ساسان عەونی، نهێنییەک لەدۆسیەی تیرۆری سەردەشت عوسمان دا
Sunday, 15/09/2013, 12:00
هەموو دەزانین فراندن و تیرۆر کردنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان تاوانێکی قێزەونە و پەڵەیەکی رەشە بە نێوچەوانی بنەماڵەی بارزانی و دەستەڵاتە شمولی و دکتاتۆریەکەیەوە کوشتنی سەردەشت کپ کردنی دەنگی ئازاد و بوێرە لە ژێر سوڵتەی حزبێک کە ئیدعا و بانگەشەی دیموکراتی بوون دەکا لەکاتێکدا کە خاوەنی مێژووی پر لە خیانەت وجاشایەتیە .
گەوزاندنی قەڵەمێک لە خوێنی خۆیدا لەپێناوی هەزم نەکردنی بیستنی حەقیقەتی ژیانە لەو هەرێمە خێرلەخۆنەدیوە دواجار بەدروست کردنی سیناریۆی گاڵتەجارانە بۆ ناشرین کردنی سەردەشت و داخستنی دۆسیەکەی ویستی پەردەپۆشی بکاو بابەتەکە لەخۆی دوردەخاتەوە بەڵام نەیتوانی تۆوی برواوقەناعەت لە بیری منداڵێکیشدا بچێنێ .
راستیەک لەدیوی پشتەوەی شانۆکە هەیە و تائێستا بۆرایی گشتی ئاشکرا نەبوە ئەویش کارەکتەرە سەرەکیەکانی پشت دۆزینەوەو ئاشکراکردن و دەستنیشان کەری شوێن پێکانی سەردەشتن و تائەمرۆش دوورونزیک ناویان نەهاتووە، من وەکو رۆژنامە نوسێک کە لەسەرەتای رووداوەکەوە بەدواداچوونی ووردم بۆ روداوی فراندن و تیرۆر کردنی سەردەشت هەبووە بەداخی قوڵەوە بێ هیوا بووم لەوەی لەو قۆناغە دا بتوانرێ لەژێر هەیمەنەو هەژموونی هەردوو پارتی دەستەڵاتداری هەرێم کەهەروەکو چۆن دەستیان خستۆتە هەموو جومگەکانی دەستەڵات و بازارو زانکۆکانەوە بەو شێوەیەش دادگاکانی هەرێمیان توشی ئیفلیجی کردوە و یاسا لەپێناوی خۆیان بەکاردێنن و تعدیلی دەکەن و لەزۆربەی حاڵەکانیش پێشێلی دەکەن بێ ئومێدیم لەوروانگەیەوە سەرچاوەی گرت و پێم وایە تائەودوکۆمپانیا مافیایە لە حوکم بن ناتوانرێ هیچ بەرەوپێشچونێک ببینین لە سزادانی بکوژانی سەردەشت و سەدان غەدرلێکراوی تر بەڵام سەیرەکە ئەوەیە یەکێ لە کارەکتەرە سەرەکیەکانی ئەودۆسیەیە کاندیدی پارتی یە بۆ پارلەمانی کوردستان و لە بانگەشەی هەڵبزاردن بەڵێنی باشکردنی گوزەرانی خەڵک و رەوشی لاوانی ئەو وڵاتە دەدات بۆیە پێم وایە ئێستا باشترین کات بوو بۆ هەڵماڵینی ئەو راستیەی کە خەڵک ئەو دەمامکدارانە باشتر بناسێ و روی راستەقینە و رەشیان بۆ هەموو لایەک روون بێ .
ساسان عەونی کە ئێستا کاندیدی ژمارە پێنجی پارتی یە بۆ پارلەمانی کوردستان پێشتر بەهۆی پەیوەندی ژن و ژن خوازی لەگەڵ جەوهەر نامیق توانی هەنگاوێک سەرکەوێ و بەرپرسیاریەتی جیاجیاو بچوک لەناو پارتی وەربگرێت و بێتە پێشەوە هەر زووش دەستی لەگەڵ دەزگای بەدناوی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی بنەماڵە تێکەڵاو کرد و بووە جێی متمانەی پاراستن لەکاتی تیرۆر کردنی سەردەشت عوسماندا ساسان عەونی بەرپرسی دەزگای تیرۆرستی پاراستن بوو لە هەولێر ،، بەشی زۆری هاورێ و نزیکانی سەردەشت ئەو راستیە دەزانن کە سەردەشت عوسمان بابەتە هەستیارەکانی بەناوی خوازراوەوە دەنوسی و بڵاو دەکردەوە چونکە ئەویش باش درکی بە درندەیی ئەودەستەڵاتە خوێن رێژە کردبوو هەر بۆیە کوردستان پۆستی خۆشەویست دوای تیرۆر کردنی سەردەشت بابەت و نوسینەکانی ئەو رۆژنامەنوسە بۆێرەی کە بەناوی خوازراوەوە ناردبوونی بڵاو کردەوە .
لە سەرەتا ئەو هەرەشەو تەلەفۆن و ئیمەیلانەی بۆسەردەشت دەهاتن پەیوەندی راستەوخۆیان بەساسان عەونیەوە هەبوو سەردەشت لەلایەن ساسانەوە خرابووە ناو بازنەیەکی داخراوی ووردی چاودێری یەوە دوای بەدەست خستنی چەندان زانیاری لەسەر سەردەشت عوسمان بۆ دڵنیابوون یان باشترە بڵێم یەقین بوونی ساسان لە وەی کە بەڵێ سەردەشت عوسمان هەمان ئەوکورەیە کە بۆتە دڵخوازی کچەکەی بارزانی و هەمان ئەو کورەیە دەیەوێ ببێ بەئاوەڵزاوای نێچیروان بارزانی ،هەستا بە دروست کردنی سیناریۆیەک لەرێگای کچێکی زۆر نزیک لە خۆی ولەبنەماڵەی خۆیان بۆ دروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ سەردەشت تا لەو رێگەیەوە بتوانێ زانیاری زیاتر لەسەر نوسەری بابەتەکە بەدەست بخات .
تارادەیەکی زۆرسەرکەوتوو بوو لە دۆزینەوەی سەردەشت عوسمانی رۆژنامەنوس هەر ئەویش بوو بە چاوساغی چەتەکانی مەسرور بۆ دەستنیشان کردنی باشترین کات و دەرفەت بۆ فراندنی سەردەشت . هەر بۆیە ئێستا دەبینین ساسان لە تەک مەسرور دادەنیشێ و دەستەراستیەتی و دڵسۆزی بۆپاراستن شۆرینەوەی شەرەفی بنەماڵە وایکردوە لە هەرە نزیکەکان بێ و لەپشتی سەرۆکی خێڵەوە راوەستێ .
بەوهیوایەم ئەورۆژگارە بێ کە یاسا شکۆی خۆی وەرگرێتەوە و دادگاکان سەربەخۆو نیشتیمانی بن ئەوسا بەدەیان لاوی وەکو من دەبن بەشایەتحاڵی تاوانەکان و نمونەکانی وەکو ساسانیش دەبرێنە بەردەم عەدالەت و ویژانی گەل .
سامان گەردی.هەولیر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست