کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردن و دێوه‌زمه‌کانی گۆڕان و کاره‌ قێزه‌ونه‌کانی ده‌سه‌ڵات.

Tuesday, 06/04/2010, 12:00


به‌شی 1و2و3و4و5
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تاکو هه‌ڵبژاردنی 25/07/2009 :
کۆمه‌ڵگا له‌سه‌رانسه‌ر دنیادا بۆ ڕێکخستنی خۆی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی وه‌کو داهێنانێکی عه‌قڵانی به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌دوتوێ ی حکومه‌تدا پیاده‌ی ده‌کات. ئه‌م حکومه‌تانه‌ به‌پێ ی دیدی دیموکراسی، بۆ به‌شه‌رعیکردنی خۆیان له‌ڕێگای هه‌ڵبژاردنیانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت به‌رده‌وامی به‌ بوونی خۆیان بده‌ن. زۆرێك له‌ حکومه‌ته‌کان سیسته‌مێکی په‌رله‌مانییان هه‌یه‌ و ئه‌م په‌رله‌مانه‌ش له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت و پاشان وه‌کو ده‌زگایه‌کی یاسایی ده‌زگاکانی به‌ڕێوه‌بردن له‌وڵاتدا پێك ده‌هێنێت(ئه‌م ده‌زگای یاساییه‌ ئه‌نجومه‌نه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ووڵات به‌هه‌ر سێ به‌شه‌که‌یه‌وه‌(سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان ولیژنه‌کان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی، سه‌رۆکایه‌تی کومار) هه‌ڵده‌بژێردرێت). که‌واتا هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی په‌رله‌مان بنچینه‌ی دامه‌زراندنی یاسایی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی وڵاتی له‌ئه‌ستۆدایه‌. بێجگه‌ له‌مانه‌ش توانای لێپێچینه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ دیاری ده‌کات.
هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م جاره‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گاڵته‌جاڕی بوو به‌ پیرۆزییه‌کانی خه‌ڵك به‌تایبه‌تی خه‌ڵکی کورد له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی عێراق و کوردستاندا. ئه‌م سوکایه‌تیپێکردنه‌ له‌لاوازی تاکی کورده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌. تاکی کورد له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ نه‌بووه‌ته‌ مه‌خسه‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی. به‌داگیرکراوی و بچوکی له‌وانی دیکه‌ نه‌هاتۆته‌ ئه‌فراندن. ئه‌و نه‌یویستووه‌ وه‌کو مه‌له‌که‌ی مه‌لای مه‌شهوره‌ ده‌ندوك و قاچه‌کانی ببڕن و سیمایه‌کی جوانکاری نوێی بۆ به‌جیهان به‌رهه‌م بهێنن. ئه‌و نه‌یویستووه‌ وه‌لابنرێت و یاری به‌ هه‌ستی بکرێت. ئه‌م تاکه‌ی کورد و بنچینه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌ی نه‌یویستووه‌ و نایه‌وێت به‌سه‌ر شانی ئه‌ودا کورسییه‌ ئاڵتونییه‌کان پڕپشتیان ببێت له‌ جه‌سته‌ی ته‌وه‌زه‌لی ئه‌وانه‌ی ڕۆژگارێك به‌هۆی که‌شی ژیانی ناوچه‌ نوێکه‌یانه‌وه‌ سمێڵیان ده‌تاشی و ئێستا وه‌کو چه‌پکێك کلکی بزن ده‌یهۆننه‌وه‌. ئه‌م تاکه‌ هه‌رگیز نه‌یویستوه‌ و نایه‌وێت جارێکی دی به‌رژه‌وه‌ند په‌رسته‌کانی دوێنێ و ڕکابه‌ره‌چاوچنۆکه‌کانی ڕابووردوو، ئه‌وانه‌ی له‌داوه‌تی به‌رپرسێکدا هه‌زاران دۆلاریان خه‌رج ده‌کرد تاکو ته‌نده‌رێك وه‌ربگرن، بێنه‌وه‌ و له‌جێگای مشه‌خۆره‌کانی دی ببنه‌وه‌ به‌ به‌رپرس.
هه‌ڵبژاردن له‌کوردستان و عێراق ده‌ستی پێکرد و هه‌زاران ده‌نگیان ته‌زویرکرد. ده‌یان که‌سیان ده‌ستگیر کرد به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌نگی بۆ ده‌سه‌ڵات نه‌دا. هه‌زاران که‌سیان به‌زۆره‌کی کرده‌ نه‌خوێنده‌وارو پیاوه‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵیا نارده‌ سه‌ر سنوقه‌کانی ده‌نگدان. هه‌زاران ده‌نگیان له‌ووڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌هۆی جیاجیاوه‌ پوچه‌ڵ کرده‌وه‌. ئه‌مانه‌ و زۆری تریشیان کرد ته‌نها و ته‌نها له‌پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیاندا، که‌چی هێشتا نه‌یانتوانی به‌ر به‌ شاڵاوی ده‌نگی ناڕازییان بگرن.
گۆڕان، ئه‌و شۆڕشه‌ فه‌رهه‌نگییه،‌ که‌لتوورییه‌، ڕۆشنبیرییه‌، کۆمه‌ڵایه‌تییه‌، سیاسییه‌ بوو که‌ سه‌دانی وه‌کو من و ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ گۆڕانکاری هه‌بوو له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵلوشی و خستنیه‌ هه‌ڵوێستێکی ته‌ریقبوونه‌وه‌ و دووباره‌ به‌خۆداچوونه‌وه‌وه. گۆڕان، ‌ له‌باتی ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێك به‌ره‌ و خواست و داواکارییه‌کانی خه‌ڵك به‌ره‌ و پێشه‌وه‌ بچێت و ببێته‌ میمبه‌رێك بۆ ئه‌وان، که‌چی بوو به‌‌ دێوه‌زمه‌یه‌ك و به‌ربووه‌ گیانی ئه‌وان.
(من لێره‌وه‌ ته‌واوی خوێنه‌ران ئاشنا ده‌که‌م له‌ کاره‌ قێزه‌وه‌بووه‌کان و ئه‌و هۆیانه‌ی بوونه‌ قه‌تیس بوونی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ناو چوارچێوه‌یه‌کی بۆگه‌ن بوو و ناشه‌رعیدا. لێره‌وه‌ و له‌م نوسینه‌وه‌ ته‌واوی ئه‌وانه‌ ڕوون ده‌که‌مه‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و کاره‌ قێزه‌ونانه‌ی ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه‌ کوردییه‌کان کردیان بۆ پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان).
ڕاسته‌وخۆ له‌دووای هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25/07/2009 وه‌ ته‌وژمی خه‌ڵك به‌ره‌و گۆڕان ڕۆژ به‌ڕۆژ زیادی ده‌کرد. گۆڕان هیچ به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه‌ی بۆ کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و ڕێکخستنی پێ نه‌بوو. بیرمه‌ندان و پێشه‌واکانی گۆڕان هه‌رگیز به‌خه‌یاڵیشیاندا نه‌ده‌هات که‌ ڕووبه‌ڕووی وه‌ها خه‌ڵکێکی زۆر ببنه‌وه‌. ئه‌وان نه‌یانده‌توانی باوه‌ڕ به‌و پشتگیرییه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌ بکه‌ن که‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کورده‌وه‌ لێیان کرا. پشتگیری خه‌ڵك بۆ لیستی گۆڕان، خودی ڕابه‌ری بزوتنه‌وه‌که‌شی‌ توشی سه‌رسوڕمانکرد. ده‌یان به‌رپرس و ده‌یان که‌سی خۆبه‌ره‌وپێشه‌وه‌به‌ر به‌بێ ڕه‌چاوکردنی هیچ مه‌رجێك بوونه‌‌ ده‌مڕاستی بزوتنه‌وه‌که‌. به‌ سه‌دان که‌س خۆیان به‌مه‌رجه‌عی بزوتنه‌وه‌که‌ ده‌زانی. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ناو بزوتنه‌وه‌که‌دا به‌هۆی نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌کی پێشینه‌ فه‌وزایه‌کی تێدا درووست ببوو که‌س که‌سی دی وه‌بیر نه‌ده‌هاته‌وه‌ و ده‌مڕاسته‌کانیش چاویان کوێر و گوێیان کپ بوو له‌به‌رامبه‌ر بیرکرنه‌وه‌ و تێڕوانینه‌ جیاوازه‌کاندا. زۆر دڵسۆز و ڕوناکبیر و بیرمه‌ند و چالاکوانی ناو گۆڕان (نه‌وشیروان مسته‌فا)ی ڕێبه‌ری گۆڕانیان ئاگادارکرده‌وه‌ له‌ته‌واوی ئه‌گه‌ره‌کانی داڕوخان و لێبونه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌گۆڕان، به‌ڵام ئه‌وان به‌بیانووی جیاجیاوه‌ پشتگوێیان خست. نه‌یانده‌توانی بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ گۆڕان به‌ره‌و ئاقارێکی هه‌ڵه‌ ده‌برێت. سه‌رکردایه‌تی و ده‌مڕاسته‌کانی گۆڕان له‌ناو حیزبه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه‌ هاتبوون. که‌لتوورێکی سه‌قه‌تی حیزبایه‌تییان پێ بوو. ئه‌وان تازه‌ له‌ناو ماشێنه‌ ده‌وه‌ره‌ دراو به‌ په‌رژینه‌کانی چاودێری و پاراستنیان دابه‌زیبوون. ئه‌وان پڕ گیرفانیان له‌دۆلاره‌ دزراوه‌کانی ده‌سه‌ڵاتێك بوو که‌ تاکو دوێنێ قوربانیی مانه‌وه‌ و پاراستنی بوون و ئه‌مڕۆش دژی به‌رده‌وامیی مانه‌وه‌ی ئه‌وده‌زگایه‌بوون که‌ پێشتر هۆی به‌ده‌ستهێنانی پاره ‌زۆر و زه‌وه‌نده‌کانیان بوو. ئه‌وان که‌پێشتر له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی سه‌رۆکه‌کاندا ڕه‌شماڵی ئاسووده‌ییان هه‌ڵده‌دا، لێره‌ ڕانه‌هاتبوون خۆیان بیر له‌ هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردن بکه‌نه‌وه‌. نه‌یانده‌زانی که‌نگێ ده‌بێت خۆیان ڕێك بخه‌ن و چۆنیش خۆیان ڕێك بخه‌ن. هه‌رچی پرۆژه‌یه‌کیان ده‌چووه‌ به‌رده‌ست ڕه‌تیان ده‌کرده‌وه‌ و هه‌رکه‌سێکیش نه‌ختێك جم و جۆڵی بکردایه‌ به‌هه‌موویان له‌ڕێگای پیاوه‌کانیانه‌وه‌ په‌لاماریان ده‌دا. ئیتر یان دووریان ده‌خسته‌وه‌، یان به‌رکه‌ناریان ده‌کرد، یان پشتگوێیان ده‌خست.
له‌پشتی هه‌موو کاره‌ساتێکه‌وه‌ ڕووداوێك هه‌یه‌. گێڕانه‌وه‌ و وردکردنه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕوداوه‌کان به‌بێلایه‌نانه‌ ئه‌رکێکی مێژووییه‌. مرۆ کاتێك ده‌یه‌وێت له‌ هۆکاره‌کانی کاره‌ساتێك بکۆڵێته‌وه‌، پێویسته‌ ته‌واوی لا‌یه‌نه‌ ده‌ره‌کی و ناوه‌کییه‌کانی شیکار بکات. ئه‌وجا ڕه‌نگی به‌ئه‌نجام گه‌یشتنی هاوکێشه‌که‌ی ده‌رده‌که‌وێت.
هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان و عێراق بۆ خه‌ڵکی کورد له‌دیدی منه‌وه‌ کاره‌سات بوو. کاره‌ساتێك بۆ جارێکی دی بردینییه‌وه‌ ئه‌وێنده‌ری لێوه‌ی ده‌ستمان پێ کردبوو. توڕیداینه‌وه‌ ئه‌و جێگایه‌ی ترسه ‌ئه‌به‌دییه‌کان تێیدا له‌دایك ده‌بوو. ئه‌مانه‌ ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ و که‌م و کوڕییانه‌بوون که‌ بوونه‌ سه‌ره‌داوی ڕوداوه‌کان و کاره‌ساتێکی به‌رهه‌م هانی.
گۆڕان له‌ناوئاخنی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ سه‌ری ده‌رهێنا. که‌ره‌سته‌کانی ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه‌ ئاماده‌ و ساز بوون. میدیای ئه‌هلی و ڕۆژنامه‌وانه‌ سه‌ربه‌خۆکان پشکی شێریان به‌رکه‌وت. ئه‌وان چاونه‌ترسانه و جه‌ربه‌زانه‌‌ ده‌مێك بوو که‌وتبوونه‌ جم و جموڵ و له‌و پێناوه‌دا خوێنیشیاندا.
ڕۆڵی میدیا له‌ ئاشکراکردنی گه‌نده‌ڵییه‌کان و ناشیرینکردنی ڕووی حیزبه ‌ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستاندا خۆی ڕاڤه‌کرد. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ که‌وته‌ به‌رگریکردن له‌خه‌ڵکی کورد و مافه‌کانیان. ئه‌وان به‌بێ هیچ مه‌رجێك بوونه‌ ئۆپۆزسیۆنێك که‌ نه‌ پێشینه‌ی هه‌بوو و نه‌ به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه‌ و داڕێژراویشی بۆ دانرابوو. لێره‌وه‌ میدیای ئازاد و ڕۆژنامه‌وانه‌ ئازاکان زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕانیان ڕێك خست. خه‌ڵکیان هۆشیارکرده‌وه‌ و ئاماده‌ و سازیانکرد بۆ گۆڕانکاری.
ئه‌و که‌ره‌سته‌ مه‌زنه‌ی به‌پله‌ی دووه‌م دێت، ڕیفۆرمیسته‌‌کانی ناو یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بوون. ئالێره‌وه‌ گۆڕان خه‌ڵکگه‌لێکی جۆراوجۆر له‌توانا و دید و ئه‌زموون له‌ده‌ور کۆده‌بووه‌وه‌.
کێشه‌کانی ناو یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و مۆنۆپۆڵکردنی له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێکی دیاریکراوه‌وه‌ چاره‌سه‌ریان گه‌یشته‌ بنبه‌ست. ئیدی کۆمه‌ڵ کۆمه‌ڵ له‌ده‌وری ئه‌م حیزبه‌ نه‌مان و دوور که‌وتنه‌وه‌. زۆرێکیان به‌بیانووی جیاوازه‌وه‌ وه‌ده‌رنران و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌.
ئه‌مانه‌ که‌وتنه‌ ته‌قه‌لای جۆراو جۆر تاکو بتوانن پایه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی فراوان بۆ خۆیان به‌ده‌ست بهێنن. خه‌ڵکیش که‌ هیچ هێزێکی پشتگیری شك نه‌ده‌برد بێجگه‌ له‌ میدیای ئه‌هلی، به‌ناچاری ملیاندا بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ له‌ناو بازنه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ زویرانه‌دا که‌له‌ناو یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستاندا دوور که‌وتبوونه‌وه‌، یان ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی که‌م کرابووه‌وه‌، یان ده‌سه‌ڵاتیان لێ سه‌ندبونه‌وه‌.
توندوتۆل ترین که‌ره‌سته‌ی گۆڕان ئه‌و که‌سانه‌بوون که‌ چه‌کداربوون به‌ هۆشیارییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و بارگاوی بوون به‌بیری چه‌پخوازی. ئه‌مانه‌ زۆرترین بیرمه‌ند و که‌سێتی ئازاد و ڕێکخراوی نه‌وعی بوون. ئه‌م به‌شه‌ عه‌قڵانیانه‌ ده‌یانڕوانییه‌ ئاینده‌ و به‌ دیدێکی هه‌ستیارانه‌وه‌ ده‌یانڕووانی. ئه‌مانه‌ له‌هه‌موو هه‌ڵوێستێکی کوتوپڕ و ناوه‌خته‌ ده‌سڵه‌مینه‌وه‌. باوه‌ڕیان به‌فراوانبوون و خۆقایمکردن و به‌رنامه‌ڕێژی هه‌بوو. ئه‌مانه‌ هه‌ر له‌سه‌رتاوه‌ ڕه‌خنه‌گرێکی توندی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بوون که‌ هه‌ستیان به‌ کرانه‌وه‌ی زوو یان دره‌نگی ده‌کرد. سه‌رهه‌ڵدان له‌مانه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد و وه‌ستان هه‌ر له‌مانه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا.
به‌شێکی دی که‌ره‌سته‌ی گۆڕان ئه‌و که‌سانه‌ بوون له‌ناو حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی تره‌وه‌ هاتبوون، به‌تایبه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبه‌ ئیسلامییه‌کان و حیزبه‌ چه‌په‌ کۆمۆنیستییه‌کان. ئه‌مانه‌ جۆری نه‌بوون. به‌دووای گۆڕانکاریدا ده‌گه‌ڕان و ده‌یانویست ئه‌سپی تێکۆشانی خۆیان له‌وپانتاییه‌دا تاو بده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ودیوی شته‌کانیان لێوه‌ دیاربێت.
هۆکارگه‌لێکی زۆروزه‌وه‌نده‌ هه‌بوون که‌ بوونه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدان و به‌رهه‌مهێنانی گۆڕان. هۆی سه‌رهه‌ڵدان چمکێکی گرنگی نوشوسته‌کانه‌، چونکه‌ هه‌مان هۆکار جارێکی تر ده‌بنه‌وه‌ هۆی بچووکبوونه‌وه‌ یان داڕوخان و له‌ناوچوون.
گه‌لی کورد هه‌میشه‌ پشت به‌ ئه‌زمونگه‌رایی ده‌به‌ستێت. هیچ هه‌ڵوێستێك له‌ پێش ئه‌زمونه‌وه‌ به‌دی ناکرێت. هیچ سه‌رکه‌وتنێك و هیچ ده‌ستکه‌وتێك بێجگه‌ له‌پاش ئه‌زموون له‌ پێشیدا نه‌بینراوه‌. زۆربه‌ی جاریش پاش ئه‌زموونه‌که‌ش هێشتا گڵۆڵه‌که‌ی له‌لێژیدایه‌ و ناگیرسێته‌وه‌.
بازدان یه‌کێکه‌ له‌سیما باوه‌کانی دیدی حیزبایه‌تی له‌ کوردستاندا. بازدان به‌سه‌ر کێشه‌ و که‌موکورتییه‌کاندا. بازدان به‌سه‌ر داواکاری و مافه‌کانی تاك و گشتدا. بازدان به‌سه‌ر به‌رپرسیارێتیدا. بازدان به‌سه‌ر هه‌ڵه‌ و کرده‌وه‌ نابه‌جێکاندا. بازدان به‌سه‌ر هه‌رچییه‌کدا که‌ هه‌بێت. به‌بێ ئاوڕدانه‌وه‌ لێیان. ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌زموونی ده‌رکردووه‌ و وه‌کو پێویست سوود له‌و به‌شه‌ش وه‌رنه‌گیراوه‌. به‌مه‌ش زۆرترین ناعه‌داله‌تی به‌رهه‌م هانی.
ناعه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی هۆکارێکی گرنگی سه‌رهه‌ڵدان و نشونماکردنی گۆڕان بوو. به‌رپرس و بنه‌ماڵه‌‌ حیزبییه‌کان وه‌کو ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ساره‌یه‌کی تر بژین له‌پڕێکدا بوونه‌ کوڕێك و بوونه‌ خاوه‌ن داهات و باڵه‌خانه‌ی چه‌ندین نهۆمیان له‌هه‌موو شار و شارۆچکه‌ و هاوینه‌هه‌واره‌کاندا به‌رز کرده‌وه‌. سامانی به‌رپرس و بنه‌ماڵه‌ حیزبییه‌کان هێنده‌ زۆر بوون له‌هه‌ژماردن نه‌ده‌هاتن. له‌به‌رامبه‌ریشدا چینێکی فراوان له‌خه‌ڵکی نه‌دار و بێخانوو و بێ ماڵ و حاڵ په‌یدابوو‌ به‌ کوله‌مه‌رگی ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد. ته‌نانه‌ت لاوه‌کان نه‌یانده‌توانی هاوسه‌رگیریش پێك بهێنن له‌به‌ر نه‌بوونی تێچونێکی زۆر. هیچ هۆکارێکی بژێوی ژیانیشیان ده‌ست نه‌ده‌که‌وت که‌ پڕاوپڕ پێداویستی و داواکارییه‌کانیان بێت.
حیزب و حکومه‌ت له‌به‌رامبه‌ر داواکارییه‌کانی خه‌ڵكدا به‌چۆکدا هاتبوون و بێ سه‌روبه‌رییه‌کی وا به‌ ڕه‌وشه‌که‌وه‌ دیار بوو که‌ نه‌ده‌توانرا به‌رگه‌بگیرێت. بێسه‌روبه‌ری له‌دابه‌شکردنی ئه‌و سامانه‌ زۆره‌ی کوردستان قه‌یرانی نایه‌کسانی کۆمه‌ڵاتی لێکه‌وتبوه‌وه‌.
کاتێك کۆمه‌ڵگا نایه‌کسانی تێدا ڕسکا و په‌نجه‌ره‌یه‌ك نه‌بوو بۆ ڕۆچوونه‌ ناو چاره‌سه‌ر‌ی، ئیتر ده‌سه‌ڵات له‌وپه‌ڕی گه‌نده‌ڵ بوون و کرمۆڵ بووندا به‌دیوێکی ناشارستانی و زۆره‌کیدا ده‌یه‌وێت به‌رده‌وامی به‌خۆی بدات. ده‌سه‌ڵات هێزێکی ده‌وێت له‌ مه‌عریفه‌تی تایبه‌ت به‌خۆیان و له‌توانای تایبه‌ت به‌خۆیان تاکو بتوانن خۆیانی پێ بپارێزن و بهێڵنه‌وه‌.
هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردن له‌ کوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌خۆییه‌که‌یدا تێکه‌ڵه‌یه‌ك له‌ بیری خێڵه‌کیانه‌ی لێوانلێو له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ره‌ك خێڵ و بنه‌ماڵه‌ خێڵه‌کییه‌ حیزبییه‌کان بوو. ئاسان نییه‌ په‌ستانی ئه‌م نابه‌رابه‌رییه‌ له‌گه‌ڵ که‌مته‌رخه‌می به‌رپرسیارێتیدا له‌هاوکێشه‌یه‌کدا شه‌ته‌ك بدرێت. ئه‌مه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی له‌ڕێگای میدیاکانیانه‌وه‌ به‌ ڕۆشنبیرییه‌ك تایبه‌ت به‌خۆیان به‌ناو خه‌ڵك و جیهاندا بڵاویان ده‌کر‌ده‌وه‌ زۆر جیاواز بوو له‌و هونه‌ره‌ی پیاده‌یان ده‌کرد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خه‌ڵك له‌ڕێگای حکومه‌ته‌ حیزبییه‌که‌یانه‌وه‌. ئه‌وان بانگه‌شه‌ی دیموکراسی و ئازادی و یه‌کسانی و مافپه‌روه‌رییان ده‌کرد له‌کاتێکدا هه‌موو ئه‌مانه‌ بێجگه‌ له‌ خه‌یاڵپڵاو شتێکی دی نه‌بوون. ئه‌م به‌یت و بالۆرانه‌ی ئه‌وان ته‌نها بۆ په‌رده‌پۆشکردنی کاره‌قێزه‌ونه‌کانیان بوو.
نه‌وشیروان مسته‌فا که‌ ده‌مێك بوو له‌وه‌ گه‌یشتبوو که‌ ئه‌و به‌بێ میدیا ناتوانێت یه‌ك هه‌نگاو چییه‌ بۆ پێشه‌وه‌ بچێت. هه‌ڵبه‌ته‌ میدیای حیزبه‌که‌ی به‌ته‌واوی له‌به‌رده‌ستی تاقمێکی دیکه‌دا بوون. ئه‌وان به‌خواستی سکرتێره‌که‌یان و له‌ژێر چاودێری خانمه‌که‌یدا کاریان ده‌کرد. بۆیه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر هه‌نگاوێك بهاوێت بۆ خۆجێکردنه‌وه‌ی دیدگاکانی له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ئه‌و کێڵگه‌یه‌دا هه‌ستا به‌ بنیادنانی ده‌زگایه‌کی ڕاگه‌یاندن که‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنێك و ڕۆژنامه‌یه‌ك و ماڵپه‌ڕێکدا به‌رجه‌سته‌ی کرد. به‌مه‌ش یه‌که‌م که‌ره‌سته‌ی به‌ده‌ست هێنا.
پاش ئه‌وه‌ هه‌وڵه‌کان بۆ گۆڕانکاری چووه‌ قۆناخێکی نوێوه‌ و له‌یه‌که‌م هه‌نگاویدا که‌ وه‌کو قۆناخی ته‌بلیغاتی ده‌چوو بۆ لیستێکی سه‌ربه‌خۆی به‌شدار له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا که‌وته‌ جم و جوڵ. هه‌ڵبه‌ته‌ پێشتر به‌ قۆناخی لێکترازان و هه‌ڵته‌کاندنی یه‌کێتیدا له‌ڕێگه‌ی ئه‌ندامانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستاندا تێپه‌ڕی بوو. ئه‌مه‌ش به‌ بانگه‌شه‌کردنێکی به‌رنامه ‌بۆداڕێژراودا خۆی ده‌رخست.
هه‌ڵبه‌ته‌ یه‌کێتی که‌له‌گیانه‌ڵلادا بوو و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌کانیدا نه‌مابوو، له‌پڕێکدا چووارکادری ناسراوی له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و له‌ به‌ریتانیاوه‌ بانگه‌شه‌یان بۆ(ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراسی) کرد. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م ڕه‌وته‌ی پێك هێنرا یه‌که‌م قۆناخ بوو که‌ وه‌کو سه‌ره‌تایه‌ك بۆ تاقیکردنه‌وه‌ و له‌رزاندن و ترساندنی سه‌رۆکایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی تاقیکرایه‌وه‌. ئه‌م ڕه‌وته‌ سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا ئه‌ویش له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت:
1- هه‌ر که‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ بڵاوکرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن ڕیفۆرمیسته‌کانی ناو یه‌ێتی نیشتیمانی کوردستانه‌وه‌ پشتیوانییه‌کی زۆری لێکرا، چونکه‌ ڕاسته‌وخۆ زانیان له‌لایه‌ن (نه‌وشیروان مسته‌فا) وه‌ نه‌خشه‌ی بۆ داڕێژراوه‌.
2- له‌لایه‌ن میدیا عه‌ره‌بییه‌ عێراقییه‌کانه‌وه‌ هه‌له‌که‌یان قۆسته‌وه‌ و کردیانه‌ مانشێتی سه‌ره‌وه‌ی هه‌واڵه‌کانیان.
3- به‌زویی له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه‌وه‌ وه‌ڵام درانه‌وه‌ و به‌ نوسرواێکی ڕه‌سمی هه‌ر چووار ئه‌ندامه‌که‌یان ده‌رکرد.
4- ڕاسته‌وخۆ دووابه‌دووای ئه‌وه‌ ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی باڵی ڕیفۆرم ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند.
ئه‌م قۆناخه‌ به‌ ئاسانی و به‌بێ گرفت تێپه‌ڕی و پاش چه‌ند مانگێك لیستی گۆڕان ڕاگه‌یه‌نرا. به‌مه‌ش سه‌رنجێکی زیاتری خه‌ڵکی بۆلای خۆی ڕاکێشا و خه‌ڵك باوه‌ڕی به‌ کارکردن و گۆڕانکاری هێنا.
پشتیوانی کردنی خه‌ڵك بۆ ڕه‌گ به‌ره‌و ڕویه‌کی دیکه‌ی هه‌ڵمه‌ت و ئه‌گه‌ری گۆڕانکاری ڕیشه‌یی برد. ئیتر ڕه‌گ بووه‌ پردێك بۆ زه‌مینه‌خۆشکردنی قۆناخێکی نوێ که‌ ئه‌ویش گۆڕانی جه‌وهه‌ری بوو له‌ سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی حکومڕانیدا.
گۆڕان که‌هێشتا ڕانه‌گه‌ینرابوو، به‌ڵام سه‌ره‌تاکانی ده‌رکه‌وتبوون، سه‌رکردایه‌تیه‌کی تۆکمه‌ی نه‌بوو. تاکه‌ مه‌رجه‌عی گۆڕان نه‌وشیروان مسته‌فابوو. ئه‌و خاڵی کۆتایی بڕیاره‌کان و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی ته‌واوی هه‌ڵوێست و ئه‌و کێشانه‌ بوو که‌ده‌هاتنه‌ به‌رده‌م ڕێگای ئه‌و بزوتنه‌وه‌ی پاشان ناوی لێنرا گۆڕان.
نه‌وشیروان مسته‌فا خاوه‌نی کۆمپانیای ووشه‌ بوو. له‌وێشه‌وه‌ ته‌کانێکی به‌ ‌بیرکردنه‌وه‌کانیدا. به‌ڵام هه‌رگیز بیری له‌وه‌ نه‌کردبۆوه‌ که‌ ئه‌وکه‌ره‌ستانه‌ی ده‌یه‌وێت بیکاته‌ هۆی سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌که‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ و زیان به‌خش ده‌بن، ئه‌وانیش چووارئه‌ندامه‌که‌ی ڕه‌گ بوون‌، که‌ پاشان بوونه‌ خۆره‌ و به‌ربوونه‌ گیانی بزوتنه‌وه‌که‌ و به‌ره‌وداخورانیان برد و دایانوه‌شان.

ڕه‌گ(ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراسی) ڕه‌گی کۆمه‌ڵێك کێشه‌ی قوت کرده‌وه‌. داهێنانێکی نه‌وعی بوو له‌په‌یداکردنی ڕق و توڕه‌یی و به‌دگومانی و ناکۆکی له‌ناو ئه‌و هه‌ڵچوونه‌دا که‌پاشان بزوتنه‌وه‌یه‌کی عه‌قڵانی لێکه‌وته‌وه‌ بۆ خه‌ڵکی کورد.
هه‌ڵچوون، له‌ئه‌نجامی ئه‌و په‌ستانه‌ زۆره‌ی له‌ناو ده‌رونی تاکی کورده‌وه‌ په‌یداببوو به‌رامبه‌ر نابه‌رابه‌ری و زوڵم و زۆری حیزب و حکومه‌ت. له‌ئه‌نجامی چاره‌سه‌رنه‌کردنی کێشه‌ی خاك(سنوور) ی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقدا. لێره‌دا زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کورد خۆیان به‌به‌شێك له‌ عێراق نازانن و خوازیارن هه‌رچی زووتره‌ کێشه‌هه‌ڵواسراوه‌کان یه‌کلایی ببێته‌وه‌ و ده‌ستی ئه‌م حکومه‌ته‌ش له‌یه‌خه‌یان له‌مێژووی ئاینده‌دا تاهه‌تایه‌ بکه‌نه‌وه‌‌.
هه‌ڵچوون، له‌ڕقێکی جوانه‌وه‌. له‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی عه‌قڵانییه‌وه‌. له‌دیدێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌. له‌تێڕوانینێکی شارستانیانه‌وه‌. له‌ بنه‌مایه‌کی دیموکراسییه‌وه‌. له‌خواستی ئازادییه‌وه‌. هه‌ڵچوون، له‌به‌رامبه‌ر داخوازییه‌کانیاندا. هه‌ڵچوون، له‌ ئه‌نجامی هه‌وڵدان بۆ پێداویستییه‌کانی ڕۆژانه‌یان بۆ ژیانێکی باشتر. هه‌ڵچوون، له‌ژێر کاریگه‌ری و پشتیوانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی مرۆڤایه‌تی و گه‌شه‌ی ته‌کنه‌‌لۆجیا پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت. مێژووش وه‌کو گه‌واهیده‌رێکی ڕوون و دیار، پشتیوانییان لێده‌کات. ئه‌م هه‌ڵچوونه‌ش به‌رده‌وام که‌ف و کوڵی به‌رز ده‌بووه‌وه‌ و پێویستی به‌ ڕێکخستن و ڕێنمایی و ڕابه‌رایه‌تی هه‌بوو. سه‌ره‌تاش ده‌بوو سه‌رنجی پشتیوانیکه‌رانی به‌ره‌و شێوه‌یه‌ك له‌ڕێکخستن به‌رێت که‌ هه‌رزوو ئه‌ندامه‌کانی ڕه‌گ هه‌ستیان پێکرد و بۆخۆیان پیاده‌یانکرد به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ قازانجی ئاینده‌یان.
چووارئه‌ندامه‌که‌ی ڕه‌گ هه‌ر زوو هه‌ستیان به‌وه‌ کرد که‌ به‌بێ زاڵبوون و داگیرکردنی نه‌ست و ئاڵۆزکردنی کێشه‌ و داخوازییه‌کانی کورد، له‌ناو شه‌پۆلی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ زۆره‌ی خوازیاری ژیانێکی باشترن، خوازیاری گه‌یشتن به‌مافه‌کانیانن، ناتوانن ڕاستگۆیانه‌ بۆ سودی خه‌ڵك پێگه‌ی خۆیان له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی ئاینده‌دا بکه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ به‌نهێنی کۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی خۆیان ده‌کرد و نه‌خشه‌ شه‌یتانییه‌کانیان داده‌ڕشت. هه‌رواش بوو، ئه‌وان زۆر شاره‌زایانه‌ و به‌ئاگاوه‌، بۆ قازانجی خۆیان، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ڕه‌وته‌که‌داکرد.
ڕیفۆرمه‌کانی ناو یه‌کێتی له‌سه‌رده‌می بانگه‌وازی ڕه‌گدا به‌هۆی پشتیوانیکردنیان له‌و ڕه‌وته‌، له‌یه‌کێتی نیشتیمانی ترازان و به‌واقیع له‌ حیزبه‌که‌یان دوورکه‌وتنه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ڕه‌گ له‌به‌ریتانیا، بێشه‌ی هێزی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان سه‌ری هه‌ڵدا.
به‌ریتانیا، بۆ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان یه‌که‌م خاڵی ده‌ستپێکردنی ناکۆکییه‌کان و سه‌رهه‌ڵدانی زۆرۆنبازی ئه‌ندامه‌کانی سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌بوون. به‌ریتانیا خاڵی یه‌کلاییکه‌ره‌وه‌ی کێشه‌کانی ناو یه‌کێتی بوون، هه‌ر چۆن له‌کاتی سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌که‌دا و پاش سه‌رهه‌ڵدانه‌که‌شی کۆی هاوکێشه‌کان به‌ ئیجابی و سه‌لبییه‌وه‌ تێیدا کۆبووه‌وه‌ و بزوتنه‌وه‌که‌ی تێدا تووشی شه‌له‌ل کرد.
زۆرینه‌ی ئه‌و کوردانه‌ی له‌به‌ریتانیا ده‌ژین و به‌کاری حیزبی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ خه‌ریکن(باشوورییه‌کان، سه‌ر به‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانن. ئه‌م حیزبه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێگه‌یه‌کی باشی هه‌بوو له‌ به‌ریتانیا له‌لای ده‌سه‌ڵاتدارانی حکومی ئه‌و ووڵاته‌وه‌ و هه‌ندێك په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و سۆزداری و به‌رژه‌وه‌ندی و هاوکاری مرۆیی کۆی ده‌کردنه‌وه‌، بۆیه‌ نوێنه‌رانی حیزبه‌که‌ هه‌میشه‌ له‌که‌سه‌ نزیکه‌کانی تاڵه‌بانی داده‌نران. به‌تایبه‌تی دوواکه‌سیان (شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) بوو، خوشکی (هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) کچی سکرتێری سه‌رده‌می خۆی بۆ پارتی و باڵی جیابووه‌وه‌ی ئه‌وپارته ‌و هاوسه‌ری تاڵه‌بانی سکرتێری یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بوو. هه‌روه‌ها شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هاوسه‌ری دکتۆر له‌تیف بوو که‌ که‌سێکی نزیکی تاڵه‌بانی و ئه‌ندامی حیزبه‌که‌ی بوو. بێجگه‌ له‌مانه‌ و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ پاره‌ و داهاتی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان که‌ به‌ ملیۆنان دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت و که‌سیش بیجگه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌که‌ی تاڵه‌بانی و ئراهیم ئه‌حمه‌د نازانن چه‌نده‌ و له‌کوێیه‌؟ ته‌واوی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی که‌سه‌نزیکه‌کانی تاڵه‌بانیدان.
به‌ریتانیا، له‌پاش نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ شه‌پۆلێکی زۆر له‌ په‌نابه‌رانی کورد ڕووی تێکردووه‌ و له‌ پاش دووهه‌زاریش ئه‌و شه‌پۆله‌ به‌هێزتر و فراوانتر بۆوه‌. ئه‌م خه‌ڵکه‌ش که‌ له‌به‌ر هۆی بێکاری و له‌ئه‌نجامی نائومێدبوون له‌هه‌ڵاوسانی کێشه‌نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و شه‌ڕی خۆبه‌خۆی یه‌کێتی و پارتییه‌وه‌ نیشتیمانیان به‌جێ ده‌هێشت، ڕوویان کرده‌ ئه‌وێنده‌ر.
یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان زیاتر له‌ (43) که‌رتی ڕێکخستنی ڕێکخراوه‌یی سیاسی له‌و ووڵاته‌دا له‌چووارچێوه‌ی کۆمیته‌ی به‌ریتانیادا پێك هێنابوو. ژماره‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی زیاتر به‌ (10.000) ده‌هه‌زار که‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌کرا. به‌م پێیه‌ ڕه‌وتی سیاسی کورد له‌و ووڵاته‌دا ڕاسته‌وخۆ له‌ده‌ستی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستاندابوو.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامانه‌ هه‌ر به‌ هاتنی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بۆ نوێنه‌رایه‌تی مه‌کته‌بی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له‌ به‌ریتانیا، ڕاسته‌وخۆ مه‌کته‌به‌که‌ی له‌ ته‌واوی مه‌کته‌به‌کانی سه‌ر به‌ مه‌کته‌بی ڕێکخستنی ده‌ره‌وه‌ لێکرده‌وه‌ و کردییه‌ مه‌کته‌بێکی سه‌ربه‌خۆ و په‌یوه‌ندییه‌کانی ڕاسته‌وخۆ به‌سته‌وه‌ به‌ سکرتێری حیزبه‌که‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ پێش ئه‌وه‌ی شاناز ببێته‌ به‌رپرسی مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی له‌ به‌ریتانیا، د.فوئاد مه‌عسوم به‌رپرس بوو، لێ هیچ سامانێکی حیزبه‌که‌یان نه‌خسته‌ ژێر ده‌ست، ته‌واوی سامانه‌که‌ له‌لای د. له‌تیفی هاوسه‌ری شاناز ئیبراهیم بوو که‌ پێش د. فوئاد مه‌عسوم به‌رپرس بوو له‌ مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ به‌ریتانیا. به‌مه‌ش دارایی ئه‌و حیزبه‌ به‌رده‌وام له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌که‌یاندا مایه‌وه‌.
ڕیفۆرمه‌کانی ناو یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له‌کۆی ئه‌و ئه‌ندام و لایه‌نگرانه‌ی هه‌یانبوو، نزیکه‌ی 79%ی پێك ده‌هێنا. ئه‌مانه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیاری چووارئه‌ندامی کۆمیته‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چوو و ناکۆك بوون به‌ به‌رپرسی مه‌کته‌ب و به‌رپرسی کۆمیته. ئه‌وانیش بریتی بوون له‌(فوئاد جه‌مال سه‌لام، شه‌پۆلی عه‌لی عه‌سکه‌ری، سیروان که‌رکوکی، ڕێباز قه‌ڵادزه‌یی)‌. هه‌ڵبه‌ته‌ نابێت ئه‌وه‌مان له‌یاد بچێت که‌ هاوار حاجی به‌رپرسی کۆمیته‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بوو له‌ به‌ریتانیا و یه‌کێك بوو له‌باوه‌ڕدارانی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ نه‌یانده‌توانی که‌سێکی باشتر له‌و په‌یدابکه‌ن، بۆیه‌ هیچ هه‌ڵبژاردنێك نه‌ده‌کرا و جیاواز له‌ کۆمیته‌ و جێگه‌کانی تری یه‌کێتی به‌رده‌وام وه‌کو خۆی مایه‌وه‌.
چوارکوچکه‌ی ئه‌ندامانی کۆمیته‌، به‌هۆی کاره‌کانیان و چالاکییه‌ به‌رده‌وامه‌کانیانه‌وه‌ توانییان زۆرینه‌ له‌ده‌وری خۆیان کۆبکه‌نه‌وه‌ و جڵه‌وی ڕێکخسته‌نه‌کان به‌لای ڕیفۆرمدا بشکێننه‌وه‌ و ئاراسته‌ی هێزه‌که‌ی یه‌کێتی له‌م ووڵاته‌دا به‌ره‌و لای ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی-باڵی ڕیفۆرمدا به‌رن.
له‌کاتی دروستبوونی ڕه‌گدا چوارکوچکه‌که‌ به‌شداری کرد له‌ دامه‌زراندنی ڕه‌گدا و زۆرێك له‌ ڕۆشنبیران و که‌سه‌ به‌تواناکانی ده‌وروبه‌ری خۆیان پێ به‌شداریکرد. هه‌ر پاش ڕاگه‌یاندنی ڕه‌وته‌که‌ش ڕاسته‌وخۆ پشتگیرییان کرد. به‌مه‌ش گیانێکی زیندووی پێدا و به‌رده‌وام خۆیان کرده‌ سوته‌مه‌نی ڕه‌وڕه‌وه‌ی به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ی که‌ نه‌یانده‌زانی ئاراسته‌که‌ی به‌ره‌ و کوێنده‌ر ده‌چێت.
ئه‌ندامانی ڕه‌گ گه‌لێ که‌سایه‌تی ڕیفۆرمیسته‌کانی ناو یه‌کێتیان له‌خۆیان کۆکرده‌وه‌. فێڵبازانه‌ که‌وتنه‌ کێشه‌ نانه‌وه‌ له‌نێوان چوارکوچکه‌ی کۆمیته‌ی به‌ریتانیا و که‌سه‌کانی ده‌وروبه‌ریان. له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا توانییان بێهێزیان بکه‌ن. ئه‌وان(چوارئه‌ندامه‌که‌ی ڕه‌گ) خۆیان به‌نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ڕیفۆرم و ئاینده‌ی یه‌کێتی ده‌دایه‌ قه‌ڵه‌م. ئه‌وان قسه‌که‌ر و سه‌رچاوه‌ی وه‌ڵامی پرسه‌ شاراوه‌کان بوون. هه‌رچه‌نده‌ ته‌واوی کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ زۆروزه‌وه‌نده‌کانی ناو به‌ریتانیا و ووڵاتانی ئه‌وروپا ڕیفۆرمیسته‌کان ئاماده‌ و سازیان ده‌کرد، به‌ڵام هه‌ر به‌گه‌یشتنی ئه‌وان بۆ ناو ئاپۆرای خه‌ڵکه‌که‌ ده‌بوونه‌ خاوه‌ن ماڵ و خاوه‌نی حه‌قیقی ڕه‌وته‌که‌. ئالێره‌وه‌ دیارده‌کان سه‌ریان هه‌ڵدا. زۆرێك به‌په‌له‌ په‌رده‌یان له‌سه‌ر نیازه‌کا‌نیان هه‌ڵدایه‌وه‌ و مه‌به‌سته‌کانیان ئاشکرا کرد، به‌ڵام له‌وکاته‌دا بێسوود بوو.
چوارئه‌ندامه‌که‌ی ڕه‌گ کۆمه‌ڵێك نه‌خشه‌یان پیاده‌کرد، له‌وانه‌:
1- لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ ڕیفۆرمیسته‌کان.
2- نانه‌وه‌ی کێشه‌ له‌نێوان ڕیفۆرمیسته‌کاندا.
3- به‌شداریپێنه‌کردنی کادران و که‌سه‌به‌تواناکان و که‌سه‌دیاره‌کانی ناو ڕیفۆرمیسته‌کان.
4- دورخستنه‌وه‌ی چوارکوچکه‌ی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ له‌بڕیاردان.
5- شه‌قکردن و دابه‌شکردنی به‌ریتانیا به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌ و قه‌واره‌یه‌کدا.
6- لێدانی توندی موفه‌کیر و ڕۆژنامه‌نووس و ڕۆشنبیران.
7- پشتگوێخستنی دید و تێڕوانینی خه‌ڵك و چه‌واشه‌کردنیان به‌ کۆمه‌ڵێك ووشه‌ی زه‌رد و سوور.
8- خۆنزیککردنه‌وه‌ له‌نه‌وشیروان مسته‌فا و چه‌واشه‌کردنی ئه‌و که‌سێییه‌ به‌بارێکی هه‌ڵه‌دا.
9- هه‌وڵدان بۆ دروستکردن و بنیادنانی حیزبێکی سیاسی که‌ بتوانن له‌پاشدا مامه‌ڵه‌ی پێبکه‌ن له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌به‌رامبه‌ر داواکاری و بڕیاره‌کانیاندا.
ڕه‌گ له‌هه‌موو شاروشارۆچکه‌یه‌کی به‌ریتانیا ده‌ستی کرد به‌ دروستکردنی خه‌لایه‌ی نوستوو بۆ کاتی پێویست. له‌کوردستانیش سه‌فینی مه‌لاقه‌ره‌ وه‌کو ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان- باڵی ڕیفۆرم و چه‌ند ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسی- باڵی ڕیفۆرم، که‌وتنه‌ پیاده‌کردنی به‌شه‌که‌ی تر.
له‌به‌ریتانیا ئه‌وا‌نه‌ی ڕه‌گ کردنییه‌ هاوبه‌شی خۆی ئه‌مانه‌ی خوواره‌وه‌ بوون:
د. محه‌ممد کیانی، عه‌دنان شاسوار، سه‌ردار ئه‌مین و ڕێبوار فه‌تاح و زۆری تریش. له‌ ووڵاتانی دیکه‌ی ئه‌وروپا دیارترینیان د. چیا عه‌باس بوو.
بێجگه‌ له‌ ڕه‌گ(ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراسی) و ڕیفۆرمیسته‌کانی ‌ناو یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حیزبه‌ش هه‌ندێك گروپ و ڕێکخراوی تۆکمه‌ هه‌بوون. له‌وانه‌ (کۆمه‌ڵه‌ی به‌ره‌و گۆڕان) یه‌کێ له‌ ڕێکخراوه‌ ساز و ئاماده‌کراوه‌کان بوو. ئه‌م هێزه‌ فکرییه‌‌ پێك هاتبوو له‌ که‌سه‌ سه‌ربه‌خۆکان و کۆمه‌ڵێك بیرمه‌ند و ڕۆژنامه‌نووس و یاساناس و ڕۆشنبیر و زۆرێك له‌ خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان و خه‌ڵکی دی له‌ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی کوردستان که‌ له‌چوارچێوه‌ی ڕێکخراوێکی فکریدا کۆکرابوونه‌وه‌ بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێکی سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌که‌. شایانی باسه‌ ئه‌م ڕێکخراوه‌ له‌پێش سه‌رهه‌ڵدانی(ڕه‌گ) دا پێكهێنرابوو و له‌ته‌واوی وڵاتانی دنیادا که‌ کوردی لێ بوو به‌کوردستانیشه‌وه‌، شانه‌ی نوستووی هه‌بوو. به‌تایبه‌تی له‌ ئه‌وروپادا. ئه‌م ڕێکخراوه‌ بنچینه‌ی دیده‌نوێکانی بزوتنه‌وه‌که‌ی تێدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بوو، هه‌ر پاش سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌که‌ش که‌خۆیان ئاشکراکرد به‌ماوه‌یه‌کی که‌م که‌وتنه‌ به‌ر هێرشی ڕه‌گه‌کان و ڕیفۆرمیسته‌کان و به‌ره‌ و لاوازییان بردن.
له‌کاتی پێکهێنانی لیستی گۆڕاندا(نه‌وشیروان مسته‌فا) ڕای ته‌واوی چووار چقڵه‌که‌ی ڕه‌گی وه‌رگرت و ڕاسته‌وخۆ ڕاوێژی له‌گه‌ڵ کردن. ئه‌م ڕاوێژکردنه‌ بۆ ئه‌وان دۆزینه‌وه‌ی هه‌نگوین بوو له‌کونه‌داردا. ئه‌وان لێره‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ بوونه‌ ده‌مڕاستی بزوتنه‌وه‌که‌ له‌ ئه‌وروپادا و به‌تایبه‌تی له‌به‌ریتانیادا. هه‌ر به‌ داخوازی خودی نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ر چووار چقڵه‌که‌‌ له‌کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25/07/2009 گه‌ڕانه‌وه‌ کوردستان و ئه‌رکێکی مێژوویی گرنگ (وه‌کو خۆیان ئاماژه‌یان بۆ ده‌کرد) درا به‌سه‌ریاندا. هه‌ریه‌که‌ و نێردرا بۆ ناوچه‌یه‌ك له‌ کوردستان و ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی بانگه‌شه‌که‌ و لایه‌نگران و هه‌وادارانی بزوتنه‌وه‌که‌یان ده‌کرد. به‌مه‌ش زۆرێك زویر بوون، به‌ڵام به‌هۆی گرنگی به‌شداریکردنه‌که‌وه‌ هیچ هه‌ڵوێستێکیان له‌وکاته‌دا نه‌نواند.
له‌به‌ریتانیا هه‌ندێك ئیدیعای ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ گوایه‌ گۆڕان په‌یوه‌ندییه‌کی باشی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتیدا، لێ ئه‌مه‌ له‌و په‌یوه‌ندییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ وه‌رده‌گرێت که‌ شۆڕش حاجی و هاوڕێکانی به‌هۆی نزیکی دکتۆر محه‌ممه‌د کیانییه‌وه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌ده‌ستی هێنابوو. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ ئاشکرابوونی، گه‌وره‌ترین زیانی گه‌یانده‌ جه‌سته‌ی تازه‌ له‌دایکبووی گۆڕان. هه‌ڵبه‌ته‌ نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت که‌ دکتۆر محه‌ممه‌د کیانی ته‌واوی خزم و که‌س و کاره‌که‌ی کاربه‌ده‌ستن له‌ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا و به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ خۆی ئه‌ندامێکی باڵای پارتی گه‌لی بووه‌ به‌سه‌رۆکایه‌تی سامی عه‌بدلڕه‌حمان و کچه‌که‌ی ئه‌ویش نوێنه‌ری حکومه‌ته‌ له‌ به‌ریتانیا و به‌ مامه‌ بانگی ده‌کات. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی دکتۆر محه‌ممه‌د کیانی به‌ به‌یان سامی عه‌بندولڕه‌حمان، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕابووردوودا زیانی زۆر گه‌یانده‌ کاره‌کانی، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وده‌مه‌ی که‌ به‌رپرسی ناوه‌ندی چاك(کوردۆساید) بوو له‌به‌ریتانیا و به‌نهێنی وه‌کو نوێنه‌ری چاك دانیشتنی له‌گه‌ڵ کردبوو. پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م دانیشتنه‌ نهێنییانه‌ی ئاشکرابوو، ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن عه‌دنان کۆچه‌ره‌وه‌ له‌ کۆمیته‌که‌ ده‌رکرا و دوورخرایه‌وه‌. په‌یوه‌ندییه‌کانی گۆڕانیش که‌له‌لایه‌ن شۆڕش حاجییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرا به‌هاوکاری دکتۆر محه‌ممه‌د کیانی بوو، بۆیه‌ له‌پاشدا کردیانه‌ کاندیدی لیستی گۆڕان و به‌ئێجگاری کورسییه‌کیان پێشکه‌ش کرد. هه‌ندێك په‌یوه‌ندی تریش به‌هۆی هه‌ڵوێستی نه‌رمی پارتییه‌وه‌ بوو به‌رامبه‌ر به‌گۆڕان بۆ لاوازبوونی هاوپه‌یمانه‌ ستراتیجییه‌که‌ی. بێجگه‌ له‌ بوونی نێچیرڤان بارزانی که‌ ئه‌و به‌ لێکدانه‌وه‌ و بیرکردنه‌وه‌تایبه‌تییه‌کانی خۆی توانیبووی به‌شێوه‌یه‌کی فێڵبازانه‌ ڕووی پارتی له‌ئاستی گۆڕاندا سپی بکات. نابێت ئه‌وه‌ش بشارینه‌وه‌ که‌ گۆڕان ته‌نها مه‌به‌ستی له‌لاوازکردنی یه‌کێتیدا نه‌بوو، به‌ڵکو ئه‌و نیشانی له‌پارتی ده‌گرت و یه‌کێتی بووه‌ به‌ربه‌ست و ڕێگر له‌به‌رده‌م ئه‌رکه‌کانیدا.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی به‌شه‌کان تا کۆتایی تکایه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/pdf_files/Galtecari(6-7-8-Kotaiy).pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە