کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


توندوتیژیى لەنێوان حزب وهاوڵاتى دا..

Friday, 04/03/2011, 12:00



"وەڵامێك بۆ رێبوار سیوەیلى"

خۆپیشاندانەكانى شەقامى كوردى كە لە خۆپیشاندانەكانى 17 ى شوباتى خوێناویەوە دەستى پێكرد بەدواى ئەوەى چەكدارەكانى حزبى كوردى تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد وشەهید وبریندارى لێكەوتەوە، ئەو سەرەتایە بوو بە ئیرادەیەكى پتەو بۆ هاتنە دەنگ لە دەسەڵاتى كوردى و بێدەنگ نەبوون لەكێشەكانى نێوان هاولاتى ودەسەڵات لەڕێگەى شەقامەوە.
شەقام كۆدەنگى خۆپیشاندەران وروناكبیرانى یەكخستەوە توانى وا بكات نە روناكبیر بەتەنیا بێت و نە هاولاتیان لە شەقامدا وابزانن تەنیان، ڕۆڵى خوێندكارانى زانكۆ سەلماندنى نەوەیەكى بە ئاگابوو لەداواكانى شەقام، وەك چۆن ناكرێ تەواوى ئەو دەنگانە فەرامۆش بكرێت كە لەئۆرگان ومیدیا ئازادەكان بوونە بەشێك لەداواكانى شەقام، ئەوە قسەكردنەوەیەكى ترى دنیاى ئێمەیە لەتەك زەبروزەنگ وتوندوتیژیەكانى دەسەڵات، وەك چۆن نابێت ئەو بێدەنگیە ترسناكەى روناكبیرانى هەولێر فەرامۆش بكرێت، ڕاستە زەمینەیەكى ترسناكتر لەوێ بەدى ئەكرێت تا كار ئەگاتە ئەوەى رێكخراوى قوتابیان بۆى هەیە زانكۆ لەپەل وپۆ بخات، چونكە كاتێ قسە لەوە ئەكریًَت كە تەدەخولى حزب لە زانكۆ قەبووڵ ناكرێت لەڕاستیدا ئەو قسەیە زۆر مەجازە بەهۆى ئەوەى دەسەڵات خۆى وەك حزب سەیر ناكات رێكخراوەكەشى وەك بەشێك لە زانكۆ ئەبینێت.
ئەو كارەى رێكخراوى قوتابیان هەڵەیەكە دووەم جارە لەمێژووى ئەو رێكخراوە دووبارە ئەبێتەوە، جارى یەكەم لەكاتى شەرى ناوخۆدا كاتێ حزبەكەى لەناو هەولێر نەما داواى لە قوتابیان كرد كە برۆنەوە ماڵەوە چونكە زانكۆى ماڵەوەش پیرۆزە، پێویستە ئیتر سنورێك بۆ ئەو تەدەخولاتانە دابنرێت لەبەرامبەر زانكۆ، هەرچەندە كاتێ سەیرى پەیوەندیى نێوان زانكۆ وروناكبیران لەشارێكى وەكو هەولێر ئەكەیت ئەشێت ئەو پەیوەندیە لەناو بێدەنگى خۆیدا ڕەوایەتى وەربگرێت، چونكە هەموو دەنگێك سەرەنجام یاخود وەكو ئەو دەنگەى رێكخراوى قوتابیان ئەبێت یاخود وەك ئەو نامەیەى رێبوار سیوەیلى ئەبێت كەلەسەر خۆپیشاندانەكان بڵاوى كردۆتەوە.
لەڕاستیدا ئەو نامەیە وەك جۆرێك لە بێدەنگى خۆى ئەخاتە ڕوو، بەڵام بێدەنگیەك ئەتوانێ كۆمەڵێك پرسیار لەشەقامدا بجولێنێ، ئەگەر قسەكردن لەوەبێت كە ئەو خۆپیشاندانە بە زیانى نەتەوەیى ئێمە كۆتایى دێت، كە پێویستە لەو پرسیارەوە بچینە ناوەرۆكى نامەكەوە: ئاخۆ لەبەر ئەوە بە زیانى نەتەوەیى كۆتایى دێت چونكە ئێمە هێزێكمان هەیە وەڵامى بەرد بە بى كەى سى ئەداتەوە؟ هەڵبەت ئەگەر وەڵامێكى ئەو نێوەندەى زانكۆ و روناكبیران ولەنامەكەش ئەوە دەست نیشان بكرابوایە كە بۆچى ئەو خۆپیشاندانانە بە زیانى نەتەوەیى كۆتایى دێت ئەكرا ئەو پرسیارە بەبێ وەڵام بەجێ بێلین، بەڵام چونكە كەس لەوە نایەتە دەنگ ناچارین بەدواى وەڵامى پرسیارەكە سیستمێكى گومانكارى بەرەو ئەو لۆژكە بەرین.
ئەوە زیانى نەتەوەیى نیە لەو خۆپیشاندانە بەر كوردبوونمان كەوتووە، وەك سیوەیلى تێیگەیشتووە بەڵكو ئەوە حزبى كوردیە زیانى بەر كەوتووە، ئەوەى لەئەمرۆدا ڕوو دەدات میراتێكى خراپ بۆ داهاتوو بەجێ نایەلێت، بەڵكو زەمینەیەك بۆ داهاتوو ئەخوڵقێنێت كە چۆن جارێكیتر شەقام ئەبێتەوە ئەو ڕووبەرەى دەنگى ئێمە ئەكاتەوە دەسەڵات، میراتى خراپ ئەوە نیە هاوڵاتیان لەداواكانى خۆیان بێنە دەنگ، بەڵكو ئەوە تەنیا حزبەكانن وەك میراتى خراپ بۆیان سەیر دەكرێت، چونكە لەبەرامبەر خۆپیشاندانەكاندا هاوڵاتیان شەهید وبریندار ئەكەن وئەیانخەنە سووچى زیندانەكانیان، ئەگەر مەسەلەكە ئاگادار كردنەوەى دەسەڵات بێت ئەبوو قسە لەوە بكرێت كە حزبى كوردى میراتێكى خراپ بۆ كوردبوون ئەخوڵقێنیت نەك پشتگیریى كردن لەخۆپیشاندەران بە میراتى خراپ ناو ببردرێت.
سیوەیلى ئەوەى بیر دەچێت كە ئەوانەى پشتگیرییان لەخۆپیشاندانەكان كردووە لەویش زیاتر خەریكى پرۆژە فكریى وفەلسەفى وئەدەبى وهونەریەكانى خۆیانن، بەڵام ئەوان پشتگیریى كردن وهاتنە دەنگ لەشەقام بەكارێكى ئەخلاقى سەیر دەكەن، نەك وەك سیوەیلى روناكبیر ومامۆستاى زانكۆ ئەو كارە بەتەرویج كردنى توندوتیژیى ناو بەرێت، ئەبێت هەموومان نكوڵى لەو ڕاستیە نەكەین ئەوەى توندوتیژیى بەرهەم دێنێت ئەو گەنجانەى ناو شەقامەكانى سلێمانى نین، بەڵكو توندوتیژیى بەرهەمى ئەوە هێزە كۆنزەرفاتیزمانەى دنیاى كوردیە كە هاتنە سەر شەقام بە قەسابخانەى خوێناوى ئەگۆڕن.
ئەوانەى تەقە لەخۆپیشاندەران ئەكەن هەر ئەوانەشن تۆمەت بۆ دەنگە جدیەكانى دنیاى كوردى ئەكەن هەر ئەوانیش بوون ووتیان كە تۆ خۆت كتێبخانەكەى خۆت سووتاندووە نەك ئەو گەنجانەى ئێستا لە شەقامەكانن كە من دڵنیام بەشێكى زۆرى ئەو گەنجانە خوێنەرى كتێب و ووتارەكانى ئێوە بوونە، بەڵام ئەمرۆ بەم نامەیەت هەموویانت نائومێد ودڵشكاو كرد، تۆ وەك خۆت ئەلێى هێشتا نیوەى ئەو كتێبانەت نەخوێندۆتەوە كە بۆ مەنهەجى خوێندنەكەت داخیل بوونە، باشە ئەى چۆن هێشتا پشووت نەدابوو لەسەفەرى دەرەوە كە گەڕایتەوە بەزۆر هێنانى خەڵكى هەولێر بۆ سەر شەقامەكان لە كوشتنى فرەنسۆ حەریرى توانیت ووتارێكى یەك لاپەڕەیى رۆژنامەى خەبات بنووسیت بەناوى "شارێك بە پێوە" كە لەڕاستیدا شارێك بە پێوە نەبوو، بەڵكو شارێك بەزۆر بەپێوە ڕاگیرابوو.
كاتێك دوو هەڵوێستى دژ بەیەك یەكەمیان لەپێناو دەسەڵات دێیتە دەنگ ولەوەیتریشیان لەدژى هاولاتیان بێدەنگى هەڵئەبژێریت مرۆڤ ناچارە هەڵوەستە بكات، بەتایبەت وەك خۆت ئەلێیت "ژمارەیەكى زۆر لەدڵسۆزان هەر لەسەرەتاى رووداوەكانى سلێمانییەوە ئامۆژگارییان كردم كە بەهیچ شێوەیەك بەشداریى لەبەرهەمهێنانى توندوتیژیدا نەكەم" ئەشێت ئەو كەسانەى ئامۆژگارى سیوەیلى بكەن ئەوانە بن كە بەشێكن لەوانەى بەرهەم هێنانى توندوتیژیى بە دیفاع لەخۆیان ناو ئەبەن كەچى هاتنە سەر شەقام وداكۆكیكردن لە هاولاتیانى سەر شەقامەكان بە توندوتیژیى ناو بەرن لەڕاستیدا ئەو لۆژیكە هێندە تێگەیشتنێكى كۆمیدیە كە هیچ كاتێك ئارەزووى ئەوە ناكەم نووسەرێكى وەك مامۆستا رێبوار بگاتە ئەو دەرەنجامە پێكەنینیاویانە، بەتایبەت كاتێ ئەبینین بە زمانى خۆى ووتەنى كە نەیانویستووە لەهەولێریش هیچ كارێكى وا ڕٍوو بدات ناچارین گومان لەكۆى ئەو نامەیە بكەین كە وەك جۆرێك لەبێدەنگى وداكۆكى كردنێكى ناشیرینانەیە لە دەسەڵاتى كوردى دەسەڵاتێك باڵەخانە درووست ئەكات وشەقامەكان قیرتاو ئەكات بۆ ئەوەى كۆمەڵگایەك بێدەنگ بكات قیرتاو كردنى شەقامەكان وەك سەروەرى بە هاوڵاتیەكانى ئەفرۆشێتەوە نەوەك وەك بەشێك لەكارى خۆى كە ئەبێت بیكات، بەڵام هاتنە دەنگى هاوڵاتیان بە گێرەشێوێن ناویان ئەبات وداواكاریە مەدەنیەكانى خەڵكى خۆپیشاندەر لەلایان كەسانى وەكو مامۆستا رێبوار سیوەیلى بە توندوتیژیى ناو ئەبرێت.
ئەوەى مناڵى خەڵكى بەكوشتن ئەدات ئەوە نە ئێمەین لەرێگەى نووسین ونە گەنجانى ڕاپەڕیوون، بەڵكو ئەو هێزەی ناتوانێ ئەو مناڵانە وەك گەنج وعەقڵى نەوەیەكى نوێ سەیر بكات بۆیە ئەیانكوژێت، نەك مەسەلەكە كۆنە قین بێت وەك سیوەیلى تێیگەیشتووە، چونكە كۆنە قین یانى چى ئەوە قسەیەكى ڕاست نیە پێمان وابێت قینى سەردەمى شەڕى ناوخۆیە، كەسێكى ئەكادیمى وەكو سیوەیلى نابێت حومى وا نالۆژیكانە لەسەر ئەو خۆپیشاندانانە بدات، چونكە هێزێكى وەكو یەكێتى نیشتیمانى نەك هەر ئەوە نیە لەپشت خۆپیشاندانەكانەوە بێت، بەڵكو سەلماندى ترسنۆكترین وبێدەنگترین هێزى دنیاى ئێمەیە، ئەوە یەكێتیەكان نین وا دەكەن كێم لەو برینە بێتە دەرەوە بەڵكو یەكێتى بۆخۆى بەشێكە لەو كێم وجەراعەتە كە جەستەى كوردى نەخۆش خستووە، دواین قسەشمان ئەوەیە ئەگەر ئێمە یەك دێرە شیعرى نالى ومەحوى لە خوێندنەوە كارى تێكردبین ئەبێت بەتەنگ شەقامەوە بێین، چونكە ئەوە داكۆكى كردنە لەجوانى ئەبێت لەپشت شیعرى نالى باخەكان هەڵگرى ماناى ئازادى بن بۆ حورمەت بەخشین بە چاوى یار، ناكرێ شیعرى مەحوى ببەینە خەڵوەتى جوانى بەبێ ئەوەى شەقامەكان بكەینە ئەو ڕووبەرەى زمان وبوون وشوناسمان ئازاد بكەین لەو توندوتیژیەى كە حزب مومارەسەى دەكات وسیوەیلى وەك دواین ئامۆژگارى نامەیەك ئاراستە ئەكات كە ئەگەر بێدەنگ نەبین ئەكرێت ڕووداوەكان توندوتیژیى خراپترى لێ بكەوێتەوە، بەڵام ئێمەى نووسەران وتەواوى خۆپیشاندەران هەر ئەوە لەدەسەڵات چاوەڕوان ئەكەین كە توندوتیژیى زۆر خوێناوى تر بەرهەم بێنێت.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە