کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌رپرسان و سیاسه‌توانانی ڕۆژئاوا به‌رپرسیارن له‌ ڕه‌و و مه‌رگه‌ نا سرووشتیه‌کان

Friday, 04/09/2015, 20:23


- لای هه‌موو که‌سێکی چاو کراوه‌ ڕوونه‌، که‌ کێشه‌ و ململانه‌کان، قه‌یرانی ئابووری و مرۆیی، له‌ چیه‌وه‌ و بۆچی گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م ئاسته‌ی که‌ ئه‌مڕۆ جیهانی ڕۆحی به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ کردووه‌ و ویژدانی هه‌موو مرۆڤێکی خاوه‌ن هه‌ستی هه‌ژاندووه‌!..
- به‌ لای باوه‌ڕی منه‌وه‌، له‌و کاته‌وه‌ی ته‌ماحی داگیرکاری و بلۆکی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهه‌ڵاتی هێنڕاونه‌ته‌ ئاراوه‌ و چه‌کل و پیکانی، به‌ تایبه‌ت هه‌ردوو بلۆک ده‌ستی پێکردووه‌، ژیانی مرۆڤایه‌تی؛ - خۆشی و نا خۆشی، هه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی، به‌هێزی و بێهێزی، سه‌رده‌ستی و ژێرده‌ستی، به‌رزه‌فڕی و چاوه‌ژێری، کۆیله‌یی دۆلار و سالار؛ ئاغا و نۆکه‌ری، چینی هه‌ژار و بژار، ته‌به‌قه‌ی بان و خوار، دار و نه‌دار، رۆژگاری ئازار و نازار، بوون به‌ دوو جه‌مسه‌ری ناته‌بای ڕاکێش و دژه‌ یه‌کسانی و له‌ هه‌مانکات گرێدراو به‌ یه‌که‌وه‌!!...
- بلۆکی ڕۆژئاواو ڕۆژهه‌ڵات، سه‌دان ساڵه‌ کاره‌سات خوڵقێنن... داگیرکاری و په‌لاماری هه‌ر چوارلای ئه‌م که‌ونه‌ ئه‌ده‌ن... به‌ ڕاست و چه‌پ و خوار و ژوور... خێرا خێرا هێرش ئه‌به‌ن.. کۆمه‌ڵکوژی و داپلۆسین و تاڵان کردن بووته‌ پیشه‌ و کاریان... 
- بلۆکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات به‌رهه‌مهێنه‌ری چه‌کی سارد و گه‌رمی ژماره‌یی و کۆمه‌ڵکوژن، میقاز و میقاتن و بۆ بڕینی جه‌سته‌ و ڕۆح؛ خاپور که‌رن، بێ شه‌رمن به‌، موو لاناده‌ن... ده‌یانساڵه‌ هۆکارن بۆ ده‌سته‌مۆیی و ڕاوکردنی ناته‌ندروست...
- له‌ نێوانی ئه‌م دوو بلۆکه‌دا؛ ناوه‌ڕاستێک سه‌دان ساڵه‌ جێی به‌تالی تاقیکاری ئه‌و دوو هێزه‌ن... کێڵگه‌ی تۆوی ناته‌ندروستی ئه‌و دوانه‌ن... چۆنیان ویستبێ کردوویانه‌... ئه‌سپی بیر و هزری خۆیان، هه‌ست و نستی شه‌ڕه‌نگێزی و پاوانخوازی، تینوویی و  برسێتی و چاو چنۆکی خۆیان له‌و ناوه‌نده‌ نه‌رم و نۆڵه‌ خرپ و خۆڵه‌ بێ ساحیبه‌، تێر کردووه‌ و پشوویی درێژیان تیاداوه‌..!
- له‌ هه‌ر کوێیه‌ک بارگه‌و بنه‌یان لێداوه‌، نۆکه‌رێکی گوێ له مشتیان تیا داناوه‌! کردویانه‌ به‌ نوێنه‌ری ئاڵقه‌ له‌ گوێی پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی داو و پیلانه‌کانی خۆیان... کام وڵاته‌ به‌ ناو وڵات نه‌ خاوه‌نی که‌رامه‌تی خۆیه‌تی و نه‌ ئه‌توانێ به‌ بێ ئه‌و دوانه‌ ده‌نگی ببێ!.. ده‌یان ساڵه‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان و ته‌ڕاتێنی بێ سنووری ئاره‌زوومه‌ندانه‌ چیان ویستبێ به‌ نۆکه‌رانیان جێبه‌جێیان کردووه‌... هه‌رچی که‌سێک و ده‌سته‌یه‌ک وه‌ به‌ر خۆ هاتبن و ده‌نگیان به‌ نیشانه‌ی ناڕازی به‌رز کردبێته‌وه‌ به‌ پیلانی بلۆکه‌کان سه‌رکوت کراون و له‌ ناو چوون...
- ئه‌گه‌ر چاوێک به‌ هه‌موو به‌ ناو ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت و ئیماره‌ته‌کاندا، تا به‌ ئه‌مڕۆ بخشێنین به‌ تایبه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌بینین که‌ هیچ، واته‌ هیچ لایه‌ک سه‌ر به‌ خۆ نه‌بوون و بێگومان ئه‌و دوو بلۆکه‌ گاریگه‌ری ته‌واویان به‌ سه‌ریاندا هه‌بووه‌ و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تداری و ئابوری، ته‌نانه‌ت کولتوری فه‌رهه‌نگیشیان هه‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو بلۆکدا بووگه‌ و به‌رده‌وام تا ئیستاشی له‌ ته‌کدا بێ درێژه‌ی هه‌یه‌...
- شه‌ڕه‌کانی جیهانی و په‌لاماره‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی هه‌زاره‌ی یه‌که‌م تا ده‌گاته‌ ئه‌سکه‌نده‌ره‌کان و قه‌یسه‌ره‌کان، مه‌غول و تاتاره‌کان... تا و تا... شه‌ره‌کانی یه‌که‌م و دووه‌م، دواتر دانانی سنوور و سیاسه‌تی به‌ ده‌وڵه‌ت بوون و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و نه‌وت و کارگه‌ و سوته‌مه‌نی و چه‌ک و چۆڵ و بازگانی و حه‌په‌ لوش کردن له‌و ناوچه‌یه‌، تا ئیستاش بووه‌ته‌ مۆته‌که‌یه‌کی هه‌ژار کوژ و وڵات و ئه‌رز هه‌ژێن که‌ ئاسایی بووه‌ته‌ بۆ هه‌ر تاکێکی ئه‌و به‌شه‌ی زه‌ویه‌ و ته‌سلیمی بووه‌...! 
- له‌و ده‌ڤه‌ره‌ خاوه‌ن ماڵ بووته‌ قه‌ره‌ج و سه‌یار، و به‌رده‌وام له‌ سه‌ر ئاو و ئه‌رزی خۆی نامۆیه‌ و بێگانه‌!... ده‌گیرێ، کۆیله‌ ئه‌کرێ، ده‌کۆژرێ، قه‌تل و عام ئه‌بێ، ئه‌نفال ئه‌کرێ، به‌ چه‌کی کیمیایی و بۆمب و ناپاڵم له‌ ناو ئه‌چێ، وڵاتی لێ مینڕێژ ئه‌کرێ، شارستانی لێ تێک ئه‌درێ، دێ و شار و وڵاتی لێ ئه‌بێته‌ کونه‌ مشک، شاخ و دۆڵ و کانیاوی لی قاچاخ ئه‌کرێ،...
- ده‌یانساڵه‌ هه‌ر کام له‌و به‌ ناو وڵاتانه‌ دیکتاتۆرێکی گه‌وره‌ و بچوکی ده‌ستی به‌ تایبه‌ت بلۆکی ڕۆژئاوا حوکمی کردووه‌ و حوکم ئه‌کات و ده‌سه‌ڵاتی ده‌ساو ده‌س ئه‌بێت له‌ باوکه‌ وه‌ بۆ کوڕ و نه‌وه‌ و نه‌تیجه‌ی ئه‌و توخمه‌ نامۆ و ناڕه‌سانه‌نه‌ی که‌ وڵات و گه‌ل و که‌رامه‌تیان به‌ لاوه‌ گرنگ نیه‌ و بۆ مانه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی و مشه‌ خۆری چیان بوێ ئه‌ربابه‌کانیا بۆیان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن و له‌ کۆتاییدا که‌ بوونه‌ کارتی سوتا و کاریا پێیان نه‌ما فڕه‌ ئه‌درێن و ئه‌چنه‌ زبڵدانی مێژووه‌ و هی تر ئه‌خه‌نه‌ شوێنیانه‌وه‌...ئه‌و ڕه‌وته‌ به‌ داخه‌وه‌ هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه‌... - نمونه‌؛ ئێران و ئه‌فغانستان له‌ ڕابردوو ئیستا،... دوڕگه‌ی عه‌ره‌بی، عێراق، میسر، لیبی، یه‌من، تونس، سوریا، تورکیه‌، کوردستانی خۆمان...
- به‌هارێکی به‌ ناو به‌هاری عه‌ره‌بی که‌ ده‌کرێ ناوی لێ بنرێ؛ کاره‌سات و مه‌رگه‌سات، پاشا گه‌ردانی و هه‌رج و مه‌رج، چه‌ند ساڵێکه‌ به‌ ڕێوه‌یه‌، نه‌ک هه‌ر هێشتا له‌ دایک نه‌بووه‌، به‌ڵکو وا پێچی خواردووه‌ پزدانی ملی گوێره‌که‌که‌ی خنکاندووه‌ و مانگاکه‌ش بۆ خۆی خه‌ریکه‌ ئه‌مرێ!.
- قه‌یرانی سوریه‌ و ئه‌سه‌د و به‌شاره‌ نا به‌شاره‌کان، به‌ حکومه‌ت و ئوپۆزیسیون و ئیسلامی و توند ئاژۆکانه‌وه‌، که‌ هه‌موویان ده‌سکردی ده‌ره‌کی و بلۆکی خوار و ژوورن؛ بوونه‌ته‌ هۆکار و کاره‌ساتێکی وا مه‌زن که‌ مێژوو شه‌رم ئه‌کا له‌ گێڕانه‌وه‌یان!... 
- بۆ هه‌موو که‌سێک ئاشکرایه‌ که‌ ده‌وڵه‌تی به‌شار و حیزبی به‌عسی سوریه‌ش هه‌ر به‌ چرا سه‌وز و سوره‌کانی خوار و ژووری ئه‌ربابه‌کانیان تا ئیستاش ماوه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ مۆته‌که‌ی مه‌رگ و نه‌مان و کۆمه‌ڵکوژی له‌و ناوچه‌یه‌ و، ڕۆژانه‌ کاره‌سات و مه‌رگه‌سات وای لێهاتووه‌ بوونه‌ته‌ شتێکی ئاسایی...! 
- ئه‌وانه‌ی که‌ تازه‌ فام و هۆشیان له‌ سه‌ره‌تای ژیانی پڕ له‌ چه‌رمه‌سه‌ری ته‌مه‌نیادایه‌ و لاوی بێ به‌ختی ژێرهه‌ره‌س و کاره‌ساتی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ن و چرای مێرمنداڵیان له‌ وه‌ختی ناوه‌ختی ئه‌م چه‌رخه‌ دایساوه‌، پێیان وایه‌ ژیان هه‌ر وا بووه‌ و شتێکی ئاساییه‌ کوشتن و کۆمه‌ڵ کوژی..!! پێیان وایه‌؛ قات و قڕی و برسێتی و ڕه‌و و ده‌ربه‌ده‌ری و هه‌ڕه‌شه‌، ڕاکردن و ماڵ و سامان به‌ هه‌ده‌ردان، وڵات و ماوا جێهێشتن، هه‌ر ڕۆژ و شه‌و له‌ بن به‌رد و ئه‌شکه‌وت مانه‌وه‌، برسێتی و تینویه‌تی، سه‌رما و گه‌رما، شه‌و و ڕۆژ به‌ پێخاوسی ڕۆیشتن و به‌ ناو شاخ و شێو دۆڵ و هه‌ردی وڵات و سه‌ر سنوور و ژێری سیمی دڕکدار، ڕاکردن له‌ ده‌ستی پاسه‌وانانی سه‌ر سنوور،  ڕاو کردن به‌ ده‌ستی پۆلیس و جه‌نده‌رمه‌ی نا ڕه‌سه‌ن و ئه‌شکه‌نجه‌دانیان؛ لایان وایه‌ شتێکی ئاساییه‌!!...
- لای ئه‌و منال و مێر مناڵ و ژن و ئافره‌ته‌ ده‌م و دڵ گه‌نج و ته‌ڕانه‌، که‌ هێشتا تامیان له‌ ژیان نه‌چێشتووه‌ و به‌ شوین که‌نارێکی ئارام و ئاسوده‌دا ده‌گه‌ڕێن؛ مانه‌وه‌ی دوور و درێژ و چاوه‌ڕوانی بێ کۆتایی ناو که‌مپه‌ زۆره‌ ملیه‌کان، خۆ به‌ ده‌ستی قه‌زا و قه‌ده‌ر سپاردن و ملی ڕێگای نادیار و پڕ خه‌ته‌رگرتن، ده‌ساو ده‌س کردنی قاچاخچی نا پیا و بێ ئه‌خلاق و پوڵپه‌ره‌ست و هه‌وه‌س باز؛... به‌له‌م و لاستیکی شه‌ق و شڕی په‌ڕینه‌وه‌ی ناو ده‌ریا و زه‌ریا بێ بن و له‌ چاو، ئارام و بێ ده‌نگ؛ به‌ڵام خنکێنه‌ر و هه‌ڵلوشه‌کان، بێ خه‌به‌رن و ناشاره‌زا، لایان وایه‌ ژیان هه‌روا بووه‌ و هه‌روا ئڕوا...‌!!!
- کۆچبه‌رانی ماندوو شه‌که‌ت و بێ په‌نا و چاو به‌ مۆله‌ق، قوتی ده‌می خۆیان و ماڵ و مناڵیان کردووه‌ته‌ چه‌ند سه‌د دۆلارێکی ئه‌مریکی؛ و خۆیان و گیان شه‌ره‌ف و ناموسیان داوه‌ته‌ ده‌ستی که‌سانێکی قۆڵدڕ و ناپیاو و گیرفان و چاوبرسی و به‌ره‌و هه‌وارگه‌ی نادیار به‌ ڕێیان ده‌که‌ن و ده‌یانسپێرن به‌ ده‌ریا و زه‌ریا بێ په‌یه‌کان و له‌ چاو ون ئه‌بن...!!
- ساڵانێکه‌ له‌ ڕێگای میدیاکانه‌وه‌، ئه‌و میدیایانه‌ی که‌ هه‌م زیان هێنه‌رن و هه‌واڵی دڵته‌زێن و جه‌رگ بڕ، به‌ خێرایی چرکه‌ ئه‌گوازنه‌وه‌؛ هه‌م ڕێگای کوشه‌نده‌ن و ڕێ خۆشکه‌ر بۆ کاره‌سات و مه‌رگه‌ساته‌کان؛... تا هه‌واڵێکی خۆشی لێ ئه‌بیستین، چرکه‌ به‌ چرکه‌ هه‌واڵی دڵته‌زێن، دڵ و ڕۆحمان ئه‌ته‌زێنێ و فرمێسک به‌ خۆڕ له‌ چاوانمان ده‌ڕژێته‌ خوار...!!
- هه‌ر چه‌ند کاره‌ساته‌کان هه‌موویان تاڵ و به‌ ژانن، به‌ڵام مه‌رگه‌کان، جه‌سته‌کان، که‌سه‌کان، بنه‌ماڵه‌کان، هه‌رکام ژان و برینی خۆی هه‌یه‌ و هندێک به‌ ڕاده‌یه‌ک به‌ ژانه‌ که‌ زمان و دڵ و مێشک و هۆش بۆ ساتێک ڕاده‌وه‌ستێ.!!..
- مه‌رگی ئه‌و مناڵه‌ کۆرپانه‌ی که‌ هێشتا نازانن بۆ ده‌بێ ئه‌وه‌ چاره‌نوسیان بێ، ئه‌و دایکه‌ی مه‌رگی مناڵه‌کانی چه‌ند ساتێک پێش مه‌رگی خۆی دێت و دواتر ڕۆح ئه‌سپێرێ، له‌و چرکه‌ ساته‌ چۆن بیر ئه‌کاته‌وه‌و چی به‌ مێشک و خه‌یاڵیدا دێت؟!! ئاخۆ ئه‌و جۆره‌ مردنه‌ی پێ باشتره‌ یان مردنی ڕه‌زاله‌تی و بێ ژیانی و ئه‌تک کردن..؟! یا خۆ برسێتی هه‌ژاری و ڕه‌ق و ڕووتی مناڵه‌ بێ تاوان و بێ ژیانه‌کانی!؟.. باوکی پشت شکاو و سه‌ر و ماڵ له‌ ده‌س دراو، ماڵ ویران و مناڵ و ژن خنکاو، خۆی به‌ نیوه‌ گیانێکه‌وه‌ چۆنین ژیانی به‌رده‌وام بێت و دیسان بتوانێ له‌ سه‌ر پێ ڕاوه‌ستێ!..؟؟ واتای ئه‌و مانه‌وه‌یه‌ چی ده‌بێ بۆ ئه‌و و ئه‌وانه‌ی ئه‌و کاره‌ساته‌یان به‌ سه‌ر دێ؟! من هه‌ر کات ئه‌و جۆره‌ ڕووداوانه‌ ئه‌بینم خۆم ده‌بینمه‌وه‌، و وا هه‌ست ئه‌که‌م ئه‌گه‌ر من بم ئه‌و‌ که‌س، یان ئه‌وه‌ مناڵی من بێ، یان خۆ ئه‌و خێزانه‌ هی من بن و ئه‌و جۆره‌ کاره‌ساته‌یان  به‌ سه‌ر بێ، ده‌بێ حاڵم چۆن بێ؟!! نازانم وه‌ک شێت ده‌نوسم...زمانم ڕێگای ده‌ستم نادات...؟؟!!
- پرسیاره‌کان لێره‌دا خۆیان به‌رجه‌سته‌ ئه‌که‌ن؟: ئاخۆ کێیه‌ هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و ڕووداوانه‌؟؟!! من پێم وایه‌ هه‌موو لایه‌ک له‌و ڕووداوه‌ به‌ر پرسیاره‌ واته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ جۆرێک شتێکیان له‌ ده‌س دێت... ده‌کرێن به‌ چه‌ند به‌شه‌وه‌:  سه‌ره‌تا ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی که‌ خاوه‌نی کاره‌ساته‌کانن و... دووه‌م، ده‌سه‌ڵاتدارانی حاکم... سێیه‌م: خودی به‌رپرسی ئه‌و که‌س و بنه‌ماڵه‌یه‌ که‌ کاره‌ساته‌که‌ی لێ ڕوو ئه‌دا... بۆچی کۆمه‌ڵگه‌؟: چونکی کۆمه‌ڵگه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌ر پرسایه‌تی خۆی له‌ ده‌سه‌ڵات و کار و چالاکی و حکومه‌تداری، هزر و داهێنان و سیسته‌می له‌ بار، زانست و زانیاری، و تێکۆشان و به‌شداری له‌ هه‌ره‌وه‌زی بۆ چاک کردنی ده‌ورو به‌ر، و ده‌سنه‌گرتن به‌كڵاوی خۆوه‌ که‌ با نه‌یبا، و که‌ چی نه‌ک با هی ده‌وروبه‌ری برد به‌ڵکو هی خۆیشی به‌ جۆرێکی خێراتر فڕاند!!.. 
دووه‌م. بۆ چی ده‌سه‌ڵات: ئاشکرایه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات له‌ خه‌ڵکی وشیار و زانا و دانا پێک دیت و سیسته‌می گونجاو خه‌ڵکی داده‌مه‌زرینن و وشیاری به‌ کۆمه‌ڵگه‌ ئه‌ده‌نه‌وه‌... ئه‌گه‌ر سیسته‌م خه‌ڵکیی نه‌بێت و گه‌ل به‌شداری یه‌کسانی له‌ هه‌ڵبژاردن نه‌بێ دیکتاتۆری دروست ئه‌بێت و کاره‌ساته‌کان به‌و جۆره‌ چاوه‌ڕوان کراو ئه‌بن که‌ ڕوو ده‌ده‌ن...بۆچی خودی خۆی و خاوه‌ن کاره‌ساته‌که‌ تاوانباره‌؟: چونکی ئه‌ویش چاو لێکه‌ری ئه‌کات و باوه‌ڕی به‌ خۆی نیه‌ و ناتوانێت به‌ربه‌ره‌کانی ژیان بکات، یان خۆی به‌ قه‌زاو قه‌ده‌ر ئه‌سپێری و ئێژێ منیش وه‌ک ئه‌و خه‌ڵکه‌..... 
- مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی من له‌م باسه‌دا وێڕای هاو ویژدان و هاوخه‌می خۆم له‌و هه‌موو ڕووداوه و کاره‌ساتانه‌؛ هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و هه‌موو کاره‌ساته‌ مرۆیی و ماڵییه‌؛ هه‌ردوو بلۆکی به‌شی خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵات به‌رپرسیارن... که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ڕوونی باسم لێوه‌ کردوون... به‌ کورتی هه‌موو کێشه‌ و ئاڵۆزیه‌کانی جیهان و به‌ تایبه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین؛ ده‌ستی ڕۆژئاوای تیدایه‌ و هیچ وڵات و هێز و لایه‌نێک شک نابه‌م که‌ به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان چ ده‌سه‌ڵاتدار و حاکم چ ئوپۆزیسیون و ئیسلامی، به‌ سارد و گه‌رمیانه‌وه‌، سه‌ر به‌ بلۆکێک نه‌بن؛!... باوه‌ڕم وایه‌ ده‌یانتوانی نه‌یه‌ڵن ئه‌و کاره‌ساتانه‌ روو بده‌ن، وه‌ یان ده‌توانن به‌ زووترین کات کۆنترۆڵیان بکه‌ن و گۆڕانکاری له‌ هه‌ر لا که‌ مه‌به‌ستیان بێت پێک بهێنن... به‌ڵام نایهێنن و بۆ خۆیان ده‌زانن به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ کوێدایه‌....      
- ڕۆژئاوا به‌رهه‌م هێنه‌ری زانستی وشکی سارد و گه‌رمی ژماره‌یی و پێوانه‌ییه‌، ده‌مێکه‌ سواری ئه‌سپی تیژپه‌ڕی خۆی بووه‌ و به‌رزه‌ فڕی باڵانوێنی به‌رده‌وام په‌ره‌ پێده‌دا و خۆی ئاخنیوه‌ته‌ ناو جه‌سته‌ و ڕۆحی زۆربه‌ی تاکه‌کانی جیهانه‌وه‌... بێگومان ئه‌م زانست و زانیاریانه‌ که‌ باشی و خرابی خۆیان هه‌یه‌ و دوو دیوی ده‌می یه‌ک مقه‌ستن بۆ بڕینی پارچه‌ی جه‌سته‌ و ڕۆح به‌ پێی لێزانی ژیری بکه‌ره‌که‌ی؛ یا خۆ، وه‌ک ده‌رمانی نه‌خۆشیه‌ک وایه‌ که‌ گه‌ر ژیرانه‌ به‌ کار نه‌برێت ده‌بێته‌ هۆکاری مه‌رگ و کاره‌ساتی جه‌سته‌ و ڕۆح... سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رهه‌مه‌ رۆژئاواییانه‌ ئه‌گه‌ر به‌ وریایی و ژیریه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌ ته‌کدا نه‌کرێ، ده‌بنه‌ هۆکاری وشک کردن و سارد کردنه‌وه‌ی به‌شێکی زۆر له‌ هه‌ست و به‌ها ڕۆحیه‌کان، که‌ بێگۆمان ماوه‌یه‌که‌ دیارده‌کانی ده‌رکه‌وتوون... هه‌ر به‌ پێی ئه‌و زانسته‌ پێشکه‌وتوانه‌ی خۆیان که‌ ده‌توانن گۆڕانکاری خێرا پێک بهێنن و ئاگادار بنه‌وه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌ ڕووداوێک، که‌ چی خه‌مساردی زۆریان پێوه‌ دیاره‌، و ئه‌وانیش چاوه‌ڕێ قه‌زاو قه‌ده‌ر ئه‌که‌ن بزانن چۆن گوێیان به‌ هه‌واڵی سه‌یر سه‌یری تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تێه‌ زوو گه‌یه‌نه‌ره‌کان پڕ و پاراو ئه‌بێ...!
- تازه‌ به‌رپرسان و سیاسه‌توانانی ڕۆژئاوا له‌ لایه‌که‌وه‌ بانگه‌شه‌ی وه‌ر گرتنی په‌نابه‌ر ئه‌که‌ن و له‌ لایه‌که‌وه‌ به‌ربه‌ست دروست ئه‌که‌ن، له‌ لایه‌که‌وه‌ تانه‌ ئه‌ده‌ن له میلله‌تان و وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌سنشانده‌ی خۆیان؛ ڕۆژانه‌ به‌ سه‌دانهه‌زار ئاواره‌ و کۆچبه‌ر ده‌بینن و به‌ ده‌یان مناڵ و ژن به‌ خنکاوی له‌ ناو ده‌ریا و زه‌ریاکان وڵاتانی ده‌وروبه‌ری خۆیان له‌ ناو کامیون و ماشینی ده‌ر و سه‌ر به‌ستراوی گۆشتی یه‌خچاڵی ئه‌بینن، ناتوانن بڕیارێکی دروست و کاریگه‌ر بده‌ن و ڕێگای دروستتر هه‌ڵبژێرن؛! که‌ چی خۆیانی لێ ئه‌دزنه‌وه‌ و جارجارێک بۆ خۆڵ له‌ چاوکردنی خه‌ڵک هه‌ستی خۆیان له‌ میدیاکان پیشان ئه‌ده‌ن و هاوخه‌می ده‌ر ئه‌بڕن..
- هیوادارم که‌ چیتر ئه‌جۆره‌ سیاسه‌ته‌، و بازرگانی کردن به‌ گه‌ل و خاک و وڵاته‌وه‌ کۆتای بێت و هاوکاری گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵات ناوه‌ڕاست بن بۆ چاکسازی پاکسازی گشت ئه‌و گه‌نده‌ڵ و حاکمه‌ دیکتاتۆر و ده‌سنیشاندانه‌ی که‌ ده‌یانساڵه‌ گیان و ماڵیان به‌ تاڵان بردووه‌ و بازرگانی به‌ جه‌سته‌ی وڵات و ڕۆحی مرۆڤه‌وه‌ ئه‌که‌ن... که‌ یه‌ک له‌وانه‌ گه‌لی کورده‌ سه‌دانساڵه‌ له‌ ژێر باری قورسی گران و تاقه‌ت بڕی سیاسه‌تی ده‌ره‌کی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهه‌ڵاتی و هه‌روه‌ها ناوخۆیی ئه‌چه‌وسێته‌وه‌، ئه‌کوژرێت، ماڵ و سامان و جه‌سته‌ و ڕۆحی به‌ تاڵان ئه‌برێت و ده‌ربه‌ده‌ر ئه‌کرێت... کورد شایسته‌ی ژیانێکی باشتر و سه‌رفرازتره‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌وروبه‌ری هه‌یانه‌... به‌ هیوای ژیانێکی ئاسوده‌ و ئارام بۆ گشت لایه‌ک و به‌ تایبه‌ت بۆ کورد که‌ له‌ نێوان چه‌ند داشه‌به‌ردێکدا ده‌یانساڵه‌ ئه‌سوێ و ئه‌وتوویته‌وه‌، ئه‌و داشه‌به‌ردانه‌ شه‌ق به‌رن و لێکبترازێن و کوردیش گره‌وی له‌ ته‌سکی و خنکاوی و لاره‌ملی ڕاست بێته‌وه‌ و بچێته‌ ڕیزی خوا پێداوانه‌وه‌... به‌ هیوای ئه‌و ڕۆژه‌ ئیتر که‌س به‌ کۆچبه‌ری و خنکاوی له‌ ده‌ریا و زه‌ریاکان نه‌بینینه‌وه‌... 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە