لە فەرەنسا ! زمانی کوردی چۆن فێربووم؟
Monday, 07/08/2023, 22:28
لە فەرەنسا سەرەتای ساڵەکانی هەشتای سەدەی پێشوو بوو.
ماوەیەکی زۆر نە بوو، چەند ساڵێک بوو، ئاوارە ببووم، زمانی فەرەنسای ئەودەم شەش حەوت وشەی فەرەنسی بەئاستەم ئەمزانی.
کرێکاری لەحیم بووم، بۆ بژێوی ژیان لەحیمکردن زمان زانینی زۆر پێویست نە دەبوو.
لە پشووی هەینییەکاندا، یان دوای کار تەواو بوون، کتێبخانەی گشتی لە گەرەکی بێنجەمی پاریس و کتێبخانەی جۆرج پۆمپیدۆ لە گەرەکی سێهەمی پاریس بۆ کۆششکردن لە زمانی فەرەنسیدا دەچووم، زۆر تێدەکۆشام، بەڵام بەداخەوە فرە پێش نە ئەکەوتم.
پێویستی دەکرد چەند کۆرسێکی زمان وگرامەر فەرەنسی فێربوون لە قووتابخانە وەرگرم. بێ پارەی وکەمی درامەت رێگای لێگرتبووم، هەر چۆنێک بوو، قووتابخانەیەکی خاس بە پارەی کەم دۆزیمەوە، کۆرسێکی گرامەر و ئاخافتن وەرمگرتن. لە قووتابخانە پاش ماوەیەکی کەم لەگەڵ مامۆستاکەماندا کەوتمە شەرە سەرنجی ناخۆشییەوە. خانمێکی بەتەمەن بوو، باوەری بە باشی هەوڵدانی نەدەکردم.
لە قووتابخانەکە تاقەتی سەرزەنشتی نادڵسۆزی مامۆستاکە نەمما، زۆر توورەی کردم، یەک دووکەرەت پێگووتم: درۆدەکەی تۆ ناتەوێ چ فێربی. یەک دوو هەفتە مامەوە پاشان لە قوتابخانە وازم هاورد.
بریارمدا بە تەنیا لە فێربوونی زمانی فەرەنسیدا هەوڵبدەم، هەر چەندە ئاسان نەبوو بۆخۆم کۆششبکەم، بەڵام چارە نەمبوون.
لە کتێبخانەی جۆر پۆمپیدۆ بۆخۆم کۆشش لەسەر کیتابی نوسەرەکانی فەرەنسی وەک کامیۆ، مووپاسان، بلزاک وئەمیل زۆلا دەمکردن. گرامەری فەرەنسی بۆ خۆم لە ویکێندەکاندا کار تێدا دەمکردن.
دوو ساڵێکی خایاند، هەمیشە بەردەوام هاتووچۆی کتێبخانەکان دەمکردن، بە هۆی زۆربەی کاتەکان فرە لە کتێبخانەکاندا دەرئەکەوتم، فەرەنسیەکی مامۆستای زمانە رۆژ هەڵاتییەکاندا لەگەڵیدا برادەرایەتی لە نێوانماندا درووست بوو. ناوەکەی بەداخەوە پاش ئەو هەموو ساڵە بیرم نەماوە.
مامۆستایەکی فرە خاسبوو، یارمەتی زۆری دام، هاوکات ئەوبەرێزە وانەکانی لە دانشگا دەیوتنەوە لە کتێبخانە ئامادەی دەکردن. بەو رۆژگارە خەریکبوو دەی نوسی و دەیخوێندەوە. پێکەوە هەندێ کەرەت لەرۆژەکەدا بۆ پشوودان قاوەخانەکەی نوهۆمی سەرەوەی جۆرپۆپیدۆ دەچوین، قاوەیەکی گەرمان دەخواردەوە، تا بەدەم کیتاب خوێندنەوە وەنەوز نەمان باتەوە.
رۆژێکی لێمپرسی.
مامۆستا وانەی چ دەرێنەوە؟
گووتی،
زانستی زمانەکانی رۆژهەڵاتی، ستراکچەری رستە، رستە سازی، داتاشینی وشە و گرامەرەکانیان دەرێمەوە .
من ئەودەمە زۆر لە مەبەستی تێنەگەیشتم، بەڵام سەرم بۆلەقاند و وی وییەکی فەرەنسیانە بۆمکرد وەکی کەسێک تێگەیشتبێت.
من کۆڵ لە کۆشکردنی فێر بوون نەمئەدا، تا ئەو سنورەی دەمویست فەیلەسوفەکان وەکوو: کانت، دیکارت وهێگلی بە فەرەنسی بیان خوێنمەوە، هاوکات فەرهەنگی فەرەنسی زۆر بەکارم ئەهێنان. لەفەرەنسا ئەودەمە ماوەیەکی زۆر نەبوو ئاوارە بووم، فرە دیار بووم غەریب وخەڵکی فەرەنسا نیم، زۆرتر بە گەشتیار دەچووم، تا ئاوارە. خەڵکی فرە لێیان دەپرسیم خەڵکی کوێت؟ ولە کوێوە هاتووی؟. لەسەرەتادا بەلامەوە سروشتی بوو، بەرەبەرە و لەگەڵ رۆژگاردا لە پرسیارەکەیان،" خەڵکی کوێی؟" قارس دەبووم. زۆر کەرەت دەمگووت:
پێتان ناڵێم، یان بۆ لە من دەپررسن:
بۆ چ گرنگە بەلاتانەوە خەڵکی کوێبم؟
رۆژ لە دوای رۆژ پرسیارە نا دروستەکەیان سەری دەئێشانم.
مامۆستا فەرەنسییەکە رۆژێکی لێمپرسی، مامۆستا بۆ چی تا هەنوکە لێتان نە پرسیوم،
- خەڵکی کوێندەرم. بەم رۆژگارە هەرچی دەبینم یەکم پرسیار لێمدەکەن: خەڵکی کوێیت.
بەڵام بەرێزتان تا ئەمرۆ لێتان نەپرسیوم.
خەڵکی کوێم،
لەسەر خۆ وەڵامی دامەوە:
من پێویستم لەگەڵ تۆدا بەو پرسیارە نیە، لێتانی بکەم، بەڵام بە حوکمی کارەکەم، دەزانم بەرێزتان خەڵکی کوێن.
گووتم چۆن دەزانن؟ دەفەرموون پێم بێژن:
خەڵکی کوێم.
گووتی کوردن، ئێ گووتم،
چۆن زانیتان، وەڵامی دامەوە گووتی بە موسیقا دەربرینی وشەکانت، سیلاب برینی رستەکان وئاوازی ڤۆیڵەکان ئەیدرکێنی کاری خۆمە ئەیزانم.
گووتم، خۆ بە فەرەنسی لە گەڵتان گفتوگۆ دەکەم.
گووتی: ئاسانە ڤۆیڵ( پیتی دەنگدار) و( بێدەنگی) لە زمانی کوردیدا فرە ئاسان دیارن، لە کاتێکدا بە زبانی فەرەنسی ئاخافتن دەکەی مۆسیقای زمانی کوردی بە کاردەهێنی. لەسەر ئاخافتنەکەی بەردەوام بوو.
گووتی؛
بەرێزتان تا زمانی دایک فێر نەبی واتە زمانی کوردی، هەرگیز ناتوانی زمانێکتر فێربیت.
بەسەر سورمانەوە پرسیم.
چی ؟ تا زمانی دایک فێرنەبم، هەرگیز ناتوانم زمانێکتر فێرببم.
سەرم زۆر سورما، ویستم کەرەتێکیتر پرسیاری لێ بکەمەوە، دەرفەتی نە دامێ، بەردەوام لەسەر گفتەکانی بوو.
گووتی:
بەرێزتان نازانن ڤێرب وڤێربی ئۆکسیلەر لەزمانی کوردیدا چۆن لە رستەدا بە کار دەهێنرێن، لە چ جێکایەکی رستەدا لە زمانی کوردیدا خۆیان ئەدۆزنەوە، هەروەها ناو، سیفەی کات و شوێن نازانن لە رستە سازی بە کاری بهێنن.
ڤۆیلەکان و( پیتە بێ دەنگدارەکانی) زبانی کوردی بەهەستی رۆح ناناسن، چونەکە پیتەکوردێکان بە پیتی عەرەبی و فارسی نانوسرێن، بەپیتی بەلاتینی نەبێت نانوسرێن.
پێی گووتم،
داگیرکەرەکانی کوردستان بەدەستی ئەنقەست زمان و نوسینی کوردی شێواندوویانە.
میللەتی کورد پێش هەموو هەنگاوێکی نەتەوەی پێویستی بە رزگاری ژیانی زمانی ئاخافتن و نوسینی کوردی هەیە، ئەم هەنگاوە هەروەها پێویستی بە دامەزراوەی دەوڵەتی ئەکادیمیای زمان ولۆجیکی زمان هەیە.
لەکاتی گفتەکانی بۆ ئەدرکانم، من چاوەکانم پڕ لەفرمێسک بوون، نەمویست بزانێ خەفەتباری کردوم، بەدرۆ پێکەنیم، گووتم:
وابروا بگەرێمەوە بۆ وڵاتەی لێ هاتووم، سەگوگورگەکانی دەسەڵاتی سەدامی برسی خوێنی مرۆڤ، خاسترە بمخۆن، تا لەم کوێرەوەری بێ زانینی زمانی دایکدا بمرم.
گووتی:
نا،،،نا،،، هاورێی کوردی خۆشەویست، یارمەتیت ئەدەم.
کاتێک گووتی نا،،نا، مامۆستا هێمن وە بیری هاوردمەوە.
هاورێ کەواتە بەشمان لە ناو چوونە..
نا،،نا،، دوور بروانە.
ئاسۆ روونە،،، ئاسۆ روونە.
لەو رۆژەوە رۆژانە بەدڵ کۆشش لەزمان ونوسینی کوردیدا دەکەم.
---------------------------------------------------
تێبینی،”
رێرەوی فەرمان لە نوسینەکەمدا” وەک؛چاکەتەکەم دۆزییەوە. { بەکوردی درووست}؛ چاکەتەکە دۆزیمەوە. م ئامرازی قسەکەری یەکەم دەچێتەسەر فەرمان.سەر ناو ناچێ.
چاکەتەکەت دۆزییەوە.بەکوردی{ بە کوردی دروست}چاکەتەکە دۆزیتەوە، ت ئامرازی قسەکەری بەرامبەرە
هەروەها فەرمان ئامرازەکان وەردەگرن. نەک ناوەکان ئامرازەکان وەرگرن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست