رونكردنەوەیەك لە عەدنان عوسمانەوە
Friday, 12/08/2011, 12:00
لە لڤین پرێسدا راپۆرتێك بڵاوكراوەتەوە گوایە كۆمەڵێك ئەندامى فراكسیۆنى گۆڕان پرۆژەیەك بۆ نەهێشتنى خانەنشینى پەرلەمانتارانیان شكست پێهێناوە. راپۆرت نوسەكە لە پەلە پەلدا بۆ ئەوەى لەم ساتەوەختەدا ئەم راپۆرتە بڵاو بكاتەوەو بەشێك بێت لە كەمپینێك كە دیارە بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات و كاردەكات، لەو 18 ئەندامە كەسێكى نەدواندووە بۆ قسەكردن لەو بارەوەو كاك كاردۆ مەحەمەد كە سەرۆكى فۆاكسیۆنە، لێى بووە بە سەرۆكى پەرلەمان!
من لێرەدا بە كورتى لەسەر ئەم مەسەلەیە ئەنوسم، چونكە بەم زوانە بە دورو درێژى لەسەر كۆى ئەم مەسەلانە بابەتێكى بڵاو ئەكەمەوە.
لە راستیدا من تا نوسینى ئەم رونكردنەوەیە پرۆژەیەكم بۆ نەهاتوە لەسەر خانەنشینى ئەندامانى پەرلەمان، بەڵكو تەنها بە بیستن ئاگادارى ئەوە بوم كە پرۆژەیەكى لەو چەشنە بە پۆست بۆ فراكسیۆن هاتوە. ئەم بە ناو پرۆژەیە نە لە فراكسیۆن گفتوگۆى لەسەر كراوەو نە بەسەر ئەنداماندا بڵاو كراوەتەوەو نە راو بۆچونى كەسى لەسەر وەرگیراوە. من لێرەدا ناچمە سەر هۆكارى بەپەلە ناردن و داڕشتن و ناردن و بڵاوكردنەوەى ئەم بەناو پرۆژەیە,بەڵام بە دڵنیاییەوە كە مەسەلە بگاتە تەخوین و بێڕێزى كردن بە هەوڵ و ماندو بون و خەباتى پەرلەمانتارانى جدى فراكسیۆنى گۆڕان كە لە هیچ ساتەوەختێكدا فراكسیۆن گۆڕەپانى خەباتى راستەقینەیان جێنەهێشتوە،ئێمەش بێدەنگ ناین و لە كاتى خۆیدا قسە لەسەر كۆى مەسەلەكان ئەكەین.
لێرەدا ئەوە بۆ راى گشتى را ئەگەیەنم كە ئیمزا نەكردن ماناى شكست پێهێنان ناگەیەنێت. مەسەلەى خانەنشینى پەرلەمانتاران بەشێكە لە بەرنامەى لیستى گۆڕان و هەر لە سەرەتاى دەستكردنە كار لە پەرلەمانى كوردستان، قسەمان لەسەر كردوە، بەڵام ئەو كات وترا كە هێشتا زووەو چوار ساڵمان لەبەردەمدایەو كۆمەلێك كارى پێویست تر و گرنگ تر هەیە كە دەبێت ئیشى لەسەر بكەین بە تایبەت كە مەسەلەى نانبڕاوەكان لە ئارادابوو. بۆیە لە راستیدا ئەمە بیرۆكەو پرۆژەى كەس یا چەند كەسێك نیە، بەڵكو بەشێكە لە بەرنامەى لیستى گۆڕان و كارنامەى فراكسیۆنەكەى كە بە هیچ جۆرێك لێى پاشگەز نەبوینەتەوە. پاش كۆمەڵێك تاقیكردنەوە لە وەلانانى هەر جۆرە ئیمتیازێكى شەخسى لە لایەن زۆرینەى پەرلەمانتارانى فراكسیۆنەوە لە ماوەى دوو ساڵى رابردودا، سوور تر دەبین لە بەجێگەیاندن و كاركردن بۆ بەدیهێنانى بڕگەكانى بەرنامەكەمان.
گۆڕانخوازان لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە ئەندامانى فراكسیۆنەكەیان هەر چۆن لە ساتەوەختى خۆپیشاندانەكانى 17 شوبات بە دواوە، لە پێشەوەى ئازادیخوازان و گۆڕانخوازانەوەو بێگوێ دانە هەموو ئەو مەترسیانەى هاتنە بەردەمیان شار بە شار و ناوچە بە ناوچە تێكەڵ بە خۆپیشەندەرانى نارازى بون و لەو پێناوەشدا توشى دەیان كیشَە بونەوە، ئێستا لە جاران سورترن بۆ كاركردن لە پێناو گۆڕانكارى لە سیستەمى حوكمڕانى لە هەرێمدا و نوێنەرایەتى كردنى هێز و ویست وئیرادەى ئەو سەدان هەزار هاوڵاتیەى كە بە حەماسەتێكى بێوێنەوە لە 25/7 دەنگیان بەو نوێنەرانە دا. لە نێو ئەو لیستەدا كە گوایە شكستیان بەو پرۆژەیە هێناوە چەندین ئەندام هەیە كە پێش خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەكان و تەنانەت لە حەرەمى پەرلەماندا خوێنى رژاوە بۆ بەرگرى كردن لە مافى میللەت و چەندین جار روبەروى تەقە لێكردن و هەڕەشە كردن بۆتەوە.
دوبارەشی دەكەمەوە زۆر شتی دیكە هەیە باسكردنی جی دەهێڵم بۆ كات و شوێنی خۆى.
عەدنان عوسمان
پەرلەمانتارى فراكسیۆنى گۆڕان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست