کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌شکه‌وته‌که‌ی تاڵه‌بانی، هۆیه‌ك بۆ تیژکردنه‌وه‌ی ددانه‌کانی مار.

Saturday, 13/11/2010, 12:00


تاڵه‌بانی، ئه‌شکه‌وتێکی گه‌وره‌یه‌. سه‌دان ماری له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌. که‌لتوری ئه‌م مارانه‌، به‌کۆمه‌ڵێك یاسا به‌یه‌که‌وه‌ گرێدراون. ئه‌مانه‌، نه‌رمی ده‌که‌ن، تاڵی ده‌که‌ن، تیژی ده‌که‌ن، پێوه‌ده‌ده‌ن.
ململانێکردن، له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رکۆماریدا و دوورخستنه‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌ بڕیار و به‌ڕێوه‌بردنی کوردستان. یه‌کێکه‌ له‌ فێڵه‌کانی ئه‌م ماره‌ پڕ ژه‌هر و خاوه‌ن یاسایانه‌.
شه‌ڕ له‌سه‌ر پۆستی سه‌رکۆمار، هه‌وڵدان بۆ به‌رده‌وامیدان و گرێدانه‌وه‌ی نه‌ریته‌کانیانه‌. نه‌ریتی خه‌فه‌کردن و ژیرکردنه‌وه‌. خرۆشاندن و سه‌ماپێکردنی خه‌ڵك. بڵاوکردنه‌وه‌ی ترس له‌ گه‌شه‌ی مارێکی تر. بۆ پڕکردنه‌وه‌ی چاڵه‌ قوڵ و ڕه‌شه‌کانی سه‌رمایه‌کانیانه‌.
ململانێی مه‌سعود بارزانی، له‌گه‌ڵ ته‌واوی حیزب و لایه‌نه‌ عێراقی و ده‌ره‌کیه‌کاندا، بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رکۆماری و پێشکه‌شکردنی به‌ تاڵه‌بانی، بۆ تیژکردنه‌وه‌ی ددانه‌کانی خۆیه‌تی.
نوێنه‌ری حکومه‌تی ئه‌مریکا، له‌عێراق. چاوی به‌تاڵه‌بانی که‌وت و پێی ڕاگه‌یاند" له‌پێناوی پێکهێنانی حکومه‌تی عێراق و به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی دیموکراسی و ڕزگارکردنی عێراق له‌و چه‌قبه‌ستنه‌ی، داواکارین، سازش بکه‌یت له‌سه‌ر پۆستی سه‌رکۆماری و بیبه‌خشیته‌ ئه‌یاد عه‌لاوی. ئێمه‌ش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، هاوکار و پشتیوانتان ده‌بین بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانتان و کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانتان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌که‌ین".
تاڵه‌بانی، به‌بێ سێ و دوو لێکردن، وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت" ئه‌م کاره‌ هه‌روا ئاسان نییه‌. فه‌رموون ئێوه‌، کاك مه‌سعود ڕازی بکه‌ن به‌وه‌ی که‌ دوو ساڵ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمم بۆ به‌جێ بهێڵێت و منیش له‌به‌رامبه‌ردا، ده‌ست له‌ پۆستی سه‌رۆکی کۆمار هه‌ڵده‌گرم".
پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مریکیه‌کان، ئه‌م خواسته‌ی تاڵه‌بانیان گه‌یانده‌ مه‌سعود بارزانی، ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت" پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کومار، مافێکی ڕه‌وای خه‌ڵکی کوردستانه‌. ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانیش نه‌بێت ئێمه‌ یه‌کێکی تر ده‌که‌ینه‌ سه‌رکۆمار".
ئه‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ی مه‌سعود بارزانی، ئه‌مریکیه‌کانی توشی شۆك کرد. بۆیه‌، دیسانه‌وه‌ پێیان وته‌وه‌ که‌ " تاڵه‌بانی ڕازی بووه‌ و ته‌نها تۆ ماویت. ئه‌گه‌ر به‌و داوایه‌ی تاڵه‌بانی ڕازی بیت، ئه‌وا له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا حکومه‌تی عێراق پێك دێت و کێشه‌کانیش به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر ده‌بن".
مه‌سعود بارزانی، زۆرزانانه‌تر هاتۆته‌ گۆ و وتویه‌تی" ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت کورد، له‌پۆسته‌باڵاکانی حکومه‌تی عێراق بێبه‌ش بکه‌ن و له‌سه‌ر حیسابی ئێمه‌، حکومه‌تی عێراق پێك بهێنن و کێشه‌ش بخه‌نه‌ نێوان من و مام جه‌لاله‌وه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز به‌وه‌ ڕازی نابم و دڵنیاتان ده‌که‌مه‌وه‌ دوواهه‌وڵی خۆم ده‌ده‌م بۆ پێکهێنانی ته‌واوی لیست و قه‌واره‌سیاسیه‌کان و کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ر ده‌که‌م".
مه‌سعود بارزانی، کاتێك تێگه‌یشت که‌ ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی نه‌بێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆکی کۆمار، ئه‌وا به‌ناچاری ده‌بێت دوو ساڵ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم به‌جێ بهێڵێت و ئه‌و ده‌میش، وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌م پۆسته‌ که‌ گره‌نتیه‌ بۆ ئه‌و، ده‌بێته‌ مه‌حاڵ و ده‌چێته‌ قوڕگی شێره‌وه‌. بۆیه‌ ته‌واوی هه‌وڵی خۆیدا بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌که‌ بۆ مام جه‌لال و نه‌یهێشت له‌سه‌رۆکایه‌تی کوردستان دایببڕن.
لێره‌وه‌ ده‌ڵێم، تۆ بڵێیت ئه‌م مارانه‌، ڕۆژێك له‌ڕۆژان ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ بکه‌ن و له‌پێناوی داخوازیه‌کانی کوردا، بڕیارێکی ئاوا سه‌ختگیرانه‌ بده‌ن؟.
تۆ بڵێیت، بڕیار بده‌ن و بڵێن، له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی تردا، ئه‌گه‌ر حکومه‌تی عێراق، کێشه‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کات، ئه‌وا خۆمان چاره‌سه‌ری ده‌که‌ین؟.
تۆ بڵێیت، ئه‌م مارانه‌ی ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌، دانیان بۆ پارێزگاریکردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌که‌یان تیژ بکه‌نه‌وه‌ و ئاوا ئازایانه‌ ململانێ بکه‌ن و به‌ئاشتی بیبه‌نه‌وه‌؟.
ئه‌م پرسیارانه‌، ئه‌گه‌ر به‌ده‌نگی من بێت، ئه‌وا ته‌نها وه‌کو هاواری ناو چاڵێك وایه‌ و هیچ که‌سێك گوێی لێ نابێت. ته‌نانه‌ت هیچ که‌سێك!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە