کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


چاو له‌ جیاتی چاو: چیرۆکی تراژیدیی ئامینه‌ به‌هرامی

Wednesday, 02/02/2022, 15:13


ئه‌‌م کتێبه‌ چیرۆکی راستینه‌ و تراژیدیی ئامینه‌ به‌هرامی به‌ناوی; چاو له‌ بری چاو، کوڕێکی شه‌یدا ئه‌سید ده‌ڕژێت به‌ ده‌موچاومدا. ئێستا چاره‌نوسی ئه‌و‌ له‌ ده‌ستی مندایه‌Auge um Auge: Ein Verehrer schüttete mir Säure ins Gesicht. Jetzt liegt sein Schicksal in meiner Hand). ساڵی ٢٠١٠ به‌ هاوکاری میخایل گوێسه‌لێ (michael gösele) که‌ رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ره‌ وه‌ یوتا هیمیلڕایخ (Jutta Himmelreich) که‌ مامۆستای زانکۆ و وه‌رگێڕێکی ناسراوه‌ و فارسی زۆر به‌باشی ده‌زانێت، به‌ زمانی ئه‌ڵمانی و له‌ ئه‌‌ڵمانیا بڵاوده‌کرێته‌وه‌ ،که‌ زیاتر له‌ ٢٥٠ لاپه‌ڕه‌یه‌. هاوکات چیرۆکه‌که‌ی به‌ چه‌ند زمانێکی تریش بڵاوده‌کرێته‌وه‌.
ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌ یان چیرۆکه‌ به‌ زمانێکی ئه‌ده‌بی زۆر جوان نوسراوه‌، هه‌ندێک جار خه‌یاڵ و بویه‌ر (واقع) تێکه‌ڵاو ده‌کات، ئه‌مه‌ش جوانتری کردوه‌. جگه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی خودی چیرۆکه‌که‌، بیری پێشکه‌وتوخوازی، دیدی ره‌خنه‌گرانه‌ بۆ باری سیاسی و کۆمه‌‌ڵایه‌تی و یاسایی ئێران، نابه‌رامبه‌ری ژنان و پیاوان له‌ رۆژهه‌ڵات به‌ گشتی و ئێران به‌تایبه‌تی ده‌خاته‌ ڕوو، ئه‌مانه‌ تێکه‌ڵ به‌ ڕا و دنیابینی خۆی کردوه‌، پاشان وانه‌ی ئیراده‌ی به‌هێز و کۆڵنه‌دان و لێبورده‌یی ده‌داته‌ مرۆڤ، ئه‌مه‌ش به‌ لێخۆشبوونی ناوبراو له تاوانکاره‌که‌، خۆی گه‌یانده‌ ترۆپکی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی، که‌ چاوه‌ڕواننه‌کراو بوو. دیاره‌ له‌ کوردستان به‌ گشتی و باشور به‌تایبه‌تی ئه‌م جۆره‌ چیرۆکانه‌ که‌م و زۆر هه‌ن، بۆ نمونه‌ کاتێک گه‌نجانی توندڕۆی ئیسلامی تێزابیان به‌ باسک و قاچی ژنانی سفوردا ده‌‌کرد، یان کوشتن و سزادانی ئه‌و کچانه‌ی به‌ هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بێت شویان به‌ که‌سانێک نه‌کردوه‌، که‌ به‌ دڵیان نه‌بووه‌. له‌به‌ر گرنگی ئه‌م بابه‌ته‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی، حه‌زمکرد خوێنده‌وه‌یه‌‌کی بۆ بکه‌م، هیوادارم چیرۆکی ئامینه‌ کۆتایی به‌م تاوانه‌ قێزه‌ونانه‌ هێنا بێت.
ئامینه‌ به‌هرامی، کچێکی گه‌نج و زۆر دڵگیر و جوان ، ساڵی ١٩٧٨ له‌ تاران له‌دایک بووه‌، مناڵی و هه‌رزه‌کاریی له‌وێ به‌سه‌ربردوه‌. سه‌ره‌تای کتێبه‌که‌ باسی یاده‌وه‌ریی مناڵی خۆی ده‌کات، به‌ڵام چیرۆکی تاڵی ئه‌م له‌وه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات، کاتێک ساڵی ٢٠٠٤ کاتێک ته‌مه‌نی ٢٤ ساڵه‌، له‌ کارگه‌یه‌کدا کاری ده‌کرد و خوێندکاری زانکۆش بوو له‌به‌شی ئه‌ندازیاریی ئه‌له‌کترۆنیک له‌ تاران، کوڕێک به‌ ناوی (مه‌جید مۆوه‌حیدی) که‌ خوێندکاربوو له‌گه‌ڵیان، ته‌مه‌نیشی چوارساڵ له ‌ئه‌م که‌متربووه‌‌  سه‌رسام و شه‌یدای ده‌بێت و ئه‌میش دڵی پێنادا، زۆری بۆ ده‌هێنێت شوی پێ بکات، دایکی ناوبراویش به‌ ته‌له‌فون هه‌وڵ ده‌دات ئامینه ڕازی بکات، به‌ڵام ئه‌م ڕازی نابێت، چونکه‌ په‌له‌ی شوی نییه‌ و ده‌یه‌وێت جارێ خوێندنه‌که‌ی ته‌واو بکات و هه‌ندێک باربووی خێزانه‌‌که‌یان بکات، به‌ڵام مه‌جید خۆی و دایکیه‌وه‌  ئه‌م هه‌راسان ده‌‌که‌ن و به‌مه‌ش واز ناهێنێت، کاتێک ئامینه‌ بۆ وزاهێنانی ئه‌م و له‌ ناچاریدا ده‌ڵێت، شومکردوه‌، دوای چه‌ند رۆژێک مه‌جید له‌ نێو شه‌قامێکی تاراندا تێزاب (ئه‌سید)ێکی زۆر ده‌ڕژێ به‌ ده‌موچاو و سه‌ر و ده‌ستیدا. ناوبراویش ده‌سگیر ده‌کرێت.
پاش گه‌یاندنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌رده‌که‌وێت چاوی چه‌پی به‌ ته‌واوی له‌ ده‌ستداوه‌، چاوی راستیشی خه‌ریکه‌ له‌ده‌ست ده‌دات و ده‌مودان و ڕوخسار و سه‌روپرچ و مل و ده‌ستێکیشی ئه‌سیده‌که‌ ته‌واو دایخوراندوه‌ و بگره‌ زیان به‌ سییه‌کان و گورچیله‌کانیشی گه‌یشتوه‌! ته‌نانه‌ت وه‌ک خۆی ده‌ڵێت: چونکه‌ دکتۆره‌ پیاوه‌کان نه‌یانده‌توانی له‌چکه‌‌که‌ی لابده‌ن، برینه‌کانی سه‌ری وه‌ک خۆی مانه‌وه‌ و تێزابه‌که‌ زیاتر کاریگه‌ری دانا و ڕۆچوو به‌ پێستیدا. خۆی و دکتۆره‌کانیشی ته‌واو نائومێد ده‌بن، محه‌مه‌دی برای چاوێکی خۆی پێشکه‌شی ده‌کات، به‌‌ڵام دکتۆره‌کان، ده‌ڵێن ناتوانین نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ ئه‌نجام بده‌ین، چاوی بۆ بگوازینه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئێشی جه‌سته‌یی و ده‌رونی ڕووداوه‌که‌ ئه‌وه‌ی زۆر ئازاری ده‌دات، قسه‌ و قسه‌ڵۆکی ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رین، که‌ بۆنمونه‌ ده‌ڵێن: نه‌ده‌بوو ئه‌وه‌نده‌ خۆت جوان کردبا، نه‌ده‌بوو قژت ده‌رخستبا، نه‌ده‌بوو مکیاجت کردبا یان ده‌بوو شوت پێکردبا و ...هتد. له‌ یه‌که‌م دانیشتنی دادگادا مه‌جید ئه‌م ده‌بینێت، که‌ چی به‌ لاقرتێ و پێکه‌نینه‌وه‌ پێی ده‌ڵێت: تاوانی خۆت بوو، ده‌بوو شوت پێ کردبام! که‌ ئه‌م قسانه‌ بۆ ئامینه‌ وه‌ک زله‌یه‌ک وابوو، ده‌ڵێت، ئاخر خه‌ڵکینه‌ من چۆن شوم به‌م دڕنده‌یه‌ بکردایه‌!!
 دوای ئه‌مسه‌روسه‌رێکی زۆر و نه‌خۆشخانه‌ و دکتۆری جۆراوجۆر و چه‌ند نه‌شته‌رگه‌رییه‌ک، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی چاوی ڕاستی رزگاربکه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌و نه‌کات دایده‌پۆشن و بڕیار ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ر بینێرن بۆ ئیسپانیا شاری به‌رشه‌لۆنه‌. ئه‌م به‌م ڕه‌وشه‌ خه‌مگینی و به‌دبه‌ختییه‌ له‌گه‌ڵ خوشكێکیدا ده‌چنه‌ ئه‌وێ، هه‌رچه‌نده‌ دکتۆره‌کان زۆر له‌گه‌ڵی میهره‌بان ده‌بن و هاوکاریی ده‌که‌ن، وه‌ک خۆی ده‌ڵێت من جارێکی تر له‌ دایکبوومه‌وه‌، ئه‌گه‌ر پشتگوێخستن و ئه‌ملاولا پێکردنی دکتۆره‌کانی تاران نه‌بووایه‌، هه‌ردوو چاوم له‌ده‌ست نه‌ده‌دا. رۆژانه‌ ده‌بێت ده‌یان حه‌ب بخوات بۆ چاره‌سه‌‌ر و که‌مکردنه‌وه‌ی شوێنه‌واریی تاوانه‌که‌. له‌به‌ر کاریگه‌ریی چاره‌سه‌ره‌کانی وه‌ریده‌گرێت کێشی زۆر زیاد ده‌کات. له‌وێ هه‌ندێک ئاسوده‌یه‌ به‌ڵام کێشه‌ی دارایی لێی سه‌رهه‌ڵده‌دات، هه‌روه‌ها خوشکه‌که‌شی وه‌ک پێویست و به‌دڵسۆزی هاریکاریی ناکات. ئه‌م کچێکی تا بڵێی ژیر و وشیار و به‌ ئیراده‌ و رۆشه‌نبیره‌. له‌ رێگه‌ی هه‌ندێک که‌سی خێرخواز و رێکخراو و که‌سایه‌تییه‌وه‌ هاوکاری ده‌کرێت، به‌ڵام تێچوونی نه‌شته‌رگه‌رییه‌ زۆره‌کانی بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی زیانی ئه‌سیده‌که‌، رزگارکردنی چاوی ڕاستی، که‌ تۆزێک ڕوناکی تێدا ماوه‌ و گێڕانه‌وه‌ی ده‌موچاوی له‌ شێواوی زۆر زۆره‌، بۆیه‌ توشی چه‌رمه‌سه‌ر و تاڵی و سوێری زۆر ده‌بێت، به‌ڵام کۆڵ نادات. له‌وێ نزیکه‌ی بیست نه‌شگه‌رگه‌ریی بۆ ده‌کرێت. ماوه‌یه‌ک به‌ کوێری به‌ته‌نها له‌وێ ده‌ژی و رۆژێکیان شوقه‌که‌ی ده‌سوتێت!
ده‌یگڕێته‌وه‌ که‌ ئێواره‌‌یه‌کیان له به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ شوقه‌که‌ی خۆی دانیشتبوو، له‌ناکاو شتێکی لینج و شل به‌ چاوی ڕاستیدا شۆڕ ده‌بێته‌وه‌، که‌ ده‌ستی لێ ده‌دات و ده‌ست له‌ چاڵایی چاوی ده‌دات به‌تاڵه‌، ئیتر تێده‌گات ئه‌مه‌ هه‌ڵوژه‌ی چاوێتی هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌!! ئیتر ئه‌وه‌نده‌ی تر نائومێدی و ڕه‌شبین ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ر کۆڵ نادات. دکتۆره‌کان بڕیار ده‌ده‌ن چاوێکی دروستکراو له‌ جێی چاوی ڕاستی دابنێن. زۆر خه‌فه‌ت دایده‌گرێت، خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت، هه‌ردوو چاوی مه‌جید کوێر بکه‌ن و ئه‌میش به‌ دیاری دوو چاوی ده‌ستکردی وه‌‌ک ئه‌‌مه‌ی خۆی بۆ بنێرێت!
تاوانباره‌که‌ دوای دوو ساڵ یه‌که‌مجار به‌ ١٢ ساڵ حوکمی زیندانی ده‌درێت، هه‌روه‌ها به‌ پێدانی بڕه ‌پاره‌یه‌‌ک که‌ ده‌یکرده‌ ١٣٠ هه‌زار ئۆیرۆ، چونکه‌ ئامینه‌ مێینه‌یه‌، ئه‌گینا پیاوبووایه‌ ده‌یکرده‌ ٢٦٠ هه‌زار ئۆیرۆ! سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ له‌ دانیشتنه‌کانی دادگا و لێدوانه‌کانیدا بۆ ڕاگه‌یاندن مه‌جیدی تاوانکار هه‌رگیز په‌شیمانی له‌ کاره‌که‌ی نیشان نادات. که‌سوکاری مه‌جیدیش له‌بری کوڕه‌که‌یان، دێن ئه‌م تاوانبار ده‌‌که‌ن و هیچ هاوسۆزی و هاوکارییه‌ک پیشان ناده‌ن بۆی. ئامینه‌ داوای کرده‌وه‌ی هاوچه‌شن ده‌کات، واته‌ به‌هه‌مان شێوه‌ چاوی تاوانکار کوێر بکه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا پێی ده‌ڵێن (قیساس) و به‌ بنه‌مای (چاو له‌بری چاو) ناسراوه‌، له‌ بنچینه‌شدا ئه‌م یاسایه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌ستوره‌ له‌ سه‌ر میله‌ به‌ناوبانگه‌ نوسراوه‌‌ی نه‌بوخزنه‌سر له‌ ناوچه‌ی عێراقی کۆن، که‌ ده‌ڵێت (چاو له‌بری چاو، دان له‌بری دان) نزیکه‌ی سێ هه‌زار ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر له‌ بابل نوسراوه‌ و دانراوه‌، هه‌ندێک له‌ زانایان به‌ یه‌که‌م ده‌ستوری نوسراوی داده‌نێن له جیهاندا. 
دوای سوربوونی له‌سه‌ر ئه‌م سزایه‌، که‌ به‌ پێی وته‌ی خۆی، مه‌به‌ستی تۆڵه‌کردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو ئامانج لێی ئه‌وه‌یه‌‌، که‌ ببێته‌ نمونه‌یه‌ک و په‌ندێک و ئیتر هیچ پیاوێک نه‌توانێت تاوانی وا ئه‌نجام بدات، چونکه‌ پێشتریش ئه‌م جۆره‌ تاوانه‌ ئه‌نجام دراوه‌ به‌رامبه‌ر ژنانی تر. ئه‌و ده‌ڵێت من دژی زیندانییکردنیم، چونکه‌ دوو ساڵه‌ تێیدایه‌ و ته‌نها ده‌ ساڵی ده‌مێنێته‌وه‌، پاشان هه‌ر جارناجارێ حکومه‌ت و سه‌رۆکی وڵات لێبوردنی گشتیان بۆ ده‌رده‌کات و دڵنیام چه‌ند ساڵێکی پێ ناچێت، له‌ زیندان ئازاد ده‌بێت.، دوور نییه‌ دووباره‌ی بکاته‌وه‌. له‌ کاتێکدا مه‌‌جید ده‌خوازێت سزای مه‌رگی به‌سه‌ردا بده‌ن، که‌ ئاسانه‌ و رزگاری ده‌بێت. به‌ڵام ئامینه‌ دژی سزای مه‌رگه‌ و ده‌ڵێت: به‌ مه‌رگ ئه‌و ئیتر هیچ ئازار ناکێشێت. دواتر گه‌ر ئه‌و له‌ سێداره‌ بدرێت، واته‌ من ده‌بمه‌ هۆی کوشتنی و من ده‌بمه‌ بکوژ، هه‌رگیز ئه‌وه‌م ناوێت. له‌ دادگاش ده‌ڵێت: مه‌جید بیرته‌ ده‌تگوت، شوم پێ نه‌که‌یت ده‌تسوتێنم، دواتر بڕیاری مه‌رگم به‌سه‌ردا ده‌درێ و ته‌واو! بۆیه‌ گه‌ر بۆ من نه‌بیت، نابێت بۆ هیچ که‌سی دی بی! ئێستا ده‌پاڕێیته‌‌وه‌ بۆ سزای مه‌رگ!
سه‌‌یر ئه‌وه‌یه‌ دوای چه‌ند جار گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دانیشتنه‌کانی دادگا له ئیسپانیاوه‌ بۆ تاران، وه‌ دوای دوا دانیشتن، کاتێک ئامینه‌ وته‌یه‌کی زۆر کاریگه‌ر له‌ دادگادا پێشکه‌‌ش ده‌کات، نیقاب (ڕووبه‌ند)ه‌که‌ی لاده‌دات و ده‌ڵێت خۆتان سه‌یر بکه‌ن و خۆتان له‌جێگه‌ی من یان کچ و ژنه‌کانتان له‌جێگه‌ی من دابنێن، تا زیاتر له‌ تاوانه‌که‌ و ئازاره‌کانی من بگه‌ن. بیر له‌ خوشک و کچه‌کانتان بکه‌نه‌وه‌، تا که‌س ژیانیان لێ تاڵ نه‌کات، گه‌ر نه‌یانویست شو به‌ که‌سێک بکه‌ن که‌ به‌ دڵیان نه‌بێت. زۆربه‌ی دانیشتوان و بگره‌ هه‌ندێک له‌ دادوه‌ره‌کانیش فرمێسک به چاوانیدا دێنه‌ خوارێ، که‌چی دادوه‌ران دوای پشووی ڕاوێژکاریی بڕیاری کۆتایی به‌وه‌ ده‌ده‌ن، که‌ ته‌نها چاوێکی مه‌جید کوێر بکرێت، چونکه‌ یاسای چاو له‌بری چاو بۆ مرۆڤێکی ته‌واوه‌ و ئه‌م به‌ پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلام نیوه‌ مرۆڤه‌ و یه‌ک چاوی به‌رده‌که‌وێت! خۆ گه‌ر ئامینه‌ بیه‌وێت هه‌ردوو چاوی مه‌جید کوێر بکرێت، ئه‌وا ده‌بێت بیست میلیۆن تمه‌ن بدات، واته‌ هه‌قی کوێرکردنی چاوی دووه‌می به‌ پاره‌ وه‌ک پێشه‌کی سزاکه‌ به‌ مه‌جید بدات! ئامینه‌ دڵی پڕ د‌ه‌بێت و ده‌ڵێت، ئه‌‌و نه‌ک چاوه‌کانم، بگره‌ ته‌واوی ته‌ندروستی و ڕۆح و داهاتووی له‌ ناوبردم. پاشان یانی من حسابی نیوه‌ی ئه‌‌و به‌شه‌ره‌‌م بۆ ده‌کرێت؟!
 مه‌جید له‌ دیمه‌نێکی کۆمیدی ئاسادا و له‌ دادگا و پێش ئاماده‌بووان ده‌ڵێت، جه‌نابی حاکم ئه‌و داوای منی کرد، که‌ بیهێنم، من نه‌مهێنا، کێشه‌که‌ له‌مه‌وه‌ دروست بوو، من وام کرد تا ئه‌و وازم لێ بهێنێت! دادوه‌ر ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ که‌ی قسه‌یه‌، بۆ ئێمه‌ له‌ ئێرانین یان له‌ هیندستان، تا کچ کوڕ بهێنێت!
دوای بێنه‌برده‌ و سه‌رئێشه‌یه‌کی زۆر و ته‌نانه‌ت چاوپێکه‌وتن به‌ وه‌زیری داد و داواکاریی گشتی، ئینجا دادگای پێداچوونه‌وه‌ی تاوانه‌کانی تاران بڕیاری ئه‌وه‌ ده‌دات، که‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئامینه‌ نه‌ک هه‌ر چاوه‌کانی کوێر بووه‌، به‌‌ڵکو به‌شێکی زۆری ده‌موچاو و ده‌ست و سه‌ریشی شێواوه‌ و سوتاوه‌، بۆیه بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌م زیانانه‌،‌ ده‌‌توانن به‌یاسا چاوی دووه‌می مه‌جید به‌ دڵۆپه‌ی تێزاب کوێر بکه‌ن، واتا ئێستا ده‌توانرێت هه‌ردوو چاوی ناوبراو کوێر بکرێت. دوای حه‌وت ساڵ له‌ رووداوه‌که‌، رێکه‌وتی ١٤ی مایسی ٢٠١١ دیاری ده‌کرێت بۆ جێبه‌جێکردنی سزاکه‌ به‌سه‌ر مه‌جیددا. له‌‌و کاته‌دا ده‌بێت تاوانکار بێهۆش بکرێت و ئامینه‌ یان یه‌کێک له خێزانه‌که‌ی تێزاب بدڵۆپێنێته‌ ناو چاوه‌‌کانی ناوبراوه‌وه‌. هه‌موو ئاماده‌کارییه‌ک ده‌کرێت، باسه‌که‌ له‌ میدیادا گه‌رمه‌، رێکخراوه‌کانی بواری مافه‌کانی مرۆڤ وه‌ک لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی (ئه‌منستی) داوا ده‌که‌ن سزاکه‌ جێبه‌جێ نه‌کرێت، چونکه‌ دڕندانه‌ و بێبه‌زه‌ییانه‌یه‌. هه‌ندێک که‌سوکاری نزیکی ئامینه‌ش وه‌ک باپیر و پوری داوا له ئامینه ده‌که‌ن له‌ مه‌جید خۆش بێت. پێشتریش دایک و باوکی مه‌جید خۆشی داوای لێده‌که‌ن لێی خۆش بێت و شوی پێ بکات، ئامینه‌ ڕازی نابێت، قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی پاره‌شی ناوێت. ده‌ڵێت با من دواهه‌مین که‌س بم که‌ ئه‌م تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر بکرێت و که‌سی تر نه‌یچێژێت. وته‌بێژێکی شیرین عه‌بادی ته‌له‌فونی بۆ ده‌کات (نازانم بۆچی خۆی په‌یوه‌ندی پێوه‌ ناکات، زۆر جێگه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌ - هیوا)، داوای لێ ده‌کات که‌ داوای سزای چاو له‌ بری چاو نه‌کات، چونکه بۆ ناوبانگی ئێران و خه‌ڵکه‌که‌ی خراپه‌!
سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ مه‌جیدی تاوانکار له‌ دادگا و هه‌ر کاتێک ئه‌م ده‌بینێت، ته‌نانه‌ت دواجاریش پێش جێبه‌جێکردنی سزاکه‌، سوکایه‌تی پێ ده‌کات و جوێنی پێ ده‌دات و ئامینه‌ به‌ هۆکاری کێشه‌که‌ ده‌زانێت! دوا کاتی جێبه‌جێکردنی سزاکه‌ له‌ مانگی حه‌وتی ٢٠١١دا تۆزێک پێش جێبه‌جێکردنه‌که‌ی ئامینه‌ له‌ تاوانکاره‌که‌ خۆش ده‌بێت! لێره‌دا گه‌وره‌یی و مرۆڤدۆستی ئه‌م ژنه‌ ده‌رده‌که‌وێت. کاتێک مه‌جید ئه‌مه‌ ده‌بینێت دێت به‌ره‌و ئامینه‌ و ده‌ست و پێیه‌کانی ماچ ده‌کات و داوای لێ ده‌کات شوی پێ بکات، تاکو تا له‌ ژیاندایه‌ خزمه‌تی بکات، به‌ڵام ئه‌م گاڵته‌ی به‌م پێشنیازه‌ دێت. ئامینه له‌ لێدوانیدا بۆ میدیاکان ده‌ڵێت: من خه‌باتی خۆم کرد، تا دوا قۆناغ، بۆ ئه‌وه‌ی پیاوان بزانن گه‌ر تاوانی وا بکه‌ن بێ سزا و لێپێچینه‌وه‌ نابن، بۆ ئه‌وه‌ی من دوا قوربانی بم، گرنگ ئه‌وه‌ بوو من په‌یامه‌که‌م گه‌یاند، دواتر ده‌بوو لێخۆش بم، تا بیسه‌لمێنم، که‌ من دژی ئازاردانی خه‌ڵکم، ده‌مه‌وێت هه‌موو که‌س به‌ ئاشتی و سه‌لامه‌تی بژی، نامه‌وێت که‌س به‌ هۆی که‌سیی منه‌وه‌ ئازار بکێشێت. ئه‌و بڕیاره‌ ئازارده‌ره‌، به‌ڵام ده‌بوو بیده‌م. گرنگ ئه‌وه‌ بوو من وه‌ک ژنێکی رۆژهه‌ڵاتی و ئێرانی خه‌باتی خۆم کرد، تا ئه‌وه‌ی مافی ئه‌وه‌م به‌ده‌ست هێنا، بتوانم چاره‌نوسی ئه‌وه‌م به‌ده‌ست بێت، ئایا چاوی کوێر بکه‌نه‌و‌ه‌ یان لێی ببورم. ئه‌وه‌ ئامانجێکی من بوو، که‌ ئێمه‌ی ژنان وه‌ک پیاوان مافمان هه‌یه‌ و ده‌توانین به‌ ده‌ستی بهێنین، جا لێی خۆش بم یان نا.
ئامینه‌‌ دواجار و‌ه‌ک قه‌ره‌بوو داوای بژاردنی ماددی ده‌کات، چونکه‌ پاره‌یه‌کی زۆری پێویسته‌ بۆ ئه‌و هه‌‌موو نه‌شته‌رگه‌رییانه‌ی هێشتا ده‌بێت ئه‌نجامی بدات بۆ چاککردنه‌وه‌ی ده‌موچاوی، چونکه‌ ماڵه‌وه‌شیان توانای دارایی وایان نییه‌ تا هاوکاریی بکه‌ن. لێره‌دا دادگا ته‌نها ١٣٠ هه‌زار ئۆیرۆی پێ ڕاوا ده‌بینێت، چونکه‌ ئه‌و ژنه‌ و نیوه‌ی قه‌ره‌بووی پیاوێک وه‌رده‌گرێته‌وه‌، به‌ پێی یاسای ئه‌و وڵاته‌، که‌ گوایا له‌ سه‌ر شه‌ریعه‌تی ئیسلام داڕێژراوه‌!
تا کاتی نوسینی کتێبه‌که‌ ئامینه‌ له‌ ئیسبانیا ده‌ژی و نه‌شته‌رگه‌ریی تر بۆ روخساری ده‌که‌ن، هاوکات خۆشی وه‌ک چالاوانێکی بواری مافه‌کانی ژنان و کچان خه‌بات ده‌کات.

سه‌رچاوه‌:

 ‌Auge um Auge: Ein Verehrer schüttete mir Säure ins Gesicht. Jetzt liegt sein Schicksal in meiner Hand, Ameneh Bahrami, Knur Taschenbuch, Germany, 2012, ISBN 978-3-426-78489-1

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە