خەڵكینە ئاگادار بن ژمارە 66 یش قەدەغە كرا
Tuesday, 21/09/2010, 12:00
لە سایتى ئاوێنەدا بابەتێكى خۆش و سەرنج ڕاكێشم خوێندەوە , باى ئەوە بوو شتێكى لە سەر بنوسم ,جارێ با بەشێكى هەواڵەكەتان بۆ بنوسمەوە دواى قسەیەك دەكەین هەواڵەكە دەڵێ ((ئەمڕۆ دووشەممە لەشاری سلێمانی سەرجەم ئەو ریكلامانە كۆكرانەوە كە سەر بە كۆمپانیای نەورۆز تلیكۆمە بۆ ئامێرێكی تازەی بەكارهێنانی ئینتەرنێتی دەكات بەناوی ریبەر كویك كە لە ئێستادا لەشاری سلێمانیدا تۆری ئەو ئامێرە هەیەو كاری پێدەكرێت و لە بازاڕەكاندا بە نرخی 66 هەزاردیناری عێراقی دەفرۆشرێت. بۆهۆی نوسینی نرخەكەیەوە كە 66 هەزاردینارە ئەمەش بەلایەنی سیاسیەوە لێكدانەوەی بۆكراوە و بڕیاردرا بەلابردنی سەرجەم ئەو ڕیكلامانەو كۆڕینی و بڕیارە نرخی ئەو ئامێرە بكرێتە 67 هەزاردینار.)) ئەگەر ڕەحمەتى عەلادین سوجادى بمایە ئەمەى دەكرد بە نوكتەیەكى ناو كتێبى ڕشتەى مروارى ,بۆلەمەو دوا ئەوانەى لە دایك بونى ساڵى 66 ئەبێت یان ژمارەیەك كەمى بكەنەوە یان ژمارەیەك زیادى بكەن , خەڵكینە ئێوەش ووریا بن با تێنەكەون , چونكە كوڕانى چاو تیژى ئاسایش و دەزگاى زانیارى وونتان ئەكەن , ئەمە ووڵاتە ئێمەتێى كەوتوین , ساڵى ئاشبەتاڵ مەمنوعە , ساڵى جاشایەتى مامە مەمنوعە , ڕۆژى 31ى ئاب مەمنوعە ,ئەى خوایە گیان چى بكەین ,من پێشتیارێك ئەكەم بۆ حكومەت و پەرلەمانە خەوتوەكە با بڕیارێك دەربكەن و بە فەرمى ساڵى ئاشبەتاڵى مەلا و جاشایەتى مامە و 31ى ئابى مەسعود قەدەغە بكەن و هەركەسێك باسیان بكات سزاى توند بدرێت یان غەرامە بكرێت , با ئیتر مامە و كاكە قەڵس نەبن , چەند بەم هەواڵە پێكەنیم ,بەس نەبوە كۆمپانیاكەشیان سزا نەداوە , ئەبوایە بینوسیایە مانگى بە 74 دینار یان 31 دینار ئەمە لاى هەرێمەكەى مامە ئاساییە , یان بچوایەتە هەولێر و لەوێ ئەو ڕیكلامەى بكردایە و بینوسیایە مانگى بە شەشت و شەش چونكە لەوێش ئاساییە , یان ئەیتوانى بینوسیایە 65+1 ئەو كاتە باشتر بوو ,((66و 31ى ئاب)) لە هەولێرو سلێمانى بە قەد تلیاك مەمنوعن , نابێت و ناكرێت ئاوا دڵى سەركردەكانمان عاجز بكەین , ئەو داماوانە خەوو خۆراكیان لىً حەرام بوە و هەر خەریكى كێشەى كوردن , بۆ سەرقاڵیان بكەین بە شتى لاوەكیەوە , لەبەر خاترى ئەوەى مامە گیان عاجز نەبێت , نرخى مانگانە كرا بە 67 دینار , دینارێك لە سەر هاوڵاتیان زیاد كرا تەنها لە بەر خاترى جەماعەت , میللەت كێشە نیە , گرنگ ئەوەیە دڵى ئەوان گەرد نەگرێ ,خۆئەوان كفریان نەكرد , ماوەیەك جاش بوون ,كێ ئەڵێ ئەوەشیان هەر بۆ بەرژەوەندیە باڵاكانى كورد نەكردوە , ئەو سەرۆكانەمان ئەوەندە دڵیان باشە هەموو شتێك لە پێناوى كوردا ئەكەن , ئیتر ئێمە بۆ عاجزیان بكەین , خاوەنى كۆمپانیاكە ووتویەتى ئەگەر بمنوسیایە مانگى بە 31دینار ئەوا پارتیش شكاتیان لێ دەكردم و داواى یەك ملیار دۆلاریان ئەكرد , ئەیانووت هەستى ناسكى سەرۆكتان ڕووشاندوە , 66 كۆنتر بوو , بەڵام وا ئەویش مەمنوع كرا , خەڵكینە تكایە ئاگادار بن نەكەن , بۆ خوا پێتان ئەڵێم باسى 66 و 31ى ئاب نەكەن , با سەرۆكەكانمان شەرمەزار نەبن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست