که‌مال شاکر دووا تیرت بهاوێژه‌ دووا هه‌له‌

Thursday, 11/02/2010, 12:00



له‌م رۆژانه‌ له‌ سایتی ده‌نگی سه‌ربه‌خۆ نووسینێکم به‌رچاوکه‌وت له‌ژێر ناوی نۆره‌ی تێکدانی حزبی شیوعی کوردستان هاتووه‌ ، له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینه‌ی که‌ خاڵییه‌ له‌ هه‌موو مه‌عریفه‌ و واقیعێک ، مرۆڤ به‌ ده‌ست خۆی نییه‌ گه‌ر قوری شیوه‌نیشی به‌سه‌ره‌وه‌بێت پێکه‌نین ده‌یگرێت که‌ چه‌نده‌ نه‌فامانه‌ و رووکه‌شانه‌ ووشه‌ بێتامه‌کان ریزکراون .
ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ گۆڕان کار له‌سه‌ر تێکدان و پارچه‌کردنی حشک ده‌کات ،وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ حشک هێنده‌ ژماره‌یه‌کی گه‌وره‌بێت له‌ حساباتی سیاسی کوردستان و کۆنترۆڵی هه‌موو گۆره‌پانی سیاسی کوردستانی له‌ ده‌ستبێت‌ .
نووسه‌ری بابه‌ت که‌ دیاره‌ له‌ به‌ره‌ی زه‌لکاوه‌که‌ی که‌مال شاکره‌ شه‌رمی کردووه‌ ته‌نانه‌ت ناوی خۆشی یا نازناوێك له‌سه‌ر نووسینه‌که‌ دابنێت و سه‌رله‌به‌ری گوشار له‌خۆکردنه‌ و ناتوانێت شتێکی مه‌عقول بڵێت .
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و لێشاوی نووسین و ره‌خنانه‌ی له‌ سایته‌کانه‌وه‌ ئاراسته‌ی سه‌رکردایه‌تییه‌ گه‌نده‌ڵه‌که‌ی حشک ده‌کرێت ، که‌مال شاکر و داروده‌سته‌که‌ی نه‌ وه‌ڵامێکیان هه‌یه‌ به‌و خه‌ڵکه‌ی بده‌نه‌وه‌ نه‌ ته‌حه‌مولیشیان ماوه‌ ، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێ دووا تیری ژه‌نگاوی خۆیان بهاوێژن ، ئه‌ویش تۆمه‌تبارکردنی هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامه‌ دڵسۆزانه‌ی داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی حزب ده‌که‌ن بۆ سه‌ر رێچکه‌ی سروشتی خۆی که‌ پێشره‌وایه‌تی کردنی جه‌ماوه‌ری کرێکاران و جوتیاران و خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ و زه‌حمه‌تکێشه‌ ، وازهێنانه‌ له‌ کلکایه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی پارتی و یه‌کێتی ، تۆمه‌تبارکردنیانه‌ به‌وه‌ی له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ هانده‌درێن و ده‌ستیان له‌ پشت ده‌درێت .
وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌نگی ناره‌زایی و ره‌خنه‌ له‌ناو حشک شتێکی کت و پڕ و تازه‌بێت ، مه‌به‌ستیش له‌م تۆمه‌ته‌ دوو شته‌ که‌ له‌ ئێستاوه‌ که‌مال شاکر ئه‌و کارته‌ی سوتاوه‌
یه‌که‌م ده‌زانن ناوهێنانی نه‌وشیروان چ ئازارێکی ده‌روونی به‌ شیوعیه‌ راسته‌قینه‌کان ده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌مه‌ش بۆ سه‌رکوتکردنی هه‌موو ده‌نگه‌ نارازییه‌کانه‌ هه‌ر له‌ دوورخستنه‌وه‌یان له‌ حزب و نانبرینیان و پاشان وا له‌ ده‌روێشه‌کانیان بگه‌یه‌نن ئه‌وان ریزی حزبیان پاک کردۆته‌وه‌ له‌ ده‌سته‌کانی گۆران و نه‌وشیروان و شه‌رعیه‌ت به‌ پاکتاوکردنی کوران و کچانی دڵسۆزی حزب بده‌ن .
دووه‌م ده‌یانه‌وێت ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که‌ له‌ناو خودی حزبدا نانبراوده‌کرێن له‌ ده‌زگاکانی حکومه‌تیش به‌ هه‌مان ده‌رد ببرێن و له‌ رێگای سیاسه‌تی برسیکردنه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ ته‌سلیمی ئه‌و سه‌رکردایه‌تیه‌ بۆگه‌نه‌بن.
هه‌موومان ده‌زانین له‌ ماوه‌ی 75 ساڵی خه‌باتدا قه‌ڵای حزب به‌رووی دووژمنان و کۆنه‌په‌رستان هه‌میشه‌ سه‌خت و قایم بووه‌ و له‌ قه‌ندیل خۆراگرتربووه‌ ، به‌ڵام ئێستا قه‌ڵاکه‌ وا له‌ ناوه‌وه‌ بنکۆڵ کراوه‌و له‌سه‌ر هه‌ره‌سه‌ ، ئه‌و ئه‌سپی ته‌رواده‌یه‌ی که‌مال شاکر و حه‌یده‌ر فه‌یلی گه‌یانده‌ ناو قه‌ڵاکه‌ و سه‌رکه‌وتنه‌ سه‌ره‌وه‌ . له‌ ساڵی 1992 وه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ حزبی ده‌که‌ن 75 ساڵه‌ دووژمنان نه‌یان توانیوه‌ به‌ حزب و به‌ ئیراده‌ی شیوعیه‌کانی بکه‌ن .
قوربان تێکدانی حشک له‌ یه‌که‌م رۆژی دامه‌زراندنییه‌وه‌ له‌لایه‌ن که‌مال شاکر و حه‌یده‌ر فه‌یلی ده‌ستیپێکراوه‌ نه‌ک ئێستا له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە