کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


باوه‌شی سه‌رۆکوه‌زیرانێک بۆ کۆستکه‌وتوانی وڵاته‌که‌ی

Tuesday, 26/03/2019, 23:38


جاسیندا ئاردرین ژنه‌ سه‌رۆکوه‌زیرانی وڵاتی نیوزیله‌نده‌یه‌، پاش رووداوه‌ تیرۆریستییه‌که‌ی هه‌ینی رابردوو بۆ سه‌ر مزگه‌وتی موسوڵمانه‌کان سه‌ردانی که‌سوکاری قوربانییان ده‌کات، ده‌چێته‌ مزگه‌وته‌کان، ده‌چێته‌ تازیه‌کان، ده‌چێته‌ ماڵه‌کان، وه‌ ک رێزێکیش بۆ ئاینی موسوڵمانه‌کان له‌چک له‌سه‌رده‌کات و باوه‌شی گه‌رم و پر سۆزیان پێد ده‌کات، نه‌ک به‌ لێپرسراوی راگه‌یاندنه‌که‌ی بڵێت تازیه‌نامه‌یه‌ک به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ بڵاو بکه‌نه‌‌وه، وه‌ک له‌ رۆژهه‌ڵاتی خۆماندا باوه‌. وه‌ک له‌ وێنه‌کانیدا ده‌یبینن، که‌ له‌ ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی جیهانیدا بڵاوکرانه‌وه‌، ئه‌و  زۆر به‌ سۆز و له‌ نزیکه‌وه‌ باوه‌شی سۆزی پێدا کردن و هاوخه‌می خۆی و حکومه‌ته‌که‌ی بۆیان ده‌رده‌بڕێت... 
نیوزیله‌ندا ئه‌و ولاته‌ دووره‌ ده‌سته‌ توڕدراوه‌ی بنی دونیا و نێو زه‌ریای پاسیفیک، ئه‌م ژنه‌ گه‌نجه‌  مه‌سیحیه‌ ٣٨ ساڵه‌یه‌ سه‌رۆکوه‌زیرانییه‌تی، موسوڵمانه‌کان که‌مینه‌یه‌کی زۆر زۆر بچوکن (نزیکه‌ی له‌ سه‌دا یه‌ک). له‌و وڵاته‌ زۆرینه‌یان هه‌ڵگری ئاینی مه‌سیحین (٤٨٪) زیاتر له‌ سێیه‌کی خه‌ڵکه‌که‌شی بێ ئاینن (٤٢٪)، به‌ڵام که‌لتوری لێبورده‌یی و پێکه‌وه‌ژیان تیایدا به‌هێزه‌. بۆیه‌ هیچ تیرۆریستێک ناتوانێت ئه‌و که‌لتوره‌ پێشکه‌وتوه‌ تێکبشکێنێت... 
ئه‌رێ سه‌رۆکوه‌زیرانی هیچ وڵاتێکی ئیسلامیتان بینیوه‌ ئاوا باوه‌ش بکات به‌ قوربانییانی تیرۆری که‌مینه‌یه‌کی ئاینی له‌ وڵاته‌که‌ی خۆیاندا؟
با جارێ بپرسین، ئایا سه‌رۆکوه‌زیرانی ئه‌م وڵاتانه‌ ئاوا له‌ دڵه‌وه‌ و له‌ نزیکه‌وه‌ هاوسۆزی خۆیان بۆ قوربانییانی تیرۆر ده‌ربڕیوه‌؟
 بۆ جارێکیش سه‌رۆکی هه‌رێمی خۆمان باوه‌شێکی ئاوای کردوه‌ به‌ که‌سوکاری قوربانییانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفالدا؟
 ئه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی خۆمان بۆ جارێکیش باوه‌شێکی ئاوای کردوه ‌به‌ که‌سوکاری کۆمه‌ڵکوژیی ئێزیدییه‌کاندا؟
ئاخر سه‌رۆکایه‌تی وڵات و سه‌رۆکوه‌زیرانێتی ئاوا ده‌بێت، ده‌بێت هی هه‌موو هاوڵاتیانی بێت نه‌ک ته‌نها هی ناوچه‌ و حزب و عه‌شیره‌ته‌که‌ی. ئاخر گه‌ر کاردانه‌وه‌ و هاوخه‌می له‌ دڵه‌وه‌ بوو نه‌ک کارێکی دیپلۆماسی و نمایشی راگه‌یاندن، لای هاوڵاتیانیشی ده‌چێته‌ دڵه‌وه‌..
له‌ وته‌یه‌‌کیدا ئه‌م ژنه‌ لێهاتوه‌ دڵسۆزه‌، له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی گوتی(من نامه‌وێت هه‌رگیز ناوی ئه‌و تاوانباره‌، خوێنرێژه‌، تیرۆریسته‌بهێنم. ئه‌و ویستی به‌م کاره‌ ناوبانگ په‌یدا بکات، ناوی ئه‌و به‌ زمانمدا نایه‌ت...ئێمه‌ هه‌موو یه‌کین. تیرۆر ناتوانێت لاوازمان بکات...هتد)
بۆ ساتێک به‌راوردی خۆمان و ئه‌وان بکه‌ین، تێده‌گه‌ین ئێمه‌ له‌ کوێین و ئه‌وان له‌ کوێ!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە