کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


یادێک له‌ رۆژه‌ره‌شه‌که‌ی ٣١ی ئاب

Wednesday, 31/08/2016, 23:26


ساڵی ١٩٩٥ دوای ته‌واوکردنی زانکۆ کۆلیژی زانست به‌شی بایۆلۆژی له‌ زانکۆی سه‌لاحه‌ددین له‌ هه‌ولێر مامه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ماڵمان له‌ سلێمانی بوو، له‌ سکرتاریه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکاران و لاوانی سه‌ر به‌ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان (دواتر لاوان بووه‌ رێکخراوێکی تر و له‌ خوێندکاران جیاکرایه‌وه‌)بوومه‌ به‌رێوبه‌ری نوسینی رۆژنامه‌ی (رێبازی خوێندکاران) که‌ له‌لایه‌ن سکرتاریه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکاران و لاوانه‌و‌‌ه‌ دوو هه‌فته‌جارێک بڵاوده‌کرایه‌وه و کادری راگه‌یاندنی سکرتارییه‌ت بووم له‌ به‌شی راگه‌یاندن، چه‌ندان جاریش به‌رنامه‌ی خوێنکارانم بۆ که‌ناڵی هه‌ولێری ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی کوردستانم ئاماده‌ ده‌کرد، که‌ (شنه‌ ره‌سول و هاوده‌نگ فاروق) پێشکه‌شیان ده‌کرد، دیاره ‌ئه‌و کات جگه‌ له‌ که‌‌ناڵی میدیای سه‌ربه‌ پارتی کرێکارانی کوردستان هیچ که‌ناڵێکی تری ئاسمانیی کوردی نه‌بوو.پاشترو له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٩٦ دا له‌ تاقیگه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی کۆماریی به‌ تاقیگه‌کار (موخته‌به‌ریی) دامه‌زرام، به‌ڵام هه‌ر له‌ کاره‌که‌ی راگه‌یاندنی خوێندکاران به‌رده‌وام کارمده‌کرد و ئێواران له‌وێ بووم. ئه‌وکات خه‌لیل عوسمان، که‌دواتر بووه‌ په‌رله‌مانتاری یه‌کێتی سکرتێری رێکخراوه‌که‌ بوو.
ئه‌و وه‌خته‌ هه‌ولێر به‌ ته‌واوی له‌ ژێر ده‌ستی یه‌کێتییدا بوو، شه‌ڕی ناوخۆ ماوه‌یه‌ک بوو وه‌ستا بوو، به‌ڵام باشوری کوردستان ببوه‌ دوو ناوچه‌ی سه‌وز و زه‌رد، من له‌ شوقه‌یه‌کی باڵه‌خانه‌ی به‌رامبه‌ر باخی  گڵکه‌ند و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئه‌وکات، نزیک  گه‌راجی گه‌وره‌ی پاسه‌کان، سه‌ر رێگای که‌رکوک له‌ قاتی پێنجه‌مدا ده‌ژیام، هاوکات هه‌ندێک خوێندکاری تری تێدا ده‌ژیان، لقی هه‌ولێری کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانیش له‌ قاتی سێیه‌می باڵه‌خانه‌که‌دا بوو. ناوی باڵه‌خانه‌که‌یان نابوو (کوردستانی نوێ) چونکه‌ پێشتر چه‌ندان ساڵ باره‌گای سه‌ره‌کی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ له‌وێدا بوو.
مانگی هه‌شتی ئه‌و ساڵ زۆر گه‌رم بوو، سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی له‌وێدا ده‌ژیاین له‌سه‌ربانی باڵه‌خانه‌که‌ ده‌خه‌وتین، له‌  ناوه‌ڕاستی مانگی هه‌شته‌وه‌ هێزه‌کانی یه‌کێتی په‌لاماری هێزه‌کانی پارتییان له‌ ناوچه‌کانی حاجی ئۆمه‌ران و گه‌ڵاڵه‌ و سیده‌کان و هیران و دۆڵی بالیساندا دا، دیاره‌ ئێرانیش تا ڕاده‌یه‌ک به‌ تۆپباران هاوکاری یه‌کێتی ده‌کرد، به‌ڵام پارتی ئه‌مه‌ی قۆسته‌وه‌ و له‌ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ زۆر گه‌وره‌ی کرد، هێزه‌کانی پارتی له‌ سه‌رجه‌م قۆڵه‌کانه‌وه‌ شکان و پارتی فشارێکی زۆری بۆ هات، چونکه‌ مه‌ترسی گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی که سه‌ریڕه‌ش و شه‌قڵاوه‌ و دیانا و هه‌ریریش له‌ده‌ست بدات! به‌ ڕای من گه‌ر پارتی داوای هاوکاری له‌ رژێمی به‌عس نه‌کردایه‌ ئه‌وا دوور نه‌بوو له‌ زێی گه‌‌وره‌ بکرێته‌ ئه‌وبه‌ره‌وه‌ و ته‌نها بادینانی به‌ده‌سته‌وه‌ بمایا. ئیتر شه‌ر له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ گه‌رمبوو هاوکات جه‌نگی راگه‌یاندنیش له‌ لوتکه‌دا بوو. بیرمه‌ رۆژنامه‌ی (ئه‌مڕۆ) که‌ فریاد هیرانی سه‌رنوسه‌ری بوو به‌ مانشێت نوسیبووی: خولی ئه‌مجاره‌ی شه‌ڕی ناوخۆ سه‌نگه‌ربه‌ندییه‌کی نوێ دروست ده‌کات!
ناوه‌راستی مانگی هه‌شت ده‌نگی هاتوچۆ و یه‌کتربینین و په‌یوه‌ندی ئاشکرا و نهێنی نێوان به‌عس و پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوبۆوه‌، ئیتر شه‌وانه‌ رژێم سه‌نگه‌ره‌کانی یه‌کێتی له‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری به‌ تۆپ ده‌کوتا. یه‌کێتی به حسابی خۆی گره‌نتی له‌ ئه‌مریکا وه‌رگرتبوو که‌ به‌عس راسته‌وخۆ نه‌یاته‌ هانای پارتییه‌وه‌ و هه‌ولێر نه‌گیرێت، به‌هه‌ڵه‌دا چووبوو. چه‌ند مانگێک بوو موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌کانی ناوخۆش نه‌درابوو. گوه‌زرانی خه‌ڵک به‌ هۆی نه‌دانی مووچه‌ و گه‌مارۆی ئابوری به‌عس له‌ سه‌ر کوردستان زۆر خراپ بوو.
له‌ به‌رزترین قاتی باڵه‌خانه‌که‌دا ستۆدیۆی رادیۆیه‌کی ئێف ئێم دانرابوو، که‌ سه‌ر به‌ کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکاران و لاوان یه‌کێتی بوو، له‌سه‌رجه‌م هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری په‌خشه‌که‌ی وه‌رده‌گیرا. ستافی ڕادیۆ ئه‌وه‌ی له‌ بیرم مابێبه‌ختیار مه‌لا ئه‌حمه‌دبه‌ڕێوبه‌ر وه‌ ئازاد محمد خورشیدی هاورێم جێگری به‌ڕێوبه‌ربوو بێژه‌رێکی سه‌رکه‌وتوش بوو،ئه‌دیبه‌ بالیسانی،عه‌دنان ڕوژ به‌یانی،شیرین حمه‌دڵدار، هه‌ریار جمیل ڕه‌نجبه‌ركاوه‌ی به‌شی عه‌ره‌بی خوێندكاری ئه‌ندازیاری بوو، سۆران خوێندكاری په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانكوڕێكی شه‌هید سلێمان (ناویم بیر نه‌ ماوه)‌، برایم ڕانییه‌یی، وه‌چه‌ند كارمه‌ندێكی تر به‌ داخه‌وه‌ ناویانم بیر نه‌ماوه‌، به‌ڕێزێكیش پاسه‌وان بوو ئێستا به‌ڕێوبه‌ری قوتابخانه‌یه‌كه‌ له‌ ده‌شتی كۆیه. منیش جاروبار وتاری ڕۆژانه‌ی کردنه‌وه‌ی رادیۆم بۆ ده‌نوسین، ئه‌و رۆژانه‌ که‌ ماوه‌یه‌ک بوو جه‌وله‌ی نوێی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ستی پێکردبوو، وه‌ گومانی هاوکاریکردنی به‌عسیش بۆ پارتی ده‌کرا، وتاره‌کانم له‌سه‌ر دڕنده‌یی به‌عس و بیرخستنه‌وه‌ تاوانه‌کانی بوو، وه‌ ڕام وابوو، که‌ هه‌رچه‌نده‌ ناکۆکی نێوان خۆمان هه‌بێت، نابێت ئێمه‌ په‌نا ببه‌ینه‌ به‌ر دوژمن و داگیرکه‌ری سه‌ره‌کی کوردستان. خۆشبه‌ختانه‌ زۆربه‌ی ئه‌و هاورێیانه‌ له‌ ژیاندا ماون و شایه‌تی ئه‌مه‌ن.
ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی تێیدا بووین ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك بوو مه‌فره‌زه‌یه‌كی ئاسایش شه‌وان له‌به‌ر ده‌رگا بوون تا به‌یانی، شه‌وی ٣١ ئاب زوو ڕۆیشتن من لێمان پرسین بۆ ده‌ڕۆن وتیان وه‌ڵا له‌ ئینزار نه‌ ماوین! شه‌وی ٣١ی ئاب تۆپبارانێکی سه‌خت بوو، نه‌ک هه‌ر تۆپی دوورهاوێژ به‌ڵکو ده‌نگی کاتیۆشا و ڕاجیمه‌ش ده‌بیسترا، و تا ده‌هات ده‌نگ و بڵێسه‌ی تۆپه‌کان نزیکتر ده‌بوونه‌وه‌. یه‌کێتیش هه‌ر خه‌ریکی هێز هێنان و بردن بوو، ڕه‌وشه‌که‌ ئاسایی نه‌بوو، ئێمه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ باڵه‌خانه‌که‌دا ده‌ژیاین، هه‌موو خه‌ڵکی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر بووین، ئه‌و شه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ربانه‌ به‌رزه‌که‌‌وه‌ چاودێری ڕه‌وشه‌که‌مان ده‌کرد، ده‌نگی تۆپ و ترس و گومان و دڵه‌ڕاوکێ نه‌یده‌هێشت بخه‌وین.
به‌یانی ٣١ی ئاب له‌ به‌ره‌ به‌یانیه‌كی زووه‌وه‌ گوێمان له‌ ده‌نگی تۆپ بوو، تا ده‌هات ده‌نگه‌كه‌ نزیك ده‌بۆوه‌، له‌ به‌یانیدا په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی بچڕا، كه‌س زانیاری لا نه‌بوو، من ئه‌و به‌یانییه‌ وتارێکم نوسی و زۆر به‌توندی هێرشم کرده‌ سه‌ر رژێمی به‌عس و ته‌نانه‌ت پارتیم به‌ خیانه‌ت تاوانبار کرد، گه‌ر په‌نا بباته‌ به‌ر به‌عس، هه‌روه‌ها داوای به‌رگری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشه‌که‌م ده‌کرد، وتاره‌که‌م به‌ ده‌ست نوسی و دام به‌ ئازاد محه‌مه‌دی هاورێم ، ناوبراو زۆر به‌ حه‌ماسه‌وه‌ له‌ ڕادیۆکه‌ خوێندیه‌وه‌، ئیتر هێواش هێواش ره‌وشه‌که‌ به‌دیار ده‌که‌وت، که‌ هێڕشی گه‌وره‌ بۆ هه‌ولێر له ئارادا‌یه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایشی یه‌کێتی به‌ ئۆتۆمبیل هه‌ر ده‌هاتن و ده‌چوون به‌ ناو شاردا.
له‌ ته‌نیشتی ڕاستی باڵه‌خانه‌که‌مان به‌نزینخانه‌یه‌ك هه‌بوو، زۆر له‌ به‌رپرسه‌كان ئه‌هاتن ئۆتۆمبێله‌كانیان پڕ ده‌كرد، من و ئازاد و چه‌ند هاورێیه‌ک چووینه‌ خواره‌وه‌ لای به‌نزینخانه‌که‌، ئه‌وه‌ی كه‌ ناسیمان كاردۆ محمد، کارگێری مه‌ڵبه‌ند بوو،‌ ئێستا هه‌ڵسوڕاوی گۆڕانه،‌ به‌ خۆی چه‌ند پاسه‌وانێک و ئۆتۆمبیلێکه‌وه‌ له‌وێ بوو به‌نزینی تێده‌کرد، چوینه‌ لایپرسيارمان لێكرد، که‌ چییه‌ و به‌ته‌واوی ڕه‌وشه‌که‌ چۆنه‌؟ ئه‌و گوتی باش ده‌بێت و هیچ زانیاری وای نه‌داینێ. 
ئه‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ ئازادی هاورێم و كاوه‌و دوو كارمه‌ندی تر له‌وێ مابووین، وه‌ كاتێك ده‌نگی تۆپمان ده‌بیست دوكه‌ڵی تۆپمان له‌ قه‌راغی شار و ده‌وره‌به‌ری په‌رله‌مان بینی، له‌ناو گڵكه‌ند ته‌قه‌ ده‌ستی پێكرد ئیتر باره‌گاكه‌مان به‌جێهێشت، كلیلی ده‌رگاكانمان ته‌سلیمی پاسه‌وانه‌كه‌ كرد، سواری پاسێکی (برایه‌تی حه‌ی شورته‌) بووین به‌ڵام سیخناخ بوو به‌ خه‌ڵک و به زه‌حمه‌ت به‌ پێوه‌ جێگه‌ی خۆمان کرده‌وه‌، تا  له‌وناوه‌ دوور که‌وتینه‌وه‌، پاشان  به‌پێ ڕۆیشتینبۆ ماڵی كاوه‌ له‌ نزیكی سكرتاریه‌تی مام جه‌لال، دوو كارمه‌نده‌كه‌ی تریش كه‌ له‌ ڕادیۆ بوون هه‌ریه‌كه‌ بۆ ماڵی خۆی ڕۆیشتنه‌وه‌، كاوه‌ برای دكتۆر دلێر زاوای دكتۆر فواد مه‌عسووم بوو. دایكی كاوه‌ ژنێكی ئازاو به‌ڕێزو به‌ خزمه‌ت بوو،سور ده‌یزانی ئێمه یه‌کێتین و پله‌ی حزبیشمان هه‌یه‌، که‌چی زۆر رێزی لێگرتین وپه‌نای داین، لێره‌وه‌ ده‌ستی ماچ ده‌‌که‌م. له‌ ماڵ کاوه‌ی هاورێمان جاروبار ده‌چوینه‌ سه‌ربانه‌که‌یان، ده‌نگی دۆشکه‌ و بیکه‌یسی و تۆپ تێکه‌ڵ ده‌بوو، باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مان چه‌ندان تۆپی به‌رکه‌وت و له‌چوارلاوه‌ دوكه‌ڵی لێ هه‌ڵده‌ستا. کات نزیکی دووی پاش نیوه‌ڕۆ بوو، مه‌فره‌زه‌ی پارتی که‌وتنه‌ ناوشار گه‌یشتنه‌ كۆڵانه‌كان و شه‌قیان له‌ ده‌رگای ماڵه‌كان هه‌ڵده‌داو جنێویان به‌ (جه‌لالیه‌كان) ده‌دا. ده‌چوونه‌ سه‌ر ماڵه‌کان که‌ یه‌کێتی بوون. ده‌سکراوه‌ بوون و به‌ ئاشکرا غه‌دریان ده‌کرد، هه‌ندێکیان به‌ دوای تۆڵه‌ که‌وتبوون، که‌ پێشتر یه‌کێتییه‌کان زوڵمیان لێ کردبوون.
دایكی كاوه که‌ خۆیان گۆته‌نی (هه‌ولێری) بوو، واته‌ له‌ تورکمانه‌کانی شار بوو که‌ له‌گه‌ڵ کورد تێکه‌ڵ ببوون و شوی به‌ کورد کردبوو، ‌یه‌که‌مجار بوو بچینه‌ ماڵیان، له‌و ڕه‌وشه‌ ناخۆشه‌دا، که‌ که‌سی دڵسۆز نه‌بێت جێگات ناکاته‌وه‌، ئه‌و ڕووی خۆش بوو له‌گه‌ڵماندا، خواردنی داپێمان و ئێمه‌ی له‌ ژێرخانی خانوه‌که‌یاندا شارده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ ئێمه‌ی وت ئه‌گه‌ر مه‌ترسیتان له‌سه‌ر دروست بوو هاتنه‌ سه‌رمان، بڕۆنه‌ ماڵه‌كه‌ی ئه‌ودیو خۆمانه‌ن، كه‌ دوایی زانیمان ماڵی ئامانج و كرمانجی زه‌حمه‌تكێشان بوو. 
ئه‌و شه‌وه‌ هه‌رچۆنێک بوو رۆژمان کرده‌وه‌. بۆ ڕۆژی دووه‌م پێشنیازم بۆ ئازادی هاورێم كرد بچینه‌ باره‌گای شیوعی، هاورێم له‌ناویان هه‌بوو، تا‌ خۆمان لای ئه‌وان ته‌سلیم بکه‌ین و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ به‌ره‌و سلێمانی و ناوچه‌کانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی یه‌کێتی ده‌رچین. به‌ ترس و گومانه‌وه‌ له‌ ماڵیان هاتینه‌ ده‌ر، شار پڕ بوو له‌ چه‌کدار و سه‌ربازی پاسه‌وانی کۆماری (حرس جمهوری)! خه‌ڵک که‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌بینران، هه‌ر سه‌یاره‌ بوو به‌ ئاڵای زه‌رده‌وه‌ خه‌ریکی تاڵانی بوو، هی ماڵه‌ لێپرسراوه‌کانی یه‌کێتی و فه‌رمانگه‌کان و باره‌گاکانی یه‌کێتی و حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانی عێراقی و باره‌گای رێکخراوه‌ بییانییه‌کان. سواری پاسی شه‌ستی بووین، کاتێک نزیکی باره‌گای حزبی شویعی بووینه‌وه‌ وابزانم بنکه‌ی ته‌له‌فزیۆنیان بوو له‌سه‌ر گۆشه‌که‌ و سه‌رجاده‌ی عه‌ینکاوه‌، له‌ ڕێگاكه‌وه‌ بینیمان بارودۆخی باره‌گاكه‌ به‌ كه‌ڵكی ئێمه‌ نه‌هات چوارده‌وری به‌ هێزی سه‌ربازی عێراقی گیرابوو، جێگه‌‌ی گوله‌ و شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ به‌دیواره‌کانییه‌وه‌ بوو، په‌نجه‌ره‌کانی شکابوون. دیار بوو شه‌ری تێدا کرابوو.  ئیتر له‌وێش نائومێد بووین و به‌ ئازادی هاورێم گوت، که‌ بچین بۆ گوندی زانکۆ (قه‌ریه‌ زانکۆ) ، ئه‌وێ چه‌ند خزمێکی منی لێ بوو، که‌ مامۆستای زانکۆ بوون، به‌رێکه‌وتین به‌ره‌و ئه‌وێ.
هه‌ر له‌ نێوپاسه‌که‌ دانه‌به‌زیتین، که‌ به‌ جاده‌ی شه‌ستیدا به‌رده‌وام ده‌ڕۆیشت و پێیان ده‌گوت پاسی شێستی، له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری جاده‌ که‌ و سه‌ر چوارڕێیانه‌کان تانک و زرێپۆش و سه‌یاره‌ی سه‌ربازی پاسه‌وانی کۆماری لێبوو. پێناسیان له‌خه‌ڵک وه‌رده‌گرت و به‌دوای هێزی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی (واته‌ عه‌ره‌به‌کان) دا ده‌گه‌ڕان. هێزه‌کانی پارتیش به‌دوای یه‌کێتییه‌کاندا ده‌گه‌ڕان و کاتێک که‌سێکیان ده‌گرت، به‌ لێدان سواری ئۆتۆبیلیان ده‌کرد.
کاتێک له‌ پاسه‌‌که‌دا گه‌یشتینه‌ نزیک سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و پێش په‌رله‌مان، که‌ جاده‌که‌ به‌وێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئای که‌ دیمه‌نێکی پڕ له‌ناسۆر بوو، تا دوا هه‌ناسه‌ له ژیاندا ده‌ده‌م بیرم ناچێته‌وه‌! بینیمان ده‌یان تانک به‌ ئاڵای به‌عسه‌وه‌ له‌ نێوحه‌وشه‌ و ده‌وروبه‌ری په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پارککرابوون!ئاڵای نه‌گریسی عێراقیش له‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مان ده‌شه‌کایه‌وه‌!
به هه‌ر حاڵ گه‌یشتینه‌ ماڵی مامۆستا فاتیح سابیر ئاغجه‌له‌ری، زۆر به‌ ڕێزه‌وه‌ پێشوازیان لێكردین و شه‌وێک له‌ماڵیان مایینه‌وه‌، که‌ جێگای رێز و پێزانینه‌.
ڕۆژی سێیه‌م به‌ ئازادی هاورێم گوت، که ئێستا پارتی مه‌شغوڵی ڕاووڕوته‌ با ئه‌مڕۆ ده‌رچین تا پارتی ته‌واو نه‌که‌وتونه‌ته‌وه خۆیان و نه‌گیراوین، ئه‌وه‌بوو به‌ره‌و گه‌راجی سلێمانی ڕۆیشتین، له‌وێ خه‌ڵكێكی زۆر چاوه‌رێی گه‌ڕانه‌وه‌ بوون ، لۆریه‌ك له‌وێ بوو پێی وتین: كێ دێت له‌سه‌ر به‌رپرسیارێیتی خۆی، ده‌ڕۆمه‌وه‌ بۆ سلێمانی، ئه‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی زۆر له‌ پشته‌وه‌ سواری لۆریه‌كه‌ بووین. له‌ قوشته‌په‌ توشی یه‌كه‌م بازگه‌ی به‌عسیه‌كان بوین و سه‌ربازێك هاته‌ ناو لۆریه‌كه‌ وگوتی ((ئه‌گه‌ر معاره‌زه‌تان له‌گه‌ڵه‌ پێم بڵێن، ئه‌گه‌ر خۆم كه‌سێك بدۆزمه‌وه‌ هه‌مووتان به‌ لۆریه‌كه‌وه‌ ده‌سوتێینم!!)) چاره‌نوسمان كه‌وته‌ ده‌ست قه‌ده‌ر! خۆشبه‌ختانه‌ له‌وێ ڕزگارمان بوو دوای ئه‌وه‌ ڕۆیشتین و گه‌یشتینه‌ ناوچه‌ی چه‌مه‌رگه،‌ له‌وێ توشی پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی بووین لای ئه‌وان قه‌ده‌رێك وه‌ستاین، له‌وكاته‌دا وابزانم كافییه‌ سلێمان بوو به‌ ئوتومبێلێكی تایبه‌ت له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاتوو ڕزگارکرابوو، هه‌موو پێشمه‌رگه‌كان به‌ چه‌پڵه‌ ڕێزان به‌ره‌و پیری ڕۆیشتن، دوای ئه‌وه‌ ئه‌ویمان به‌جێهێشت و هاتینه‌ كانی وه‌تمان خه‌ڵكێكی زۆر له‌وێ چاوه‌ڕێی كه‌سوكاریان بوون،
دوای ئه‌وه‌ بۆ شه‌وێكی دره‌نگ گه‌یشتینه‌وه‌ شاری سلێمانی و من و ئازاد له‌یه‌ك جیابوینه‌وه و هه‌رکه‌س بۆ ماڵی خۆی. شایه‌نی باسه‌ که‌سوکار و ماڵی هه‌ردوولامان هیچ هه‌واڵێکیان لێمان نه‌بوو، ئه‌وه‌‌نده‌ی نه‌مابوو تازیه‌ و ماته‌ممان بۆ بگێڕن.ئه‌وه‌ی كه‌ بیرمان ناچێت خه‌ڵكه‌ پارتیه‌كه‌ گره‌ویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ده‌بابه‌ نه‌هاتۆته‌ ناو هه‌ولێره‌وه‌! له‌ كاتێكدا من و ئازاد به‌ناو ده‌بابه‌كانی به‌عسدا هاتبووین. ده‌ڕۆژدواتر که‌ یه‌کێتی پاشه‌کشه‌ی کرد و سه‌رجه‌م ناوچه‌کانی باشور که‌وتنه‌ ده‌ست پارتی، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی له‌ وتارێکدا به‌ بۆنه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌ له‌ ١١ی ئه‌یلولدا گوتی (( ئه‌مه‌ی‌ کردمان شه‌ڕی ئه‌خلاق بوو به‌سه‌ر بێئه‌خلاقیدا!))، که‌ له‌ ڕادیۆوه‌ به‌ گوێی خۆم بیستم.
ئای که‌ ڕۆژ و رۆژگارێکی ڕه‌ش بوو، به‌ هیوام هه‌رگیز دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، له‌وه‌ش ڕه‌شتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ مرۆڤ هه‌بێت شانازی به‌م جۆره‌ رۆژانه‌وه‌ بکات....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە