کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەئەوروپا یەکەم هەنگاوی شکست خواردوو

Saturday, 23/02/2013, 12:00








بزوتنەوەی گۆڕان، وەك لایەنێکی گرنگ، بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردن، لەهەرێمی کوردستان و عێراقدا، لەیەکەم هەنگاویدا، بەرهەمێکی شکستخواردووی کردە گەردنی ئامانجەکانی.

بزوتنەوەکە، بەدەر لەوەی کەهەوڵ و تەقەلایەکی بێوێنە و بێووچانی داوە بۆ پرسی گۆڕینی کۆی سیستمە جۆربەجۆرەکان، لەهەرێمی کوردستاندا، لێ نەیتوانیوە بەرگەی گۆڕانکاری بگرێت و سیستەمێکی نوێی ڕێکخراوەیی کە هیچ نەبێت نزیك بێت لە حیزب و ڕێکخراوە پێشکەوتووەکانی جیهان، بێنێتە کایەوە کە وەك ئامادەکاری و خۆچەکدارکردن بە دیموکراتیزەکردن، بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی لەکوردستاندا. تەنانەت، تەواوی بیرکردنەوە نوێگەرەکانی ئەندامان و لایەنگران و هەڵسوڕاوە گۆڕاوەکانی خۆی، لەئەوروپا، ڕەت کردۆتەوە و دید و تێڕوانین و پرۆژەی ئەوانی، وەلا ناوە و سیستەمە کۆنە حیزبییە کوردستانیەکەی لەو ووڵاتانە، پیادە کردووە.

تەواوی حیزب و ڕێکخراوەکان، مافی ڕەوای خۆیانە، بەچ شیوەیەك خۆیان پێك دەهێنن و خۆیان ڕێك دەخەن. لێ نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە شێوەی دامەزراوەی حیزب و ڕێکخراوەکان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر شێوەی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی حکومڕانی دادەنێت. کەواتە، مافی خەڵکە گفتوگۆ دەربارەی بکات و هەڵسەنگاندنی بۆ بکات.

هەڵبژاردن لە ناو حیزبە دیار و خاوەن نفوسەکانی هەرێمی کوردستاندا:

لەهەرێمی کوردستاندا، تەنها سێ حیزب کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی گۆڕانکاریەکان هەیە، ئەوانیش: پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانە.

لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا، تاکو سکرتێر، بەپێی پرۆسەیەکی تایبەت کە سەرۆك دایدەنێت، هەڵبژاردن دەکرێت. لەکاتێکدا، تەواوی ئەوانەی خۆیان دەپاڵێون، هەر لەسەرەتاوە، بۆ لای سەرۆك پێشنیار دەکرێن. لەکاتێکیشدا لەوپەڕی پلەبەندیی سەرکەوتندابن، سەرۆك، دەتوانێت لایبدات یان جێگاکەی بگۆڕێت. کەواتە، هەڵبژاردن، تەنها شتێکی ڕەمزیە و چاوبەستەگییە و هیچ قورساییەکی نییە. هەر ئەم شێوەبەڕێوەبردنەش، لەحکومڕانیکردنی هەرێمی کوردستاندا، لەلایەن سەرۆك و حیزبەکەیەوە ڕەنگی داوەتەوە و تەواو بەوشێوە دەستوورە بەڕێوە دەبرێت.

لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، تەواو لەپارتی دیموکراتی کوردستان، جیاوازە و چەند کوتلەیەك، بەکۆی کادرەکانیانەوە، بەشداری دەکەن و تاکو مەکتەبی سیاسی گۆڕانکاری دەکەن. هەر کاتێکیش گەیشتە مەکتەبی سیاسی، ئەوا، بە ئیتیفاق، دایان دەنێن و سکرتێریش، وەکو جاران، بەچەپڵە لێدان، ستایش دەکرێتەوە. هەر ئەم شێوە خۆداڕشتنەوەیە، لەناو دامو دەزگا حکومیەکانیدا، ڕەنگی داوەتەوە و کوتلەکان، کەهەر یەکە و سەربە کۆمەڵێك مەکتەب سیاسین، ڕاستەوخۆ، بەرپرسە حکومیەکان دادەنێن و بەپێچەوانەشەوە لایان دەبەن یان ئاڵوگۆڕی تێدا دەکەن.

ئەوەی کەدەمێنێتەوە، بزووتنەوەی گۆڕانە. کەیەکەم هەنگاوی لەناوخۆوە دەستیپێکرد و هەڵایەکی زۆری نایەوە و کۆتاییەکەی بەدەست لەکارکێشانەوەی دەستەیەك لەسەرکردایەتیەکەی و کادرانی ناوەند و هەندێك لەجەماوەرەکەی، کۆتایی پێهات و ئێستاش، دەنگۆی سەرلەنوێ دووبارەکردنەوەی لەئارادایە کە بەبڕوای من، دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی ڕایەڵە ڕێکخراویەکەی، مانای مەرگی بزوتنەوەکە دەبەخشێتەوە. هەروا، لە ئەوروپاش، هەڵبژاردنی ئەنجام داو یەکەم شکستی لەپاش شکستەکەی ناوخۆ، لەدەرەوە، تۆمار کرد.

هەڵبژاردنەکانی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، هەر لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەکەوە، تاکو دەستپێکردنی ئامادەکاری بۆ کرابوو. ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

سەرکردایەتی بزوتنەوەکە، وەك لەبانگەشە بەردەوامەکانیاندا بەدی دەکرێت و ڕێبەرەکەشی کەهەر زوو بەگوێی هەموو لایەکیدا ئەوەیە، کە ئەوان، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ تاکەکاندا نییە و تەنها سیستەمی بەڕێوەبردنیان مەبەستە کە پێی ڕازی نین و دەیانەوێت، لەڕەگەوە بیگۆڕن. هەر ئەو شێوە سیستەمە بەڕێوەبەرێتییە سیاسییەی کە ئێستا لەکوردستاندا هەیە، بەسەرچاوەی نەهامەتیەکانی خەڵکی کوردی دەزانن و بەتەواوی تاقەتی خۆیانەوە، لەهەوڵی گۆڕینیدان. کەچی، لەئەوروپا، لەناوجەرگەی پێشکەوتنەکانی دنیادا، بەپێچەوانەی ئەمەوە هەنگاویان هەڵهێنا و سیستەمی حیزبەکانی کوردستانیان تێدا پیادەکرد.

هەر لەسەرەتاوە، بزوتنەوەی گۆڕان، لەئەوروپا، بەئەنقەست، فەوزایەکی هەراسانکەر و پڕکێشەیان تێدا نایەوە. ئەمەش بۆ بێتاقەتکردن و ئیستیبزاز کردنی هەموو ئەو کەسە ئازا و ئازادانە بوو کە پێیان وابوو، دەرگایەکیان لێ کراوەتەوە و دەکارن لەم پەنجەرەیەوە دەست بکەنەوە بەخەباتی سیاسی و فەرنگی و تواناکانی خۆیان، بخەنە گەڕ بۆ خزمەتکردنی خەڵك. کەزۆربەیان، خاوەنی بڕوانامەی بەرز و ئەزموون و پسۆڕی بوون لە بووارەجیاوازەکاندا. بێجگەلەمانەش، زۆریان چالاکەوانی بوارەکانی مەدەنی بوون و شارەزا بوون لەسیستەمی بەڕێوەبردنی ووڵاتانی ئەوروپادا. بەو ئیبتیزازکردنەش، هەندێکیان دوورکەوتنەوە و زۆرینەشیان هەر بەردەوام بووون تاکو سەرکردایەتی بزوتنەوەکە، لیژنەیەکی ناردە ئەوروپا و تەواویانی وەدەرنا.

ئەوانە، کۆمەڵێك پرۆژەی هەمەچەشنەی جۆربەجۆری پێشکەوتوویان پێشکەش بە سەرکردایەتی بزوتنەوەکە کردبوو و خوازیار بوون، بەو هۆیەوە، توانا و ئەزموون و زانیاریەکانی کوردانی ئەوروپا، وەکو جاران کە حیزبەکانی دیکە کردبوویان، پشتگوێ نەخرێن و ئەوانیش دەستیان هەبێت لە هاوکێشەی گۆڕانکاریەکانی ناو مێرگی هەرێمی کوردستاندا. بەڵام، بێئاگابوون لەوەی کەئەم بزوتنەوەیەش، ناتوانێت ببێتە بارهەڵگری خەمەکانی ئەوان و دیسانەوە، تواناکانیان فەرامۆش دەکرێت.

لیژنەکە، کەهاتە ئەوروپا، لەتاقەتیدا نەبوو کە سیستەمی ئەو ووڵاتانە پیادە بکات. بەڵکو، سیستەمی هەرێمی کوردستانی پیادەکرد و بەپێی باوەڕ و ئەزموونەکانی خۆیان، بزوتنەوەکەیان، بۆ هەڵبژاردنەکان ڕێكخست.

هەڵبەتە، کوردانی دانیشتووی ئەوروپا، زۆربەیان ئەندامی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی بوواری مەدەنین و بەشداریی چەندین هەڵبژاردنیان کردووە کە ئەوپەڕی دیموکراسی بووە و بەپێی سیستەمی ئوروپا، بەڕێوەچوون. بۆنمونە، کۆمەڵەیەکی کوردی، پێشوەخت، چ بەڕێگای نامەبێت یان بانگەشەی میدیایی، یان بەنامەی ئەلەکترۆنی، تەواوی ئەندامانی خۆی، پێش مانگێك ئاگادار دەکاتەوە، کە کێ ئامادەیە خۆی کاندید بکات، سیڤیەکەی بنێرێت. پاش ئەوە، جارێکی تر ئاگاداریان دەکاتەوە و کاندیدەکانیان پێ دەناسێنێت و پاش مانگێکیش، هەمووان لەجێگایەك، کۆدەبنەوە و پرۆسەی دەنگدان، بەشێوەیەکی دیموکراسی دوور لەفڕوفێڵ، ئەنجام دەدەن. بەم پرۆسەیەش، ژمارەی ئەندامان و کەسەکان دیار و ناسراون و پرۆسەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام دەدەن.

بزوتنەوەی گۆڕان، تەحەمولی ئەم دیموکراسیەی نەبوو، بەڵکو، لیژنەکەی، شارەوشار گەڕا و لەهەر شارێك، کۆمەڵێکیان وەك ئەنجومەن دەستنیشان کرد. ئەمەش، دووەم هەنگاوی خۆئامادەکردن بوو بۆ هەڵبژاردن، کەتێیدا، زۆرێك ناڕازی بوون. بەڵام، لیژنەکە، هەموو ئەوانەی دوورخستەوە کەخەڵکی پسپۆڕ و بەتوانا و خاوەن ئەزموون بوون. تەنها ئەوانەی دەستنیشانکرد، کەپێشتر نەخشەی بۆکێشابوو. بەم پێیەش، تاقە یەك قسەکەر، یان خاوەن بیر، لەبزوتنەوەکەدا نەما. دەنا، ئەگەر بمایە، وەك هەموو ئەوانەی دووریان خستنەوە، قسەیان دەبوو. بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی و شیکردنەوە، دەبوو لەهەر شارێك، کەئەنجومەنی تێدا هەڵدەبژێردرێت، ئەندامان و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان، پێشوەخت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەکەیان ئاگادار بکرانایەتەوە و وەك هەر چالاکیەکی تر کە ئەنجامی دەدەن، لەجێگایەك و بەکۆی گشتی خەڵکەکە و وەك پرۆسەی کۆمەڵەیەکی کوردی، یان ڕێکخراوێکی مەدەنی یان سیاسی، ئەوروپی، هەڵبژاردن بۆ دەستەکە بکرایە کە دەبوونە نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لەشارەکاندا، یان لەووڵاتەکاندا و ئەو ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەش کە تەواوی خەڵك و جەماوەری بزوتنەوەکە پێی ڕازین، ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنەکانی دیکە بکردایە کە بەپێچەوانەوە، هەموو ئەو ئەنجومەنانەش کە خەڵك خۆی درووستی کردبوون، هەڵیانوەشاندەوە و ئەنجومەنێک وەکو باسم کرد، لەلایەن لیژنەکەوە لەشوێنیان دانرا.

بۆ هەڵبژاردنی بازنەکان، کە هەنگاوی سێیەم بوو، ئەوانەیان ڕاسپارد، کەپێشتر دانرابوون. بەمەش، هیچ کەسێك نەمایەوە کە نەیار بێت یان هەرهیچ نەبێت، تەنها لەیەك خاڵدا جیاوازی بکەن. تەواویان، ملکەچی ئەو شێوە خۆڕێکخستنەوەیە بوون و نقەیان لێوە نەهات. تەنانەت، کەسی وای تێدابوو، خۆی ناودەنا نەوەی نوێ و پێی وابوو، ئەتوانێت، لەهەڵبژاردندا بیباتەوە. بەدڵنیاییەوە، نەیانتوانی و بەدەستی بەتاڵ، یەری یەری، وەك کابانی پاش سوتانی خەرمان، بەرەوماڵەوە گەڕانەوە.

لەهەنگاوی کۆتاییدا، هەموو ئەوانە خۆیان کاندید کرد کەمابوونەوە. چونکە، زەویەکە تەخت بوو و هیچ کەسێك نەمابوو کە بتوانێت، سەرەلەقەیەك بکات. هەرخۆشیان دەنگیان بەخۆیان دا و هەرخۆشیان پیرۆزباییان لەخۆیان کرد.

ئەنجام:

بزوتنەوەی گۆڕان، لەجیاتیی ئەوەی سوود لەتوانای کوردانی هەندەران وەربگرێت و تێفکرین و دید و بۆچوون و پرۆژەکانیان وەربگرێت و بەکاریان بهێنێت، تاکو لەڕێگایەوە، سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردن، لەکوردستان بگۆڕێت، کەچی ئەو سیستەمە خراپ و بێکەڵکە، کەخۆی، بەردەوام ڕەتی دەکاتەوە و بانگەشەی گۆڕینی دەکات، لەهەرێمەوە گواستیەوە بۆ ئەوروپا و لەهەڵبژاردنەکانیدا، پیادەی کرد. بەمەش، گورزێکی توندی سرەواندە، تواناکانی کوردانی هەندەران و جارێکی تر و وەکو حیزبەسیاسیەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، پشتگوێی خستن. تەنها ئەوانەشی هێشتەوە، کە بەسیستەمەکەی کوردستان، لەو شێوەخۆڕێکخستنەوەیە، ڕازین. بەمەش، لەیەکەم هەنگاویدا، شکستێکی گەورەی تۆمارکرد، کەزۆر زەحمەتە بتوانێت، خۆی ڕاست بکاتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە