بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌گه‌ردنی ئه‌سپه‌شێوه‌یه
Sunday, 29/08/2010, 12:00
گۆڕان، وه‌کو بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری فره‌دید و بۆچوون له‌دره‌نگوه‌ختێکدا، به‌ڵام شیاو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گونجاو بۆ سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی سه‌ری هه‌ڵدا. هه‌ندێ ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت هێشتا پێیان زووبوو. لێ گۆڕان ده‌بوو پێش ساڵی 2003 سه‌ریهه‌ڵبدایه و بزوتنه‌وه‌که‌کارابکرایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه کورد ئه‌مجاره‌شیان ئه‌وشانسه‌ی نه‌بوو بکه‌وێته پێش ڕووداوه‌کان یان هه‌ر هیچ نه‌بێت خۆی بۆئاماده‌بکات و زه‌مینه‌ی بۆساز بکات.
له‌وده‌مه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ریهه‌ڵدا، هه‌ندێك له نوسه‌ران و ڕۆشنبیران، پێیان وابوو" ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له‌ئه‌نجامی کێشه‌کانی ناو یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه‌وه، بۆ ده‌سه‌ڵات سه‌ریهه‌ڵداوه". ئه‌م بۆچوونه تاڕاده‌یه‌کی باش ڕاسته و کێشه‌کانی ناو ئه‌و پارته ته‌واو له‌گه‌ڵ قۆناغی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا یه‌کده‌گرێته‌وه. لێ زۆرینه پێیان وابوو "ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له‌ئه‌نجامی کۆمه‌ڵێك نابه‌رابه‌ریدا و به‌هۆی له‌ڕێلادانی سه‌رکردایه‌تی کورد له ئامانجه نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان سه‌ریهه‌ڵداوه". هه‌رچه‌نده ئه‌م بۆچوونه که هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌که‌ی بۆخۆی ده‌سته‌به‌ر کرد، لێ نه‌یتوانی بۆچوونی یه‌که‌م بشارێته‌وه. ئێستاش که زیاتر له‌یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه کوتوپڕ و کاریگه‌ره‌ی گۆڕاندا تێده‌په‌ڕێت، هێشتا ئه‌مه به‌ته‌واوی یه‌کلا نه‌بۆته‌وه و هه‌واداران و سه‌رکردایه‌تی بزوتنه‌وه‌که به‌ته‌واوی حاشا له دیدی یه‌که‌م ده‌که‌ن.
ئه‌ندامه‌کانی ناو یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان چێژیان له ته‌که‌تول وه‌رده‌گرت. به‌م جۆره چێژکردنه تایبه‌تیه، حیزبه‌که ده‌مایه‌وه. به‌م پێیه، ئه‌م چێژوه‌رگرتنه له ته‌که‌تول هۆکاری سه‌ره‌کی به‌رده‌وامی بوو بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی. له‌کۆتاییشدا بووه هۆی لێکترازان و جیابوونه‌وه‌ی به‌شێکی باشی ئه‌و حیزبه و گۆڕانیان پێك هێنا.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌مه‌رجه‌عێکدا کۆکرایه‌وه. هه‌موو توانای خۆی به‌سته‌وه به توانا و تاقه‌تی ڕێبه‌ره‌که‌یه‌وه. هه‌رچه‌نده ئیدیعای فره‌دیدی و بڕیاری ده‌سته‌جه‌معی و هێز و بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ده‌کرد، لێ حاڵی له یه‌کێتی ی دایك، باشتر نه‌بوو و نه‌یتوانی له‌و بازنه‌ی تاك سه‌رکرده‌یی و ده‌سته سه‌رکردایه‌تیه، که ئه‌وان هه‌یانبوو، ده‌ر بچێت و خۆی ڕزگار بکات.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ته‌واوی کێشه‌کانی ناو یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانی به‌زیاده‌وه، به‌میرات له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنایه ناو جه‌ماوه‌ره‌که‌یه‌وه. له‌سه‌رووی ئه‌مانه‌وه فه‌وزایه‌کی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا که هیچ به‌رچاوڕونیه‌کی بۆ خه‌ڵك نه‌هێشته‌وه. هه‌موو ئه‌و ڕایه‌ڵه ڕێکخراویانه‌ی خه‌ڵك له‌سه‌ر خواستی خۆیان پێکیان هێنابوو، یان له یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه‌وه بۆیان مابۆوه، ته‌واوی هه‌ڵوه‌شانده‌وه. به‌مه‌ش هیچ به‌سته‌رێك له‌نێوان تاکه‌کاندا نه‌ما و ژاوه‌ژاوێکی زۆری به‌جێهێشت. ئالێره‌وه ته‌واوی خه‌ڵکه‌که‌ی که‌وتنه وێزه‌ی گیانی یه‌کتری. به‌تایبه‌تی له وڵاتانی ئه‌وروپا، ئه‌وه‌ی له‌تاقه‌تیاندا بوو به‌یه‌کتریان کرد. نوێترین ووشه‌ی سوکایه‌تیپێکردنیان پێشکه‌ش به دنیای جنێو‌دانی کوردی کرد. هیچ که‌سێکیش نه‌خۆی به‌خاوه‌نی زانی و نه هه‌وڵی وه‌ستاندنیشیدا.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ته‌واوی بیرمه‌ندان و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و نوسه‌ره‌ئازاکان و پیاو و ژنه سه‌ربه‌خۆکان و گه‌نجانی له‌خۆی کۆکرده‌وه، لێ به‌پێی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی نه‌خشه‌بۆکێشراو، هه‌موویانی له‌یه‌ك ته‌رازودا دانا و له‌نێوان به‌رداشی خۆی و زه‌مه‌ندا خه‌ساندنی.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، باشترین ده‌رفه‌ت بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی که لێوه‌ی هه‌موو ده‌نگه‌ناڕازیه‌کانی له‌کۆڵ بۆوه. گه‌لێ له‌و که‌سانه‌ی به‌ئازادانه و به‌بێترس و دودڵی به‌ره‌نگاری گه‌نده‌ڵی و نابه‌رابه‌ری ده‌بوونه‌وه، له‌ناو گۆڕاندا توانه‌وه. ئالێره‌وه بۆشایه‌کی فراوان له‌نێوان وه‌به‌رهێنانی بیکردنه‌وه جیاوازه‌کاندا بۆ پێشه‌وه‌چوونی ئازادی سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌م به‌هێواشی مراندنه، گیانی نه‌یاره‌کانی حیزبه‌ده‌سه‌ڵاتداره گه‌نده‌ڵه‌کانی کوردستانی ده‌رهێنا. وێڕای ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ته‌واوی به‌رهه‌مه‌کانیانی دۆشی بۆخۆی و هیچی بۆ تاکه‌کان نه‌هێشته‌وه.
پرسی "لێگه‌ڕی خۆی چاك ده‌بێت" پرسێکی نه‌شیاوه به ئێستای دۆزی کورد و داواریه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی. ئه‌م لێگه‌ڕان و پشتگوێخستنه کاره‌ساتهێنه‌ره. ده‌بوو گۆڕان له‌هیچ شتێك نه‌گه‌ڕابا و به‌جددی هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی تاکی کوردی بدایه له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی عێراق و جیهان.
گۆڕان له‌ژێر ناوی ئۆپۆزسیۆندا کارده‌کات. ئیدی ترسی له ئێران و تورکیا و سوریا و ته‌نانه‌ت حکومه‌تی عێراق چییه؟. ئاخۆ ترسی له بچڕانی په‌یوه‌ندیه‌دوقۆڵیه‌کانی هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌که له‌و ووڵاتانه‌دا؟. ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌ک به نه‌خێره، ئه‌دی بۆچی ته‌واوی ئه‌ندام په‌رله‌مانه ته‌مبه‌ڵ و ته‌وه‌زه‌له‌کانی خۆی کۆنه‌کرده‌وه و له‌جێگای زه‌ویه کوناویه‌کی سه‌ر خاکه‌که‌ی له‌سنوری ئێران نه‌یچه‌قاندن و داوای وه‌ستاندنی تۆپبارانه‌کانیان نه‌کرد؟. هه‌ر ئه‌و خاکه‌ی که ئێستاش خوێنی ڕۆڵه‌کانیانی لێ ده‌چۆڕێت. ئه‌دی بۆچی نه‌چوونه په‌نای قه‌ندیل و به‌یه‌ك ده‌نگ نه‌یانووت" ئێمه لێره ناڕۆین، تاکو حکومه‌تی تورکیا واز له هێرشه‌کانیان ده‌هێنێت؟. ئه‌دی بۆچی له‌ناو په‌رله‌مانی کوردستاندا هه‌ڵنه‌ستانه‌وه و بڵێن" ئه‌م په‌رله‌مانه نه‌خۆشه. بێکه‌ڵکه و قسه‌ی ناڕوات"؟.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌گه‌ر به‌م حاڵه‌ی ئێستایه‌وه بیه‌وێت کۆمه‌ڵگای کوردی بۆ سه‌رده‌مێکی زێڕینی داهاتوو ڕێکبخاته‌وه، ئه‌وا هه‌رگیز ناتوانێت. پێویسته ئه‌و بۆشاییه‌ی له‌نێوان بزوتنه‌وه‌که و خه‌ڵکی هه‌وادار و لایه‌نگری بزوتنه‌وه‌که درووست بووه پڕ بکرێته‌وه. هه‌ڵبه‌ته سه‌رکردایه‌تی بزوتنه‌وه‌که تاکو ئێستاش نازانێت وا خه‌ریکه خه‌رمانه‌که‌ی مایه‌پوچ ده‌رده‌چێت و له‌گه‌له‌هه‌ره‌وه‌زه‌که‌یدا که‌س نامێنێته‌وه بۆ کێشانی مه‌ڵۆکانی. ئه‌و ده‌مه‌ش که هه‌ست ده‌که‌ن، ئیدی ده‌بێت سیر بخۆن و زوڕنا لێبده‌ن. نه‌گبه‌تیه‌که‌ش له‌وه‌دایه هیچ که‌سێك نامێنێته‌وه تاکو به‌زوڕناکه‌یان هه‌ڵپه‌ڕن.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌گه‌رده‌نی ئه‌سپه‌شێوه‌یه و له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ك بۆی هه‌ڵکه‌وێت ده‌یدات به‌زه‌ویدا. بۆیه سه‌رکردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێویسته ئاگایان له‌و هه‌موو سوکایه‌تیپێکردنه بێت که به‌رده‌وام له‌لایه‌ن هه‌ڵسوڕاوه‌کانیه‌وه به‌خه‌ڵك ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م هه‌موو سوکایه‌تییه ڕانه‌گیرێت، ئه‌وا .....ئیدی مێژوو وه‌ڵامی ئه‌م دێڕه ده‌داته‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست