گومان ههیه، که مەسعود بارزانی بۆ ئهوهی جێگای باوکی بگرێتهوه،ئیدریسی برای لهناوبرد (بەشی دووەم)
Sunday, 27/01/2013, 12:00
هەژار موکریانیی دەڵێت" من نۆکەرایەتیم بۆ هیچ کەس و لایەنێك نەکردوە. بەڵام خۆشبەختم کە خۆم بەنۆکەری بارزانی دەزانم". هەروەها دەڵێت" مستەفا بارزانی، ڕێبەر و باوکی نەتەوەی کوردە" بەمەشەوە ناوەستێت و دەڵێت" کورد، قەرزاری مستەفا بارزانییە".
لەدوتوێی بەدەستهێنانی نۆکەر و ڕێبەرایەتیکردن و باوکایەتی و خاوەن قەرزدا، سەیر نییە کە بنەماڵەی ئەم خاوەن نۆکەرە و ئەم باوکە گەورەیە، داوای قەرزەکەیان بکەنەوە.! لەکاتێکدا، ئەم فەرهەنگە، مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ تێکەڵبوونیدا بە دید و تێڕوانینی خەڵکەوە، هەیە. تەنانەت، بەرەی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئاینی و چینایەتیش، لەکوردستاندا، نەیتوانیوە ئەم کراسەیان، بەتەواویی لەبەر دابکەنێت. بەپێچەوانەوە، ئەوانیش، بەشێك بوون لە چەکەرەی باوکێکی تر و ڕامکردن و قەرزدارکردنەوەی خەڵك.
مستەفا بارزانی، ڕابەرایەتیی جەنگی خۆسەپاندنی دەکرد. لەمەوە باوکایەتی بەدەست هێنا. ئەرکی بەردەوامیدان بەپیرۆزکردنیشی، کەوتۆتە سەر نەوەکانی. ئەوانیش، بەلایەکدا و بەپێی فەرهەنگێکی تایبەتیی لەڕێگەی پارتەکەیانەوە درێژەی پێدەدەن و لەلایەکی تریشەوە، هەر بەهەمان هۆکار، کە دەسەڵاتی سەربازی و ئاسایشیان بەدەستەوەیە، دەیسەپێنن. ئەوانەش کەیاخی دەبن لەم خواستە، دەستیان لێ بەرنادرێت. بەڵکو، بەڕایەڵەیەکی جودا و جەنجاڵەوە، جارێکیتر، دەیبەستنەوە بەخۆیانەوە.
ئاماژەکانی شۆڕبوونەوەی باوکایەتیی مستەفا بارزانی و دەرکەوتنی وەك کارێزمایەکی خێڵەکی و پاشان ناوچەیی و دوواییش شکۆفەی کرد و بەڕییەوە کەنارەکانی نەتەوەییەوە، هەر لەسەرەتاوە تاکو بەمیرات هێشتنەوەی لەلایەن کوڕ و نەوەکانیەوە، تەواوی بووارەکانی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕامیاریی گرتۆتەوە. بەمەشدا، سەیر نییە کە بنەماڵەکەی خۆیان بەخاوەنداری کوردستان و ڕێبەری خەڵك و باوکی نەتەوەی کورد دەزانن!
بارزانیی باوك، لەبەرامبەر هەوڵێکی سەددام حسێندا، بۆ تیرۆرکردنی، لە حاجی ئۆمەران و لەلایەن (٩) نۆ پیاوی ئاینییەوە، تەفسیرێکی کۆنی قورئان، کەبە ووردە نووسینی عەرەبیی کۆن پڕکرابۆوە و تەمەنی نزیکەی ٥٠٠ ساڵێك دەبوو، بۆمبڕێژ دەکات و بەوەزیری مەعارفی ئەوکاتدا(د. عەبدولقادر) دا دەنێرێت بۆ سەددام. لەکاتی پێشکەشکردنی پەرتوکە پیرۆزەکەشدا، سەددام، حەزەر لەمە دەکات، بەڵام لەپێش رادەستکردنیدا دەتەقێتەوە و وەزیرەکە بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدات و سەددامیش بەسوکی ناوچەوانی بریندار دەبێت.
هەر بۆ ئەو مەبەستە، نەوەکانی ئەم باوکە، بۆ هێشتنەوەی پیرۆزیەکانی باوکایەتی، لەکاتی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی شۆڕش، لەپاش هەرەسی باوکەکەیان. بەهاوکاریی ئێران و پشتیوانیی حکومەتی ناوەندیی عێراق و چاوساخی و کارئاسانیی تورکیا، لەکارەساتی هەکاریدا، نزیکەی ١٠٠٠(هەزار) پێشمەرگەی کوردیان کۆمەڵکوژ کرد. تەنانەت، عەلی عەسکەریی سەرکردەی هێزەکەی بەدەستی خۆیان کوشت. وەك خۆیان دەیانگێڕایەوە، ئدریس بارزانی، بەئاربیجی عەلی عەسکەریی کوشتووە و گوتویەتی" مرۆی مەزن، دەبێت بەچەکی مەزن بکوژرێت".
پاش مردنی ئیدریس بارزانی، کە گوایە بەهێرشێکی فڕۆکەکانی عێراق کوژراوە. مەسعود بارزانی، دەسەڵاتی بنەماڵەکەی بەمیرات وەرگرت. هەڵبەتە، مەسعود و ئیدریس، دایکیان جودا بوو. دایکی ئیدریس لەبارزانیەکان بووە و دایکی مەسعودیش لە زێباریەکان بووە. مستەفا بارزانی، لەژێر کاریگەریی حەمایلی دایکی مەسعودا، دەیویست مەسعودی کوڕی جێگای بگرێتەوە. بۆیە دەسەڵاتی زیاتری دابووە مەسعودی کوڕی و بۆ ئەو مەبەستەش، دەزگای پاراستنی بەهاوکاریی (میکی) ی ئەفسەری پایەبەرزی موساد، لەساڵی ١٩٦٦ دا بۆ دروست کرد. هەربۆیە، کاتێك کە مستەفا بارزانی مرد و ئدریس جێگای گرتەوە، مەسعود بارزانی، لەڕێگای دەزگاکەی بەردەستییەوە، لەکاتی چوونەسەرئاودا و لەناو ئاودەستەکەیاندا، لەگەڵ کەسەدڵسۆزەکانی ناو دەزگای پاراستندا، بەدەستی خۆی، لەناوی برد".
ئەو دەمەی مەسعود بارزانی، چووە جێگای باوکی، پارتەکەی لەوپەڕی لاوازیدابوو. بەڵام، ڕووداوەکان، لەعێراق و ناوچەکەدا، بەهۆی داگیرکردنی کوەیتەوە لەلایەن سەددامەوە، بەقازانجی ئەو شکانەوە و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە ژمارەیان ٣١ دەوڵەت بوون، هێرشیان کردە سەر سوپای عێراق لە کوەیتدا و هاتنە ناو عێراقەوە و ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی کوردی بەسەرداهات.
مەسعود بارزانی، وەك قارەمانێکی نوستوو، چەندین ڕۆژ، پاش راپەڕینەکە، بەخۆی و هێزەکەیەوە کەتا ئەودەمیش لەئێران بوون، گەڕایەوە سەر سفرەی ئامادەکراو. تەنانەت، لەپێش ڕاپەڕیندا کە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، داوایان لەمەسعود بارزانی کرد بۆ هاوکاریکردنیان لەڕاپەڕیندا، ئەوان، ڕەتیان کردەوە کەبەشداری بکەن و بە گوتە و بیرۆکەیەکی پێکەنیناویان دایە قەڵەم.
گێڕانەوەی باوکایەتی، هەروا ئاسان نەبوو. لێ ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیەی مەسعود بارزانی، لەناو جەنگ و کوشتن و بڕیندا، وانەیەکی باشی فێرکردبوو. وێڕای ئەمەش، لەدەزگای هەواڵگری و تیرۆری مۆسادەوە، گەلێ زانیاریی بەدەست هێنابوو و ڕاهێنانی ووردی لەو بارەیەوە کردبوو و خۆیشی ڕاستەوخۆ بەرپرسی هێزەچەکدارەکانی حیزبەکەی و دەزگای هەواڵگری پاراستن و تاکە بڕیاردەری سەرەکی بوو کە تەواوی ئامانجە پێکراوەکانی باوکایەتیی ناو حیزبەکەی پێك دەهێنا. پەڕینەوەی سەرلەنوێی باوکایەتیشی بۆ پانتایی هەرێمی سێ پارێزگاکەی کوردستان، لەدۆخێکی لەباردا ڕاوەستابوو کەتەنها پێویستیی بەجوڵاندن و نانەوەی ڕووداوگەلێکی بچوکی دەکرد.
مستەفا بارزانی، لەباوکێتیدا، هێزی خەڵك و نەتەوەکەی بۆ سەرکوتکردنی دوشمنە ناوخۆییەکانی بەکار دەهێنا و ئەوانی لەژێر ناوی خیانەت بەگەل و نیشتماندا دەکوشت. هەرچۆن، خێڵی زێباریەکانی لەناوچەکانی موسڵ، کۆمەڵکوژ کرد و نزیك لەپاکتاوکردنیان بووەوە. ئاواش، مەسعود بارزانی، هێزەکانی لەدژی سورچییەکان بەکار هێنا و لەژێر ناوی دوشمنی نەتەوە و نیشتماندا، سەدان کەسی لێکوشتن و گوندەکانیانی تاڵان کرد و سەرکردەی هۆزەکەی لەناوبرد و ئاوارە و دەربەدەری ووڵاتانی جیهانی کردن.
تێبینیەکی گەلێ نامۆ بە فەرهەنگی کوردی، لەناوئاخنی بنەماڵەی مستەفا بارزانیدا هەیە. ئەویش ئەوەیە کە هەرگیز ئامادەنین کچەکانیان بدەنە هیچ خێڵ و کەسێکی تر بێجگە لە خزمەنزیکەکانی خۆیان. کەچی لەبەرامبەردا، هەر یەکەو چەندین ژنی تر لە خێڵ و جێگاکانی تر دەهێنن. ژنەکانیان، دەرناخەن و ناهێڵن کەس بیانبینێت. هێند داخراون، کە کەم کەس ئاگاداری شێوەی ژیانیانە. هەرکەسێکیش باس لەژن و کچەکانیان بکات، پێیان وایە دەستی بردووە بۆ ئەوپەڕی حەرامکراوەکان. تەنانەت، لەم دوواییەدا، ڕۆژنامەنوسێکی لاویان لەناو زانکۆ، دەرهانی و مەسرور بارزانی بەدەستی خۆی و بەدەمانچەکەی کوشتی و لەموسڵ فڕێیاندا. ئەویش تەنها بەهۆکاری ئەوەی نوسینێکی تەنزئامێزی نوسیبوو تێیدا هاتبوو، دەبمە زاوای مەسعود بارزانی. وێڕای ئەوەی، ڕۆژانە ووڵاتانی دراوسێ، نیشتمان بەفڕۆکە و بەتۆپی دوورهاوێژ و هێرشی سەربازی، حەسیرمەیدان پێدەکەن و سوکایەتی بەکورد بە نەتەوەی کورد دەکەن. کەچی، ئەوان، وەکو ئەوەی نەبایان دیبێ و نەباران، بێدەنگ و دەم بەخەندە و خۆشبەخت، دەستیان لەدەست دەنێن و چیشیان وویست، بێقەید و مەرج،بۆیان جێبەجێ دەکەن. ئالێرەوە، بنەماڵەی مستەفا بارزانی پێیان ئاساییە سوکایەتی بەئاین و نەتەوە و نیشتمان بکرێت بەڵام باسکردنی خۆیان بڤەیە.
تێبینی: بەشی یەکەمی ئەم نوسینە لەژێر ناونیشانی بنەماڵەی مستەفا بارزانی لەبەردەبازی پارتیدا و تاكڕەهایی لەئەفسانەی قوتابخانەیەکی خوڵقێنەردا، بڵاوکردەوە، بەڵام بڕیارمدا، هەر بەشە و سەردێڕێکی جودای هەبێت.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=fecbe4dbماویەتی.....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست