کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


لیستی که‌ره‌ دێزه‌‌که‌..!! له ‌سه‌وزی ده‌خوا و له‌ زه‌ردی ده‌گه‌وزێ...!!

Friday, 15/05/2009, 12:00


له‌گه‌ڵ رێزم بۆ هه‌موو زینده‌وه‌ر و ئاژه‌ڵێک، به‌ڵام به‌ڕاستی ده‌سه‌ڵاته‌ بۆگه‌نه‌که‌ی بنه‌ماڵه‌ و مافیاکانی کوردستان مرۆڤ ناچاری به‌کارهێنانی هه‌ندێک ده‌سته‌واژه‌ ده‌کات، که‌ ره‌نگبێت ناهه‌قی له‌هه‌ندێک بوونه‌وه‌ر بکرێت. با سه‌رتان نه‌یه‌شێنم خوێنه‌رانی به‌ڕێزی کوردستانپۆستی ئازیز و بچمه‌ سه‌ر ئه‌سڵی باسه‌که‌م...
به‌ڕێزان جاران که‌ گه‌له‌که‌مان له‌به‌رامبه‌ر به‌عسییه‌ فاشیسته‌کاندا له‌ناو تێکۆشانی شۆڕشگێڕانه‌ دابوو، گه‌لێک شت ببوونه‌ ره‌مز و سیمبۆلی شۆڕشگێڕانه‌ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ گه‌ڵێک شتیش ببووه‌ ره‌مز و سیمبۆلی خیانه‌ت و ته‌سلیمکاری...و له‌ناو چیڕۆک و شیعره‌کاندا به‌کارده‌هاتن.. یه‌کێک له‌و بوونه‌وه‌رانه‌ش‌ (ئه‌سپ) بوو، که‌ به‌ ره‌مزی شۆڕشگێڕی و رۆحی هه‌ڵمه‌تبردن داده‌نرا. به‌ڵام ساڵان هات و ساڵان چوو، هه‌ردوو زلهێزی گه‌نده‌خۆری ئه‌م هه‌رێمه‌ خێر له‌خۆنه‌دیوه‌، هه‌موو ره‌مز و سیمبۆله‌ جوانه‌کانی ئه‌م گه‌له‌یان شێواند و له‌بیر خه‌ڵکیان برده‌وه‌. که‌چی ئه‌مڕۆ هه‌ر هه‌مان ئه‌و دوو زلمافیایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان وانیشان بده‌ن هێشتا هه‌ر شۆڕشگێڕن گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌کارهێنانی سیمبۆل و ره‌مزه‌ کۆنه‌کان..یه‌کێک له‌و ره‌مزانه‌ش ئه‌سپه‌...به‌ڵام نه‌ک هه‌ر ناکۆکن له‌ هه‌موو به‌ها شۆڕشگێڕییه‌کان، ته‌نانه‌ت ته‌واو له‌هه‌موو به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کانیش خۆیان داماڵیوه‌و ئاماده‌ش نیین بۆ یه‌ک زه‌ڕه‌ ببنه‌وه‌ به‌ ئینسان.!!
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی نیعمه‌تی ده‌یان ساڵه‌یان له‌ده‌ست نه‌چێ و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆگه‌ن و قێزه‌ونه‌که‌یان هه‌ر له‌ده‌ستدا بمێنێته‌وه‌ ئاماده‌ن خۆیان به‌هه‌زاران ده‌مامک نیشان بده‌ن..ئه‌وه‌ نییه‌ جارێکیتر سیمبۆل و ره‌مزه‌ جوانه‌کان بۆ خۆیان ده‌که‌ن به‌ لۆگۆی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵکو ئه‌وه‌ دنیایه‌ ئه‌مجاره‌ش خه‌ڵکه‌ دڵپاک و ره‌شورووته‌که‌ هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنننه‌وه‌ و که‌س له‌سه‌ر کورسییه‌کانیان فڕێیان نه‌داته‌ خوارێ....
کاتێک به‌ مام مه‌غدیدی دراوسێمانم گووت؛ "مام مه‌غدید ده‌زانی یه‌کیه‌تی و پارتی ره‌سمی ئه‌سپێکی سپیان کردۆته‌ ره‌مزی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان.." داخێکی قووڵی هه‌ڵکێشا و سه‌ری راوه‌شاند و زۆر حه‌کیمانه‌ وه‌ڵامێکی به‌پێستی منی داوه‌ و گووتی:" کوڕم(....) ئه‌سپ کاتێک که خاوه‌نه‌که‌ی ده‌مرێت یان ده‌گلێت ئه‌ویش زۆر خه‌م دادیده‌گرێت و ته‌نانه‌ت هۆن هۆن فرمێسکی له‌چاوانی ده‌بارێت. به‌بیرم دێت له‌حه‌فتاکان مام عه‌زیزی فاتێ که‌ له‌ شاخی هه‌ندرێن له‌ ئه‌سپه‌که‌ی گلا و که‌وته‌ خوارێ و گیانی له‌ده‌ست دا ئه‌سپه‌که‌ی سێ رۆژان هیچی نه‌خوارد و هیچی نه‌خوارده‌وه‌ تا رۆژی چواره‌م له‌داخی مردنی مام عه‌زیزی خاوه‌نه‌که‌ی ئه‌ویش به‌ر‌گه‌ی نه‌گرت و مرد‌... که‌چی ئه‌وه‌ په‌نجا ساڵه‌ ئه‌وانه‌ میلله‌ته‌که‌ی خۆیان ده‌گلێنن و ده‌کوژن و ده‌فرۆشن و دایده‌دۆشن و هه‌ر به‌خه‌یاڵیشیان نایه‌ت.." مام مه‌غدید ئاخێکی قووڵتری هه‌ڵکێشا و ده‌ستی به‌قسه‌کانی کرده‌وه‌ و گووتی:" کوڕم(....)‌ سپڵه‌یی ئه‌وانه‌ له‌کوێ و وه‌فاداری ئه‌سپ له‌کوێ..!! وه‌ڵڵاهی هه‌ق وایه‌ ره‌سمی که‌رێکی سپی ناوه‌ڵڵا که‌رێکی دێزه‌ بکه‌نه‌ ره‌مزی خۆیان... چونکه‌ که‌ری دێزه‌ حه‌ز به‌ مردنی خۆی و زه‌ره‌ری خاوه‌نه‌که‌ی ده‌کات... ئه‌وانیش عه‌ینه‌ن وه‌ک که‌ری دێزه‌ وه‌هان. حه‌ز به‌مردنی خۆیان ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر بزانن زه‌ره‌ری ئه‌م میلله‌ته‌ی تێدا بێت...ئه‌وانه‌ که‌ری دێزه‌ن له‌ ته‌ڕی ده‌خۆن و له‌وشکی ده‌گه‌وزن..."
به‌ڕاستی قسه‌کانی مام مه‌غدید زۆر کاریگه‌ری له‌سه‌ر من کرد... هه‌ق وایه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ مشه‌خۆر و گه‌نده‌خۆره‌ له‌جیاتی ره‌سمی ئه‌و ئه‌سپه‌ سپییه‌ ره‌سمی که‌رێکی دێزه‌ دابنێن زۆر باشتره‌...چونکه‌ وه‌ک مام مه‌غدید گووتی: ئێوه‌ له‌که‌ری دێزه‌ ده‌چن نه‌ک ئه‌سپی وه‌فادار..‌ له‌گه‌ڵ رێزم بۆ ئه‌سپ و که‌ر و هه‌موو زینده‌وه‌رێکی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه....

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە