کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


هیوای ڕۆژئاڤا

Sunday, 13/12/2015, 3:17


کلێمه‌نس هوێگیس
له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌: هیوا ناسیح
له‌ ژماره‌ ٤٧ی ئه‌مساڵی گۆڤاری دێرشپیگل، که‌ پڕفرۆشترین گۆڤاری ئه‌ڵمانییه‌، مانگی رابردوو راپۆرتێکی درێژی له‌سه‌ر به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ و شاری قامیشلو و کوبانی بڵاوکردۆ‌ته‌وه‌، که له ئاماده‌کردنی (کلێمه‌نس هوێگس)ه، ئه‌وه‌ی سه‌رنجراکێشه‌ رۆژنامه‌نوسه‌که‌ خۆی ناوچه‌کانی رۆژئاوای کوردستان گه‌ڕاوه‌، له‌وێ ماوه‌ته‌وه‌ و راپۆرته‌که‌ی ئاماده‌کردوه‌ ،هه‌روه‌ها له‌ ناونیشانی راپۆرته‌که‌ی و ناوه‌ڕۆکه‌که‌شیدا وشه‌ی (رۆژئاڤا)ی به‌کارهێناوه‌‌، واته‌ به ئه‌ڵمانی وشه‌ کرمانجییه‌که‌‌ی، که‌ خه‌ریکه‌ له‌ نێو ماسیمیدیای جیهانیدا جێکه‌وت ده‌بێت، به‌کارهێناوه،‌ نه‌ک وه‌ریبگێڕێته‌ سه‌ر ئه‌ڵمانی. منیش لێره‌دا هه‌مان وشه‌م نوسیوه‌‌ته‌وه‌، له‌ به‌ر درێژی بابه‌ته‌که‌ش هه‌ندێک کورتم کردۆته‌وه‌. (وه‌رگێر)

له‌ سوریا کورده‌کان گرنگترین هاوپه‌یمانی وڵاتانی خۆرئاوان، که‌ دژی داعش ده‌جه‌نگن، ئه‌وان چه‌ک و یارمه‌تییان پێشکه‌ش د‌ه‌کرێت. به‌ڵام ئایا ده‌توانن به‌سه‌ر تیرۆریسته‌کاندا سه‌رکه‌ون؟ گه‌شتێک به‌ نێو شاره‌ ده‌گمه‌نه‌کانی جیهاندا...
مرۆڤ هه‌یه‌، که‌ ته‌حه‌مولی نادادپه‌روه‌ری، سته‌م و ژێرده‌سته‌یی ناکات، ده‌ست ده‌که‌ن به‌ خه‌بات و کۆڵ ناده‌ن،  ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر قوربانی زۆریشیان له‌ دژی نادادی بۆ ده‌ستکه‌وتێکی که‌م دابێت. مرۆڤانێک که‌ هه‌موو شتێکی خۆیان ده‌که‌نه قوربانیی بیروبڕواکه‌یان. ئه‌وان مرۆڤانێکن وه‌ک (ئه‌لدار خه‌لیل)، که‌ به‌ڕیش و سمێڵه‌که‌ی و کراسه‌ خه‌تخه‌ته‌که‌یدا وه‌ک کرێکاری کارخانه‌یه‌ک ده‌بینرێت. ئه‌و دۆستانه‌ ده‌ستی راستیت بۆ درێژ ده‌کات، که‌ ته‌نها ده‌ستێتی و قۆڵی چه‌پی کراسه‌که‌شی بێ ده‌ست و باڵ به‌ قه‌دیدا شۆڕبۆته‌وه‌.
ئه‌و ده‌ست به‌ قسان ده‌کات، کاتێک که‌ هێشتا مناڵ بووه‌. له ژێر ده‌سته‌ڵاتی رژێمی ئه‌سه‌ددا  ناو و زمانی کوردی قه‌ده‌غه‌ کرابوو. (( له‌ یه‌که‌م رۆژی کردنه‌وه‌ی خوێندنه‌گه‌دا مامۆستاکه‌م گوتی، تۆ ناتوانی چی دی ناوت ئالدار بێت. ئه‌و ناوێکی نوێی عه‌ره‌بی لێنام. من وام هه‌ست کرد، ئیتر بوومه‌ته‌ مرۆڤێکی خراپ)). خه‌لیل ئه‌و رۆژانه‌ و ئه‌و هه‌ستی شه‌رمه‌زارییه‌ی ئه‌وکاتی هه‌رگیز بیرناچێته‌وه‌.
ئه‌و فێربوو، که‌ کوردێکی وه‌ک ئه‌م به‌ که‌سێکی خراپ داده‌نرێت، له‌ سوریا بگره‌ له ئێراق و تورکیاش. که‌وا ناتوانن وڵاتێکی خۆیان هه‌بێت. ناتوانن مافیشیان هه‌بێت. به‌م جۆره‌ ئه‌و له‌ گه‌نجێکی بنده‌سته‌کراوه‌وه‌ بووه‌ جه‌نگاوه‌ر. ئه‌و چوو بۆ نێو شاخه‌کان، بۆ لای هێزه‌ چه‌کداره‌کانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پێکاکا). ئه‌وان مارکسیست، نه‌ته‌وه‌یی و شه‌ڕڤانیش بوون.
ساڵی ١٩٩٣ خه‌لیل هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر که‌مپێکی سه‌ربازیی تورکیا، له‌ پڕ هه‌ست به‌ ته‌قینه‌و‌ه‌یه‌ک ده‌کات. کاتێک ئه‌و به‌هۆشی خۆی دێته‌وه‌، ئه‌و له‌و جێگه‌یه‌ بوو که‌ پێشتر ده‌ستی چه‌پی له‌وێ په‌ڕیبوو، ئێستا بۆته‌ کۆته‌ره‌ دارێکی خوێناوی،  مینێک ته‌قیبووه‌وه پێیدا.
خه‌لیل کۆڵی نه‌دا و به‌رده‌وام بوو، ئه‌و ساڵی ٢٠٠٣ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ وڵاته‌که‌ی خۆی سوریا و ده‌ستی کرد به‌ دروستکردنی پارتی یه‌کێتی دیموکراتی (په‌یه‌ده‌)، پارتی کورده‌کانی سوریا و به‌ستیه‌وه‌ به‌ پارتی کرێکارانه‌وه‌ له‌ تورکیا. خه‌لیل له‌و هه‌موو کاتانه‌دا ژیانێکی هێمنانه‌ی نه‌بووه‌، نه‌ ژن، نه‌ مناڵ. ((بیروباوه‌ڕی من له‌ بری ژیانی خێزانییه‌)) ئه‌و به‌ ئاسایی وا ده‌ڵێت.
ئه‌مڕۆ خه‌لیل سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ رێکخراوی ته‌ڤده‌می سه‌ر به‌ په‌یه‌ده‌یه‌ و یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌ کورده‌ به‌ ده‌سته‌ڵاته‌کانی سوریایه‌، له‌وانه‌شه‌ به‌ده‌سته‌ڵاتترینیان بێت.  ئه‌و له‌ خانویه‌کی سه‌ر شه‌قامێکی قامیشلو پێشوازی ده‌کات، له‌ هه‌ره‌ باکوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا، تورکیا و ئێراق له‌وێوه‌ دوور نین. دۆڵابێک و پارچه‌ کۆنکریته‌کان شه‌قامه‌که‌یان داخستوه‌، پاسه‌وانه‌کان له‌و ناوه‌دا وه‌ستاون. خه‌لیل له‌ قه‌نه‌فه‌یه‌کی تاکیی سوردا له‌ پشت مێزێکی خواردنه‌وه‌ دانیشتوه‌ و نانی به‌یانی ده‌خوات: کوپێکی چای له‌به‌رده‌مه‌، که‌ چه‌ند دڵۆپێک ئاوی لێمۆی تێکردوه‌. له‌ گۆشه‌یه‌کدا وێنه‌یه‌کی سه‌رکرده‌ی پێکاکا عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان دانراوه‌، که‌ نزیکه‌ی ١٦ ساڵه‌ له‌ دورگه‌یه‌کی تورکیادا زیندانیکراوه‌. بنه‌مای بیروبڕوای ئۆجه‌لان ناوی خۆسه‌ری دیموکراتیی (کۆنفیدرالی دیموکراتی)ه‌. کورده‌کان ده‌بێت خۆیان رێکبخه‌ن، له‌ گه‌ڕه‌که‌که‌یان، شاره‌که‌یان و ناوچه‌که‌یان.
ئه‌و شتانه‌ی که‌ پێش چوار ساڵ و تا سه‌ره‌تای راپه‌ڕینه‌که‌ی دژ به‌ ئه‌سه‌د به‌ ئاسته‌م به خه‌یاڵدا ده‌هات، خه‌لیل و هاوڕێکانی توانیان بیڕاستێنن و ئه‌نجامی بده‌ن. ئه‌وان کیانه‌ (نیمچه‌‌ وڵات)ه‌که‌ی خۆیان بنیاد نا. لێره‌ که‌ ناوی نراوه‌ (رۆژئاڤا)، وڵاتانی خۆرئاراوا وا داده‌نێن، که‌ ئێره له‌ جه‌نگێکی ئاڵۆزدایه‌. نزیکه‌ی سێ میلیۆن که‌ زۆربه‌یان کوردن دانیشتوانێتی. ده‌یانه‌وێت ئۆتۆنۆمییه‌ک له‌ رۆژئاڤا بنیاد بنێن: بنچینه‌ی دیموکراسی بێت، مافی یه‌کسان له‌ نێوان ژنان و پیاوان، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م گروپه‌ ئیتنی و ئاینییه‌کانی تر هه‌‌‌بێت. جیهانێکی خه‌یاڵی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا. وا به‌‌راستی به‌رجه‌سته‌ ده‌کرێت و ئاسۆکانی ده‌رکه‌وتوه‌.
که‌چی له‌ چاوی  زۆر لایه‌نی تردا میلیشیا کوردییه‌کانی وه‌ک یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ به‌تالیۆنی ژنانی شه‌ڕڤان و یه‌کینه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی تری سه‌ر به‌ پێکاکا وه‌ک تیرۆریست ده‌بینرێن، ئه‌مان ئاماده‌ی جه‌نگ و کوشتار و خۆبه‌کوشتدانن.
له‌و نێوانه‌دا دیدێکی تری واقیعیانه‌ هه‌یه، که‌ خۆرئاواییه‌کان، ئه‌وروپیه‌کان و وڵاتی ئه‌میریکایه‌، وه‌ک کورده‌کانی باکوری عێراق ده‌یانببنن، به‌ڵام به‌لایانه‌وه‌ ئه‌مانه‌ی باکوری سوریایان له‌ هاوپه‌یمانێتی دژ به‌ داعش له لاگرنتره‌. کاتێکی زۆره‌ واشینگتۆن به‌ هێزی هه‌وایی یارمه‌تی کوردانی رۆژئاڤا ده‌کات، له‌م دواییه‌دا چه‌ک و ته‌قه‌مه‌‌نیشیان پێدان، به‌م نزیکانه‌ هێزی تایبه‌تیش ده‌نێرن، ئه‌فسه‌رانی په‌یوه‌ندی و مه‌شقکردن. بۆ ئه‌مه‌ کورده‌کان ده‌بێت کارێکی خوێناوی ئه‌نجام بده‌ن، وه‌ک هێزی وشکانی وڵاتانی خۆرئاوا.
میلیشیا کورده‌کان له‌ جه‌نگدا به‌هێزن، باشترین رێکخستنیان هه‌یه‌، وره‌ و گیانی به‌ره‌نگارییان به‌رزه‌. زۆر جاران داعشیان شکاندوه‌. وه‌ ده‌‌کرێت وایدابنێین، که‌ کورده‌کانی رۆژئاڤا ته‌نیا چانسێکی وڵاتانی خۆرئاوا بێت له‌ جه‌نگیاندا دژ به‌ داعش، به‌ڵام ته‌نهاش به‌ هاوکاری هێزی هه‌وایی ناکرێت به‌سه‌ر داعشدا سه‌رکه‌ون. 
رۆژئاڤا وه‌ک دورگه‌یه‌کی درێژ وایه‌ له ده‌ریایه‌کدا، که‌ به‌ دوژمن ده‌وره‌ی دراوه‌. ناوچه‌کانی باشور و خۆرئاوا له‌ ژێر ده‌ستی داعشدایه‌، له‌ باکوره‌وه‌ سوپای تورکیایه‌ و سنوری داخستوه‌، ته‌لی دڕکاوی و شوره‌ و تانکی داناوه‌. ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ جاروبار تورکیای ئه‌ندامی ناتۆ، کورده‌کانی هاوپه‌یمانی ناتۆ بۆردومان ده‌کات و به‌مه‌ش هاوکاری داعش ده‌کات!
كێ بیه‌وێت به‌ره‌و رۆژئاڤا سه‌فه‌ر بکات، به‌ عێراقدا له هه‌ولێره‌وه‌ و دواتر به‌ که‌وانه‌یه‌ک به‌ ده‌وری موسڵدا ده‌ڕوات، ئه‌وێ له ژێر ده‌سته‌ڵاتی داعشدایه‌، دواتر تا لێواری دیجله‌، که‌ به‌ به‌له‌م ده‌په‌ڕنه‌وه‌ له ئاوه‌که‌. دواتر به‌ره‌و به‌رزایی شاخه‌کان، به‌ نێو کێڵگه‌ی بیره‌نه‌وت و ترومپاکانی نه‌وت. له‌ رووی تیۆرییه‌وه‌ رۆژئاڤا ده‌وڵه‌مه‌نده‌، ده‌توانێت پێداویستی ته‌واوی سوریا بۆ په‌ترۆڵ دابین بکات، به‌ڵام زۆربه‌ی پاڵاوگه‌ نه‌وتییه‌کان ده‌که‌ونه‌ ژێرده‌ستی داعش. که‌ هه‌ر له ئێوارانه‌وه‌ ده‌ست ده‌که‌ن به‌ ده‌رهێنان و پاڵاوتنی.
ناوچه‌یه‌کی سه‌یر و ئاڵۆزه‌ رۆژئاڤا. هاوپه‌یمانه‌تییه‌کانیش هه‌روه‌ها  لێره‌ ئاڵۆزن. له قامیشلو گه‌وره‌ترین شاری کوردستان لێره‌، که‌ وه‌‌ک نیمچه‌ ده‌وڵه‌تێکه‌. مرۆڤ سه‌ربازی ئه‌سه‌د به به‌رگی فه‌رمییانه‌وه‌ له‌ خاڵی پشکنینه‌کان ده‌بینێت، که دانیشتون و تفه‌نگه‌کانیان له‌ نێوان ئه‌ژنۆکانیاندا داناوه‌ و له‌ پشتیشیانه‌وه‌ ئاڵای سوریا دیاره‌، ئه‌مان کۆنترۆڵی که‌س ناکه‌ن و چاو له‌ هاتوچۆی میلیشیا کورده‌کانیش ده‌نوقێنن. قه‌‌ڵا سه‌ربازیییه‌کانیان له‌ ناو ناوچه‌ کوردییه‌کاندایه‌. 
دوا سه‌ربازگه‌کانی رژێم له‌ ناوچه‌ی حه‌سه‌که‌یه‌ له‌ رۆژئاڤادا، له‌وێ سه‌ربازه‌کان هه‌ندێک شه‌قام و ده‌روازه‌ی سنورییان به‌ده‌سته‌ به‌ره‌و تورکیاهه‌روه‌ها فرۆکه‌خانه‌یه‌کیش. کورده‌کان و رژێمی ئه‌سه‌د رێککه‌وتوونه‌ که‌ هێرش نه‌که‌نه‌ سه‌ر یه‌کدی، ئه‌وان واقیعیانه‌ بۆی چوون و هه‌ر یه‌که‌یان ده‌زانێت، که‌ ململانێی یه‌کدی سودی نییه‌، بۆیه‌ له ئێستادا جارێ وازیان له‌ یه‌ک هێناوه‌.
گه‌ر مرۆڤ به‌ره‌و حه‌سه‌که‌ بچێت، ده‌بێت به‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌سه‌ددا بڕوات، تا ده‌گه‌یته‌ ده‌وروبه‌ری حه‌سه‌که‌ جاروبار پێکدادان دژ به‌ داعش رووده‌دات، به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگی رۆژئاڤا و سوریایه‌. به‌ ناوچه‌یه‌کی فراوانی بیاباندا ده‌ڕۆیت، که‌ باشترین کێڵگه‌ی دانه‌وێله‌ بوو له‌ سوریادا. باره‌گای سه‌رکردایه‌تی یه‌په‌گه‌ که‌وتۆته‌ ئه‌وێوه‌، فه‌رمانده‌یه‌کیان ناوی (لاوه‌ند)ه‌ که‌ نازناوی تێکۆشانێتی.
لاوه‌ند ته‌بڵێتێکی سامسونگی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، که‌ سه‌یری نه‌خشه‌که‌ ده‌کات و به‌ په‌نجه‌ ده‌یجوڵێنێت، ناوچه‌کان دیارن تێیدا، گونده‌کان، زنجیره‌ شاخه‌کان، پێده‌شته‌کان...هتد. خاڵه‌کانی سه‌ربازی خۆیان هی ئه‌سه‌د و هی داعش دیارن. جه‌نگاوه‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ ده‌توانن داوای پشتیوانی هێزی هه‌وایی بکه‌ن، ته‌له‌فونێک بۆ (ژووری ئۆپه‌راسیۆن)‌ی نهێنی بکات، ئیتر ئه‌وه‌نده‌ی پێناچێت فرۆکه‌ی جه‌نگی ئه‌مریکی له‌ ئاسمان ده‌رده‌که‌ون، ده‌نگۆ هه‌یه‌، که‌ ژووری ئۆپه‌راسیۆن ئه‌فسه‌ری ئه‌مریکی لێن. لاوه‌ندیش هیچ له‌سه‌ریان ناڵێت، به‌ڵام په‌یوه‌ندی و هاوکارییه‌که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکییه‌کان به‌ گوته‌ی ئه‌م باش ده‌ڕوات.
ئه‌وان وان له‌ سه‌ره‌تادا، له‌ ١١ی ئۆکتۆبه‌ردا رایانگه‌یاند، که‌ هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ له‌ حه‌سه‌که‌، سوپایه‌کیان له‌گه‌ڵ هێزی عه‌ربه‌کان، مه‌سیحی و تورکمانه‌کان پێکهێناوه‌، تا دژی داعش بجه‌نگن. ناویان ناوه‌ (هێزی سه‌ربازی سوریای دیموکراتی) که‌ نزیکه‌ی ٤ هه‌زار که‌س ده‌بن، به‌ڵام کورده‌کان نزیکه‌ی ده‌ هه‌نده‌ی ئه‌مه‌ هێزیان له‌ رۆژئاڤادا هه‌یه‌. رۆژێک دوای راگه‌یاندنه‌که‌، پێنتاگۆن بڵاویکرده‌وه‌، که‌ ٤٥ تۆن چه‌ک و ته‌قه‌مه‌ن و که‌لوپه‌لیان بۆ فرێداونه‌ته‌ خواره‌وه‌. راسته‌وخۆ ئه‌مریکیییه‌کان زه‌حمه‌ته‌ ئه‌مه‌ بکه‌ن، چونکه تورکیا ڕازی نابێت.
له‌ ئێستادا سێ ستراتیژیی جه‌نگ دژ به‌ داعش هه‌یه‌، وه‌ک لاوه‌ند روونی ده‌کاته‌وه‌، یه‌که‌میان سوپاکه‌‌یان به‌ره‌وخوار هێرش به‌رێ تا رێگه‌ی سه‌ره‌کی نێوان موسڵ و ره‌قه‌ له‌ داعش دابخه‌ن. دووه‌میان ترسناکتره‌، که‌ به‌ره‌و رۆژئاڤای کۆبانی یه‌په‌گه‌ بپه‌ڕنه‌‌وه ئه‌وبه‌ری فورات به‌ره‌و ده‌ریای ناوه‌راست، به‌درێژایی سنوری تورکیا هێرش ببه‌ن، به‌مجۆره‌ ناوچه کوردییه‌کان پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ و هاوکاتیش رێگه‌ی په‌یوه‌ندی داعش به‌ تورکیاوه‌ ده‌بڕن. هه‌ڵبه‌ت تورکیا به‌ هه‌ر نرخێک بێت هه‌وڵی دژایه‌تی ئه‌مه‌ ده‌دات، که‌ رۆژئاڤا گه‌شه‌ بکات. کاتێک هه‌ندێک جه‌نگاوه‌ری کورد ویستیان له‌ فورات بپه‌ڕنه‌وه‌، تورکیا یه‌کسه‌ر بۆمبابارانی کردن. ستراتیژییه‌تی سێهه‌م ئه‌سته‌مترینیانه‌، لاوه‌ند ده‌ڵێت، هێرش بۆ سه‌ر ره‌ققه‌، پایته‌ختی داعش، ئه‌مه‌ ٢٠ هه‌زار چه‌کداری ده‌وێت، تا ده‌ست به‌سه‌ر شاره‌که‌دا بگرن، به‌ڵام چه‌کی قورسی ده‌وێت، چونه‌ داعش له‌وێ چه‌کی قورس و تانکیان هه‌یه‌. ئایا وڵاتانی خۆرئاوا ئه‌م جۆره‌ چه‌کانه‌ ده‌ده‌نه‌ ئه‌مان، له‌ کاتێکدا تورکیا دژی ئه‌م کاره‌یه‌؟ لاوه‌ند سه‌ر ده‌له‌قێنێت (به‌ڵێ). دیاره‌ ئه‌مه‌ی سێیه‌میان بێ گڵۆپی سه‌وزی تورکیا ئه‌سته‌م ده‌بینرێت.
له‌و شوێنه‌ی باره‌گای سه‌ره‌کی لاوه‌نده، پێ ده‌چێت بست به‌ بست شه‌ڕ کرابێت، خانوی کون کون به‌ تۆپ، ئۆتۆمبیلی لارێگای دابێژراو به‌ بۆمبا. ئیتر لێره‌وه‌ بیابان ده‌ست پێ ده‌کات، ئێره‌ ترسناکترین شوێنه‌، به‌ره‌ی پێشه‌وه‌یه‌، ژنی جه‌نگاوه‌ر له‌ سه‌نگه‌ره‌کاندان که‌ دژی داعش ده‌جه‌نگن.
له‌ به‌رزاییه‌کدا که‌ تانکییه‌کی ئاوی بڵندی لێیه‌ و تێکشکاوه‌. که‌پرۆکه‌یه‌ک ده‌بینین وه‌ک سه‌نگه‌ره‌ و کونی زۆری تێکراوه‌ بۆ ته‌قه‌کردن، له‌وێ له‌ ئۆتۆمبیلێکی کرێکارییدا ژنێک دانیشتوه‌، که‌ نه‌سرینه‌، ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌کی یه‌په‌ژه‌‌یه‌. له‌ سێ مانگه‌وه‌ لێره‌یه‌. هێزی ژنان که‌ سه‌نگه‌رێکیان له‌وێیه‌، له‌  سه‌ر گردێکی به‌ گڵ دروستکراو، سازکراوه‌، چه‌کیان له‌سه‌ر دابه‌ستوه‌. تونێلێکیان هه‌یه‌ که‌ به‌ سه‌نگه‌ره‌کانی تره‌وه‌ی ده‌به‌ستێته‌وه‌. نه‌سرین کاتی هێرش به‌وێدا به‌سه‌ر جه‌نگاوه‌ره‌ ژن و پیاوه‌کاندا ده‌گه‌رێت، ئه‌و بنکه‌یه‌ ناوی (شه‌هید خویندا)یه‌،‌ به‌ ناوی شه‌هیدێکه‌وه‌یه‌، که‌ له‌ کاتی هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگرتن به‌‌سه‌ر ئێره‌دا یه‌که‌م که‌س شه‌هید بووه‌. ئه‌و به‌رزاییه‌ گرنگه‌، چونکه‌ ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر رێگای به‌ره‌و شاره‌که‌دا. (لێره‌دا باسی له‌ چۆنێتی بوونی ئه‌و شه‌هیده‌ به‌ گه‌ریللا و دواتر شه‌هید بوونی ناوبراو ده‌کات. – و.)
نه‌سرین که‌ ٢٣ ساڵه‌یه‌، گروپه‌که‌یان حه‌وت ژنه‌، ناوبراو که‌سێکی هێمن و رێکوپێکه‌، زۆر له‌ هاوڕێ کچه‌کانی شه‌هید بوونه‌. له‌ پێشدا ترسی هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێستا نا‌، ئه‌و ده‌ڵێت (هێز و وزه‌ی شه‌هیده‌کان ده‌چێته‌ گیانی ئێمه‌وه‌، هه‌ر کات منیش شه‌هید بووم، هێزی من ده‌چێته‌ له‌شی ئه‌وانی تره‌وه‌). ئه‌و ده‌یگێڕێته‌وه‌، که‌ چۆن مامێکی که‌ به‌ قاچاغ چه‌کی هاورده‌ کردوه‌، له‌ سه‌ر سنور سه‌ربازه‌ تورکییه‌کان کوشتویانه‌، ئه‌و ده‌ڵێت کاتی به‌خاکسپاردنی ئه‌م سوێندی خواردوه‌، که‌ (چه‌که‌که‌ی هه‌ڵده‌گرێت و بۆ رێبازه‌که‌ی تێبکۆشێت). لێره‌و له‌وێ تۆپ  به‌ زه‌ویدا ده‌که‌وێت، مرۆڤ. ئه‌وان ئێواران گوێ له‌ سیدی خۆپه‌روه‌رده‌کردن و وته‌کانی ئۆجه‌لان ده‌گرن، مافه‌کانی ئافره‌تان، خۆسه‌ری دیموکراتی. ئه‌وان وه‌ک خوشکه پاکیزه‌کان ده‌ژین. له‌م شه‌وه‌دا به‌ گۆرانی رادیۆی ئۆتۆمبیله‌که‌ هه‌ڵده‌په‌ڕن، پاشان مه‌فره‌زه‌یان به‌ پیکابه‌که‌ بۆ گه‌ڕان ده‌رده‌چێت، ئه‌وان میلی چه‌که‌کانیان سوار ده‌که‌ن و چرای ئۆتۆمبیله‌که‌شیان هه‌ڵده‌که‌ن، ده‌ڵێی بۆ شه‌ڕ ده‌‌گه‌ڕێن.
ئه‌مان له‌ دایکبوونه‌ به‌ هۆشیارییه‌وه‌ وه‌ک کوردی رۆژئاڤا، تا بۆ کوبانی بجه‌نگن! 
رێگای به‌ره‌و ئه‌‌وێ به‌ گوزه‌رێکی باریکدا به‌ ته‌نیشت ته‌ل ئابیددا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و شاره‌ی تا مانگی حه‌وت له‌ ژێر ده‌ستی داعشدا بوو له‌ سه‌ر سنوری تورکیایه‌. پاشان یه‌په‌که‌ و میلیشیاکانی تری سوپای سوریای ئازاد رێگای کوبانییان کرده‌وه‌. ئه‌و خاڵی کۆنترۆڵه‌ی له‌وێ له‌ ده‌ستی میلیشیا عه‌ره‌‌به‌کاندایه‌ و له‌ باشوری ته‌ل ئابییدایه‌ زۆر جار له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ هێرشی ده‌کرێته‌ سه‌ر. ده‌یانه‌وێت ئه‌و مه‌مه‌ڕه‌ دابخه‌ن.
رێکخراوی ئه‌منستی پێشتر بڵاویکرده‌وه‌ که‌ یه‌په‌گه‌ پاکسازی نه‌ژادیی دژی گونده‌ عه‌ره‌به‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ کردوه‌، کورده‌کان نکۆڵییان کرد و گوتیان گونده‌کان داعش وێرانی کردون. جێگه‌‌ی باوه‌ڕ نییه‌ یه‌په‌گه‌ به‌ به‌رنامه‌ عه‌‌ره‌به‌کان ده‌ربکه‌‌‌ن، له‌ کاتێکدا ل‌‌ ناوجه‌رگه‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگدا، که‌ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کاندا پێکه‌وه‌ له‌ به‌ره‌یه‌کدا بجه‌نگن.
له‌ دوای ته‌ل ئابیید مه‌مه‌ڕه‌که‌ د‌ه‌کرێته‌‌وه‌ و خۆی ده‌کات به‌ نێو زنجیره‌ گردێکدا، که‌ له‌ گێژه‌ڵوکه‌ و خۆڵباراندا ونبووه‌‌. نزیکه‌ی چوار مانگ شه‌ڕ و گه‌مارۆی کوبانی درێژه‌ی کێشا، داعش تۆپ و تانک و چه‌کی قورسی به‌کارهێنا، به‌ڵام دواجار یه‌په‌گه‌ و هاوکارانی توانیان له کۆتایی مانگی یه‌کدا سه‌رکه‌ون. ئه‌مریکییه‌کانیش به‌ هێزی هه‌وایی بۆمبابارنی داعشیان کرد. ئه‌وه‌ یه‌که‌م تێکشکانی سه‌خت بوو بۆ داعش وه‌ یه‌که‌م گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتن بوو بۆ یه‌په‌گه‌. ئێستا کوبانی وه‌ک ستالینگراد ده‌بینرێت.
نزیکه‌ی ١٧٥ هه‌زار که‌س له‌ دانیشتوان شار‌ه‌که‌ گه‌راونه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده‌ تۆڕی لوله‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ و که‌ناڵی زێرابه‌کان وێران بوونه‌، هه‌رچه‌نده‌ کاره‌بایان ته‌‌نها له‌رێگه‌‌ی موه‌لیده‌ (ژێنێراتۆر)ی دیزله‌وه‌ هه‌یه‌، چونکه‌ بنکه‌ی وزه‌ی کاره‌با له‌ ژێر ده‌ستی داعشدایه‌. خانوبه‌ره‌یه‌کی زۆر بوونه‌ته‌ که‌لاوه‌ و وێران بوونه‌.
ناودارترین په‌نابه‌ری کوبانی له‌ نێو که‌لاوه‌کانه‌وه‌ پێشوازیت لێ ده‌کات، که‌ له‌ خانویه‌کی خه‌زوریدا ده‌ژیت، که‌ دیوار و سه‌ربانه‌که‌ی درزیان بردوه‌، عه‌بدوڵا کوردی له‌ ژێره‌وه ده‌ژیت، له‌ ژوورێکدا دوو دۆشه‌کی داخستوه‌. ئه‌و باوکی ئایلان (ئالان)ه‌، که‌ له سێپته‌مبه‌ردا له قه‌راغ ئاوه‌کانی تورکیا خنکا. هاوکات دایکی و براکه‌شی مردن. خێزانه‌که‌ په‌نایان بردبووه‌ به‌ر تورکیا، له‌وێوه‌ ده‌یانویست به‌ به‌له‌مێک به‌ره‌و ئه‌وروپا بڕۆن. به‌له‌مه‌که‌ وه‌رگه‌ڕا و ته‌نها عه‌بدوڵا کوردی رزگاری بوو. شه‌پۆله‌کان ته‌رمی ئالانی بچوکیان به‌ره‌و که‌ناراوه‌کانی بودروم هێنا. وێنه‌ی ئه‌و مناڵه‌ خنکاوه‌ به‌ جیهانا بڵاوبووه‌وه‌، میلیۆنان مرۆڤی جوڵاند.
عه‌بدوڵا ویستی ته‌رمه‌کان به‌ره‌و کوبانی بهێنێته‌وه‌، تورکیا لۆرییه‌کیان پێدا و سنوریان بۆ کرده‌وه‌. له‌ پشته‌وه‌ سێ ته‌رم بارکرا بوون، له‌ پێشه‌وه‌ عه‌بدوڵا دانیشتبوو. ئه‌وان به‌لای خانوی خێزانه‌که‌یاندا تێپه‌‌ڕین به‌ ئه‌سته‌م ده‌ناسرایه‌وه‌. ته‌نانه‌ت به‌ زه‌حمه‌ت شاره‌که‌ش ده‌ناسرایه‌وه‌، ئینجا به‌ره‌و گۆڕستانه‌که‌ لێیانخوڕی و ته‌رمی ژنه‌که‌‌ی و دوو کوڕه‌که‌یان له‌ گۆڕنا.
هه‌موو رۆژێک ئه‌و ده‌ڕواته‌ سه‌ر گۆڕه‌کانیان و قسه‌ له‌گه‌ڵ مردوه‌کانیدا ده‌کات. هه‌ندێک جار کێک بۆ مناڵه‌کانی ده‌کڕێت، دوای تۆزێک بیری ده‌که‌وێته‌وه، ئه‌وان لێره‌ نه‌ماون! تۆزێک چاوه‌ڕێ ده‌کات، که‌واته‌ شتێک ڕوویداوه‌!
رۆژێک بارزانی ته‌له‌فونی بۆ ده‌کات، سه‌رۆک عه‌شیره‌تی باڵاده‌سته‌ له‌ نێو کورده‌کانی عێراقدا. کورده‌کانی ئێره‌ و باکوری عێراق وه‌ک برای یه‌ک وان. بارزانییه‌کان (واته‌ سه‌رۆکی پارتی و سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم – و.) که‌وتنه‌ خۆ تا باوه‌شێکی برایه‌نه‌ بۆ کورده‌کانی رۆژئاڤا بکه‌‌نه‌وه‌، ئه‌وان چانسی خۆیان ده‌ناسی، هاتن بۆ مه‌به‌ستی خۆیان ناودارترین کوردی ئه‌وێیان به‌کارهێنا. ئه‌وان باوکی ئالانیان داوه‌‌تکرد، ئه‌م رۆیشت بۆ هه‌ولێر پایته‌ختی میرنشینه‌که‌ی بارزانی. له‌وێ چاوی به‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆک که‌وت. که‌سانێکی زۆر و ناودار له‌وێ له‌گه‌ڵیدا وێنه‌یان گرت. بارزانی لێی پرسی، چی ده‌خوازێت بۆی بکات. ئه‌و داوای له‌ ناوبراو کرد، که‌ له‌ کوبانی، خوێندنگه‌یه‌ک، نه‌خۆشخانه‌یه‌ک و مزگه‌وتێک دروست بکات، ناوی هه‌ریه‌که‌یان بنرێت (ئالان).
بارزانی گوتی، که‌ تۆ پارچه‌ زه‌ویه‌کان بدۆزه‌ره‌وه‌ و ئه‌م پاره‌که‌ی ده‌دات. پاشان لێی ده‌پرسێت، ئه‌ی چیت ده‌وێت بۆ خودی خۆت؟ سوپه‌رماکێتێک، نا، ریزه‌ دوکانێک، تا بتوانیت دواتر به‌ داهاته‌کانی خێر و چاکه‌ی پێبکات.ئینجا ئه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئێره‌. ئێستا ئه‌م پیاوه‌ لێره‌ به‌ چیچکانه‌وه‌ دانیشتوه‌، پیاوێکی زۆر ساده‌، له‌ نێو خاشاک و که‌لاوه‌کاندا چاوه‌ڕێی پاره‌که‌ی بارزانی ده‌کات. ئه‌گه‌ر پاره‌که‌ بێت، ئه‌وا کارێکی باشیان کرد، له‌وانه‌شه‌ مه‌سه‌له‌ ته‌نها وێنه‌گرتن بووبێت.
هه‌رگیز له‌ کوبانیدا که‌سێک ناتوانێت له ئێستادا وه‌ک مرۆڤی ئاسایی بژیت، چونکه‌ ترسی داعش به‌رده‌وامه‌، نزیکه‌ی ٢٠٠ تیرۆریست له‌ مانگی شه‌شدا هاتن و په‌لاماری ئێره‌یاندا، تا شه‌ڕڤانه‌کانی یه‌په‌گه‌ گه‌یشتن ئه‌مان نزیکه‌ی ٢٠٠ که‌سیان کوشت. لێره‌ رۆژانه‌ مرۆڤ ده‌مرێت، مرۆڤ بریندار ده‌بێت، که‌میش نین ئه‌و که‌سانه‌ی ئێره‌، که‌ وا هه‌ست ده‌که‌ن، جارێکی تر وڵاتانی خۆرئاوا ئه‌مانیان بیرچۆته‌وه‌.
یه‌ک له‌ دکتۆره‌ که‌مه‌‌کانی ئه‌م شاره‌، ناوی دۆرپه‌چ کوبانییه‌، پێش ده‌ مانگ ئه‌و له‌ سویده‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ژن و مناڵه‌کانی له‌وی به‌جیهێشتوه‌، ئه‌م ئێستا له نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ربازیدا کار ده‌کات، رۆژانه‌ ٨٠ نه‌خۆش دێن، له‌ پێش نۆرینگه‌که‌یدا چاوه‌رێ ده‌که‌ن، ژن مناڵ، پیاو، له‌سه‌ر کورسی که‌مئه‌ندامی، ده‌ست و قاچ په‌ڕیو، شه‌ڕڤان که‌ گولله‌ له‌ دڵی یان سه‌ری داوه‌، ئه‌م ده‌یگێڕێته‌وه‌، که‌ (( که‌سێک وادانرا بوو که‌ شه‌هید بووه‌، که‌چی توکانیمان گیانی رزگار بکه‌ین و زیندوبێته‌وه‌)). کاتێ یه‌که‌م جار ئه‌م دکتۆره‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ کوبانی ٨٠ کیلۆ بووه‌، ئێستا کێشی بووه‌ته‌ ٦٣. رۆژانه‌ دوو پاکه‌ت جگه‌ره‌ ده‌کێشێت، به‌رده‌وام شه‌ڕڤانه‌کان به‌خۆڕایی جگه‌ره‌ی ده‌ده‌‌نێ. ئێستا پێویستییه‌کی به‌ په‌له‌یان به‌ پزیشکی نه‌شته‌رگه‌ری مێشک، پزیشکی ده‌رونی و نه‌شته‌رگه‌ری چاو هه‌یه‌. (رۆژانه‌ لاوانێکی زۆرمان له کیس ده‌چێت و ده‌مرن)، ئه‌م به‌ نائومێدیه‌ک، کاتێک فرمێسکیش له‌ چاویدا قه‌تیس ماوه‌، وا ده‌ڵێت. ده‌شڵێت، سه‌رجه‌م کاره‌ قێزه‌ون و دڕندانه‌کانی تیرۆریسته‌کانی بینیوه، هه‌ر له‌ ده‌ستکاریکردنی لاشه‌‌ی قوربانییه‌کان و سێکسکردن له‌گه‌‌ڵیان... هتد. ئه‌م گوتی (ئه‌وانه‌ مرۆڤ نین).
ئه‌و دکتۆره‌ له‌ ژوورێکی زۆر بچوک و ناخۆشدا له خه‌سته‌خانه‌که‌دا ده‌ژیت، پێخه‌فێکی ناڕێکوپێک، له پاڵه‌وه‌ کڵاشینکۆفه‌که‌ی داناوه‌. به‌ دیواره‌که‌دا سه‌درییه‌ و سه‌ماعه‌ی دکتۆریه‌‌که‌ی هه‌ڵواسیوه‌. ئه‌و هه‌ر که‌ ته‌واو ماندوو بوو له‌ کار، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ژووره‌که‌ی و ئاواز بۆ گۆرانییه‌کانی داده‌نێت، تا ئێستا ٣٧ پارچه‌ گۆرانی له‌گه‌ل موسیکژه‌نه‌کانیدا تۆمار کردوه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌موویان ئاوازی غه‌مگینی، په‌رۆشی، هێز و ره‌شبینین. هه‌ندێک پارچه‌ ڤیدیۆی له‌سه‌ر یوتیوب داناوه، یه‌کێکیان ناوی (هاوڕێکه‌م)ه‌، ئه‌و گۆرانییه‌ بریتییه‌ له‌ یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م دکتۆره‌ له‌سه‌ر گۆڕی شه‌ڕڤانێک، که ئه‌‌م نه‌یتوانی گیانی رزگار بکات. لاوانه‌وه‌که‌ وا ده‌ڵێت ((ئای هاوڕێکه‌م، تۆ جه‌نگاوه‌ری، تۆ ژیانیت، تۆ ئاگری به‌ره‌ی جه‌نگی، هاورێکه‌م منیش دێم، من وا له‌ رێگه‌م به‌ره‌و لای تۆ...)).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە