جێگرەكەی قوباد تاڵەبانی بۆ وازی لە كارەكەی هێنا؟
Tuesday, 17/11/2009, 12:00
یەكێتی ئەو باوكەیە كە لە سەرەتایی دروستكردنی كەسێكدا ئامادەیە دەستی بگرێت تا لەناو بازنەی متمانەی خۆی دایە، بەڵام دواجار ئەگەر ئەو كوڕەی حیزب یاخی بێت یان هەر شتێك بكات بە دڵی باوك نەبێ، ئیتر ئەو كوڕەی حیزب دەكرێتە دەرەوە و وەك كوڕێكی زڕ مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. هێرش ئەو كوڕە بوو كە حیزب باوەشی بۆ كردەوە وەك پاداشتێك بۆ بنەماڵەكەی كە ساڵانێك لەو حیزبەدا خەباتیان كردووە، حزب وای زانی كە هێرش وەكو نەوەی رابردووە، نەوەیەكی گوێگرە و بە فەرمانی باوك هەڵسوكەوت دەكات، بەڵام دواجار عەجولی ئەو دەركەوت و باجی ئەو شێرپەنجەیەی دا كە ئەمڕۆ حیزبەكەی بە ناوی كوتلەوە توشی بووە.
سەرەتای دەركەتنی ئەستێرەی بەختی هێرش
لە دوای رۆیشتنی بەرهەم ساڵح و محەمەد سابیر و مانەوەی قوباد تاڵەبانی بە تەنها و كردنی بە نوێنەر، بە بڕیاری هەردوو نوێنەری پێشووی یەكێتی و بە چاودێری مام جەلال بڕیاردرا كە نزیكترین كەسی باوەڕپێكراوی ئەوان لەم نوێنەرایەتیە وەك یاریدەدەری قوباد دەست بەكاربێت، هەوڵێكی زۆر درا بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسە باوەڕپێكراوە، بۆ دواجار هێرش ئەو كەسە بوو كە ئەم شانسەی پێدرا، كە بنەماڵەكەی نزیكترین كەسانی یەكێتین و هێرش بە هۆی خزمەكەشیەوە مستەفای سەید قادر زیاتر توانی بچێتە پێشەوە. لە ماوەی كاركردنیدا ئەزموونێكی حیزبی نەبوو بە هۆی كەمی تەمەنیشەوە نەوە كۆنەكەی سەردەمی شاخ خۆشیان نەدەویست و كێشەیان بۆ دروست دەكرد. بەڵام هەر زوو توانی كاری بەرچاو بكات لە غیابی قوباد كە بە هۆی سەفەرە زۆرەكانیەوە كەمتر ئامادەگی هەبووە. هێرش كۆنتڕۆلی تەواوی هەموو كەناڵەكانی حیزبی و نوێنەرایەتی هەرێمی كرد لە ئەمریكا، توانی پێگەی جەماوەری باش بۆ خۆی پەیدا بكات،
هێرش لە ماوەی كاركردنیدا نزیكترین كەس بوو لە بنەماڵە تا بگرە لە سەردانەكانی تاڵەبانی هەردەم بینراوە، لە مانەوەش لە نەخۆشخانە هەمیشە بە دیاریەوە بوو. ئەوەش وای لێكرد كە ببێتە جێگای متمانەی هەموو مەكتەبی سیاسی، نزیكترینیان كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح بوون. هەر زوو ئەوە وای لێكرد لە میدیاكانی حیزب دەركەوێت.
پێش یەكگرتنەوەی ئیدارە بە فیعلی هێرش جێگری قوباد بوو، بەڵام دوای یەگكرتنەوە بۆ رازیكردنی پارتی هێرش پۆستەكەی لێ سەنرایەوە و كرا بە یاریدەدەری نوێنەر، ئەوە وای لێكرد كە بە دوای پشتگیری دیكە بگەڕێت بۆ لە دەستنەدانی پێگە تایبەتیەكەی خۆی، هەر ئەوە وای لێكرد كە هانا بۆ نەوشیروان مستەفا بەرێت. چەندین جار سەردانی بە ئاشكرا و لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی نەوشیروان یەكتریان بینوە تا لە دوا سەردانیشیدا هێرش داوای لێكردوە هاوكار و پشتگیری بێت، لە دوا جار بڕیار بوو وەك نوێنەری وشە دەست بە كاربێت، بەڵام تا ئێستا بە شاراوەیی ماوە.
وازهێنانی هێرش
لە دوای گەڕانەوەی جەلال تاڵەبانی لە كەشێكی تەمومژاوی هێرش دەستی لە كار كێشایەوە. تا ئێستا كەس راستی ئەم هەڵوێست وەرگرتنە نازانێ، كاتێ كە دەستی لەكار كێشایەوە لە روونكردنەوەیەكدا هەر هێندەی گوت "من هێرش عەبدولڕەحمان، كە لە ساڵی 2004 تا 2006 یاریدەری تایبەتی نوێنەری حكومەتی هەرێم (ئیدارەی سلێمانی و یەكێتی) بووم لە ئەمریكا و لە 2006 تا ئەمڕۆ، كە لە هەردوو پۆستەكەدا كارم كردووە، واتە دوای 5 ساڵ كاركردن لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم، ئیستاش بڕیاری دەست لەكاركێشانەوەی خۆم رادەگەیەنم لەو پۆستە.
پێش دەستپێكردنم بەم كارە یەكێك لە خەونەكانی من ئەوە بوو بتوانم خزمەتی نەتەوە و وڵاتەكەی خۆم بكەم، بەڵام بە داخەوە شێوازی كاركردنی ئەم نوێنەرایەتیه وای لێم كرد، بە شێێوەیهکی سەربەخۆ، بەردەوام دهبم و درێژە بە كاری خۆم ئهدەم (سهرنج: لە كاتی خۆیدا قسەی لەسەر دەكەم).
پێشتر و كاركردنی من لەم شوێنە لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە، تەنیا لە سۆنگەی خزمەتكردن بە بەرژەوەندییەكانی كورد و كوردستانهوه سەرچاوەی گرتبوو. لەبارەی هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەكەشم تایبەتە بە خۆم و هیچ كەسێك بۆی نییە لەم بارەیەوە لێدوان یان قسە بكات". بەڵام پاش 4 مانگ لەو هەڵوێستە یەكێك لە هاوڕێ نزیكەكانی بەم شێوەیە هۆكارەكە روون دەكاتەوە كە گوایە لە كۆبوونەوەیەكی نوێنەرایەتی حكومەت، قوباد سوكایەتی بە ستافەكەی كردووە و بە بێتوانا لە قەڵەمی داون، هێرشیش هەڵساوە و قسەی پێ وتۆتەوە، دوای ئەوە قوباد پێی وتووە یان من دەبم یان تۆ، هێرش بە ناچاری هانا بۆ تاڵەبانی دەبات لە رێگای نامەیەكەوە كە ئەم كێشەی بۆ چارە بكات، مام جەلالیش وەڵامی بۆ دەنێرێت بێتەوە كوردستان، بۆیە هێرش بە پەلە دەگەڕێتەوە كوردستان، بەڵام هیچ ئومێدێك نامێنێت، چونكە قوباد پەیوەندی دەكات بە دایكیەوە بۆ ئەوەی رێگا لە باوكی بگرێ هێرش ببینێت، هەر واش دەبێت، هێرش ماوەیەك لە كوردستان دەبێ و دەیەوێ تاڵەبانی ببینێ كە لەسەر داوای ئەو گەڕاوەتەوە، بەڵام تاڵەبانی ئامادە نابێ چاوی بە هێرش بكەوێ، بۆیە هێرش دەست لە كار دەكێشێتەوە.
لە دواساتەكانی وازهێنانی پەیوەندی بە هەموو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەكات، بەڵام هەموویان دەڵێن تووشی كێشەمان مەكە، ئێمە شەڕی ماڵی مام جەلال و هێرۆخانمان پێ ناكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست