(پ.ک.ک و فەتح '' ئوجەڵان و عەرەفات'' و لێکچونێک لە سەودا و مامەڵەدا)!
Tuesday, 06/01/2015, 12:00
- هەرچەند ئەو دوو ڕێکخراوە ئازادیخوازە دوو ئیدۆلۆژی جیاوازیان هەیە، هەر کام لە کات و شوێنی جیاوازدا هاتوونەتە ئاراوە، و جۆری خەباتەکانشیان جیاوازە و هەرکام بە جۆرێک بۆ گەل، و لە گەڵ دوو دوژمنی جیاوازدا دەستەو یەخەن، بەڵام لە هندێک بواری ئەساسی و سیاسی و پیلانگیڕیدا سەرەتا و ئەنجامیان لە زۆر بوارەوە لە یەک دەچن!.
- سازمانی '' فەتح '' کە ناوی تەواوی: (ڕێکخراوی ئازادیخوازی نیشتمانی فەلستینە) بە عەرەبی: '' حرکه التحریر الوگنی الفلسگینی'' گرنگترین ڕێکخراوی سیاسی نیزامی فەلستین بوو کە لە ساڵی ١٩٥٩ز. لە سەر دەستی '' یاسر عرفات'' و خلیل الوزیر (ابوجهاد) بە ئامانجی ڕزگاری خاکی فەلستین لە چنگ داگیرکاریی ئیسرائیل بە ڕێگای شەڕی پارتیزانیەوە خەبات و تێکۆشانی خۆی ڕاگەیاند...
- فتح کە گەرەترین و گرنگترینی حیزبی ناو سازمانی ئازادی بەخشی فەلستینە کە ''ساف'' کورتکراوەکەیەتی، ڕوویەکی ناسیونالیستی تا ڕادەیەک سوسیالیستی هەبووە، و کۆنفیدراسیونێک بووە لە ئەحزابی فلستینی کە لە ساڵی ١٩٦٤ز. دامەزرا، و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بە نوێنەرایەتی گەلی فەلستینیان پەسەند کرد.
- یاسر عەرفات هەر لە سەرەتاوە تا کاتی مەرگی لە ساڵێ ٢٠٠٤ز. کە بە شێوەیەکی نادیار'' مرد، کوشتیان''؛ ڕێبەرایەتی ئەو ڕێکخراوەی بە دەستەوە بوو. لە پاش مەرگی عەرەفات، '' فاروق قدومی'' بوو بە جێ نشین و ڕێبەری ئەو ڕێکخراوە، و تا ئیستا '' محمود عباس'' ئەندامی باڵای ئەو ڕێکخراوە سەرۆکی دەوڵەتی فەلستینی بە دەستە...
- هەر لە سەرەتای درەوستبوونی ئەو ڕێکخرایەوە ئیسرایل و هاوبیرانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکا دژی ئەو خەباتە بوون و دوای ماوەیەک خستیانە لیستی تیرۆریستیەوە...
- ئیسرایل بە هاوکاری ئامریکا بە تایبەت، کەوتە لە قاودان و شەڕی ڕەوانی، سوپایی، و هەمەگیرانە دژ بەو خەباتە رەوایە دژکردەوەی نیشان دا و دەیانساڵە بە هەموو جۆرێک دەستی لە کوشتن و ماڵویرانی، کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن، نەپاراستووە و بە دڕندەترین شێوە سەرکوت و ڕاونانی بزوتنەوە و گەلی فەلەستینی درێژە پێداوە و هێشتاش بەردەوامە...
- ئامریکا و ئیسرایل بە تایبەت دوای ساڵانێکی دوور و درێژ، بەو ئاکامە گەیشتن کە پلان و بەرنامەکان بە جۆرێک بگۆڕن بۆ هێورکردنەوە و پێکانی ئامانجەکانیان. دواتر داوای ئاگربەس و وت و وێژ و لێکنزیکبوونەوەیان لە فەلستینیەکان و ڕێکخراوی فەتح پەسەند کرد، و ڕێکخراوی فەتحیان بە ڕەسمی ناسی و دواتر لە لیستی تیرۆریستی دەریان هێنان...
- دیارە بە هۆی هۆکارگەلی جۆراوجۆرەوە ئەو خەباتە گرنگیەکەی زۆر لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە و سەرانی زلهێزی دونیادا پەیا کرد و بوو بە مشت و مڕ و شرۆڤەی ڕۆژانەی ڕاگەیەنە گشتیەکانی دونیا و باڵانسی سیاسەتەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی گۆڕی... کە یەکەم؛ بە هۆی هەستیاری ناوچەکە و دەوڵەتی ئیسرایل، و دووەم چەندین وڵاتی عەرەبی، و کۆمکاری عەرەبی، و هاریکاری نهێنی ئاشکرای خۆیان لە ساف و بەرەی ڕزگاریخوازی فەلستین، لە لایەک، و بوونی گرنگیەکی زۆری بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکان، بوونە هۆکاری سەرنج پێدان و گەرم و گوڕی ئەو خەبات و گۆڕانکاریانەی کە لەو ناوچەیەدا هاتبوونە ئاراوە. بۆیە هەر زۆر زوو گەیشتە سەردێڕی ڕۆژانەی گشت میدیا گرنگەکانی جیهان و باسی لێوە کرا...
- یاسر عەرەفات هەرچەند کەسێکی ئازا و بوێر و بە جربزە بوو، بەڵام زوو کەوتە داوی ئەو پیلانانە و لە پلان و بەرنامەکانی ئامریکا و ڕۆژئاوا تێوەگلا و گۆڕانی بە سەر خواست و نێوەڕۆکی ئامانج و خەباتەکەیدا هێنا و بۆ چارەسەری و گوایا ڕێگە چارە، کەوتنە وت و وێژەوە، و چەندین کۆبوونەوە و دانیشتن بە نێوبژیوانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکا، بەڕێوە چوون و تا ئیستا چەندین بڕیارنامەیەیان واژوو کردووە و درێژەیان بە گفتوگۆداوە.... لەو کاتەوە تا ئیستاشی پێوە بێ ئەو خەباتە درێژەی هەیە و هێشتا ئەو گەلە بە مافی خۆیان نەگەیشتوون... و شەڕ هەر بناو بناو درێژەی هەیە..
- بە ڕادەیەک یاسر عەرەفات چووە ژێر کاریگەری تاریف کردن و ئافەرین پێگوتنی ڕۆژئاواوە، و بە کەسێکی ئاشتیخواز و ئازادیخواز وەسفیان کرد، چاوی نوقاند و لە ئامانجی ئەسڵی پاشەکشەی کرد و لە سەربەخۆیی و ڕزگاری خاکی فەلستین و گەلەکەی گۆڕی بە '' خودگەردانی'' نیمچە ئیدارەیی و بە ڕەواڵەت گوایا چارەسەری کێشەکان بکرێ!..
- ساڵی ١٩٨٨ز. بڕیارنامەی ٢٤٢ شورای ئاسایشی گشتی قەبوڵ کرد، و بۆچونی لە سەر ئیسرایل گۆڕی... بۆیە ساڵی ١٩٩٤ز. لە ئۆسلۆی پێتەختی وڵاتی نۆروژ، پەیماننامەیەک بە ڕەسمی لە نێوان عەرەفات و دەوڵەتی ئیسرایل واژوو کرا کە ئیزنی نیمچە دەوڵەتی خۆ بەڕێوەبەری فلستینەیەکان لە '' نەواری غەزە و لێوارەکانی ڕۆژئاوای چۆمی ئۆردون'' بە ڕەسمی ناسی...
بزووتنەوەی حماس
- ساڵی ١٩٨٧ز. لە سەر دەستی '' ڕەنتیسی و شێخ احمد یاسین'' دامەزرا و ئامانجی هەموو خاکی فەلستینە، و ئیسرایلی وەک دەوڵەت و حاکمی وڵات پێ قەبوڵ نیە و خەباتی خۆی ڕاگەیاند.... لە گەڵ سوپای ئیسرایل زۆر شەڕی خوێناوی گەورە گەورە و پێکدادان روویانداوە؛ و بە هەزاران و دەیانهەزار کۆژرا و بریندار و ماڵویرانی لێکەوتووەتەوە...
- حەماس، بە ڕێکەوتنەکەی ئۆسلۆ ڕازی نەبوو... ساڵی ٢٠٠٦ز. لە هەڵبژاردنی ئازاد بردیەوە و نەواری غەزەی گرتە دەست... دواتر ٢٠٠٧ز. گرژی و ئالۆزی کەوتە نێوانی فەتح و حەماس و شەڕی ناوخۆیی لە فەلستین لێکەوتەوە، و زەرەر و زیانی ماڵی و گیانی زۆری بە دواوە بوو...
- یاسرعەرەفات، ساڵی ٢٠٠٤ز. کوت و پڕ توشی نەخۆشیەک دەبێ. دوای چەند حەوتوو بەربەرەکانی لە گەڵ مەرگ، ئاخرەکەی لە چارەسەرخانەکانی فەرانسە کۆچی دوایی ئاکا. مەرگی عەرەفات کە هێشتا ڕەمز و ڕازی خۆی هەیە و دەڵێن گوایا ژەهری لێدراوە و مەسموم کراوە... و لە لایەن ئیسرایلەوە کوژراوە و لە ناو چووە هێشتا لە مشت و مڕدایە و کاربەدەوستانی دەوڵەتی فەلەستین و سەرانی فەتح پێیان وایە مردنی عەرەفات کاری دەوڵەتی ئسرایل بووە.... ئەوەش پاش ئەو هەموو ئازایەتی و لە خۆ بووردوویی و هاوکاریە، کە چی ئاخرەکەی بەو دەردەیان برد!!..
(پ.ک.ک) پارتی کرێکارانی کوردستان.
-* پ.ک.ک. '' پارتی کرێکارانی کوردستان'' ڕێکخراوێکی چەپی کوردی لە ساڵی ١٩٧٨ز. لە '' ئاوایی فیس ی شارستانی لیجە لە پاریزگای دیاربەکر لە کوردستانی باکوور- تورکیە''؛ لە سەر دەستی، بەڕێز ''عبدوڵا ئۆجەڵان'' دامەزرا، و هەر خۆی بوو بە ڕیبەری ئەو پارتە.
- عبداللە ئۆجلان لە ساڵی ١٩٤٨ز. لە '' شانلی ئورفای کوردستانی- تورکیە لە دایک بووە. لە نێو لایەنگرانیدا بە '' سەرۆک ئاپۆ ناسراوە''. لە ساڵی ١٩٨٤ز. بە خەباتی چەک و پارتیزانی دژ بە دەسەڵاتی سەرەڕۆ و سەربازی تورکیە، بۆ بە دەسهێنانی مافی ڕەوای گەلەکەی، ڕەوتی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند و بە لولەی چەک دەوڵەتی تورکیای ڕاچڵەکاند..
- پ.ک.ک لە سەرەتاوە و تەنانەت تا ساڵی ١٩٩٩ز. ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان بوو بە تایبەت لە بەشی تورکیە.. خەباتێکی گەرم گوڕ و زۆر ئازایانە بەدژی دەوڵەتانی تورکیە و سوپای دڕندەی ئەو وڵاتە زۆر دەنگی دایەوە.. '' گریلا''، پێشمەرگە قارەمانیەتیان دەنواند و ڕۆژ بە ڕۆژ ترسی زیاتریان ئەخستە دڵی دوژمنانی کوردەوە، وکوردیش بە تایبەت لەو بەشەدا لەوپەڕی ورە بەرزیدا چاوی بڕیبووە ئەو خەباتە هیوابەخشەیان...
- لە ماوەی دوو دەیەدا زۆر توانای ئاستی خەباتی سیاسی و نیزامی خۆیان بردە سەر، کە تەنانەت دوژمنانیش نەیانتوانی حاشای لێبکەن!. لەو ماوەیەدا دەوڵەت و سوپای تورکیە ترسی تەواوی لێ نیشتبوو. بەردەوام هەوڵی ئەدا لە ناو کۆڕی دەوڵەتانی بە تایبەت ڕۆژئاوا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوزەدی بکات، و بەداخەوە بۆ ماوەیەک لە تەک هاوبیرانی رۆژاواییدا ئەو پیلانەیان جێ بەجێ کرا. ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکای هاوپەیمانی بەرژەوەندخواز، ئەو کات چاوی خەباتی ئەوان و کوردی نەدەدی و دژکردەوەیان نیشاندا..!!
- خەباتی پارتی کریکارانی کوردستان بە ڕێبەرایەتی ئۆجەڵان گەیشتە ئاستێک کە هەمو پارچەکانی کوردستان چاویان لێ بڕیبوو، بەردەوام دوور و نزیک و کەم و زۆر لە هەرچواربەشی کوردستان و کوردانی دەرەوەی کوردستان بە تایبەتی هاریکاری دەکران و پشتیوانی سیاسی نیزامی ماڵییان بە ئەو ڕێکخراوەیە دەبەخشی و زۆر رۆڵەی کورد لەو خەباتەدا خۆی بینیەوە و هاوشانی براو خۆشکەکانیان لە بەرەکانی شەر بە دژی داگیرکەران شەڕیان کرد...
- کار گەیشتە ئەوە کە ئیتر ناتوانرێ بەری هێرش و خەبات بگیرێ و بشاردرێتەوە، بۆیە تورکیە کەوتە پلانی گەورەتر، بە هەموو لایەک بە سوپا و بە پێوەندی لە گەل ڕۆژئاواو و رۆژهەڵات خۆی خستە دامێنی ئاغا و لەغاوچیەکانی و ئاخرەکەی ئامانجی خۆی پێکا!!!
- تورکیە بە هەموو توانایەوە پەلاماری خەباتی ئۆجەلانی دا و لە سنورەکانی سوریا سوپاکەی نزیک کردەوە و بە هەڕەشە لە ١٩٩٨ز. دەریپەڕاند.. و دواتر چووە ڕووسیەی کۆنە هاوڕێ و لەوێ جێی نەبووەوە!! ئاوارەی ولاتانی ئوروپا بوو.. ڕۆیشتە یونان و ئیتالیا.. داوای پەنابەری لە زۆر وڵات کرد بەڵام جوابی ڕەدیان پێدا و کەس ئامادە نەبوو وەری بگرێت!! زۆر هەوڵی دا کە جێگای ببێتەوە و نەکەوێتە دەستی تورکیە.. بەڵام مخابن نە زەمان و نە سیاسەتی ئەوکات لە قازانجی ئۆجەلان حیزبەکەیدا نەبوو، بۆیە کرا بە پاڕووی گەرم و چەوری زلهێزان و داگیرکەران و کەوتە داوەوە..!!
- هەر بە دەرپەڕاندنی لە سوریە ئۆجەلان کەوتە ڕێگەچارەیتر و چەند پێشنیارێکی بە تورکیەدا بۆ چارەسەری کێشەکانیان.... بەلام تورکیە چونکی دەستی توندکردبوو و پلانی گەورەتری بەدەستەوە بوو هیج داواو ئاگربەسێکی قەبوڵنەکرد و کەوتە ڕاونان و خستنە داوی ڕێبەری پ.ک.ک و لە ناوبردنی خەباتەکەی...
- ڕێبەری پەکەکە بەڕێز '' عبداللە ئۆجەڵان'' لە دوای سەفەرێکی پڕ ترس و کارەسات و نهێنی بۆ ئوروپا و ئاسیا و خواروژوور هیچ کەس وڵاتێک غیرەتی ئەوەی نەبوو ئۆجەڵان وەک پەنابەر یان میوان وەرگرێت!!.. سەرەڕای ناڕەزایەتی ملیونی گەلی کورد لە هەرچوار پارچە و بە تایبەت دیاسپۆرای کورد لە ئورپا و گشت شارەگەورەکان و مانگرتن و تەنانەت خۆ سوتاندن و خۆ کوشتن بۆ پشتگری و پالپشتی داواکانی ئۆجەڵان، کە بە دەیان ڕۆژ لە چەندین مەیدانی شارەکان و بە تایبەت لە ئیتالیا کە ئەو کات ئۆجەلان بۆ ماوەیەک لەوی بوو، گەنج و پیر و مناڵی کورد لە سەرما هەڵگەڕان، کەچی هەموو لایەنی دەسەڵاتداری بە ناو مرۆڤایەتی و دیمۆکراسی و لانکەی پێشکەوتن، کەڕ و کوێر و لاڵ مابوونەوە!!!..
- کورد بێ هیوا و بێ پشت و پەنا مایەوە و دوای پیلانگێڕییەکی زۆر گەورە و دوژمنکارانە '' میتی تورکی بە هاوکاری موسادی ئیسرایلی و سی ئای ئەی ئامریکا، '' لە کاتێکا بە پیلانێک لە لە یونانەوە بۆ '' کینیا'' نایرۆبی... و... ڕۆژی دواتر '' بڵن ئەجەویت'' سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیە هەواڵی دەسگیر کردنی ئۆجەڵان ڕا ئەگەیەنێت و لە فیلمێکی ساختەدا کورتەیەک لە ئۆجەڵان بە دەس و چاو بەستراوەیی پیشان ئەدەن و گەلی کورد و خەباتگێڕان توشی شۆک و نائۆمێدی ئەکەن!!.
- بە هەمە حاڵ لە پیلانێکی زۆر گەورە بەڵام ترسنۆکنانە ودژە مرۆیی و دژە کوردا بە گەلەکۆمەکێی '' موساد، و سیا، وهتد.... درایە دەستی میتی تورکی و بە چاو و بال بەستوویی و بەوپەڕی بێحورمەتی بە فرۆکە و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بردیانەوە بۆ تورکیە و دواتر لە دوڕگەی دووردەستی ئیمرالی تورکیە خستیانە زیندانی تاکە کەسی و لەوێ مایەوە... تا ئیستاش کە زیاتر لە ١٥ ساڵە لەوێ دەسبەسەرە..!!
- دوای یەک دەیە لەو ڕووداوە، '' گۆردن تۆماس'' ئەندامی پلە باڵای ئاسایشی سیا، کە نزیکایەتیکەی زۆری لە تەک موساد هەیە لە کتێبێکی خۆیدا باس دەکات کە: '' نەک هێزی ئاسایشی ئامریکا و تورکیە بەڵکوو ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێکخراوی موسادەوە ئەو کارە ئەنجامدراوە و ئۆجەڵان ڕادەستی تورکیە کراوە''...!!!
- بە هەرحاڵ بگوزەرێین لەوە... ئۆجەڵان کە گرتیان هەر زۆر زوو هندێک وشە و ڕستەی وت یان پێیان وت کە نەدەبوو ئەوانە بیڵێت و ڕەمزی خۆی و خەباتەکەی بشکێنێت؛!'' لە کاتی دەستبەسەری و لە ڕێگای گەڕاندنەوەیان بۆ تورکە باس لە تورک بوونی دایکی ئەکا و داوای لێبووردن لەو دایکانی تورک دەکا کە ڕۆڵەکانیان لە شەڕی پ.ک.ک دا، کوژراون...'' یان دەڵێ: ئەگەر بەرم بدەن من چەک بە پ.ک.ک دادەنێم و هەموو دەگەڕێینەوە بۆ وڵات''....!! دواتر و دواتر خەبات بۆ سەربەخۆیی کە لە سەرەتادا شیعاری بوو، خستیە ناو کەوانەوە و کردەیە ٧ خاڵ و هاتە خوارەوەی کەمترین داخوازی کە ''خود گەردانیە''..!!
- لەو پێناوەدا بۆ نیشاندانی دڵپاکی خۆی چەندین گرۆپی بە ناو دایکانی ئاشتی و پیاوانی ئاشتی خواز و چی و چی.. گەڕاندەوە بۆ تورکیا.. حکومەتی تورک پاشان گرتنی و ئازار و ئەشکەنجەی دان و خستنیە زیندانەوە..!! پەکەکە پێشتر و دواتر چەند جارێکیتر ئاگربەستی یەکلایەنەشی ڕاگەیاند...
- ئەمە ویڕای ئەوەی کە داوای کوردستانی گەورەی کردبوو و تەنانەت چەندین حیزب و رێکخراوی بۆ پارچەکانیتری کوردستان دروستکرد کە تا ئیستاش ئاسەواریان ماون و لە هندێک رووەوە بوون بە کێشە بۆ ئەحزابی خانەخۆیی و کەوتوونەتە زەد وخوردەوە، لە لایەکیترەوە کۆمەڵێک لە لاوان و کەسی قارەمانی گەلەکەمانیان کردە قوربانی سیاسەتەکانی خۆیان، یان لە شەڕدا دوژمن کوشتنی یان کەوتوونەتە دەستی ڕژیمەکانی ئێران و تورکیە و لایەنی دژبەر و بوونەتە قوربانی، و لە سێدارە دراون و کوژراون...
- مەبەستی من لێرە باس لە چۆنیەتی و وردەکاریەکانی ئەو ڕووداوانە و کەم وکۆڕیەکانی خەبات و سیاسەتی دەرەکی و کوردستانیی '' پ.ک.ک '' نەبوو و نیە و زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ، بەڵام هەر بۆ وەبیرهێنانەوەی خوێنەران ئەو کورتە ڕوونکردنەوەیەم هێنایەوە..
- ** گۆڕانکاریەکان خێرا تێپەڕین و ئاڵ و گۆڕی گەورە هاتنە ئاراوە... شەڕی کەنداوی دووەم لە دژی سەدام و هاتنی سوپای ڕۆژئاوا بۆ ناوچەکە و لە نزیکەوە هەڵسەنگاندنی ڕەوتی ڕووداوەکان بە گشت گەلان و ناوچەکان، باڵانس و سیاسەتی پاوانخوازانە و سەرکوتکاری تێک چوون و وەرسوڕانەوە..!!
- ڕژیمی سەدام لە ناو چوو و کورد لە بەشی باشوری کوردستان عێراق دەسەڵاتی خۆجەیی خۆیان وەچنگ کەوت و پێوەندیە سیاسی و ئابوری بازرگانیەکان گۆڕدران و تورکیەش ١٨٠ پلە وەرسوڕا.!! ڕۆژئاوا؛ کورد و دەسەلاتی کوردی بینی؛ هەرچەند هێشتا بەرامبەر بە کورد دودڵن و سیاسەتی کوردی بە نەشیا و ناسەقامگیر دەزانن بەلام بۆیان دەرکەوتووە کە کورد پارسەنگێکی گرنگ و بە هێزدەبێ لە داهاتوو، بۆیە پلانەکان لە ڕێگای ڕەقیبەکانی کوردەوە بە جۆرێکیتر بایانخواردووەتەوە!!!
- کورد گەیشتووەتە قۆناخێک کە ناتوانڕێ حاشای لێبکرێ و تورکیە ناچار بووە بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی و دامرکاندنەوەی خەبات و ئیحساسی گەلی کورد لەو بەشە دەسبداتە کۆمەڵێک کار و پلان و گۆڕانکاری... هەروەک دەبینین ئەوە چەندین ساڵە خەریکی پێوەندی و ئاسای کردنەوەی دڕدونگیەکانی کورد و ڕاکێشانی هێزی کوردە بۆ لای پشتگری لە سیاسەت و پارتێکی دەسەڵاتداری تورکیە، کە ئیتر ئیستا هاوکێشەکان بەجۆریکیتر دەبینرێن..
- پ.ک.ک دوای گرتنی ڕێبەرەکەیان نەیانتوانی خۆیان لە چنگی تاک دەسەڵاتی ڕزگار بکەن و هەتا ئیستاش ئۆجەلان هەر رێبەری ئەو ڕێکخراوەیە.! پاش گیرانی سەرۆکەکەیان ئەو پارتە لاواز بوون و نەیانتوانیوە تا ئیستاش ئەو پرستیژ و تایبەتمەندیانەی لە دەورانی ئازادی و ڕێبەرایەتی ئۆجەڵاندا بوو لە ناو ڕێبەرایەتی و خەباتی سیاسی و نیزامی، بەرەو پێشتری بەرن. بە پێچەوانە بۆ دواوە گەڕاونەتەوە.!! لە ماوەی ئەو ١٥ ساڵەدا هەرچەند زۆربەی خەتەکانیان هەر ئۆجەڵان دیاری ئەکات و ئەو فەرماندەی ئەسڵیە و سیاسەت و بەرنامە و ڕێگەچارە هەر لە زیندانی ئیمرالیەوە بە ڕێبەرایەتی پ.ک.ک دەگا و کاری پێدەکەن، کە چی بە دەیان کەس و کەسایەتی لەو ڕێبازە وازیان هێناوە و دانیشتوون، جیابوونەتەوە، یا خۆ لە لایەن ڕێبەرایەتیەکەیانەوە، جا خۆیان بووبن یان دوژمن؛ چەندین کەسیایەتی و ئەندامی ڕێبەرییان لێکۆژراوە و لەناو چوون.!!
- ماوەی چەند ساڵێکە بە تایبەت لەو کاتەوەی کە '' ڕەجەب تەیب ئەردوغا'' سەرۆکوەزیران بوو لە تورکیە و حیزبەکەی لە لایەن بەشێکی زۆر لە گەلی کوردەوە لەو وڵاتە پشتگیری لێدەکرێ، سیاسەتێکی نەرم نیانی پێڕەو دەکا و گوایا هەوڵی داوە و دەیەوێ لە ڕێگای ئاشتی و هێمنیەوە کێشەکان چارەسەر بکات..لە هیچ کەس شارەوە نیە کە هۆکاری سەرکەوتنی یەک لە دوای یەکی پارتەکەی ئەردۆخان و مانەوەی لە پۆستە هەرەباڵاکاندا دەنگی کورد بووە...
- باسی ڕیشەیی لێرەدایە: ئۆجەڵان لە زیندانەوە بەردەوام لەو چەند ساڵەدا هەوڵی داوە بە ڕێگای وت و وێژ و ئاشتی ڕێگا چارە بدۆزێتەوە... بەردەوام بە نامە گۆڕینەوە بۆ لایەنی دەوڵەتی، و پارتی نزیک لە خۆی و ئەردۆغان، هەروەها بۆ ڕێبەرایەتی پ.ک.ک. بۆوەی کێشەکانیان چارەسەر بکات.... بەڵام لە لایەکیتروە حکومەتی تورکیە و دەسەڵاتی ئەردۆخان دژی پ.ک.ک یە و هێشتا ئۆجەڵان بە تیرۆریست ناو دەبا، و لاپەڕەی وت و وێژ و ئاشتیشی کردووەتەوە و هێشتا بە ڕەسمی نایانناسێ...!!
ئاکامگیری...
....... *** ئەنجام و ئاکامگیری: لێکچونی فەتح و ساف و خەباتی چەکداری و ئیدۆلۆژی لە سەرەتاوە و گۆڕانکاریکان... بادانەوە و گۆڕانکاری لە ئەسڵی ئامانجی خەباتکارانی کۆژرا و کە لە پێناو مەبەست و ئامانجیکیترا گیانیان بەخت کرد و ئیستا گەیشتووەتە نە ژیان نە مردن و خودگەردانی بووەتە ئامانجی گەورەیان ... و خۆیشی لە سەر دانا...
- هەرچەند گومان لەوەدا نیە کە پشتیوانی فەتح و ناوی لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و پیناسەی ڕیفەرمالیتی دەوڵەتی فەلستین و بە دەنگەوەهاتنی کۆمکاری عەرەبی لە لایەک و بەشیکی زۆر لە دەوڵەتانی جیهان بەشێک لە گەلی فەلستینیان بەنج کردووە و خەریکە پێناسەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ وەردەگرێ...بەڵام باوەڕ ناکەم ئەو جۆرەی ئیستا بتوانێ چارەسەری کێشەی بنەڕەتی فەلستینیەکان بکات... کەواتە هێشتا شەڕ لەوی لە سەرەتایدایە.!!.
** لەملاوە؛ پ.ک.ک و خەباتی چەکداری و ئیدۆلۆژی و ئامانجە گەورە و گشتگرەکانی کوردستانیی و سەربەخۆیی و... پێکهێنانی پارلمانی کورد لە دەرەوە و کۆمبونی کوردان، و دواتر کۆنگرەی نەتەوەیی و ... هتد... پاشان بادانەوە و کەمکردنەوەی داواکاریەکانی کورد و گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی خۆی و بێدەنگ بوونی کوردستانی گەورە و نزمبوونەوەی هەرای بەشەکانیتری کوردستان و باڵباڵێنی ناو ڕێکخراوەکانیان، بەراورد بە ڕێکخراوی فەتح و ڕێبەرەکەیان، بە لای باوەڕی منەوە لە زۆر بواردا یەک ئەگرنەوە..
- ** پێموایە ئۆجەڵان لە زیندان ئازاد ئەکرێ، و لە سیستەمی حکومەتی نوێی تورکیا لە ژێر ناویتر و نەخشەپلانیتر خودگەردانی فۆرمالیتە ئەبێ و کۆتایی دێ بە بیر و ئامانجی ئەو کەسانەی کە لە سەرەتا و دواترا بۆ سەربەخۆیی و دیاری کردنی مافی تەواوی گەلەکەیان و خاکی کوردستان گیانیان فیدا کرد و بەو ئاواتانەوە سەریان ناوەتەوە، دەبێتە خودگەردانیەکەی ڕێکخراوی فەتح و حکومەتی ئیسرایل، و ئەگەر ئۆجەڵانیش ئاگای لە خۆی نەبێ ئەکەوێتە ناو دا و تڵەی میتی تورک و نژادپەرستان و دوژمنانی نەتەوەکەمانەوە..!!
-** هیوادارم لەم بەراوردەدا بە هەڵە چووبێتم و ئۆجەڵان وحیزبەکەی نەبنە ئامانجی پلان و لە ناوبردنیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیەوە.
ن. مەجید کاکەوەیسی ٥/١٢/٢٠١٥ز
- سەرچاوە: ویکیپیدیا...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست