ئەو دەمەى دەنگى هاولاتى بوون شەقام پڕ ئەكات لە گووللەى دەسەڵات
Sunday, 20/02/2011, 12:00
(1)
ئەوەى لە 17 ى شوباتى خوێناوى لە سلێمانى ڕوویدا ڕووداوێكى ئاسایى نەبوو بەقەد ئەوەى زەنگێكى مەترسیدارى دەسەڵاتى كوردى بوو كە پێى ووتین هیچ شتێك نەگۆڕاوە جەبەرووتى دەسەڵات هەموو ساتێك ئامادەیە بەهێزى چەكدارى ململانێكان یەكلا بكاتەوە، دەسەڵاتى كوردى وەك هەمیشە بۆ هەر دەنگێك ئەتوانێ پەنا بەرێتەوە بەر چەك، ئێمە لەم ووتارەدا هەوڵ ئەدەین قسە لەسەر ئەو دیدە تاریكبینەى دەسەڵات بكەین كە لەبەرامبەر شارێكدا كاتێك ئەرژێتە سەر شەقام بۆ داواكاریەكانى كەچى بە فیشەگ وەلام ئەدرێتەوە، ئێمە سەرەتا هەوڵ ئەدەین لەسەر ڕووداوەكە بوەستین و دواتریش لەسەر پەیوەندیى ئەم شارە بە خەونى دنیایەكى تر هەڵوەستە بكەین.
(2)
خۆپیشاندانە جەماوەریەكەى رۆژى 17ى شوباتى 2011 لە سلێمانى و وەڵامدانەوەیان لەلایان دەسەڵاتى كوردى بە گوللە كۆمەڵێك پرسیارى جدى دێنێتە پێشەوە لەسەر پەیوەندیى نێوان شەقام و فاشیزم.
فاشیزم كە دنیا لەخۆى و لەدەنگى خۆى كورت دەكاتەوەو هیچ دەنگێكى تر قەبووڵ ناكات بەهۆى ئەوەى ناتوانێت جیاوازى قەبووڵ بكات، بۆیە هەموو سەرمایەى ڕەمزى خۆى لەڕێگەى دەزگا ئایدیۆلۆژیاكانى حزبەوە خستە كار بە درێژایى سالانى راپەرین تاوەكو شەقام لەكار بخات وچیتر شەقام نەبێتە شوێنێك بۆ دەنگى یاخى بوونى هاوڵاتى، بۆیە ئەو دەمەى شەقاممان لێ زەوت ئەكەن بیانووى ئەوەیان هەیە كە ئیدى ماڵەكانمان ئارامە پێویست ناكات لە شەقام بمێنینەوە، بەڵام كاتێك ئەبینین نە ماڵەكان ئارامەو نە دنیاكەمان ئەو دەمەى دەنگەكانمان لەناو سندوقى هەڵبژاردنیش جگە لە مەهزەلەیەك زیاتر نیە، چونكە سەرەنجام چاو سوركردنەوەكان وسامان دابەش كردن وزەوى دابەش كردن دەنگەكان یەكلایى دەكاتەوە ئەو دەسەڵاتە لەوە تێ ناگات قەت ئەو ناتوانێ تەمەنى خۆى بەقەد تەمەنى بەعس درێژ بكاتەوە.
ئەگەر بەعس لەڕێگەى فاشیزمێكى تۆكمەى ڕەمزى و عەسكەرى خۆى ڕێكخستبوو، بەلام دەسەڵاتى كوردى ئەوەى نمایشى كردووە تەنیا هێزە سەربازیەكەى بووە نەك رەمزیەكەى، هەڵبەت ویستوویەتى بۆ ستایش كردن بەكارى بێنێت، بەلام هەمیشە ئەوەى بەهەند وەرنەگرتووە تەنیا وەك جۆرێك لە كەرنەڤاڵ سەیرى كردووە، بەلام ئەگەر ئەو قسەیەى بۆردیۆ وەربگرینەوە كە فاشیزمى ڕەمزى دەرەنجامەكانى زۆر ترسناكترە لە فاشیزمى عەسكەرى ئەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرئەكەوێت كە ئەوەى هێزى بە بەعس بەخشیبوو سووپا دڕندەكەى نەبوو، بەڵكو ئەو فاشیزمە ڕەمزیە بوو كە لەڕێگەى میدیاكان و بەتایبەت تەلەفزیۆن كاریزماى سەددام حوسێنى كردووە بە شێك لەهێزى تۆقێنەرى ناو ژیانمان، ئەوە جگە لەوەى سووپا مانایەكى ڕەمزى واى كردبوو بوونى ببێتە دەسەڵات، بەلام كاتێ دەسەڵاتى كوردى ئەو هێزە تۆكمەو رێكخەرەش نیە ئەوە بە دلنیاییەوە ناتوانێ بەو شێوەیە كۆمەڵگا سەركوت بكات، بەتایبەت لەبەرامبەر ئەو شارانەى كە خاوەنى ئیرادەى تایبەت بە خۆیانن ئێمە پێشتر لە نووسینى تردا باسمان لەو خەسڵەتەى شارى نوێ كردووە و سلێمانى وەكو نمونەى شارى نوێ جێى قسەكردنمان بووە بەوەى شارى نوێ هەمیشە چونكە خۆى بە هەڵگرى هەڵگرى تازە ئەزانێت وەك شارى مێژوویى نیە كە تەسلیمى عەقڵیەتى حوكمڕانى دەسەڵات بێت.
بۆیە ئەگەر سلێمانى لە هەشتاكاندا ئەو شارە بێت چ لەڕووى بزووتنەوەى خوێندكاریى زانكۆ یا گەنجانى ئەو شارە توانى شەقام بكاتە ئەو ڕووبەرەى كە یەك دەنگى لەدژى فاشیزم درووست بكات، بۆیە ئەو شارە كە ئێوارەى 17 ى شوباتَ هاتەوە شەقام لە ڕاستیدا ئەوە هێزى یادەوەرى ئەم شارە بوو كە سەلماندیەوە ئەتوانێ سەرلەنوێ شەقام بكاتەوە ڕووبەرى بەگژداچوونەوەى دەسەڵات بەڵام ئەگەر فاشیزمى بەعس لەرێگەى توندوتیژیى وتەقەكردنەوە ڕووبەرووى ئەم شارە بۆتەوە ئەوا دەسەڵاتى كوردیش ئەو هەقیقەتە بەم شارە ئەڵێتەوە كە ئەوان هەمیشە دەنگى یاخى بوونى خۆیان بەگژ دەسەڵات بەكار ئەخەنەوە، هەمیشە دەسەڵاتیش بەعس بێت یا دەسەڵاتى كوردیى سەرەنجام بە گوللە ڕووبەروویان ئەبێتەوە، بەلام شارێك كە خاوەنى یادەوەریەكى تۆكمە بێت بۆ بەگژداچوونەوە بە دڵنیاییەوە گووللە بی كێ سى یەكێتى و پارتى تواناى ئەوەى نیە بیانترسێنێت، چونكە سەرەنجام ئەوە دەنگێكە لەپێناو ئازادبوونى ناخى چەپێنراو كە لە ڕاپەڕینەوە تا ئێستا بە بیانووى كوردبوون و سەردەمى ئازادیەوە كۆمەڵگایەك فریو ئەدرێت سەرەنجام ئەوەى كۆتایى ڕێگاكە نیە، بەڵكو سەرەتایەتى بەلام وەك هەمیشە ئاساییە سەرەتاكەى دیسان لە سلێمانى دەست پێ بكاتەوە، بەلام كۆمەلگایەك بەتەواوى دێتەوە دەنگ و بەرەو رووى دەسەلاتى كوردى ئەوەستێتەوە و بەگژ دەسەلاتە تۆقێنەرو دەزگا سەربازى وموخابەراتى و توندوتیژیەكانى ئەوەستێتەوە.
(3)
تا گەڕانەوەى حورمەت بۆ بوونى ئینسانیمان، ڕەوایەتى دان بە مرۆڤبوونمان پێویستە فەزایەكى تر بۆ ژیان بدۆزینەوە فەزاى هاتنە دەنگ لە بێدەنگى.
لە دنیایەكدا كە پاكیزەیى بوونى نەماوە هۆیەكەى ئەوەیە كە حزب پاكى پیس كرد، بەرائەتى ناو ماڵەكانمانى كووشت چیتر ڕێگاى نەدا هەمووان لە ماڵەكاندا لەسەر سفرەیەك دابنیشین.. لە گازینۆ و مەیخانەكاندا مێزێك بەناوى مێزى جوانى كۆمان بكاتەوە.. چونكە شوێنە گشتیەكانى پڕ كرد لە ناشیرینى و پیسیەكانى خۆى، حزب بیست ساڵە درۆمان لەگەڵ دەكات پێمان دەڵێت چیتان لە شەقام ئەوێ ئەوە لەسەردەمى داگیركەر بوو ئەهاتنە شەقام ئێستا ووڵات ئارامە، بەڵام كاتێ پرسیارى ئەوەیان لێ ئەكەین: كامەیە ئارامى ئەو كاتەى هەرە پێداویستیە سەرەتاییەكانى ژیانمان نیە كاتێ ژیانتان زەوت كردووە بۆ خۆتان، ئەو دەمەى دێینە شەقام تێدەگەین كە ژیان دۆزەخێكە هیچ شتێك ڕووى نەداوە جگە لە گۆڕینى دەمووچاوەكان، ئەوەتە شەقام كە ئێوە هەمیشە لێى ترساون بۆیە نەتانویستووە ئێمە لەوێ بین ئێوە هەر لەگەڵ ڕاپەڕینەوە تۆمەتتان بۆ بزووتنەوەى شوراكان وكۆمۆنیستەكان درووست دەكرد كە ئەهاتنە شەقام، لەڕاستیدا ئەو تۆمەتانەى ئێوە درۆیەك بوو خۆشتان باوەڕتان پێى نەبوو تەنیا ترستان بوو لە شەقام.
ئێستا هیچ بیانوویەكتان نەماوە نە حكومەت ساوایە ونە ئێوە كەم ئەزموونن، چونكە ئێوە بیست ساڵە خەریكى بە كاریزماكردنى بێدەنگى و سەركوتكردنەوەن، بۆیە كاتێ بیانووەكانتان كۆتایى هاتووە سەرلەنوێ لەبەردەم ئەزموونێكى سەختدان ئەزموونى بێدەنگى ئێوەو دەنگى ئێمە لە شەقام.. چیتر ئێمە بێدەنگ نابین ئەمجارە ئەوەى بێدەنگ ئەبێت ئێوەن، گەورەترین بێدەنگى ئێوە تەقەكردنە لە ئێمە ئێوە بۆ ئەوەى بیسەلمێنن كە بێدەنگن هیچتان پێ ناكرێت ئەبێت تەقە بكەن ئەبێت گەنجەكانى ئەم ووڵاتە بكوژن تا لەبەردەم داواكانمان سەر لەنوێ فەزاى خوێناوى درووست بكەن، بەڵام ئەگەر لافاوى خوێن هەڵبستێت ئەوەى گیانى سوور ئەبێت ئێمە نین، بەڵكو ئێوەن بە خوێنى تفەنگەكانتان ڕەنگى جیاوازى حزبەكانتان ئەكەن بە ڕەنگى خوێنى تفەنگ بۆ ئەوەى كە لە شەقامدا بە پێشتان تێپەڕین خێرا بتانناسینەوە هاوار بكەین "گەنجان چاوەڕوان بن ئێستا تفەنگە ترسنۆكەكان تەقە ئەكەن"
ئێمە لەبەردەم ئەو گەنجەى تفەنگى ئێوە تەقەى لێ دەكات وتفەنگەكانتان پڕن لە خوێنى سوور ئەزانین ئەو چ ڕقێكى گەورەیە لە هاوڵاتى بوون چ ڕقێكى گەورەیە لە شارێك كە جگە لە ئازادى خۆى هیچى تر ناناسێت، كەچى ئێوە تۆمەتیان ئەخەنە پاڵ بۆ ئەوەبێت بەدەنگ هاتن لە مافى ژیان بوون و ئازادیەكانمان خەڵكى فێرمان بكات بۆ ئەبێت بە جەهەنەمەكانى ئێوە ڕازى بین بۆچى ئێوە جارێك بەخۆتاندا نایەنەوە كە لەتەواوى مەینەتیەكانى ئەم ووڵاتە ئێوە بەرپرسیارن.. بۆچى هەمیشە لەپشت دەنگى ئێمەوە مۆڕەكردنێكى سەختى ئێوە بوونى هەیە بۆچى لەپشت هاتنە شەقامى گەنجان ئێوەى توڕە لە ژیان دەست ئەخەنەوە سەر میلى تفەنگەكانتان و دواتریش ڕەوایەتى بەو كوشتنە ئەدەن گوایە دیفاعتان لەخۆتان كردووە ئاخر ئێوە دیفاعى چى ئەكەن ئێوە خۆتان جبەخانەى سەربازین خۆتان دنیاتان كردووە بە جەهەنەم بەویستى خۆتان ئەتوانن لێمان بكوژن چاومان دەربكەن لەناو خوێنى تفەنگەكانتان بمانگەوزێنن دەسا ئیتر ئێوە تفەنگ و هێزەكانتان زیاتر بخەنە كار چونكە ئیدى دەنگى ئێمە لە شەقامدا كپ نابێتەوە تا گەڕانەوەى حورمەت بۆ ژیانى ئینسانى بوونمان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست