نەوشیروان مستەفا دەتوانێت بە یەك فوو بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبوەشێنێتەوە و بچێتەوە ناو یەکێتی
Saturday, 02/02/2013, 12:00
چەق، ئەو گڕوتینەیە کەلە خولگەکانی دەوروبەریەوە کۆدەبێتەوە و لەناوکی هێزدا، بەرجەستەدەبێت. پێشەوا، یان ڕێبەر، یان سەرۆكی کۆمەڵگایەکی وەکو کورد، تەواو لەگەڵ چەقدا، هاوناونیشانن و بەجێگە و پایە و هێزەکەیاندا دەناسرێنەوە. چونکە، ئاسانە لەوە تێبگەین کە سەرکردە، خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهای ناو کایەحیزبییەکەی خۆیەتی و خاوەنی بڕیاری یەکەم و کۆتاییە. ئەم میتۆدی سەرۆکچێتییە، لەناو حکومڕانیشدا نەك هەر ڕەنگی داوەتەوە، بەڵکو تەواوکەری کارەکانێتی.
لەکوردستاندا و بەدرێژایی مەودایەکی فراوانی مێژووی خەبات و بەڕێوەبردن، سەرکردە و دەسەڵاتدارەکان، هەمیشە خولگەکانیان، لەچەقی قورسایی خۆیاندا هێشتۆتەوە. هەرچەندە خەڵك، بەگشتی تەنها ئەوەندەی لەتاقەت و بیرکردنەوەدا هەبووە و هەیە، بەڵام، ئەوان، سەرکردە و سەرۆك و ڕێبەرەکان، تاکە بڕیاردەری بەکارهێنان و گواستنەوە و کارلێکەکان بوون. هەرچۆن، مستەفا بارزانی، خاوەنی چەقی قورسایی بڕیارەچارەنوسسازەکان بووە و جەلال تاڵەبانیش، لەپاش ئەو، بەهەمان ڕێچکەدا هەنگاوی ناوە و هەنوکەش، ئۆجەلان و نەوشیروان مستەفا، هەمان قورساییان هەیە.
کورد، وێڕای ئەوەی، بەگشتی ناکۆکن بە بڕیاری بەکۆمەڵ و نابەڵەدیشن لەپرۆسەی کۆمەڵ بوون. نەشیانتوانیوە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، لەگەڵ تاکڕەویدا هەڵ بکەن. ئەمە، ئەوە دەگەیەنێت، کورد، بەگشتی، نابەڵەدن بەدنیای شارستانی و خۆبەڕێوەبردن و هێشتا لەبەرگی کێویبوونی خۆیاندا، کە ڕووتیان دەکاتەوە لە بڕیاری ناوەندی گشتێنراودا و بەکەشی ئازادیی ناو خێڵەکانەوە، دەڕواننە هەنوکەی جیهانی ئەم سەردەمەی مرۆڤایەتی و شارستانیەتەکەی.
بزوتنەوە و جوڵانەوە کوردیەکان، بەگشتی، لەتەواوی بەشەکانی کوردستاندا چوون یەکن. هەر کۆمەڵەو ڕووی بەرەو ئاسۆیەکی جوودا و خاڵی لەیەکتری وەرگێڕاوە. هەر گروپە و ئەوی تر ڕەت دەکاتەوە و نایەوێت بێجگەلەخۆی شتگەلێکی دیکە هەبێت. لەوانە، ئەگەر هەنوکە، لەباکووری ووڵاتەکەیدا، دووکەس، ئۆجەلان ڕەتکەنەوە، ئیدی چەتە و ڕێگر و جاشن. لەڕۆژهەڵاتیشدا، هەمان پێگەی نائومێدی بەرخوانیانە و تەنانەت، هێزی وا هەس، کە لەسەر ئەرزی واقیع، چووارکەسیان بەدەستەوە نییە کەچی دەم لە کوێخایەتیکردنی گشتی دەکوتێت. ڕێککەوتنی وا سەیر و سەمەرە لەگەڵ ئێراندا دەکات، کەلە قوتووی هیچ عەتارێکدا بوونی نییە. بەئارەزووی خۆی، زنجیرەچیایەك دەبەخشێتە ئێران و ئەگەر هەرکەسێك بڵێت بەڕێزان ئەمە هەڵەیە. ئەوا، یەکسەر و بێڕاوەستان، دەیکەنە ئیتڵاعات و زۆر شتی تریش. لە ڕۆژئاواشدا، ئەگەر کۆمەڵێك یان حیزبێك، ئاڵای کوردستان بەرز بکەنەوە و بڵێن برادەرینە ئێمەش خەبات دەکەین و کردوومانە و بەردەوامین و خەڵکی ئەم دێرەین، ئەوا، ڕاستەوخۆ یان جاشی بارزانییە یان میتی تورکە یان بەکرێگیراوی سوپای ئازادە. لەباشووریشدا، هێند ئەم دەعبایانە دەوترێنەوە کە قێزەون بوون و مرۆڤ، تاقەتی گوێلێگرتنیانی نەماوە.
ئێستا، ئەوەی گرنگە لەمەڕ چەق و قورسایی دەسەڵاتی سەرۆك و ڕێبەرەوە، ئەو بەکۆمەڵ وازهێنانەی ناو بزوتنەوەی گۆڕانە. کە ناکرێت، هەروا ئاسان و دوور لەتێفکرین و دەرخستنی ڕووەڕاستەقینەکەیەوە دەرباز بێت.
بزوتنەوەی گۆڕان، وەك باقی حیزب و ڕێکخراوەکانی تر، دەرهاویشتەی ناو کولتوور و فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانە. ئەویش، هەر لەسەرەتاوە خاڵی نەبووە لە هەڵە و کەم و کوڕی. بەپێی هەڵکەوتەی کاتی و سەردەمەکەی و جێپێگەی ململانێکەی، کێشەکانی لەگەڵ خۆیدا، بەهەڵاوساوی هێشتۆتە و هەڵی گرتوون. لەهەر کاتێکی لەباری دەرپەڕاندنیشیدا، زاوزێی کردووە و لەبەردەمیدا قوت بۆتەوە و داوای بەشەماڵی خۆی کردووە.
گرنگە، ئێمە پێش ئەوەی بچینە سەرباسی کێشەکان و هۆکار و دەرەنجامەکانی لێکبدەینەوە، خوێندنەوە بۆ ڕێبەرەکەی بکەین. ئەم تێڕوانینە، پێویستە خاڵی بێت لە ڕق و تۆڵە و نزیکێتی و دووربێت لەخۆدزینەوە و شیکردنەوەیەکی خاکیانە. هەربۆیە، ئەو ڕێگایە بەخۆم دەدەم کەدەم لەم باسە بکوتم و جیاواز لەدیدگاباوەکانی ئەوانی دیی وەکو خۆم، بەڕە لەسەر حەقیقەتی ئەم کاراکتەرە، بەدیوێکی دیدا هەڵبدەمەوە. مەرجیش نییە، تەنانەت بەشێکی کەمیش لەکۆمەڵگای کوردی، لەم شێوە تێڕوانینەدا لەگەڵم بن. ڕەنگە، بەگشتی، کاردانەوەی خراپیان هەبێت و بەتەواویش ڕەتی بکەنەوە.
نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەر و ڕێبەر و سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕانە. تاکە بڕیاربەدەستی تەواوی پرسەکانە و بزوتنەوەکە موڵکی خۆیەتی. لەدەستیدایە بەیەك فوو، کۆتایی پێبهێنێت و دەشتوانێت، تاکو مردنی ڕێبەرایەتی بکات. هەرچۆن، مستەفا بارزانی، بەهۆی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردە موڵکی خۆی بەبێ هیچ مەرجێك ئاشبەتاڵیکرد. پاش ئەوەی تاڵەبانی و هاوڕێکانی یەکێتیان پێکهێنا، بەهۆی موڵکایەتیەوە، پارتەکەی دروستکردەوە. نەوشیروان مستەفاش، تاکێکی شۆڕشگێڕ و ڕۆشنبیری سەردەمی مستەفا بارزانییە و ئوسڵی دید و کردارەکانی لەو گۆلە نەجوڵاوەدا دەرکردووە.
لەو ماوەیەی نەوشیروان مستەفا، وەك یاخییەكی پڕ لە ڕۆحی شۆڕشگێڕی و سەرچاوەی ئارامبەخشی ڕزگاری و گیرخستنی ئازادی دەرکەوتووە، لەگەڵیدا، چاوگی دەسەڵاتی ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانی بەهەموو خومگەکانیەوە، قواستۆتەوە. ئیدی ئەو، تائەوکاتەی مەرجەعی ڕێکخراوێکی پڕنفوسی شۆڕشگێڕی وەکو کۆمەڵە بوو و وەك یەکێتیش بەدیوە فراوان و گەورەکەیدا، بەشەریکایەتی تاڵەبانیی هاوەڵی، خاوەنبڕیار بووە. تەنانەت، لەزۆرترین ماوەی سەرکردایەتیکردنی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، ئەو، لەباشترین شێوەی دەمڕاستی و دەمسپێتیدا بووە. ئەودەمەش، کەمەرجەعیەت بووە موڵکی تاڵەبانی، ڕاستەوخۆ ئامادەکاریی لێسەندنەوەی هێزەکەی کرد و بزوتنەوەی گۆڕانی پێك هێنا.
بەندە، هەرگیز دژی ئەوە نیم کەبڵێم بزوتنەوەی گۆڕان، کاریگەریی نەبووە. یان، نەیتوانیوە کاریگەریی لەسەر پانتایی کاروبەڕێوەبردنی ووڵات دانەنابێت. بەپێچەوانەوە. قورساییە بۆسەر ڕەوتی گۆڕانکاری لەبارەی باشترکردنی سیستەمی حکومڕانی لەکوردستاندا. هەڵبەتە، ئەمەش لەکۆی خواستەکانی خەڵكی ناڕازی پێكهاتووە کەداوای ژیانێکی باشتر و ئازادیی زیاتر و بەرقەراربوونی ئاسایشی ژیان و ئایندەیەکی ڕوناك بۆخۆیان دەکەن.هەروەها، خەڵك، داوای چاککردنەوە و ڕاستکردنەوەی سنووری ووڵاتەکەیان دەکەن. نەوشیروان مستەفاش، بەکەرەستەیەکی شارستانیانەی نوێگەرەوە کەلەئاستی خواستی ئەواندابێت، قورسایی چەقی دەسەڵاتی ڕابەرایەتیکردنی، هێنایەوە بنهەنگڵ و ناو دەستەکانی خۆی.
هەنوکە، کێشەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، تەنها لەوەدا نییە کە ئەم بزوتنەوەیە لەئاستی پێداویستیی خەڵکدا نییە. بەڵکو، لایەنە شاراوەکەیەتی کە کۆی هێزەکە کۆدەکاتەوە ئەویش بوونی کەسی کارێزماییە لەناو بزوتنەوەکەدا. تاکو ئەم جۆرە کەسێتییانە ڕابەرایەتی بکەن، ئەوا، حیزب یان ڕێکخراو یان هەر جوڵانەوەیەکی تر، بەهەر ناوێکەوەبێت، لەناو تەوژمی ناڕازیبوون و لێکترازاندایە کە سەرچاوەکەی تاك سەرکردەی بڕیاربەدەستە. لێرەوە، کارێزما، کەدەبێتە خاوەن دەسەڵاتی ڕەها، جا چ لەناو حیزبێکدا بێت یان بزوتنەوەیەك یان حکومەتێك، بۆ ئەم دۆخەی ئێستای کورد، ناگونجێت و پێویستە، ڕەتبکرێتەوە و تەواوی بۆشایی ئەگەری دروستبوونی کەسێتییەکی لەوشێوەیە، لەڕەوتی گەشەی کوردستان، وەك ووڵاتێکی خاوەن پێگە و دەسەڵاتی ئایندەی ناوچەکە، دابماڵرێت.
بزوتنەوەی گۆڕان، لەناوجەرگەی ململانێی چاوتێبڕینی چەقی قورسایی هێز و خاوەنبڕیاری تاکسەرکردەیی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە هاتووە. کەبنیادنەرەکەی نەوشیروان مستەفایە. لەگەڵ سوودوەرگرتن لەکۆی دەنگە ناڕازیەکانی شەقامی کوردی. هەربۆیە، نەوشیروان مستەفا، نەیویستووە و نایەوێت ئەوانەی لەگەڵیدا هاوکۆچ بوون و بەیەکەوە وەك دەستەیەك بارگەیان گوێزایەوە، بیانکات بەشەریکەبەشی خۆی. بۆیە، خۆی بەرپرسی دەزگاکەی و تەلەفزیۆنەکەی و ماڵپەڕەکەی و کۆمپانیاکانی دیکەی دادەنێت و بەئارەزووی خۆی دەیگۆڕێت. هەرخۆی، جڤاتی نیشتمانی دادەمەزرێنێت و خۆیشی کەسەکان دیاری دەکات. خۆی کۆبوونەوەکان دەبات بەڕێوە و خۆیشی پێشتر ڕایدەگەیەنێت. هەرخۆی بڕیار لەپەیوەندیەکانیان بەناوەوە و دەرەوە ڕێکدەخات و هەرخۆشی گفتوگۆ و مفاوەزات دەکات و هەر خۆشی دەسەڵاتی ڕەتکردنەوەیانی هەیە. بەکورتی و پوختی، خۆی، خاوەنی بڕیاری چارەنووسی هەموو ئەمانەی هەیە و لەدەسەڵاتیدایە، بزوتنەوەکەش هەڵوەشێنێتەوە یان وەکو پێشتر نوسیم، ئیدامەی پێ بدات. تەنانەت، ئەگەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەمەکتەبی سیاسی بڕیار بەهێنانەوەی نەوشیروان بدەن و دەسەڵاتەکانی تاڵەبانیی بدەنە دەست، ئەوا، بێشك، بەبێ قەید و شەرت، تاکو بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی ناوەستێت و بەفویەك هەرهەمووی کۆتایی پێدەهێنێت. ئائەمەیە دیدی من لەمەڕ تەواوی سەرکردە و سەرۆك و ڕێکخەر و ڕێبەرەکانی کوردەوە لەم سەردەمەدا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست