بەیاننامەى ئەنجومەنى خۆپیشاندانەكانى مەیدانى ئازادى ڕانیە
Tuesday, 28/06/2011, 12:00
سەركوتكردن و ترس و تۆقاندنى ئازادیخوازان لە باشورى كوردستان لەلایەن حیزبە فەرمانڕەواكانەوە گەیشتۆتە قۆناغێكى مەترسیدارتر و ئەو زنجیرە پێشێلكارى و تاوانانەى بەرامبەر هاوڵاتیان و چالاكوانانى مەدەنى و ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەدەبرێن شیاوى پەسەند كردن نین و هەموو هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە و دەزگا پەیوەندیدارەكان بەرپرسیارێتیان لەسەرە بۆ ئەوەى بەدەنگ بێن و بەرەنگارى ئەو پیلانگێڕییە ناوخۆییانە ببنەوە.
ئێمە وەك ئەنجومەنى خۆپیشاندانەكانى مەیدانى ئازادى ڕانیە بە توندى و توڕەیى زۆرەوە ئیدانەى برینداركردن و هەوڵى تیرۆركردنى پارێزەرى داكۆكیكار لە كەیسى قوربانیانى خۆپیشاندانەكانى 17ى شوبات و ڕۆژانى دوایى و ئەندامى پێشووى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى سلێمانى (كاروان كەمال) و هاوڕێكانى دەكەین، هەروەها خاوەندارى لەو چالاكوانە و سەرجەم ئازادیخوازان و هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە دەكەین.
كۆى ئەو دەستدرێژى و تاوانكاریانەى لە هەرێمى كوردستان بەڕێوە دەبرێن لەلایەن دەیان گروپى مافیایى لە ئامێزى دەسەڵاتدا تەواوكەرى هەموو ئەو تاوانانەن كە لەدواى ڕاپەڕینەوە یەكێتى و پارتى بەرامبەر گەلەكەمان دەستیان پێكردووە و ڕۆژ دواى ڕۆژیش بە سودوەرگرتن لە هێز و سامانى هاوڵاتیان دەستدرێژییەكان مەترسیدارتر دەبن و ڕوى ناشیرینى دەسەڵاتیش زیاتر ئاشكرا دەبێت، لەو ناوەندەشدا هۆكارێك نامێنێتەوە بۆ بێ دەنگى. دواى هەموو ئەو دەرفەتانەى بە دەسەڵاتماندا بۆ بەخۆداچوونەوە، لەئێستادا هیچ ئومێدێك نەماوە كە ئەو 2 پارتە(ی.ن.ك، پ.د.ك) چاكسازى بكەن. چونكە تێوەگلاون لە هەموو جۆرەكانى تاوان و سەركوتكردنى هاوڵاتیان و دەنگە ناڕازییەكان.
وە پێمان وایە گفتوگۆ كردن لەگەڵ پارتى و یەكێتى لەم كەش و هەوایەدا بێ هودەیە و تەنها كات بەفیڕۆدانە و بۆ ڕەواندنەوەى توڕەیى شەقامە، ئەنجومەنەكەمان داوا لە لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن دەكات هەڵوێستیان ڕون بێت و بایكۆتى دانیشتنەكانیان لەگەڵ یەكێتى و پارتى بكەن تاكو ئەو تاوان و پیلانگێڕیانەى دەسەڵات كۆتایى دێت. هەروەها كاتى ئەوە هاتووە ئەو بێ دەنگییەى شەقام بشكێندرێت و هاوڵاتیان بەهەموو توێژەكانەوە بەدەنگ بێن و لە ڕێگەى چالاكى مەدەنیەوە ڕاپەڕینى یەكلایى كەرەوە ئەنجام بدەن، چونكە ناڕەزاییەكان كۆتایى نەهاتوون و هەوڵەكانى دەسەڵاتیش بۆ نەهێشتنى دەنگى ناڕەزایى شكستخواردوون و ئیرادەى گەلەكەمان بە هیچ ڕژێمێك نامرێندرێت.
جارێكى دیكە لە دەروازەى سەرهەڵدانەوە هۆشدارى دەدەینەوە پارتى و یەكێتى كە لەڕێگەى هەوڵەكانیان بۆ بێ دەنگكردنى چالاكوانان و دزینى سەروەت و سامانى هاوڵاتیان و خیانەت و تیرۆرى ئازادیخوازان ناتوانن بمێننەوە، ئەو پیلانگێڕیانەى ئێستا بەڕێوەى دەبەن هەوڵى نەزۆكن. تاكە ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لەو مەترسییە ناوخۆییانەى لەسەرتانن گەڕانەوەیە بۆ ڕاى شەقام و پێویستە یەكێتى و پارتى بۆ ئەوەى بە تەواوى كۆتاییان نەیەت، داواكارى هاوڵاتیانى سەرشەقام بەبنەما و چارەسەرى تەواوى كێشەكان وەربگرن و پڕۆژەكانى شەقام بكەنە ئەجێنداى حكومڕانى لە هەرێمدا.
یان ئازادى.....یان ئازادى
ئەنجومەنى خۆپیشاندانەكانى مەیدانى ئازادى ڕانیە 28/6/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست