گۆڕان هۆیه‌ك بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئیراده‌ی تاك
Friday, 05/02/2010, 12:00
تاك له‌کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا به‌هۆی په‌ره‌پێدانی سیسته‌می له‌ڕنه‌دانه‌وه ته‌واوی ئیراده‌کانی لێسه‌ندراوه‌ته‌وه. ئه‌م تاکه ترساوه، له‌لێواری به‌ربه‌سته زۆر و زه‌وه‌نده‌کانه‌وه ده‌ڕوانێته خه‌ره‌ندێکی نه‌زانراو. خه‌ره‌ندێکی لێوان‌لێو له وه‌به‌رهێنانی لاوازی و باوه‌ڕنه‌بوون به‌خود.
تاك له‌کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا دیلی بیرکردنه‌وه‌کانی خۆیه‌وه‌تی که سه‌رچاوه‌ی له‌و فه‌رهه‌نگه‌وه وه‌رگرتووه که بۆ تاکه‌چرکه‌یه‌کیش ناهێڵێت له‌ناو ته‌ونی دودڵیدا خۆی ده‌رباز بکات. بیرکردنه‌وه‌ی تاکی کوردی به‌هۆی کۆیله‌بوونه‌وه له‌ناو به‌سته‌ڵه‌کی که‌لتورێکدا سه‌ری ده‌رهێناوه که ناتوانێت گه‌شه بکات. گه‌شه‌ش له‌لای ئه‌و بوه‌ته فا‌نتازیا.
دودڵی و ترس له ئاینده، ئاینده‌یه‌ك هه‌رگیز تاکێك ناتوانێت وێنه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی بۆ بکێشێت، باڵی کێشاوه به‌سه‌ر نشونمای فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگادا. گه‌ر تاکێك که‌ره‌سته‌ی دڵنیایی له‌به‌رده‌ستدا نه‌بێت بۆ ژیانێکی باشتر و چاکتر، بێگومان ئه‌و تاکه بۆ گه‌یشتن به ویسته‌کانی که‌له‌پێویستییه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌ی و هیواکانیدا کۆده‌بێته‌وه، ئه‌وا ناتوانێت بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ته‌ندروستی هه‌بێت تاکو له‌ڕێگایه‌وه ئاینده‌یه‌کی گه‌ش ببینێت.
ئاینده بۆ تاك گرنگه، ئه‌مه‌ش دڵنیایی گه‌ره‌که. دڵنیاییش ئامرازه‌کانی ده‌وێت. ئامرازیش ده‌سه‌ڵات ده‌سته‌به‌ری ده‌کات. گه‌ر ده‌سه‌ڵات ته‌ندروست نه‌بوو ناتوانێت داخوازییه‌کانی تاك مسۆگه‌ر بکات. لێره‌وه تاك ناتوانێت ببێته خاوه‌نی ئیراده. ئیراده‌یه‌ك بتوانێت بیکاته که‌ره‌سته‌ی گۆڕانکاری و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌ی. هه‌ر داخوازییه‌کی ده‌سه‌ڵاتیش بۆ تاك پێچه‌وانه‌ی یه‌کتر ده‌بێته‌وه. بۆ ئه‌مه‌ش په‌ندێکی کوردی هه‌س و ده‌بێژێت(چی بچێنیت، ئه‌وه دروێنه ده‌که‌یت). تاکی خاوه‌ن ئیراده، تاکی خاوه‌ن پێداویستی، کۆمه‌ڵگایه‌کی خاوه‌ن ئیراده و خاوه‌ن به‌رهه‌م پێك ده‌هێنێت. ده‌سه‌ڵاتیش له‌م ته‌رازووه‌دا پشکی شێری به‌رده‌که‌وێت.
تاك هه‌میشه له‌هه‌وڵی گه‌یشتن به مه‌رامه‌کانییه‌تی. تاکی جوڵاو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی جوڵاوپێك ده‌هێنێت. ئه‌وه ویستی تاکه‌کانه کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و بیرکردنه‌وه ده‌بات. لێره‌شه‌وه کۆمه‌ڵگا داخوازییه‌کانی زه‌ق ده‌کاته‌وه. گه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌توانێت یان پشتگوێ ی بخات، ئه‌وا دره‌نگ یان زوو به‌ره‌وڕووی مه‌رگی خۆی دبێته‌وه.
گۆڕانکاری ویستی تاکه. به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌یه. له‌ئه‌نجامی سوانی به‌رده‌وامی به‌ربه‌سته‌کانه‌وه په‌یداده‌بێت. ده‌مکوتکردن ده‌بێته هۆی ئاره‌زووی هاوار. لێدان و فه‌لاقه‌کردن و ترساندن و تۆقاندن سه‌مه‌ری ئازادی لێده‌که‌وێته‌وه. به‌خته‌وه‌ری و خۆشی تاك له ئازاره‌وه له‌دایك ده‌بێت. ئه‌مانه جوڵه‌ی به‌رده‌وام پێك ده‌هێنن. ئالێره‌وه تاك چاوی ده‌کاته‌وه، ئاماده‌یه ببێته قوربانی له‌پێناوی ژیانێکی باشتردا. له‌پێناوی به‌ده‌ست خستنی مافه‌کانیدا.
گۆڕان له کوردستاندا ته‌نها لیستێك نییه، پرۆسه‌یه‌که بۆ هێنانه‌دی ویستی تاك. هۆکارێکه بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئیراده‌ی تاك. به‌رهه‌می بزاوتن و ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵکه. گۆڕان نه‌حیزبه و نه‌ڕێکخراوێکی سیاسییه. شه‌پۆلی جم و جۆڵی بیرمه‌ند و داخوازییه‌کانی خه‌ڵکه. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت باشتر بژین. ئاسوده و ئارام به‌یه‌که‌وه هه‌ڵ بکه‌ن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت گه‌ر شتگه‌لێك هه‌بێت و پێ ی بڵێن عه‌داله‌ت، تام و چێژی لێوه‌ر بگرن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت نوێنه‌ره‌کانیان ته‌کانێکی ویژدانی بده‌نه‌خۆیان و شه‌رم بیانگرێت. بچنه ماڵه‌کانیانه‌وه و ژیانی کوله‌مه‌رگییان ببینن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هه‌ر هیچ نه‌بێت وه‌کو مرۆڤێك بژین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست