کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


له‌ ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌ به‌ره‌و دایناسۆره‌کان

Thursday, 27/02/2020, 21:31


دوو کاتژمێر له‌نێو دایناسۆره‌کان

پزیشکه‌کان و ئه‌وانه‌ی زانیارییان له‌سه‌ر زینده‌وه‌رزانی یان بایولوژی هه‌بێت ده‌زانن که‌ ڤایرۆس یان ڤایره‌س بچوکترین ته‌نێکه‌ که‌ بتوانێت مرۆڤ و گیانه‌وه‌ران توشی نه‌خۆشی و درم بکات، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستاش زۆربه‌ی زانایانی زانستی زینده‌وه‌رزانی وه‌‌ک زینده‌وه‌رێک پێناسه‌ی ناکه‌ن ، ئه‌‌مه‌ش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ڤایر‌ه‌س خۆی سه‌ربه‌خۆ توانای زاووزێ یان زۆربوونی نییه و پێویستی به‌ ناوه‌ندێک (خانه‌یه‌‌ک) هه‌یه‌ که‌ بتوانێت تێیدا زیاد بکات و توخمی خۆی بپارێزێت....
 
دایناسۆره‌کانیش گه‌وره‌ترین گیانه‌وه‌رن که‌ مرۆڤایه‌تی تا ئه‌‌م سه‌رده‌مه‌ له‌رێگه‌ی پشکنین و کنه‌کاریی ناسیبێتی و په‌ی پێبردبێت، ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی ئه‌و پاشماوه‌ی ئێسکه‌په‌‌یکه‌ر و شوێنپێ و پارچه‌ به‌به‌ردبووانه‌ی که ده‌یان مه‌تر‌ له‌ ژێر چینه‌کانی ژێر زه‌ویدا له‌ شوێنه‌ جۆراوجۆره‌کانی جیهاندا دۆزراونه‌ته‌وه‌. وه‌ک سه‌لمێنراوه‌ دایناسۆره‌ گه‌وره‌کان کێشیان له‌ نێوان ٥٠ تا ٦٠ تۆن بووه‌ و ٢٠ تا ٣٠ مه‌ترێک درێژ بوونه‌، هه‌ندێکیان رووه‌کخۆر و هه‌ندێکیشیان گۆشتخۆر بوونه‌.
ئه‌م گیانه‌وه‌رانه‌ که‌وه‌ک زانراوه‌ ده‌یان جۆریان هه‌بووه‌ و دوا جۆره‌کانیان پێش ٦٦ میلیۆن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ناوچوونه‌، جا له ئه‌نجامی پیاکێشانی نه‌یزه‌ک (به‌ردی ئاگرینی بۆشایی ئاسمان، که‌ له‌ هه‌ساره‌کانی تره‌‌وه‌ به‌ره‌و زه‌وی هاتوونه‌ و به‌ر زه‌وی که‌وتووتنه‌ و ده‌که‌‌ون) ئاگری گه‌وره‌ که‌وتبێته‌وه‌، یان به‌ هۆی بورکانی گه‌وره‌ و مه‌زن، که‌ بووبێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ڕووبه‌رێکی فراوانی سه‌رزه‌ویی بسوتێنێت به‌هۆی پڕژانی‌ ئاگر و ده‌ردراوی شله‌ی ئاگرین و داخرکراوی ناخی زه‌وی له‌ ده‌می بورکانه‌‌که‌وه‌ یان هۆکارێکی تری نه‌زانراو.
دیاره‌ من ساڵی ١٩٩٥ به‌شی بایولوژی کۆلیژی زانسته‌‌کانی زانکۆی سه‌لاحه‌دینم ته‌واوکردوه‌، خولیای سه‌ردانیکردنی مۆزه‌خانه‌ و بینینی فیلمی به‌‌ڵگه‌نامه‌یی له‌سه‌ر ئه‌و بواره‌م هه‌یه‌، بۆیه‌ دوێنێ بۆ دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ دڵه‌ڕاوکه‌ و ترس و هه‌واڵه‌کانی نه‌خۆشی کۆرۆنا، له‌گه‌ڵ مناڵه‌کانمدا سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌ی دایناسۆره‌کانی ئاتالم له‌ نزیکی شاری زویرخ کرد، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ گه‌وره‌ترین دێرنخانه‌کانی بواری دایناسۆره‌کان له ئه‌وروپا و جیهاندا، بۆیه‌ ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌وه‌ به‌ ناردنی پاشماوه‌و ئێسکه‌‌په‌یکه‌ر و به‌به‌ردبووه‌‌کانی ئه‌و چاخانه‌ کۆمه‌ک ده‌کرێت. به‌ جۆرێک ئێستا ئێسکه‌ په‌یکه‌ری ده‌ دایناسۆری جۆراوجۆری تێدایه‌، که‌ ئۆریگیناڵن.
گه‌ران و سه‌یرکردنی دێرنخانه‌که‌ به‌ وردی و سه‌رنجه‌وه‌ زیاتر له‌ دوو سه‌عاتی ده‌وێت. به‌ڕاستی مرۆڤ سه‌ری ده‌سوڕمێت له‌‌و پاشماوه‌ و ئێسکه‌په‌یکه‌رانه‌ی دۆزراونه‌ته‌وه‌ و به‌شێوه‌ی ئه‌ندازیاریی و زانستی به‌ تێبینی و داتا و زانیاریی ورده‌وه‌ پیشاندراون. سه‌رسام ده‌بیت به‌‌و سه‌لیقه‌ و لێزانیی و کنه‌کاریی و به‌دواداچوونانه‌ی بۆ پشکنین و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاریی له‌سه‌ریان ئه‌نجام دراوه‌ و ده‌درێت.
سه‌ردانیکه‌ران سه‌ره‌‌ڕای بینینی ئێسکه‌په‌یکه‌ر و ئه‌و گیانه‌وه‌رانه‌ و به‌چکه‌کانیان و هێلکه‌ و ته‌نانه‌ت رووه‌که‌کانی ئه‌و چاخانه‌ که‌ خۆی له‌ سه‌دان میلیۆن ساڵ ده‌بینێته‌وه‌ و له‌ رێگه‌ی تیشکی کاربۆن-١٤ ه‌وه‌ مه‌زه‌نده‌ بۆ ته‌مه‌ن و چاخه‌کانیان کراوه‌، هاوکات خۆشحاڵ ده‌بن به‌ دیمه‌نی ئه‌و نمونه‌ (مۆدێل) ی دایناسۆرانه‌ که‌ به‌ پلاستیک و مادده‌ی ده‌ستکرد به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر هونه‌‌ری و جوان نمانیشکراون، که‌ هه‌ر ده‌ڵێی دایناسۆره‌کانن و زیندووبوونه‌ته‌وه‌!! جگه‌ له‌ ده‌یان و سه‌دان وێنه‌ و چه‌‌ندان فیلمی دۆکیۆمێنتاریی (به‌ڵگه‌یی) زانستی و بایولۆژی و زه‌ویناسیی له‌سه‌ر به‌به‌ردبووه‌کان. بۆ نمونه‌ پارچه‌یه‌ک داریی به‌ڕووی به‌به‌ردبوو که‌ وه‌ک مه‌ڕمه‌ڕی لێهاتووه‌ کراوه‌ به‌ شێوه‌ی ته‌خته‌یه‌ک تا له‌سه‌ری دابنیشی و وێنه‌ بگریت، له‌ ژێریدا نوسراوه‌: ئه‌م ته‌خته‌یه‌ی تۆ له‌سه‌ری دانیشتوویت ته‌مه‌نی دووسه‌د میلیۆن ساڵه‌!!
دیاره‌ له‌وێدا جگه‌ له‌ داینه‌‌سۆر ئێسکه‌ په‌یکه‌ری گه‌وره‌ترین کیسه‌‌ڵ له‌ جیهان و مێژوودا نمایش کراوه‌، که‌ ٥ مه‌تر به‌ ده‌سته‌کانییه‌وه‌ پانه‌ و دوو مه‌تر و نیو درێژه‌! هه‌روه‌ها له‌ نێو به‌به‌ردبووه‌کاندا گیانه‌وه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌ ئاوییه‌کانیش نمایشکراون، که‌ زۆریان ئێستا له‌ناوچوونه‌ و نه‌ماون، یان قه‌باره‌یان زۆر له ئێستادا گۆرانی به‌ سه‌رهاتوه‌... جگه‌ له‌‌ وێنه‌ و نمونه‌ کان، هۆڵێکی سینه‌مایشی تێدایه‌، که‌ ناوبه‌ناو و له کاتی دیاریکراودا سه‌عاتی جارێک فیلمی دۆکیۆمه‌نتاریی پێشکه‌شی سه‌ردانیکه‌ران ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجراکێشه‌ مۆزه‌خانه‌که‌ له پاڵ دۆڵێکدایه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ و له‌ دۆڵه‌که‌‌وه‌ دوو دانه‌ داینه‌سۆر به‌ قه‌باره‌ی گه‌وره‌یی خۆیان به‌ پلاستیک دروستکراون، که‌ به‌ره‌و مۆزه‌خانه‌که‌ دێن!!
رۆژانه‌ سه‌دان خه‌ڵکی ئاسایی و خوێندکار و زانستخوازان سه‌ردانی ئه‌م مۆزه‌خانه‌ ناوازه‌یه‌ ده‌که‌ن، تا زانیاری زیاتر له‌ سه‌ر مێژووی زه‌ویی و چاخه‌‌ کۆنه‌کانی سه‌دان میلیۆن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر په‌یدا بکه‌ن.
وه‌ک ده‌زانین کوردستان به‌ تایبه‌تی و ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست گرنگترین شوێنی کنه‌کردن و پشکنینی تێدایه‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زانیاریی له‌سه‌ر چاخه‌ به‌ردینه‌کان و سه‌رده‌مانی پێش مێژووی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جگه‌ له‌و تیم و زانستخوازانه‌ی زانکۆکانی جیهان که‌ جاروبار دێن و گه‌ڕان و پشکنین ده‌که‌ن، هێشتا زانکۆکانمان نه‌یانتوانیوه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زانستی شێلگیرانه‌ و به‌ ئامێری پێشکه‌وتوو کاری کنه‌کاریی ئه‌نجام بده‌ن، دیاره‌ له‌ پێش هه‌مووانه‌وه‌ ئه‌رکی حکومه‌ته‌ هانی زانستخوازان بدات و ئامێری پێشکه‌وتوویان بۆ دابین کات. به‌ داخه‌وه‌ ر‌ه‌وشه‌که‌ به‌جۆرێکه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و پارچه‌ شوێنه‌وار و ئێسکه‌‌په‌یکه‌ر و که‌‌لوپه‌لانه‌ی ده‌شدۆزرێنه‌وه‌ و ده‌خرێنه‌ مۆزه‌خانه‌کانه‌وه‌، چه‌ند ساڵ جارێک له‌گه‌ڵ شه‌ڕ و هێرشێکدا له‌ناوده‌چن و ده‌دزرێن و ده‌برێن بۆ مۆزه‌خانه‌کانی وڵاتانی تر، ئه‌گینا گه‌ر کۆبکرێنه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌‌کی زانستی و جوان له مۆزه‌خانه‌یه‌کدا دابنرێن و بپارێزرێن هه‌م ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاریی بۆ زانکۆ و ناوه‌نده‌ زانستییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌، هه‌میش ده‌بێته‌ شوێنێکی گه‌شتیاریی که‌ خه‌ڵکانی تینوی زانستی ئه‌و بواره‌ له هه‌‌نده‌رانه‌وه‌ بێن بۆ سه‌ردان و بینینیان....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە