براوه دۆڕاوه‌کان
Sunday, 21/03/2010, 12:00
له‌گه‌ڵ ده‌ست پێکردنی بانگه‌شه‌ی ههڵبژاردنداو له‌نێو ئه‌و هه‌موو هه‌راو هوریایه‌ی که ئێراق به‌گشتی وکوردستان به‌تایبه‌تی وه ئه‌وروپا، وه زۆر تایبه‌تی تر ئه‌ڵمانیا که‌من خۆم له‌نزیکه‌وه ئاگاداری زۆر شاریان بووم ، ئه‌وه‌ی به‌دی ده‌کرا ئه‌کتیڤ بوونی دوو لایه‌ن به‌ده‌ر له‌گشت لایه‌نه سیاسی و قه‌واره‌کانی تری هه‌موو ئێراق،
ئاخر خۆلایهنه عه‌ره‌به ئێراقیهکانمان نه‌بینی ڕێکخستنێکی وا هه‌بێت کههاندان و ڕیکلام کردنێکی به‌حه‌ماسه‌وه له‌خۆبگرێت ، ئه‌مه ئه‌گه‌ر باسی ئه‌وروپا بکه‌ین که‌هه‌ر یه‌کجار مونافه‌سه‌که له‌نێو دوولایه‌نی تایبه‌ت دابوو، جگه له‌و دوولایه‌نه که‌چه‌قی باسه‌که‌مانه هیچ لایه‌نێکی دیمان وه‌ک پێویست یان باشتر بڵێین زیاد له حه‌ددی خۆی نه‌بینی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بکه‌نه کاری ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌یان ، له‌کوردستان هه‌موومان بینیمان له‌ڕێگه‌ی تیڤیه‌کانه‌وه هه‌ڵکشان وداکشان و پیاهه‌ڵدان وتانه‌و ته‌شه‌ر و لێدانه‌وه‌ی فلیمی کۆن چ دروست کراو چ ئه‌رشیفی کۆنی به‌ده‌ست کهتوی برایه‌تی جاران ، چ گه‌ڕان به‌دووای بچوکترین ده‌رزی له‌ناوچاوی یه‌کتردا، چ دۆزینه‌وه‌ی تۆزقاڵه زه‌ڕڕه‌یه‌ک هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی له‌یه‌کتر، به‌ده‌ر له‌وه‌ی کێ ده‌ست پێشخه‌ر بوو یان کێ پاڵ نهری سه‌ره‌کی بوو له‌سه‌ره‌تادا ، بینیمان هاوڕێ و هاوخه‌باتی جاران بوونه دوژمنی سه‌رکه‌شی ئه‌م ساته.
به‌به‌رچاوی تیڤیه‌کانه‌وه، پێشبڕکێیه‌کی زیاده‌ڕۆییانه له‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی مێژووی خه‌بات به‌شێوێندراوی ده‌که‌وته به‌ردیدمان، ئه‌وه‌ی ئه‌ودیمه‌نانه‌ی ده‌بینی چه‌ند ڕۆژێکی پێش شهڕهنهگریسهکهی جارانی که‌ناویان نابوو شه‌ڕی براکوژی بڕوا‌و نه‌یه‌ته‌وه، به‌بیرده‌هاته‌وه، سوپاس بۆ خوا و بۆ ئه‌قڵی گۆڕاوی ئێستای کورد که ئه‌ورۆژانه دووباره نابنه‌وه.
ئه‌وی ڕوویدا ته‌نها کاردانه‌وه‌یه‌کی کت وپڕ نه‌بوو که‌بڵێین به‌ته‌واو بوونی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کان ته‌واو بوو، نه‌خێر، بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ی سود له‌ئه‌زموونی خه‌ڵکانی تر وه‌رده‌گرن ئه‌بێت ئه‌م هه‌موو هه‌ڵچون و داچوونه ببێته په‌ندێک ، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وو ووته ناقۆڵایه‌ی که ده‌ڵێت (سیاسه‌ت باوک ودایکی نیه یان براده‌رایه‌تی نافامێت) ئه‌ی ئه‌گه‌ر وابێت که‌واته ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت ده‌کات نه ئه‌بێت باوه‌ڕی به‌که‌س هه‌بێت وه نابێت که‌سیش بڕوا بهگفته کانی بکات ، که‌واته له‌ڕووانگه‌ی ئه‌و زاته‌وه سه‌رکرده‌و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستی سیاسی ناوی سیاسه‌ت بازه نه‌ک سیاسی، ئهمهلایهنێکی دووری باسه‌که‌مانه.
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت به‌کورتی وبه کوردی ئیشاره‌ی پێ بده‌م دوو خاڵه.
خاڵی یه‌که‌م . ئه‌کرێت ئێمه‌ی کورد هه‌تا ماوین ئه‌سیری ئه‌وه بین کهسیاسهتمهدارهکانمان هه‌رچیمان پێبفڕۆشن ، چیمان بۆ بکڕن ، چیمان لێبکه‌ن و چی و چی چیتریش ، ههربهخۆشباوهڕییهوه بڵێن
(برا ئهمهسیاسهتهو ئاخیری خێربێت) ؟
وه‌ک ئه‌و ووته‌یه‌ی که‌ده‌ڵێت به‌خوا گۆڕان بۆ ڕزگار کردنی یه‌کێتی دروست بووه ،
و ئه‌مه ڕێککه‌وتنێکی نێوان مام جه‌لال وکاک نه‌وشیروانه !
یان ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ گۆڕان درێژکه‌ره‌وه‌ی ڕێبازی ینک به‌ڵام به‌شێوازێکی تر!
چه‌ندین دیعایه‌ی تر که‌ڕه‌نگه بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ی کهلهناوو ڕێکخستنه‌کانی یه‌کێتیه‌وه ڕوویان کردۆته گۆڕان شتێکی زۆر ئاسایی وبه‌ڵکو خاڵێکی به‌هێز وپۆزهتیفیش بێت!
به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئه‌ی بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ی به‌دڵ گۆڕانیان ده‌وێت وبه‌دڵێکی گه‌شه‌وه هاتوونه‌ته ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه ، به‌ڵام تا دروست بوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان لایه‌نگر یان ئه‌ندامی لایه‌نێكی تر بوون جگه له‌یه‌کێتی ،
وه یان هه‌ر بێلایه‌ن بوون ، ئه‌بێت چاوه‌ڕوانی چ قه‌ده‌رێک بن ؟
که‌ئایا گۆان گه‌مه‌یه‌کی نێوان دوو سه‌رکرده‌ی جاران براو ئێستا ڕکابه‌ره؟
ئایا هه‌تاکه‌ی ئه‌بێت میلله‌ت ده‌ستی له‌سه‌ر دڵی بێت هه‌ر ووته‌یه‌ک که ئیستا له‌به‌رده‌می برا هاوبیر و هاوڕاکهیدا ده‌یکات سبه‌ینێ لێی نابێت بهمڵۆزم و ئه‌م ووتانه‌ی وه‌ک خۆی به‌ڵام له‌شوێنێکی ناشایسته‌دا به‌تۆمار کراوی بۆلێدهدهنهوه ،یان به‌به‌رنامه بۆی ده‌شێوێنن ،که‌ده‌بێته هۆی هه‌تک کردنی ، که‌له ئه‌ساسا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نوهتراوه؟
ئایا ئه‌مه داڕمانی شیرازه‌ی بڕواپێکردن نیه له‌نێو هاووڵاتیاندا؟
کێ به‌رپرسیاره له‌نه‌بوونی متمانه به‌یه‌کتری؟
کێ کار له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵک به‌ده‌سه‌ڵات وده‌سه‌ڵات به‌خه‌ڵک ده‌کات؟
کی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره گه‌له زۆره‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌داته‌وه که‌ئیدی گه‌مه‌ی سیاسه‌تبازی به‌میلله‌تی کورده‌وه ناکرێت؟
کێ پرسیار له‌خۆی ده‌کات گۆڕان به‌م ته‌مه‌نه کورته‌یه‌وه بۆچی هه‌روا زوو ئه‌م حه‌شامه‌ته‌ی لێکۆبوهوه؟
کێ ئه‌توانێت دان به‌وه‌دابنێت ، که میلله‌ت وازی لهخۆشباوهڕی هیناوه ؟
زۆرینه‌ی خه‌ڵک که هاوار ده‌کات گۆڕانمان ده‌وێت ، لهڕاستیهوهیه گۆڕانی ده‌وێت، له‌بێ ئومێدی بهڕابردووهوهیه گۆڕانی ده‌وێت ، له‌گۆڕانه‌وه گۆڕانی ده‌وێت.
خاڵی دووه‌میش.
ئایا نه‌ریتی دانپیانان له دۆڕاندا گهیشتوهتهناو مێشکی سیاسی کورده‌وه؟
ڕوونتر بڵێم وا هه‌ڵبژاردن به‌کۆتاهات دیاره پاش ئه‌نجامه‌کان دۆڕاوو براوهدهردهکهوێت ، یان هه‌رنه‌بێت که‌مینه‌و زۆرینه بۆ ئه‌و میلله‌ته به‌یان ده‌کرێت.
ئایا دۆڕاو یان که‌مینه ئاماده‌یه ، دان به‌وه‌دا بنێت که‌له‌به‌ر که‌مته‌رخه‌می وکارنهکردنی به‌دڵسۆزیه‌وه ،
له‌به‌رکه‌م وکوڕیه‌کانی له‌ته‌مه‌نی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ، نه‌یتوانی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌رکه‌وێت؟
یان وه‌ک زۆربه‌مان که‌دره‌نگ له‌خه‌و هه‌ڵئه‌ستین و به‌فریای پاسه‌که ناکه‌وین ، هاوارئهکهین و توڕه ده‌بین ده‌ڵێن پاسه‌که به‌جێی هێشتم ، ناڵێین له‌به‌ر ته‌مبه‌ڵی خۆم یان دره‌نگ هاتنی خۆم بهپاسهکه ڕانه‌گه‌یشتم !
ئایا ئه‌و رۆحه وه‌رزشیه جوانه ده‌بێته نه‌ریتێکی کورده‌واری ، که دۆڕاوو بێ شه‌رم وبێ دڵه ڕاوکێ پیرۆزبایی لهبراوهبکات وبه‌ڵێن به‌گه‌له‌که‌ی بدات که‌له‌داهاتوودا باشتر کاربکات تا له‌پاشه‌ڕۆژدا متمانه‌ی خه‌ڵک به‌ده‌ست بهێنێت؟
یان هه‌ر بهڕۆحه کۆنه‌که‌وه تۆمه‌تی نه‌فامی به‌سه‌ر خه‌ڵکدا دابه‌ش ده‌کات و هه‌ر ده‌ڵێت من براوه دۆڕاوه‌که‌م!
نمونه زۆرن به‌ڵام هیچیان ناهێنمه‌وه ، ته‌نها ئه‌وه‌نه‌بێت ده‌ڵێین .
ئه‌م میلله‌ته ئه‌وه‌نده ساڵه له‌چاوه‌ڕوانیدایه ،
دڵنیابن نه‌وه‌یه‌ک په‌یدابووه به‌ده‌گمه‌ن هه‌ڵه قبووڵ ده‌کات نه‌خوازه‌ڵلا خیانه‌ت ،
تکایه ئاگاداربن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست