تاڵەبانى و چوار ساڵى نوێى سەرۆكایەتى كۆمارى عیراق.
Tuesday, 23/11/2010, 12:00
جەلال تاڵەبانى زیاتر لەنیو سەدەیە یەكێكە لەگەمەكەرە سەرەكیەكانى سەرگۆڕەپانى سیاسى هەرێمى كوردستان و وێستگەكانى ژیانى سیاسى ئەو بۆ ئەم نەتەوەیە دروستكەرو بەرهەم هێنەرى سەدان ڕوداوى گەورەو بچوك, باش و خراپن! كارى ئێمەمانان نیە لەو میژووە بدوێین ئەوە بۆ میژوونوسەكان بەجێدەهێڵین. چوارساڵى ڕابردوو لە بەرهەمى ڕەنج و خەباتى چەندساڵەو نەپساوەى ڕۆڵەكانى گەلى كوردو بەخشینى خوێنى سەدان هەزار كورد لەپێناوى ڕزگاری و ئازادى ئەم میللەتەدا و بەسوتماك كردنى خاكى ئەم نەتەوەیەو وێرانكردنى زیاتر لەچوار هەزار گوندو دەیان شارو شارۆچكەى ئەو خاكەى ناوى كوردستانە بەڕێز تاڵەبانى بویە یەكەم سەرۆك كۆمارى هەڵبژێراوى عێراقى دواى سەدام. ڕۆژى 11/11تاڵەبانى بۆ جارى دووەم بۆ خولێكى نوێى سەرۆكایەتى كۆمارى عێراق بە زۆرینەى دەنگ هەڵبژیردرایەوە. سەرەڕاى چونەدەرەوەى لیستى عێراقیە وەك هەوڵێك بۆ پەكخستنى پرۆسەى سیاسى و دەستخستنى داواكارى زیاتر بۆ لیستەكەیان و تەواو نەكردنى دانیشتنەكەى پەرلەمان لەلایەك و پەكخستنى دەستپیشخەریەكەى سەرۆكى هەرێم و جێگرتنەوەى دەستپێشخەرى پاشاى سعودیە. بەڵام یەك دەنگى لایەنى كوردى و بەتایبەت هەستەوەرى و تیروانینى واقیعیانەى فراكسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى بەغدا بۆ پرسە نەتەوەییەكان و بەهەند گرتنى پاراستنى ماڵى كوردى سەرەراى بونى چەندین تێبینى و هەڵەو كەموكورتى لە ئەداو هەڵسوكەوت و وتارى سیاسیە دەستڕۆشتوەكانى كورد لە ڕابردوو ئیستادا. فراكسیۆنى گۆڕان لە هۆڵى پەرلەمان مانەوەو بەڵێیان بۆ دەسپیكردنى قۆناغى نوێى حوكمرانى لە چوارساڵى ئایندەدا كردو شەرعیەتیان بەسەرۆك كۆماربوونى تاڵەبانى دا. ئەم هەڵوێستەى گۆران بۆ زۆربەى خەڵك جیگاى مشتومڕو پرسیارو چەندین ڕەخنە ئاراستەى گۆڕان كرا لە پاى دەنگدانیان بەتالەبانى. بەشى زۆرى رەخنەكان ڕاستى حاشا هەڵنەگریان تێدایەو ئەوە دێنن چ گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكى سیاسى و سەرۆكى هەریم وەك خاوەنى دەستپێشخەرى پێكهینانى حكومەت و تاڵەبانیش وەك سەرۆكى هەڵبژیراوى چوار ساڵى ئایندە خویندنەوەو هەڵسەنگاندنیان بۆ بكەن و نەخشە ڕێگایەكى نوێ بۆ سیاسەت و ئیدارەدان و ململانێى سیاسى دابنێن بۆ ئەوەى چیدى ئەم درۆ دەنگى و لێكترازانانە نەكەونە نێو ماڵى كوردیەوە تاكە هۆى ئەم بەش بەشكردنەى وتارو شەقامى كورد خراپى ئیدارەو نەبونى پلانێكى نیشتیمانى دورمەودایە لاى كاربەدەستانى كورد لە چەند ساڵى ڕابردودا. دەنگدانى گۆڕان بە بەرێز تاڵەبانى هیچى كەمتر نەبوو لە نۆشینى پەرداخە ژەهرەكەى (ئایتوڵا خومەینى) لەكاتى ئیمزاكردنى وەستاندنى شەڕى نێوان عێراق و ئێران. ئاخر كەسایەتیەك چوارساڵى سەرۆكایەتى كۆمارى ڕِابردوى تەنها وەك سەرۆكى حیزبێك و لەناو حیزبەكەشى دا بۆ چەند كەسێك بوبێت و لە دوو هەڵمەتى هەڵبژاردندا ئەوەى لەدەستى هاتبێت درێغى نەكردبێت بۆ سڕینەوەو لەناوبردنى بزوتنەوەیەكى خۆڕسكى نیشتمانى كەدامەزرێنەرەكانی هاوڕێى چل ساڵى خەباتى نیشتیمانى ئەو بەڕێزە بن بۆ ڕزگارى ئەم خاكى نیشتیمان و میلەتى كوردە. ئەگەر بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەو وەلاوەنانى لاپەرە ڕەشەكانى رابردوو نەبێت چ هێزیك جورئەتى وابەخۆى دەدات دەنگ بەكەسێك بدات لەڕابردووى نزیك نزیكدا ئەم بزوتنەوەیەیى تەخوین كردبێت نانى دەنگدەرانى بڕیبێت و هەڵسوڕاوەكانى تەنگ پێهەڵچنیبێت و دەرماڵەى سەرۆكایەتی كۆمارەكەى بۆكڕینى دەنگ بەكاربردبێت و هەزاران دەمانچەى وەك دیارى و بەناوى (الرئیس الجمهوریە العراق)وە كردبێتە دیارى بۆهیچ نا تەنها بۆ كڕینى دەنگ و ویژدانى ئەوانەى داواى گۆڕینى بارى نالەبارو شپرزى ژیانیان دەكرد لەم هەرێمەدا! چوارساڵى ڕابردووى سەرۆكایەتى كورد لەعێراقدا بەبى دەسكەوتى نیشتیمانى و نەتەوەیى بەڕیكراو پرسە نەتەوەییەكانمان بەهەڵواسراوى و چارەنەكراوى مانەوەو بگرە كێشەكانى كورد لەعێراقى دواى سەدامدا زیاتر بوون لەكێشەى سەردەمەكانى پێشو. (كەركوك, زمان, سنور) كێشە لەمێژینەكانى كورد سەرلەنوێ خرانەوە سەرمێزى گفتوگۆى نێوان كورد و عەرەبى عێراق و خرانەوە نێو ڕەفەى ژورى ئەو سیاسیە عێراقیانەى ئەوەى باوەڕیان پێى نەبێت چارەكردنى یەكجارى كێشەى كوردە. لەسایەیى ئەم عەقڵیەتى ئیدارەدانى ململانێ لاوازەى كاربەدەستانى كورد دا ڕۆژ بەڕۆژ گرێ كوێرەى كێشەكانى كورد كوێرتر دەبنەوەو لەئاسۆى نزیكدا ڕێگایەك بەدیناكرێت بۆ بەدەست هێنانى مافەڕەواكانى كورد. سەرەڕایى كێشە لەمێژینەكانمان لەسایەیى بێ پلانى و بێبەرنامەیى و بێئاگایى نوێنەرەكانى كورد لە بەغداو كاربەدەستانى هەرێم لەهەولێر ڕۆژ بەرۆژ تۆپەڵى كێشەكانى كورد گەورە تر دبێت و ئەوگرێیانەى بەدەستى خۆمان ڕۆژانێك كردنەوەیان ئاسان بوو ئێستا بەبى ددانى دەرو دراوسێ كردنەوەیان ئاسان نیە! كێشەكانى یاساى نەوت و غاز، موچەى پێشمەرگە، نوێنەرایەتى هەرێم لەدەرەوە، ئەو كێشانە بوون ئەم دەستە فەرمانڕەوایەیى كورد لە هەولێرو بەغدا دروستكەرى بون و لەو خاڵەدا بەبنبەستیان گەیاند هەرلەوێدا ئەو كێشانەیان بەچەقیوى و وەك میراتیەك بۆ نوێنەرانى نوێ بەجێهێشت كە بەدڵنیاییەوە لەم خولەدا كورد هێزى پێشو سەنگى سیاسى جارانى نەماوە چ وەك ژمارەو چ وەك پلەو پۆستى سیادى و ئیدارى!
هەڵسەنگاندنى ئاستى تواناو لێهاتوى نوێنەرانى كورد لەچوار ساڵى ڕابردوودا لەئاست كێشەكانى خەڵكى كوردو خاكى كوردستاندا دەمانخاتە بەردەم ئەو ڕاستیەیى ئەو بەڕیزانە لە ئاست بەرپرسیارێتى مێژووى سەرشانیاندا نەبون و لە ماوەى دەسەڵاتدارى و نوێنەرایەتى ئەواندا لە بەغدا نەیانتوانى دۆسیەیى تەنها كێشەیەك بەیەكجارى دابخەن و وەك شانازیەك بیخەنە سەر خەرمانى ئەو كارانەى ئەو بەڕێزانە بۆ ئەم میللەتەیان كردوە! ئەم چوار ساڵەى داهاتو بۆ نەتەوەى كورد لەعێراقدا سەنگى مەحەكەو ئەوانەى نوێنەرایەتى كورد دەكەن لە هەولێرو بەغدا و لە لوتكەى دەسەڵاتن و ئەوانەش كە سەوڵ لێدەرى كەشتى كوردین دەبێت زۆر زیرەكانەو سیاسیانە مامەڵە بكەن تاكتیك و ستراتیژى داهاتوى كورد لە عێراقدا دیراسەبكەن و بە عەقڵى ڕابردوو سیاسەت و ململانێ نەكەن لەم عێراقى سەرزەمینى ململانیى بێكۆتاییەدا. بەڕیز تاڵەبانى لە سەرۆكایەتى چوارساڵى داهاتوى كۆمارى عیراقدا دەبێت لاپەڕەى ڕابردوى بیركردنەوەو بەڕیوەبردن و تێڕوانینى بۆ كوردو كیشەكانى لەعێراقدا هەڵبداتەوەو بەدید و دنیا بینیەكى نوێوە بۆ كوردو كێشەكانى بڕوانێت و لە گۆشەنیگاى تەسكى حیزبى و شەخسیەوە لە ڕوداوەكانى سەر گۆرەپانى سیاسى عێراق نەڕوانێت و لە ناوخۆى كوردستانیشدا تەنها وەك سكرتێرى پارتێك هەڵسوكەوت نەكات لەبەرئەوەى ئەوە دەنگى هەموو دەنگدەرانى كوردو پشكى نەتەوەییە ئەو بەڕیزەى كردوەتە سەرۆك كۆمارى عێراق ئەگەرنا هێزى دیكە زۆرن لە پارتەكەى بەڕیزتان زیاتر خاوەنى كورسی پەرلەمانن
لە چوار ساڵى ڕابردودا وەك سەرۆك كۆمارى تەنها یەكێتى هەڵسوكەوتت كرد لە كوردستاندا بەڵام بۆ چوار ساڵى ئایندە دەبێت ئەو ڕاستیە نادیدە نەگریت كە بەڕیزتان سەرۆك كۆمارى هەموو هیزو لایەنە كوردیەكانن و بەدەنگ و بەڵێى ئەوان تۆ بویتەوە بەسەرۆكى عێراق! كات لەبەردەم نوینەرانى كورددا ماوە تا وەك نوێنەرو داكۆكیكەرى سەرسەختى مافە نەتەوەییەكانمان هەڵسوكەوت بكەن و ئاهێك بەبەر ئەوانەماندا بێننەوە كە سەردەمانیكە بە خەمساردییەكانتان بەرامبەر ئەم گەلە بێئومیدتان كردوین. لاپەڕەكانى رۆمانى ژیانى بەڕێز تاڵەبانى وەك سەرەنجامى هەموو مرۆڤێك پێناچیت زۆرى مابێت هیوادارین ئەو لاپەڕانە نوسراوەكانى نێویان هەوڵەكانى ئەو بەڕێزەبن لەم چوارساڵەى دوا وێستگەى سەرۆكایەتیدا بۆ بەدیهَنانى ئاشتى تەبایى یەكسانى و دادپەروەرى لەپێشدا لەكوردستان ئینجا لە گشت عێراقدا...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست