بنەماڵەی مستەفا بارزانی لەبەردەبازی پارتیدا و تاكڕەهایی لەئەفسانەی قوتابخانەیەکی خوڵقێنەردا
Friday, 18/01/2013, 12:00
بەشی یەکەم/ وەك سەرەداو:
بنەماڵەی مستەفا بارزانی، لەسەردەمی پاش شۆڕشەکانی شێخ مەحمودی نەمرەوە لەژێر کاریگەریی سروشتی خێڵەکاندا و هەڵکەوتەی جێگای نیشتەجێبوونیاندا، لەمیانی کارلێکی ڕێبەرایەتیکردنەوە، بەدیدێکی ئاینزایانە، وەك حەتمیەتێك لەناو بۆشایی فراوانی سەردەمێکی نیمچە چەقبەستوودا، دەرکەوتن. لاوازیی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانیش، لەو دەمەدا، بووارێکی باشی ڕەخسان کە مستەفا بارزانییان بەبێ هیچ هۆکارێکی سیاسی و نەتەوایەتی، وەك قارەمانێك، کردە سەرکردە و ڕێبەری هەموو کورد.
مستەفا بارزانی، هەرزوو، فێر بوو، چۆن ڕووداو لەقازانجی مانەوەی خۆیدا دەخوڵقێنێت و ڕەوتەکانی مێژووی دەسەڵاتی پێ دەگۆڕێت. هەرچەندە، دەقاودەق، خواستی ووڵاتانی دیکەی بۆ درێژەپێدان بەململانێکانیان، یان تەرازووی هێز، بۆ ناوچەکە دەگواستەوە، بەڵام، ڕووداوەکان، لەقازانجی ئەودا، ئاراستە دەبوون و تاکو مردنی، وەك تاکەڕێبەری نەتەوەیی کورد، لەناوەندە جیهانییەکان و ناوخۆدا، هاتە هەژمارکردن و پارتی دیموکراتیشی وەکو حیزبی بنەماڵەکەی خۆی، بەمیرات بۆ کوڕەکانی بەجێهێشت.
مستەفا بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی، لەپێشینەکانی ئەو بنەماڵەیە، چەند دەستکەوتێکی گرنگیان بۆ خۆیان و بنەماڵەکەیان لەناو پەرێزی دروونەوەکانیاندا، وەك دەستکەوت بەرهەم هێنا و لەبەرۆکی مێژوودا، بۆ ڕووداوەکانی ئایندەیان، کردیانە بەروانکەی پێشینەکانیان. لەوانە:
1- لەیەکەم سەردانی ڕۆڤێن شێلۆ، ڕۆژنامهنوسی ناوداری جولهکه، لهپێش دامهزراندنی دهوڵهتی ئیسرائیل و لهسهروبهندی سهرههڵدانی بیری ناسیۆنالیستی و ههوڵدان بۆ یهکخستنی ڕهوهندی جولهکه له وڵاتانی ئهوروپا و ئهمریکا، لهساڵی 1931 دا، لهڕێگای جولهکهیهکی ناوچهی کۆیهوه، سهردانی ناوچهی بارزانی کرد و لهگهڵ شێخ ئهحمهد بارزانی براگهورهی مستهفا بارزانیدا دانیشتنی کرد و بووه سهرهتای پهیوهندی سهرۆکاکهنی خێڵی بارزانی و ئیسرائیل. لێرەوە، هاوکاریەکانی ئیسرائیل، بۆ مستەفابارزانی، لەپاش براگەورەکەی دەستیپێکرد. بەمەش، مستەفا بارزانی، توانیی گرنگترین سەرچاوەی ڕاوێژکاری و کوتلەی سیاسی بۆخۆی دەستەبەر بکات.
2- لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتدا، بەسەرۆکایەتیی قازی محەمەد، حکومەتی ئەوکاتی بەریتانیا، وەك لەبەڵگەنامەیەکیاندا هاتووە: مستەفابارزانیمان، بەخۆی و پێنج هەزار کەسەوە و بەپۆشتەیی و خەرجییەکی زۆرەوە، ناردە لای قازی، لەژێر ناوی پشتیوانیکردندا. بۆ ئەوەی هەرکاتێك بمانەوێت، بەکاری بهێنین بۆ کۆتاییهێنان بە شۆڕشەکە. ئەمەش، ئەو ڕێگاسەختانەبوون، کە مستەفا بارزانی، توانیی پێیدا سەربکەوێت و ببێتە جێگای بایەخی زلهێزەکان.
3- مستەفا بازرانی، لەڕێگای موسادەوە، وەك میکی، گەورە ئەفسەری ئیسرائیلی دەڵێت، دەزگای پاراستنی وەك گەورەترین چەکی سەرکوتکەری ناوخۆی کوردستان، دروست کرد. میکی، له بیرهوهریهکانیدا دهنوسێت" له سهرهتای بههاری ساڵی 1966 دا، دهزگای پاراستنم دروست کرد و مهسعود بارزانیی کوڕی مستهفا بارزانیم کرد بهسهرۆکی". لێرەشەوە، توانییان، تەواوی نەیارەکانیان لەناوبەرن. یان دەریان بکەن و دووریان بخەنەوە.
4- هەرەسی ساڵی ١٩٧٥، یەکێکە لە ڕووداوە خوڵقێنەرەکانی بنەماڵەی مستەفا بارزانی، کەبەڕاوێژی چەندین سیاسەتوانی ئەمریکی و ئێرانی، بۆ مانەوەی چەقی قورسایی هێز و سەرۆکایەتی و ڕیبەرایەتیکردن، ئەنجام درا و تەواوی داهاتی کوردستانیشیان لەگەڵ دەستی خۆیاندا برد و درهەمێکیان نەهێشتەوە کە سەرچاوە فەرمییەکان، بە دەیان ملیۆن دۆلاری ئەودەمەیان خەمڵاندووە. هەر لەگەڵ دەرکەوتنی شۆڕشی نوێشدا، بەپەلە، بنەماڵەی مستەفا بارزانی، (سەرکردایەتی کاتیان، بەسەرۆکایەتیی ئیدریس بارزانی) دامەزراند.
5- هێشتنەوەی، لایەنگرەکانیان لەناو بەهەشتی تێڕوانینەکانی مستەفا بارزانیدا، کەبە قوتابخانەی بارزانی ناسراوە. کۆڵەکەی تەوژمی کۆیلەکردنی ئەندام و لایەنگرەکانیانە. کە بێجگە لەبارزانی، هیچ کەس و لایەنێکی تر، پیرۆزتر و گەورەتر نییە. لۆژیکی ئەم قوتابخانەیە، بەرهەمی نزیکەی ٧٠ هەفتا ساڵ دەبێت. کەتێیدا، ڕەهەندە نیشتیمانی و نەتەوایەتییەکان، لەخوار بنەماڵەوەن و ئەو هەموو ژمارە زۆرەی لەبەرەی خیزانی مستەفا بارزانی، پەیدابووە، وەك ڕەوەیەك، نەدادگا و نە دەسەڵاتی حکومی و نەدەسەڵاتی حیزبی، ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات و بەبێ هۆ، هەموویان و یەك لەدووای یەك، سەرۆك و ڕێبەر و بەرپرس و خاوەنی کوردستانن. تەنانەت، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی پارتەکەیان، دەسەڵاتی منداڵێکی چەند ساڵانەی بنەماڵەکەیان نییە و لەژێر فەرمانی ئەواندا بەڕێوە دەبرێن. بەشێوەیەك، هەر یەکێك لە کوڕەکانی مەسعود بارزانی، لەدەسەڵاتیدایە کە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی زیندانی، یان دەربکات، یان دایبنێت. هەروا، دەشتوانێت، تەواوی سوپا و هێزی پێشمەرگەی پارتی، بجوڵێنێت، بۆ هەر مەبەستێك بێت. یان بەتەواوی خاوەنی داهاتی هەموو حیزبەکەیە و سەرپشکە لە خەرج کردندا.
لەپاش راپەڕینەکانی ساڵی ١٩٩١ ەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، بەسەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، هاتەوە ناو مەیدانەکە. بەڵام، ئەم جارەیان، بەشێوەیەکی تۆکمەتر کە لەهەموو ئەو ئەزمونانەوە وەری گرتبوو، کەپێشتر تێیدا جەنگابوو. مەسعود بارزانی، وەك یەکێ لەکوڕە خاوەن دەسەڵاتەکانی مستەفا بارزانی، هەر لەسەرەتای منداڵییەوە، کەنەیتوانی تەنانەت خوێندنیش تەواو بکات و تاکو پۆلی دووەمی ناوەندی بڕی کردبوو، قاڵبۆوەی ناو سیاسەتەکانی بنەماڵکەی و باوکی و پارتەکەی بوو. بۆیە، دەیزانی، ئەمجارەیان، جیاواز لەپێشوو، تووشی کۆمەڵێك ڕووداوی تر دەبێت و لەبەردەم خەڵکێکیشدایە، زۆرینەیان قبوڵیان نییە یان لەکیسی چووە. بۆ ئەمەش، قوتابخانەیەکی ئەفسانەی بەناوی(قوتابخانەی بارزانی) کردە بناغەی کۆکردنەوەی خەڵك و بەکەڵك وەرگرتن لە سۆزی خەڵك بۆ نەتەوە و نەهامەتییەکانی پرۆسەکانی ئەنفال و کیمیایی بارانکردن و کوشتارگەلی بەردەوامی حکومەتی بەعس، هەروەها تێکەولێکەی خەباتی لەمێژینەیان و ڕابەرایەتیکردنیان، لەباوکەوە بۆ کوڕ، تەلارێکی بە ڕایەڵەیەکی پارتیچێتی و بارزانیزمەوە لەناو زەمینەی کوردستاندا هەڵچنی و جێگەی خۆی گرت. ئەوەی گرنگە، ئەم کەسە، مادام لەبنەماڵەی مستەفا بارزانییە، بەخشندە و ڕێبەر و ڕێکخەر و قارەمان و خاوەن پلە و پایەی ئەوپەڕی سەرترۆپکی دەسەڵاتە.
مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەی، بەهاوکاری لەگەڵ بەردەستەکانی خۆیدا، کەلەمەقامە باڵاکانی وەك سکرتێری حیزب و ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هەندێك پلەبەندیی حیزبی و حکومی داینابوون، بەهۆی ئەزموونی هەرەسەوە، دەیانزانی کە دراو، داهات، تاکە سەرچاوەی مانەوەیەتی. هەربۆیە، بەبێ هیچ پێشەکییەك، ڕاستەوخۆ، دەروازەی ئیبراهیم خەلیلی کردە موڵکی خۆی. لەبەرامبەردا، هێزەکانی وەك یەکێتی نیشتمانی وکردستان و ئەوانی دیکە، بەهۆی نەبوونی ئەو ئەزموونەوە، نەیاندەتوانی پێشبینی ئەو کارەسات و ڕووداوانە بکەن، کە مەسعود بارزانی و پارتەکەی نەخشەی خوڵقاندنیان بۆ داناوە. تەنانەت، ئەوانیش، لەبەرشڕەخۆریی ئەو سەردەمە، نەدەپەرژانە سەر تێڕوانێکی ڕوونی ئایندە و خوێندنەوەی واقعیانەیان بۆ نەبوو. پێیان وابوو، پارتی، بەسەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، لەبەرامبەر ئەو هێزە گەورە شەڕکەرە بەئەزمونەی ئەواندا، بەرگەی فویەکیان ناکات.
بنەماڵەی مەستەفا بارزانی، بەلایانەوە گرنگ نییە دژی کێ دەوەستیتەوە، تەنانەت ئەگەر دژ بە پیرۆزیەکانی خەڵکیش بێت. تەنها ئەوەندە گرنگە، ڕۆنەچیتە ناو بازنەکەی ئەوانەوە و ئەو سنوورە نەشکێنیت. ئیتر، تۆ، لەکار و چالاکییەکانتدا، سەرپشکیت، بۆ خزمەتکردنی ئەوان. ئەمە، لەدیدی ئەوانەوە، ڕەهەندی نیشتیمانی و نەتەوایەتییان هەیە. هیچ کەسێکیش بۆی نییە، دژ بە ڕەهەندی نیشتیمانی و نەتەوایەتی بێت.
خوێندنەوە، لەمەڕ پرسی بنەماڵەی مستەفا بارزانی و پارتەکەیانەوە، لەڕووی ڕق و کینەلێبوونەوەوە، دەمانخاتە گێژاوی تێنەگەیشتن و بەلاڕێدابردنەوە. هەربۆیە، پێویستە، بە دیوە زانستییەکەیدا، شیکردنەوەی بۆ بکەین تاکو بتوانین، لەژێر ناوی(پارتی ناسیدا) وەك خوڵقێنەری ڕووداوەکان، تەماشای بکەین و ئەمدیو و ئەودیوی ڕووەکانی بپشکنین. هەرچۆن، هەنوکە، پارتی و بنەماڵەی مستەفا بارزانی، لەدوودیوی شاراوەدا، بەدیوی سێیەم، خۆیان نمایشت دەکەن. ئێمەش، تەنها، لەژێر ووشەگەلی، خێڵ و دیکتاتۆر و دڕندەدا، ناویان دەبەین. کەبەڕای من ئەم دیدانە سوواون و لەئاستی ناسینەوەیاندا نییە.
تێبینی: لەبەشی دووەم و سێیەمدا، ووردەکاری ناسینەوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، لەخوڵقاندنی ڕووداوەکاندا بە پێی مێژوویان و تاکو ئێستا، شرۆڤە دەکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست