کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عه‌بدولباری زێباری کێێه‌ و چۆنم ناسی

Thursday, 07/01/2010, 12:00


عه‌بدولباری زێباری ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراقه‌، له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان و سه‌ر به‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه‌.
عه‌بدولباری زێباری له‌ خێڵی زێبارییه‌کانی موسڵه‌ و خاڵۆزا و پۆرزان له‌گه‌ڵ ووشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقدا. ئه‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی هاوپه‌یمانی له‌ هه‌شتاکاندا له‌ به‌ریتانیا هه‌نده‌سه‌ی مه‌ده‌نی خوێندووه‌ و له‌ نه‌وه‌ده‌کاندا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ کوردستان و له‌ساڵی 2003 وه‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراقه‌.
عه‌بدولباری زێباری له‌ساڵی 2006 دا به‌ سه‌ردانێك هاته‌ به‌ریتانیا و له‌لایه‌ن ڕێکخستنه‌کانی ئه‌وکاتی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه‌وه‌ کۆڕێکیان بۆ سازدا که‌ بۆ هه‌موو که‌سێك هه‌بوو بچێت و منیش یه‌کێك بووم له‌بانگکراوه‌کان.
له‌ کۆڕه‌که‌دا من داوام لێکرد که‌ چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵدا ساز بده‌م و ئه‌ویش ئه‌مه‌ی قبوڵ کرد و له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێ ی خۆشه‌ویستدا له‌ کۆفی باڕێکدا دانیشتین و کاره‌که‌مان ئه‌نجامدا و پاشان له‌سه‌ر خوانی ئه‌و نانی ئێواره‌مان خوارد و ئه‌و خه‌رجییه‌ش کردییه‌ 30 پاوه‌نی به‌ریتانی که‌ به‌ڕێز(پۆڵا سه‌عید) له‌کاتی ته‌سلیم بوونه‌وه‌که‌یدا به‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ باوه‌شی ده‌سه‌ڵات کردبوویه‌ مانگانه‌ی 300 دۆلار و به‌مه‌ش له‌لای یه‌کێتی خۆی پێوه‌ بادا و کردییه‌ منه‌ت به‌سه‌ر ئه‌و حیزبه‌شه‌وه‌ که‌ گوایه‌ ئه‌سراری بۆ که‌شف کردوون.
عه‌بدولباری زێباری هاوڕێیه‌کی خۆشه‌ویستی سه‌رده‌می زانکۆی له‌ به‌ریتانیای هه‌یه‌ و دانیشتووی شاری مانچسته‌ره‌ به‌ناوی(سه‌ردار هه‌ولێری) و به‌رده‌وام سه‌ردانی ده‌کات.
من و کاك سه‌ردار براده‌رین و به‌مه‌ش هه‌ر جارێك که‌ عه‌بدولباری زێباری ده‌هاته‌ به‌ریتانیا من ده‌مبینی و چه‌ندین کاری گرنگمان به‌یه‌که‌وه‌ ئه‌نجامدا. له‌وانه‌ چه‌ندین کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌م بۆ سازدا له‌گه‌ڵ جالییه‌ی کوردی و عه‌ره‌به‌ شیعه‌کان و تورکمانه‌کان و ئاشوورییه‌کان و مه‌سیحییه‌کان و عه‌ره‌به‌ سوونه‌کان و هی تریش.
من له‌ڕێگای چه‌ندین که‌س و ناسیاومه‌وه‌ توانیم چه‌ندین دانیشتنی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ زانکۆکانی به‌ریتانیا و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی ئه‌و ووڵاته‌دا بۆ ئه‌نجام بده‌م له‌باره‌ی نزیکبوونه‌وه‌ی کورد و تواناکانیان و ڕاکێشانی سۆزی ئه‌وان به‌لای کورددا.
من توانیم هه‌ر له‌و ڕێگایه‌وه‌ چه‌ندین ناوه‌ندی هونه‌ری و کۆمه‌ڵه‌ی کوردی به‌ عه‌بدولباری زێباری بناسێنم و ئه‌ویش له‌نزیکه‌وه‌ گوێ ی له‌داواکاری و پێشنیار و ڕه‌خنه‌کانیان ده‌گرت و له‌لای خۆیه‌وه‌ کۆی ده‌کردنه‌وه‌ و ده‌یبردنه‌ به‌رده‌ستی به‌رپرسانی کوردستانه‌وه‌.
یه‌کێ له‌و کاره‌ گرنگانه‌ کێشه‌ی ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بوو و ئه‌و به‌ ڕاپۆرتێکی دوور و درێژ دایه‌ په‌رله‌مانی عێراق و پاشان کرایه‌ بڕیار و په‌نابه‌رانی کورد له‌و بڕیاره‌ سوودیان وه‌رگرت.
ناسینی من و عه‌بدولباری کاری گه‌لێ باشی لێ که‌وته‌وه‌ به‌وه‌ی نزیکبوونه‌وه‌یه‌کم بۆ ڕه‌خساند له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارێکی به‌ریتانیا به‌ناوی(تۆنی لۆید) و توانیمان سه‌رنجی به‌لای پرسه‌ی کوردا ڕابکێشین و کێشه‌ی که‌رکوك و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانمان بۆ یه‌که‌م جار برده‌ ناو په‌رله‌مانی به‌ریتانیاوه‌.
په‌یوه‌ندی نێوان من و عه‌بدولباری زێباری ته‌نها هه‌ڵسوڕان و کارکردن و چالاکی بوو له‌سه‌ر ئاستی ڕه‌وه‌ندی کوردستانی بۆ ناسینی کێشه‌ی کورد به‌و ووڵاته‌ و کۆکردنه‌وه‌ی پشتگیری. چونکه‌ من هیچ ڕێگایه‌کی دیم شك نه‌ده‌برد بۆ ئه‌وه‌ی نێوان کاری ئێمه‌ی کوردانی دانیشتووی به‌ریتانیا و ده‌سه‌ڵاتی کوردی. ئه‌م کارانه‌ی منیش به‌و ڕێگایه‌ ئاسانکاری بوو بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و کێشه‌کانمان به‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی و گه‌یاندنی دیدگاکانمان به‌وان.
من که‌سێکم له‌ به‌ریتانیا گه‌لێ هاوه‌ڵ و دۆست و شوناسم هه‌ن و به‌رده‌وام کاریان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌م. هه‌موو کاره‌کانی منیش خۆبه‌خشانه‌یه‌. هه‌تا ئه‌م ده‌مه‌ش که‌ ئه‌م نوسینه‌ ده‌نووسم منه‌تم له‌که‌س هه‌ڵنه‌گرتووه‌، به‌ڵکو به‌ ئاره‌قی نێوچه‌وانی خۆم ده‌ژیم و به‌رده‌وام کاریشم کردووه‌ و خوێندوشمه‌ و چالاکیشم ئه‌نجام داوه‌.
من سه‌ر به‌هیچ ڕێکخراو و یان حیزبێکی سیاسی نیم و باوه‌ڕم به‌ ئازادی ڕه‌های تاك هه‌یه‌ له‌ناو کۆمه‌ڵگادا.
من پێم وابوو و ئێستاش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که‌ له‌ناو ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی هاوپه‌یمانیدا عه‌بدولباری زێباری باشترینیانبووه‌، چونکه‌ گه‌لێ له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ ته‌مه‌ڵانه‌ ده‌هاتنه‌ به‌ریتانیا، لێ هیچیان نه‌یانده‌توانی ته‌نانه‌ت زاتی ئه‌وه‌شیان نه‌بوو بێن له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ندی کوردیدا دژی ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران هه‌وڵێك بده‌ن، لێ عه‌بدولباری زێباری نه‌ك هه‌ر هه‌وڵی ده‌دا به‌ڵکو به‌ته‌واوی چووبووه‌ ژێر کاریگه‌ری چه‌رمه‌سه‌رییه‌کانی خه‌ڵکه‌وه‌ و کاتێکی زۆریشی بۆ ئه‌وه‌ ته‌رخان کردبوو.
من حه‌ز ده‌که‌م نموونه‌یه‌ك له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ ترسنۆك و ته‌مه‌ڵانه‌ بهێنمه‌وه‌ بۆ به‌ردیدی خوێنه‌ران: ڕۆژێکیان سێ ئه‌ندام په‌رله‌مان هاتنه‌ به‌ریتانیا و یه‌کێکیان عه‌بدولباری بوو، من په‌یوه‌ندیم پێوه‌ کردن و پێم راگه‌یاندن که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی به‌ریتانیدا دانیشتنێکی دۆستانه‌م بۆ سازداون و ده‌توانرێت بۆ پرسه‌ی که‌رکوك سوودی لێ ببینرێت. له‌به‌رامبه‌ردا عه‌بدولباری زۆری پێ خۆش بوو و ئاماده‌یی ده‌ربڕی، که‌چی ئه‌و دووانه‌ی دی یه‌کسه‌ر ڕه‌تیان کرده‌وه‌ به‌و بیانووه‌ی ئینگلیزی نازانن. به‌مه‌رجێك من وه‌رگێڕیشم ئاماده‌ کردبوو و ئه‌مه‌شم پێ ووتن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان هه‌ر سووربوون و ته‌نها عه‌بدولباریش هات. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و دانیشتنه‌مان به‌ ئاماده‌بوونی کۆمه‌ڵه‌ی کوردی مانچسته‌ر و بنکه‌ی هونه‌ر و که‌لتووری کوردستان و نوێنه‌ری یه‌کێتی له‌مانچسته‌ر و کۆمه‌ڵێك نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان و چالاکوانی بوواری نه‌ته‌وه‌یی و گه‌لێکی تر له‌ بنکه‌ی(WFA) له‌مانچسته‌ر ئه‌نجامدا و له‌کوردستانپۆستیش له‌ساڵی 2006 دا بڵاوم کرده‌وه‌.
ئه‌وانه‌ی وه‌کو به‌ڕێز کاك(پۆڵا سه‌عید) بیر ده‌که‌نه‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌ ملشکاندنی خه‌ڵکی تر نانیان ده‌ست بکه‌وێت، پێم وایه‌ ناتوانن گره‌وله‌سه‌ر لاشه‌یه‌کی بێگیان بکه‌ن. چونکه‌ درۆهه‌ڵبه‌ستن هیچ به‌رهه‌مێکی نییه‌. پێم وانییه‌ ئه‌و کاره‌ی به‌ڕێزیان ئه‌نجامیدا نرخێکی ئه‌وتۆی هه‌بێت. ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت بێ باوه‌ڕی له‌ناو نوسه‌ران و ڕۆشنبیران و هاوڕێکانماندا خوڵقاند. هه‌ڵبه‌ته‌ خه‌ڵکی دیش هه‌یه‌ هاوڕێ ی ئه‌ون و پاڵیان پێوه‌نا تاکو ئه‌و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ به‌سه‌ر ئه‌ودا بهێنن، لێ ده‌بێت بزانیت که‌ ئه‌وانه‌ هه‌ر له‌درووستبوونیانه‌وه‌ ئه‌وه‌ کاریان بووه‌. ڕۆژێك دێت ئه‌مه‌ وه‌کو مێژوو ده‌مێنێته‌وه‌، لێ مێژوویه‌کی ڕه‌ش. چوونکه‌ کاری ڕه‌ش ته‌نها مێژووی ڕه‌ش تۆمار ده‌کات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە