەو مۆدیلە بوو، وەك چۆن شەهید ئارام ومەلا بەختیار دوو ناوى ترى ناو ئەو مۆدیلە بوونە، هەڵبەت ڕوانینەكانى مەلا بەختیار لەساتەوەختى شۆڕشدا واى كردووە لە كۆمەڵە جیابێتەوەو گروپێكیتر بەناوى ئاڵاى شۆڕش درووست بكەن، لەوێوە ململانێكان درووست ئەبن، كێشەى بیركردنەوەو ناكۆكى عەقڵى بەهۆى هێزەوە یەكلا ئەكرێتەوە، ئەوەش ئەخلاقێكى سیاسى كوردیە هەمیشە كێشەكان بەهۆى هێزەوە یەكلا كراوەتەوە.
گەڕان بەدواى تازەگەرى لەناو سیاسەتى یەكێتى وەهمێكى سیاسى ئەو هێزە بووە لەیەكەم ساتى دامەزراندنیدا تا ململانێى نێوان گۆڕان ویەكێتى، لێرەوە ئەو ململانێیە لەڕوویەكیتردا دەیەوێت خۆى بە ململانێیەكى فكرى بخاتە ڕوو، بەوەى ئەوە پڕۆژەیەكى تەواو نەكراوى یادەوەرى شاخە.
بۆیە ئەو ململانێیەى كۆمەڵەو ئاڵاى شۆڕش ئەمجارە لەڕێگەى گۆڕان و یەكێتى درێژ ئەبێتەوە، لەڕێگەى دوو ڕۆژنامەى وەكو چاودێر و ڕۆژنامەى ڕۆژنامە یادەوەرى بەرهەم دێننەوە، ئەگەر قسەكردنەكان لەهەر ساتەوەختێك لەسەر ململانێى جیاوازى فكرى دوو هێز بێت، لەڕاستیدا هەمیشە دەركەوتووە هێزەكانى دنیاى ئێمە ململانێى فكرییان نەبووە بەقەد ئەوەى ململانێى سەپاندنى دەسەڵات بەسەر سەپاندنى ئەویتریان هەبووە، بۆیە دانیشتنى نێوان نەوشێروان مستەفا ومەلا بەختیار لە رۆژى 25 ى شوباتى 2010 لەناو گەرمەى بزووتنەوەى شەقامى سلێمانى سەلماندنى ئەو ڕاستییە كە جیاوازى لەنێوان ئەو دوو ئۆرگانە نەبووە بەقەد ئەوەى ئەوە ئیشكردنەوە بووە لەسەر پاشماوەى یادەوەرى.
(8)
بزووتنەوەى گۆڕان بەدواى خۆپیشاندانەكانى 17 ى شوبات بێدەنگى هەڵبژارد، چونكە هێندەى مەبەستى ئەوە بوو توڕەیى پارتى لەخۆى دوور بخاتەوە، بەهیچ جۆرێك شەقامى سلێمانى لا گرنگ نەبوو، ئەوە سەرەتاى بێ ئومێدیەكى گەورە بوو كە نەتوانین ئومێدمان بەو بزووتنەوەیە هەبێت، بەڵام كاتێ بینى بارەگاكانیان لە هەولێر وسۆران و بادینان كەوتنە بەر سووتان وتاڵان كردن ئیدى خۆیان كرد بە مودافیعى شەقام.
هەڵبەت ئەبوو قسەى ئەو بزووتنەوەیە هەر لەسەرەتاوە پالًَپشتى كردن بوایە لەو بزووتنەوە جەماوەریەى شەقام ویەكدەنگى نێوان گۆڕان و شەقام بوایە، بۆ ئەوەى گوتارى شاربوونى سلێمانى بنیاتنانى دەنگى جیاواز بوایە، بەلاًَم گۆڕان لەترسى لەناو چوونى بزووتنەوەكەى خۆى ناچار بێدەنگى هەڵبژارد ولەسلێمانى و شەقامى سلێمانى نەهاتە دەنگ، ئاخۆ لە ئێستادا گۆڕان بیر لەوە دەكاتەوە كە ئەندامەكانى ئەو وبارەگاكانى لەو گەنجانە وزیاتر نین كە لەپێناو داواكانى كۆمەڵگا شەهید كران.
لێرەوە بۆمان دەر ئەكەوێت خەونى دنیایەكى نوێى ئەم شارە پەیوەست نەبوو بە گۆڕان، هاوڵاتیانیش لەم بزووتنەوەیە بێ ئومێد بوون بۆیە هاتونەتە شەقام و بۆ خۆیان بزووتنەوەى جەماوەریى بنیات بنێت، لێرەدا پێویستە ئەو پرسیارە بكەین:بەدواى خۆپیشاندانەكان ئەمجارە چۆن سەیرى سلێمانى بكەین؟ ئاخۆ سلێمانى خەسڵەتى شار بوون وجیاوازى دەنگى خۆى بنیات نەناوە؟ بۆ وەڵامى ئەو پرسیارەش شەقامى كوردى ئەتوانێ سەیرى شەقامى سلێمانى بكات وبیبینێت كە چۆن ئەم شارە خۆى لە شارى كوردى جیا كردەوەو جێى خۆیەتى لە ڕوانینى شەقامى سلێمانیەوە سەیرى ڕوانینى خۆیان بكەن لەپێش هەمووشیان هاوڕێیانى بزووتنەوەى گۆڕان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست