ئینگە و لەنگەی شۆڕشەکانی کورد و پلانگێڕیەکان لە سەدەی نۆزدە- بیستی نەتەوە دەوڵەت و شارستانیەتدا تا بە ئەمڕۆ (بەشی شەشەم)
Friday, 02/01/2015, 12:00
'' شەڕ و لێکترازان و دووبەرەکی ناو بزووتنەوە و پارتە کوردیەکان''
- '' دار کرمی لە خۆی نەبێ هەزار ساڵ ئەژی''
- سەرهەڵدان و پێکهاتنی پارت و ڕێکخراوە کوردستانیەکان کە هەرکام لە هەل و مەرج و کات و ساتی هەستیار و گرنگدا لە ناکاو و لە پڕێکدا خۆیان دەرخستووە و ئەندامگیرییان کردووە، و خەباتی چەکدارییان دەسپێکردووە، زۆر جاران بێ لێکدانەوە و خوێندنەوە بۆ ئەوەی ڕێژەو ئاماریان زۆر و بۆر بێت و تەزاهور نیشانبدەن دەسیان کردووە بە ئەندامگیری، وە یان خۆ سەربەخۆیانە لە ناکاو بێ ناسینی پێشینەو کارو چالاکی و پلەو پایەی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی، تاکی کۆمەڵگەیان وەر گرتووە.. پێش ئەوەی مێشکی چەکدار بکەن دەسیان چەکدار کردووە و دەسیان داوەتە چەک..!! یا خۆ چالاکوانی سیاسی و هەڵسوڕی ناوخۆیی ئەو ڕێکخراوەیان پێدەسپێردراوە و کراون بە کەس و کەسایەتی باوەڕ پێکراو... و، دواتر بەشێک لەوانە بوونەتە کۆسپ و تەگەرە، و قەیرانی جۆراوجۆریان خوڵقاندووە!!.. زۆر جاران بوونەتە هەرەسهێنانی سیاسی تەشکیلاتی، ئەو ڕێکخراوە..، و تا لێواری مەرگ و نەمان بردوویانە.. یا خۆ زەرەرو زیانیانی وایان لێداوە کە دوژمنیش بە هەموو هێزیەوە ئەوەی پێ نەکراوە و پێی ناکرێت بیکات..!! کێشەی ناوخۆیی و ئورگانیکی لە هەر بنەماڵەیەکەوە بگرە تا دوایی... لە هەموو ڕوویەکەوە ترس و زەرەری زیاترە لەوەی کە دوژمن لە بەرامبەردا بیکات!...
- هەروەک پەندی پێشینان لەم بارەوە چەند ئامۆژگارییەکی هەیە بە پێویستم زانی بۆ پالپشتی باسەکەم بیانهێنمەوە: وەک دەڵێن؛ ('' دار پوازی لە خۆی نەبێ ناقڵشێ'' - یا خۆ دەبێژن: '' دار کرمی لە خۆی نەبێ هەزار ساڵ ئەژی تەور کلکی لە دار نەبێ درەخت نابڕێتەوە... تاد..) هەموو ئەوانە بەرۆکی بزووتنەوەکانی کوردی گرتووەتەوە و ئەزموونیشی لێ وەرناگرن!!
- حیزبە سیاسیەکانی کوردستان بە هەموویانەوە؛ هەر لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە تاکوو ئیستا بەردەوام قەیرانی ناوخۆییان هەبوو و هەیە. لە سەر شتی لاوەکی و بچووک لێک دەترازێن و دڵی گەلێک پڕ لە ناسۆر ئەکەن!.. ئەندامانی خۆیان توشی دابڕان و دڵساردی و تەنانەت دوژمنایەتی یەکتری ئەکەن...! زۆرجاران بەرژەوەندی گشتی فیدای قازانج و بەرژەوەندی تاک و کۆ و دەستە و تاقم دەکەن و گەل نائومید و دوژمن دڵخۆش ئەکەن!! ... بە هەر حال لەوە زیاتر درێژەی پێنادەم و چەند نموونەیەک لەو پارت و ڕێکخراوانە لێرەدا باس ئەکەم و ئەگەر گونجا لە بەشەکانی کۆتاییدا کەمێک زیاتر لەم بوارەوە دەدوێین..
١- '' حیزبی دیمۆکراتی کوردستان- ئێران: (''؛ لاواز بوون، کەوتنە ژێر باڵ و چەتری پارت و ڕێکخراوی چەپی و ڕاستی..، دیسان شەڕ و دابڕان، لێکترازان، دەستە و تاقم و چەند دەستەیی.. و دواتر و دواتر شەڕی براکوژی)...!
٢- '' پارتی دیمۆکراتی کوردستان: (''، دابڕان و لێکترازان، لاواز بوون، تا سنووری مەرگ ڕۆیشتن، چوونە بندەست و شەڕی براکوژی و.. دیسان دوبەرەکی و بەرهەڵستکاری، جیابوونەوە، لێکترازان، و شەڕی براکوژی لە چەند قۆناخدا)..!.
٣- " یەکێتی نیشتمانی؛ کە دواتر و زیاتر باسی لێوە دەکەم و کورتەیەک لە خەباتەکەی دەخەمە بەر چاوی خوێنەران؛ و (لێرە تەنیا ئاماژە بە شەڕەکانی برا کوژی و چەند قۆناخی ئەوان و پارتی وە بیر دێنمەوە کە هەر لە دێر زەمانەوە تا ئیستاشی پێوە بێت خەریکی یەکتر بڕینەوەن)!!. ئەوانیش هەر لە سەرەتای دروسستبوونیەوە کۆمەڵێکی جیا بووە بوو لە پارتی، و کەوتە دژایەتی، دواتر پاڵ بە حکومەتی ناوەند، و دیسان شۆڕش، شەڕ و پێکدادان. گەڕانەوە بۆ شاخ و خەباتێکی گەرم و گەورە و ئازایانە، بەڵام لە کۆتایی دیسان شەڕ و بەربەرەکانی و براکوژی و لێکترازان و جیابوونەوە و بە پیرۆز کردنی ناو و کار و خەباتەکەیان و شانشکاندن بە مل لایەنەکانیترا)..!!
- ٤ '' کۆمەڵە: ('' بە بەشی کوردستانی و کومونیستی، پڕۆلیتاری و کرێکاریەوە، کە دواتر هندێک زیاتر باسیان لێوەدەکەم، ئەو کات ئەوانیش لە چەندین قۆناخدا لە کۆتایی حەفتاکانی زایینیەوە بە ئیدۆلۆژی نامۆ و جیاوازەوە لە کوردستان سەریان هەڵدا)..!.
- * " ئەوان بە کەمێک جیاوازیەوە هەر لە سەرەتاوە لە بندەستی سازمان و ڕێکخراوی ئیدۆلۆژی بێگانەوە هاتنە ئاراوە و لە ناکاو هاتنە ناو گۆڕەپانی خەباتی کوردستانیەوە!. بەڵام زۆری نەبرد ئەوانیش ئەملایەن و ئەولایەنیان تێکەوت و توووشی قەیرانی سیاسی هاتن، دابڕان و جیابوونەوەیان لێکەوتەوە؛ و دواتر توشی شەڕی براکوژی و دیسان بە چەند قۆناخ لێکترازان، کوردستانی و نا کوردستانییان لێ پەیدا بوو!!... - ئاخر چونکی لە کاتێکدا کە کوردستان ١% کریکاری پیشەیی نەبوو و کارگا و کارخانەی پیشەیی لە کوردستان وجودیان نەبوو، ئەوان داوای مافی کریکار و سیستەمی کومونیستی و چینی پڕۆلیتاریای جیهانیان هێنابووە ناو مەیدانی کلاسیکی کوردایەتی و چینی هەژار و بێ داهات و نەخویندەوار، و دەیانەویست پێش بناخەی دیواری کوردی و کوردستانی، سەر و بانی نەخوازراوی ناواقعی بۆ نەشیاوی بو دابنێن؛.. ! نموونە؛ وەک: '' کەسێک بە جلی کوردی عەبا و عەگاڵ لە سەر بنێ'' یا خۆ یەکچینی و لەشکر ئاسای جل و کڵاوی سوور؛ زوو جێگای شەواڵ و کڵا و جامانەی کورد بگرێتەوە..!!'' دەیانەویست تیئۆری مارکس و لینین و... تاد. لە ناو وەپاشکەوتوویی ئەو کاتی چین و توێژی کوردستان دابەزێنن...!!! بە هەر حاڵ؛ لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە هاتنە گۆڕەپانی خەباتی ئاشکرا و دوای ماوەیەکی کورت لەم ناو بۆ ئەو ناو..، دەستیان کرد بە تێکۆشانی سیاسی و چەکداری. زۆری نەخایاند لە تەک حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کەوتنە شەڕەوە و هەرکام بە جۆرێک یەکتر تاوانبار کردن، دەسیان چووە شەڕی برا کوژیەوە!.. زەرەرو زیان و قوربانی زۆری لێکەوتەوە و کوردیان دڵسارد کردەوە.. ئەوڕووداوە جەرگبڕانەش لە پێناوی دەسەڵاتی حیزبی و تاکڕەوی و خۆ سەپاندندا هاتنە ئاراوە!!
- * هەرچەند دامنابوو لە دواترا و لە درێژەی ئەم باسەدا باسیان لێوە بکەم بەڵام دیسان بە پێویستی ئەزانم کەمێکیش لە هاتنەوە گۆڕەپانی ئاشکرای حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ز. کە دوای ٣٢ ساڵ لە ئاوارەیی دیسان خەباتی هەمەگیر و جەماوەری وەڕێ خستبووەوە باس بکەم. هەردوولا؛ واتە دیمۆکرات و کۆمەڵە لە گەڵ چەند ڕێکخراویتر لە وت و ویژا بوون لە گەڵ کۆماری ئیسلامی، بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و چەند قۆناخێک چوونە پێش. بەڵام هەر زۆر زوو بە هۆی جیاوازی بیر و ڕا و یەکتر قەبووڵنەکردن لە لایەک، و لە لایەکیترەوە دەستی دووبەرەکی و ئاژەوە لەو نێوانەدا پەرەی سەند و تا ماوەیەک هەر بە تانە و تەشەر لە یەکددان، یەک خۆی بە گەرەتر و حیزبی دایک دەزانی و جەماوەری بە هی خۆی ئەژمار ئەکرد... ئەویتر خۆی بە پێشڕەوی خەباتی مۆدێڕن و سوسیالیستی و چینی کرێکار دەزانی و ... ڕۆژانە یەکتریان تاوانبار ئەکرد؛ ڕێبەرایەتی هەردوولا ئەوەندە یەکتریان قاو دا تا هەموو شیرازەی ڕێکخراوەیی تەنییەوە و تەشەنەی کردە ناو کۆمەڵگای کوردی و دەورو بەر و پاش ماوەیەک لە باتی ئەوەی خۆیان تەیار بکەن بۆ یەکێتی و یەکڕیزی خەبات و گەل و جەماوەر، کە چی بەداخەوە لە کات و ساتێکی زۆر هەستیار و ناسک پێکەوە بە شەڕ هاتن و ئەو ڕووداوە تاڵ و جەرگبڕانەی لێکەوتەوە؛ ئەوەندە خۆیان زەربە و زیانی گیانی ماڵییان لە خۆیاندا، باوەڕناکەم دوژمن ئەوەندەی بەرامبەر بەو دوانە کردبێت!! کە مێژوو قێزیان لێدەکات و لێیان خۆش نابێ و دەبێ ڕۆژێک جوابی هەموو لایەک بدەنەوە...!
هەروەها تەنیا ئەو چوار حیزبە سەرەکیە نەبوون کە توشی کۆمەڵێک شەڕ و دووبەرەکی و زەرەر و زیانی گیانی ماڵی، جەماوەری و سیاسی هاتن، بگرە باقی سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان وەک '' سازمانەکانی خەبات، یەکێتی شۆڕشگێران، پارتە کرێکاری، کومۆنیستی، سوسیالیستی، پارتە گەلی و نیشتمانی، ئیسلامی و عیلمانیەکان''.. تاد. هەر هەموویان بە جۆرێک لە جۆرەکان کەم و زیاد توشی قەیرانی ناخۆیی و تەنانەت شەڕی براکوژیش هاتوون!!. زۆرتر لە سەری ناچم و هەر ویستم بە گرێدان بە شەڕ و دڕدۆنگی حیزبە سەرەکیەکانی کوردستانەوە ئەو چەند دێڕە لەم بەشەدا باس بکەم...
درێژەی هەیە....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست