کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئۆپۆزسیۆن، به‌هه‌موو ئه‌و ده‌زگا و ده‌سه‌ڵات و پشتیوانه‌ی هه‌یه‌تی، نه‌یتوانیوه‌ ڕۆڵی لیژنه‌یه‌کی نه‌زاهه‌ ببینێت

Tuesday, 18/10/2011, 12:00






سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو پشتیوانییه‌ی له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ له‌ هه‌رسێ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌که‌ی کوردستان کراوه‌ و بوونی ده‌زگایه‌کی زۆر و زه‌وه‌ندی ڕاگه‌یاندن و ده‌یان ئه‌ندام په‌رله‌مان و پسپۆڕ، ئۆپۆزسیۆنی کوردستان، نه‌یتوانیوه‌ ڕۆڵی لیژنه‌یه‌کی نه‌زاهه‌ی سه‌رکه‌وتوو ببینێت.

لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانی کوردستان، چ له‌ناو په‌رله‌مان و چ له‌ناو دام و ده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا، نه‌یانتوانیوه‌ له‌ باره‌ی ته‌نها یه‌ك هه‌ڵوێستیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی حکومه‌تی هه‌رێم، یان سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بگۆڕن.

ئه‌وان، هه‌ر سێ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌که‌، له‌ئاستی پرسی ئه‌ندام و لایه‌نگره‌کانی خۆشیاندا، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو هاوڵاتی پله‌ دوو، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ته‌ماشانه‌کرێن، نه‌یانتوانیوه‌ ته‌نها هه‌نگاوێك بهاون و هه‌ر هیچ نه‌بێت پرسی نانبڕاو و بێسه‌روشوێنه‌کانیان چاره‌سه‌ر و ئاشکرا بکه‌ن.

ئه‌وان، له‌به‌رامبه‌ر بڕیار و کرداره‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمدا، نه‌یانتوانیوه‌ له‌هه‌مبه‌ر کوشتنی ژماره‌یه‌کی به‌رچاو خه‌ڵکدا، ته‌نها تاوانبارێك په‌لکێشی دادگا بکه‌ن. وێڕای ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت له‌ئاستی سوتان و کاولکردن و تاڵانکردنی بنکه‌ و مه‌قه‌ڕه‌کانیاندا، بێجگه‌ له‌ وورده‌گله‌یی شتێکی ئه‌وتۆیان ئه‌نجام نه‌دا. وێڕای هه‌موو ئه‌مانه‌، له‌ئاستی لێدان و بریندارکردن و سوکایه‌تیکردن به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانیشیاندا، کزۆڵانه‌ دانیشتن و چاوه‌ڕوانی مه‌رحه‌مه‌تی دڵنه‌رمی و پێکه‌نینه‌ سیحراوییه‌کانی مه‌سعود بارزانین.

لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن، بێجگه‌ له‌ هاوارهاوار و به‌ڵێنی گه‌وره‌ و داتاشینی به‌هه‌شتێکی لێوانلێو له‌خه‌یاڵ بۆ خه‌ڵك، کارێکی تریان نه‌کرد. یان ئه‌وه‌تا هه‌ندێکیان، به‌نه‌سیحه‌ته‌ هه‌زاران جار دووباره‌بووه‌کانی به‌مار و دوپشك و ئاگری ئاخیره‌ت خه‌ڵك ده‌ترسێنن، که‌چی خۆیان، له‌ترسی یه‌ك توڕه‌بوونی حیزبێکی وه‌جاخزاده‌کانی کارخانه‌ی سته‌مکاری، ده‌ستی سه‌فیرێکی ئه‌مریکی، که‌ ده‌یان له‌شفرۆشی شه‌قامه‌کانی کالیفۆڕنیای پێ گۆش کراوه‌، ده‌گوشن و له‌سه‌ر سینگی خۆیانی داده‌نێن.

ده‌مڕاست و پیشه‌وه‌ره‌کانی هه‌رسێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان، له‌یه‌ك بابه‌ت و پرسی گرنگیاندا، سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست هانی، گه‌لۆ، ده‌زانن چی بوو؟

بودجه‌ و مینحه‌ حه‌یانه‌ته‌که‌یان بوو!

ده‌ڵێن ڕۆژێك دوو که‌س گایه‌ك ده‌دزن، کابرایه‌کیش هاوسێ ی گالێدزراوه‌که‌ ده‌بێت و ئاگای له‌مه‌یه‌. هه‌ر خێرا ده‌ست ده‌کات به‌ که‌ندویه‌کدا و دارێك ده‌رده‌هێنێت و به‌ڕاکردن پێیاندا ده‌گاته‌وه‌ و خۆی ده‌ترنجێنێته‌ نێوان دزه‌کانه‌وه‌ و ده‌ڵێت(منیش، وه‌حه‌، گای هه‌رسێکمان) ئه‌وانیش یه‌کسه‌ر تێ ی ته‌گه‌ن و به‌ناچاریش که‌ده‌زانن تازه‌ ئاشکرابوون، هیچ ناڵێن و ئه‌ویش ده‌که‌نه‌ شه‌ریکه‌ به‌ش. پێم وایه‌ ئۆپۆزسیۆنیش وه‌حه‌ی له‌ داهاتی کوردستانی دزراوی ناو گیرفانی یه‌کێتی و پارتی کرد!..
 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە