کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەڕو تەنگژەی سیاسی و قەیرانەكان بوون بەخەمۆكێ ی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان

Thursday, 12/03/2015, 12:00




ماوەیەكە شەڕێكی نەگریس بەرۆكەی هەرێمی كوردستانی گرتووە، كە لەوانەیە زیاتر تەشەنە بكات، بەڵام بە پشتیوانی خوای گەورەو هێزی پێشمەرگەو ڕۆڵی كوردو سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكەكەمان هەر دەبێت لایەنی حەق سەربكەوێت كە هەموو جیهان ئاگادارە ئێمە شەڕ فرۆش نەبوین بۆیە دەبێت كۆتاییەكەی قازانجی گەلی كوردی تێدا بێت و بە دڵنیاییەوە زۆرداریش بەردەوامی نابێت تاریك پەرستان بە سزای خۆیان دەگەن.
هەر ووڵاتێك لە جیهاندا خاوەنی سروشتێكی جوان و نەوت و میللەتێكی ئازاو چاو كراوەو بلیمەت بێت بە دڵنیایەوە دوژمن و ناحەزانی ناوەخۆو دەرەوەی بۆ زیاد دەبێت و چاو لە خێرو بێری دەبڕن هەر چ نەبێت ڕێگری دەكەن لە پێشكەوتنەكانی و تا بۆیان بكرێت تووشى نەهامەتی و ماڵ وێرانی دەكەن و دەست لە كارە باری ناوخۆی وەردەدەن و پلانی پێشینەی بۆ جێ بەجێ كردنی هەموو لەمانە دادەرَێژن.
سەیری ئێستا مەكەن، بینیتان پێشی ئەم تەنگژەیە كوردستان زۆر بە خێرایی هە نگاوی دەهاوێشت بۆ پێشكەوتن لە گشت بوارەكانی ژیان، ئەی كام ووڵات نەبوو بە هەموو شێوەیەك دەیویست پەیوەندیمان لە گەڵ بكات و سەرمایەی خۆی لێرە بەگەڕ بخات و وەبەرهێن بكەن، تا وای لێ هات زۆربەی زۆری وەبەرهێنەرانی دوبەی و ووڵاتانی دیكە ڕوویان لە ئێمە كردوو گەر تا ئەمڕۆ بەردەوام بوواین لەوانەبوو هەرێمی خۆمان نەدەناسیەوە.
داخەكەم ناحەزان و تاریك پەرستان نەیانهێشت خێر لە نازناوی پایتەختی گەشتیاری ووڵاتە عەرەبیەكان بۆ ساڵی 2014 ببینین كە لەو باوەڕە دابووم تووشی ئەمری واقیعی دەكردین ئابووری هەرێمەكەمان لە ڕادەبەدەر بەرەو پێشوەچوون دەچوو.
نكۆڵی لەوە ناكرێت كەوا سیاسەت و گەشتیاری بەیەكەوە بەندن و تەواوكەری یەكترین، بەڵام سیاسەت پێشی گەشتیاری دێت، گەشتیاریش كۆتاییەكەی بە ئابووری دێت پێشی چالاكیەكانی، هەر بۆیە گەشتیاری گەشە ناكات و پێش ناكەوێت بەبێ ئارامی و ئاسایش و سیاسەتێكی سەقامگیر.
بۆ گەشتیار هیچ كاتێك مومكین نیە لە ماڵی خۆی دەربچێت گەشت بۆ ووڵاتێكی گەشتیاری بكات و لە گەڕانەوەی خۆی دڵنیا نەبێت لەو كاتەی كە دیاری كردووە، چونكە سەفەرو گەشت لای گەشتیار بە ئامانجە دەبێ بیپێكێت هیچ كاتێكیش ئامادە نیە گیانی خۆی بخاتە مەترسیەوە و پارەی خۆشی بە هەدەر بدات.
بۆیە دەڵێین سیاسەت و سەقامگیری پێش گەشتیاری و ئابووری دێت. وە گەشتیاری هەرێمیش ناگەڕێتەوە دۆخی جارانی تا سەقامگیری سیاسەت بەرقەرار نەبێت.
كێشەی ئێمە لەوەدایە هەموو عێڕاق بە گشتی و هەرێمی كوردستانیش بە تایبەتی تەنها پشت ئەستوورین بە بەرووبومی نەوت و هەموو سێكتەرەكانی دیكەمان بەلاوەناو پشت گوێمان خست، تا كار گەیشتە ئەوەی لە بری ئەوەی هەوڵ بدەین دراوی بیانیمان بۆ بێت بەڵكو تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەچێتە دەرەوە، ئەوەش ئەمڕۆ كێشەی بۆ ناینەوە، ببینن چۆن ناحەزانمان هەركات لە هەوڵی ئەوەدان تووشی ئیفلیجمان بكەن بەوەی یاری بە مووچەو گشت خەرجیەكانمان بكەن و بە ڕوون و ئاشكرا دژایەتیمان بكەن. پسپۆرانی بواری گەشتیاری هەردەم لە هەوڵی ئەوەدا بوون كە نابێت ووڵاتانی خاوەن نەوت تەنهاو تەنها پشت بە داهاتی نەوت ببەستن، بەڵكو دەبێت برەو بە سێكتەری گەشتیاری بدەن ئەمە جگە لە پیشەسازی و كشتوكاڵ،
ووڵاتیش هەیە شەڕی تیایە بەڵام گەشتیاری تێدا نەوەستاوە بۆ نموونە كۆماری ئۆكرانیا، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە بەردی بناغەی گەشتیاریان پتەو بووەو وایان لە گەشتیاران كردووە هەركات ڕوویان تێ بكەن ئەمەش بە ئاسانی نەكراوە بەڵكو ڕاوێژكراوە لەگەڵ پسپۆرانی ئەم بوارە و بەشدار بووینە لە پێشبینی و پلانی تۆكمەدا قسەكانیشیان بە هەند وەرگیراوە.
من ئێستا دەبینم زۆربەی چالاكیەكانی گەشتیاری ووڵات وەستاوەو زۆربەی زۆری هۆتێل و بەناو مۆتێلەكان و ..... هتد. تووشی زیان هاتوون و داخران و هەندێكیان بخۆو بڕۆشیان بۆ ناماوەتەوە، ئەوە ئەم ڕۆژانەیان بیر دێنمەوە كە دەمانگوت نرخەكان دابەزێنن و هەوڵ بدەن گەشتیاران لە خۆتان ڕازی بكەن و پێداویستی تەواویان بۆ دەستەبەر بكەن تاكو باش بزانن ئێستا ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی ماندو نەناس هەموو شارەكان پارێزراون و ژیان لەو پەڕی ئارامیدایە، دەكرا تووشی ئەم كەمی ژمارەی گەشتیاران نەبینەوەو بێ كاریش ڕوو لە هەڵكشان نەدەكرد.

* د.نێرت ێابر خۆشناو

*پسپۆری ژمێریاری دارایی دەزگاكانی گەشتوگوزار
مامۆستای زانكۆی سەڵاحەددین


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە