کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


با مەسیحیەكان لە مزگەوتەكاندا درووشمەكانیان زیندوو بكەنەوە

Wednesday, 22/09/2010, 12:00


لە مانگى ڕەمەزان زۆرێك لە كەنیسەكانى ئەوروپاو رۆژئاوا چەندین جێگاى تایبەتیان بۆ موسڵمانان دابین كربوو بۆ ئەوەى برا موسوڵمانەكانیان درووشمەكانیان لەو مانگە پیرۆزەى موسوڵماناندا زیندوو بكەنەوە،ئەم جۆرە ڕەفتارانە سەیر نیە چونكە چەندین جار دووبارە بووەتەوە وەك ئەوەى شتێكى ئاسایى بێت لاى ئەوان. هەمیشە ئەو پرسیارە درووست دەبێت ئایا دەكرێ موسوڵمان و مەسیحى و جووەكان لە یەك پەرستگەدا كۆببنەوە و درووشمەكانى خۆیان زیندوو بكەنەوە هیچ نەبێت لەیەك وڵاتدا بتوانن پێكەوە بژین.ئەگەر كراوە ئیسلامى و كریستیانەكان لەیەك كاسەدا ئاوبخۆنەوە ,ئایا دەكرێ ئیسلامیەكان بەرامبە جووەكان هەمان هەڵوێستیان هەبێت؟ هەمیشە لاى تاكى موسوڵمان چەندین پرسیار درووست دەبێت زۆر جاریش ئەوەندە تاكى موسوڵمان پرسیاركەرە ڕەنگە سەیر بێت دۆگمێكى ئاینى ئەوەندە پرسیار بكات بەڵام بەبەردەوامى ئەوەى بۆ دووبارە دەكرێتەوە كە هەندێ هێڵى سوور هەیە ناكرێ بیانبەزێنێ.زۆرێك لە پرسیارەكان لە سەرووى هێڵى سوورەوەن تەنانەت بۆ هەندێ لە پسپۆرە ئاینیەكان و بگرە هەر قەدەغەشە بوروژێنرێت سەرەنجام تاكى كۆمەڵگا ئیسلامیەكان ئەوەندە خودى خۆیان بۆ بووەتە كێشە ئەوەندە لە زیهنى ئەوى تردا ناشێن.ئەگەر كراوە بە درێژایى چەندین سەدە عەقڵى مرۆڤ لەم كۆمەڵگایانەدا كۆت بكرێت ئیدى لەم سەردەمەدا نە مەلا و شێخ و زاناى ئاینى ناتوانێت دەست بەسەر عەقڵ و ئیمانى تاكى موسوڵماندا بگرێت.جیهان ئێستا ئەوەندە بچووك بۆتەوە لە كاژێرێكدا دەتوانیت خۆت لە هەزاران شوێن ببینیتەوە بۆیە ئەگەر لەمەوبەدوا خۆمان وەڵامێك بۆ پرسیارەكانمان نەدۆزینەوە ئەوا كەسانى تر وەڵامیان پێیە.بۆیە دەكرێ لە سۆنگەیەوە هەوڵ بدەین ئازادیەكانمان ڕەها بكەین بەو پێودانگەى عەقڵى ئێمە وەكو مرۆژ پێویستى پێیەتى چونكە هەمیشە ئەگەر عەقڵى ئێمە ڕەخنە گر نەبوو زادى لە بیر چوونەوە میوانى دەبێت ,وەكو چۆن چەندین سەدەیە بەبیرى ئەم كۆمەڵگە زۆرەى ئیسلامیدا نەهاتووە بیرێك بۆ نەوەكانى خۆى بكاتەوە.بەهەرحاڵ وەكو تاكێكى موسوڵمان هەروەها وەكو دەیان و سەدان و ملیۆنان موسوڵمانى ترى ئەم سەر زەمینە هەمیشە و هەمیشە چەندین پرسیارم لا درووست دەبێت دەكرێ ئێستا لە خۆمان بپرسین ئەمڕۆ چەند پرسیارم بە مێشكدا هاتووە؟.كامیلیا شحاتە لە میسر و قەشە جۆنز دوو بابەتن ناكرێت هەروا بێ هەڵوەستە لەسەر كردن بەسەرماندا تێپەڕن.لەوان گرنگتر ئەو پێشوازیەى پەرستگا مەسیحیەكان بوو كە زۆربەیان دەرگاكانیان بە ڕووى موسوڵمانانى ڕۆژئاوادا كرایەوە.زۆرێك لەو موسڵمانانە ئەگەر كەنیسەكان نەبوونایە دەبوو درووشمەكانیان زیندوو نەكردبایەوە ئەمەش لاى ئێمەى موسوڵمان سەروو هێڵى سوورە.ئەگەر لە مامۆستایەكى ئاینى بپرسین دەكرێ لێرە لەوڵاتانى ئیسلامى وەك ئەوە تەگەرە بۆ درووستكردنى كەنیسەكان درووست دەكرێ لە مزگەوتەكاندا لە بۆنەو جەژنەكانیاندا ئەوانیش درووشمەكانیان زیندوو بكەنەوە؟ لێ پێش ئەوەى وەڵام بدرێیتەوە یان ڕەنگە هەر وەڵأم نەدرێیەوە قەڵەمى كوفر بەسەر كارەكانتا بێنن.وەك ئەوەى نوێنەرى خوا بن و تاكە ڕاستى و ڕەهاى بیركردنەوەكان بەوان بەخشراوە(هەندێكیان) ئەمەش چ جیاوازییەكى لەگەڵ قەشەیەك یان ڕاهیبێك یان پاپادا نابێت كە كەفالەتى تاوانەكان دەكەن. ئەگەر لەوەبگەڕێین و بپرسین جیاوازى چیە لە نێوان كەنیسەى كاسۆلیك و ئەرسۆدۆكس یان پرۆستانت یان جیاوازى چیە لە نێوان مزگەوتى شیعەكان و سوننەكان؟هەمان جیاوازى نابینرێت لە كاتێكدا ئایا تەنها لە شارێكدا سوننە مەزهەبەكان دەچنە مزگەوتى شیعەكان یان بە پێچەوانەوە؟ئەم دیاریدانە ئەگەر ماناى جیاوازى نیە چیە؟ هەڵبەتە دەیان جیاوازى ترى عەقیدى و فیقهى تر هەیە كە ناتوانرێت باسبكرێت كە لەوانەیە باسكردنیان سەرى خاوەنەكەى بخوات.هەریەكەشیان خۆى بەراستتر دەزانێت ئەم ئەوى تر بێ باوەڕ دەكات. ئێستا بەداخەوە بەهۆى ئەو بودجە زەبەلاحەى عەربستانى سعوودیە چەندین كەناڵى ئاسمانى كراونەتەوە بەشێوەیكى زۆر ناشارستانیانەو دورر لە یاسكانى گفتوگۆ كەوتوونەتە گیانى یەكتر ئەوەندەى تر جیاوازیەكانیان قووڵتر كردۆتەوە هەرچەندە ئەم كەناڵانە ئەوەندە خزمەت بە بەرژەوەندى ئاخوندەكانى سعوودیە دەكەن ئەوەندە مەبەستیان پرەنسیپە ئیسلامیەكان نیە.لە كەناڵى ریسالەى كوەیتى بەرنامەى وەسەتیەى دكتۆر تارق سوەیدان لە بەروارى 16\9\2010 ڕۆژى پێنج شەممە لە ڕاپرسیەكدا دەڵێت:كێ بەرپرسیارە لە گفتوگۆى عەرەب یان ئیسلام و ڕۆژئاوا؟ زۆرترین ڕێژەى دەنگدەران مامۆستایانى ئاینى بە بەرپرسیارى یەكەم دادەنەن كە پێویستە ڕۆڵى ئەوە بگێڕن بتوانن پێناسى رۆِژئاوا وەك ئەوەى چەندین سەدەیە بە كافر ومونا فق و داگیركەر ناوهێتراوە و لە زیهنى ئێمەدا جێگیر بووە بگۆڕن بۆ مرۆڤێكى كامڵى ژیر بەڵكو لە ئێمە كامڵتر و ژیرتر؟مرۆڤێك دەتوانێت جیاوازیەكان قبووڵ بكات.بەڵام ئێستا لەم قۆناغەدا دەتوانرێت ئەو ڕۆڵەیان پێبسپێردرێت بە مانایەكى تر شایەنى ئەو پۆستەن لە كاتێكدا ئەوان بایكۆتى خوێندنەوەى ڕۆژنامەش دەكەن لە كاتێكدا ئەوان هەمیشە خۆیان بە بوونەوەرێكى قسەكەر و ئەوانى تریش گوێگر دەدەنە قەڵەم لە كاتێكدا ئەوان وەك تیجارەت لە كارەكەیا بڕوانن لە كاتێكدا ئەوان نەتوانن یان ناوێرن ڕاست و چەپى خۆیان بگۆڕن.لە وڵاتى ئێمەدا هەڵبەتە زۆربەى مامۆستاى ئاینى یان ئەوەى پێى دەوترێت زاناى ئاینى(هەندێكیان نەبێت) وەكو ئەجێندایەكى سیاسى كۆمەڵایەتى ئابوورى ئیدارى پتەو نەماونەتەوە.سیایەت وەكو ئامرازێك بۆ مەرازەكانى خۆى بەكاریان دێنێ بۆیە بەم حاڵەى ئێستاوە ناتوانن نوێنەرایەتى جیهانى ئیسلامى بكەن.هەر لەو بەرنامەیدا پرسیارێكى تر ئاڕاستەى میوانەكان كرا كە زۆربەیان لاو بوون:ئایا مەبەست لەم گفتوگۆیە سەركەوتن بێت یان تەباییى بێت؟ خۆشبەختانە 54% دەنگیان بۆ پێكەوەژیاندا و تەواوكردنى بیرى یەكتریان هەڵبژارد ئەم جۆرە ڕاپرسیانە دەرى دەخات پێویستە زاناى ئاینى گوتارى چەندین سەدەیەى خۆى بگۆڕێت و دابەزێتە ئاستى بیرى خەڵك.چینى ئێستا پێویستى بە گوتارێكى ئایینى نەرم هەیە تیایدا بتوانێت پەرە بە بیرى خۆى بدات پێویستە زانایانى ئاینى لە خۆیان بپرسن هۆى چیە دەیان ساڵە ئەو قسانەى دەیكەن و دووبارەى دەكەنەوە هیچ كاردانەەیەكى نابێت لەسەر تاكى كۆمەڵگا هۆى چیە هەفتانە مزگەوتەكان پڕدەبن و ئاكار و ڕەوشتەكان كامڵ نابن؟بۆچى ئاین وەكو عەیبە سەیر بكرێت؟ بۆیە دەبێت ئەوانیش وەكو باقى خەڵكى تر تواناى ئەوە بۆ خۆیان پەیدا بكەن كە تواناى ڕەخنە قبوڵكردنیان هەبێت.كۆمەڵگاى ئیسلامى چیدى تواناى جوینەوەى قسە كۆنەكانى نەماوە * ئەو كاریگەریەى ئەمڕۆ دەتوانى لە تۆڕەكانى فەیس بووك و پاڵتۆك و چەندانى تر ببینرێت ناتوانرێت مینبەرى مزگەوت بەو حاڵى ئێستایەوە بیبینێت .لە وڵاتى ئێمەدا بمانەوێت یان نا منداڵەكانمان لەسەر دۆگمایى پەروەردە دەكەین بەشێوەیەك هەر لە منداڵیەوە فێر دەكرێین هزر و هۆشمان ڕادەستى كەسانێك بكەین كە تا هەتا هەتایە بە میزاجى خۆیان یارى پێبكەن, چۆنیان بوێت ئاڕاستەى بكەین بۆیە لە هزرى هەریەكێكمانا وا هەست دەكەین بە موسوڵمانى لە دایك بووین بەو مانایەى تواناى هەڵبژاردن لە قەدەرى ئێمەدا نیە و ئێمە سەرچاوەى بڕیارەكان نین بۆیە دەبێت هەمیشە شوكرى ئەو حاڵە بین كە كەسێك بۆى دیاریكردووین.ئاین لاى ئێمە ئاین نیە بەڵكو وەكو كلتور مامەڵەى لەگەڵ دەكەین كلتورێك چەند كەسانێك لێیدەخوڕن.لەبەرئەوە پێویستە خوێندنى كۆلێژە ئیسلامیەكان بگۆڕدرێت لە خوێندنى ئیسلامیەوە بۆ خوێندنى ئایینى تاوەكو سەرجەم ئاینەكانى تێدا بخوێنرێت ئەو كاتە ئیرادەى مرۆڤ بەدیار دەكەوێت چونكە ئەو كاتە مرۆڤ سەربەستە لە بڕیاردان خود دەبێتە ناوەندى بڕیاردان نەك ئەوى تر.لە گرنگترین بنەماكانى خوێندنى ئاینى پێویستە زاناى ئاینى چەندین زمان بزانێت لە كاتێكدا لە واقعى حاڵى ئێستاماندا مامۆستاى ئاینى جگە لە زمانى دایك و عەرەبى هیچ زمانێكى تر نازانن.خۆ ئەگەر خۆى عەرەب بێت ئەوا تەنها یەك زمان و هیچى تر نازانرێت.دەكرێ ئێمە لە زانكۆكانماندا خوێندنى ڕۆژئاوا ناسى(استغراب) هەبێت چونكە ڕۆژئاوا بۆخۆى جیهانێكى ترە. ئەوەى سەیرە مامۆستاى ئاینى هەمیشە وەكو یەك تەرەف تەماشاى ڕۆژئاوا دەكات لێ ڕۆژئاوا دوژمن و دۆستیش لە خۆ دەگرێت.چەندین سەدەیە ڕۆژئاوا لەسەر ئێمە لێكۆڵینەوە دەكات تاوەكو ئێمە بەتەواوى بناسێت تا ئەوەندەى لە خۆمان زیاتر ئێمە دەناسێت.ڕۆژئاوا تەنها كلتورێك نیە تەنها زمان و ڕەنگێك نیە. ئێمە ئێستا ئەم پێشنیارانە دەكەین و دەشزانین كاتى دەوێت.باسێك كە هەڵگرى ڕەخنەو بۆچوونى جیاوازە لە لاهوتى ئیسلامیدا ئەویش ئەوەیە لەسەرەتاى دابەزینى قورئان دوو قۆناغ هەبوو قۆناغى مەككەو قۆناغى مەدینە هەربۆیە لە قورئاندا چەند سوورەتێكى مەككین بەو واتایەى لە مەككەدا دابەزیون وە چەند سوورەتێكى تریشى مەدەنین واتا لە مەدینە دابەزیونەتە سەر پەیامبەرى ئیسلام(د.خ) .لێرەدا دوو بیركردنەوەى جیاوازى لاى بیرمەند و زانایانى ئیسلامى درووست كردووە:سوورەتە مەكەییەكان باس لە پێ كەوەژیانى ئاشتى و تەبایى دەكەن و شتێك لە نەرم و نیانیان تێدایە چونكە ئەو سەردەمە موسوڵمانان لە ژیانێكى ژێردەستەییدا دەژیان بە پێچەوانەوە ئەو سوورەتانەى لە مەدینە دابەزیون شێوەیك لە توند و تیژیان تێدایە بەتایبەت دواى ئەوەى دەوڵەتى ئیسلامى لە مەدینە دامەزرا چونەكە لەو كاتەدا ئیسلام خەریكى هەرەمى دەسەڵاتدارى بوو.لەسەر ئەم بنەمایە فیقهى ئیسلامى باەڕى وایە دەكرێ لە كاتى لاوازى نەرم و نیان بین بەپێچەوانەشەوە ڕاستە.بۆیە دەكرێ ئێستا لەبەرامبەر ڕۆژئاوا دەستبەردارى هەندێك ماف بین لەبەرامبەر خۆبەهێزكردنەوەماندا.ئەفسوس ئەگەر ئەم جۆرە بیركردنەوەیە رێبەرى كار بێت ئەوا پێش ئەوەى لایەنى تەواوكەرى گفتوگۆ بین دەچینە سەنگەرەوە.هەر ئەم بیركردنەوەیەش واى كردووە رۆژئاوا وەكو لەوەڕگایەك بۆ ساخ كردنەوەى كاڵاكانى بەكارمان بێنێت.لەكاتێكدا هەل و مەرجى دابەزینى ئایەتەكان بەپێى كات و شوێن واى كردووە ئەو جۆرە پۆلێنكردنە هەبێت نەك ئەو دووڕوویەى كە باسدەكرێت.پێویستە مامۆستاى ئاینى یان زاناى ئاینى وەڵامى ئەو پرسیارە بۆ خەڵك ڕوون بكاتەوە دەكرێ مەسیحیەكانى ئێمە لە كوردستان لە مزگەوتەكاندا نوێژ بكەن؟یان ئەم بابەتەش وەكو چەندانى تر هێڵى سووى بەژێردا هێنراوە؟!!!
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە