کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


نوێنه‌رایه‌تییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌نده‌ران

Tuesday, 14/06/2011, 12:00


بۆ ئێمه‌مانانێک که‌ ساڵانێکی زۆره‌ دوور له‌وڵات بابرده‌ڵه‌و ئاواره و په‌ڕاگه‌نده‌ی زێدی خۆمان بوینه، ‌ بینینی کۆشکێک یان خانویه‌ک له‌ ناوه‌ڕاستی پایته‌ختی ئه‌و وڵاتانه‌ی تێدا نیشته‌جێی، له‌ پاڵ باڵوێزخانه‌ی وڵاتانی تردا، که‌ ئاڵای پیرۆزی کوردستانی به‌‌سه‌ره‌وه‌ بشه‌کێته‌وه‌ و له ‌روکاری سه‌رده‌رگای ده‌ره‌وه‌یدا نوسرابێت (نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان) جێگه‌ی خۆشحاڵی و شانازیی و باوه‌ڕبه‌خۆکردنمانه‌ و هه‌روه‌هاش سیمبوڵی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و دروستکردنه‌وه‌‌ی که‌سایه‌تیی به‌ که‌م سه‌یرکراو و تێکشکاوی کوردیمانه‌.
ره‌نگه تا ده‌ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر‌ ئه‌وه‌ ته‌نها وه‌ک خه‌ونێک بووبێت، چونکه‌ تا ئه‌وکات ته‌نها نوێنه‌رایه‌تی حزبه‌کانی ده‌سته‌ڵاتی کوردی له‌‌م وڵاتانه‌ هه‌بوون، ئه‌وانه‌ش باره‌گایان نه‌بوو. بۆیه‌ هیچ کوردێکی نه‌ته‌وه‌یی نییه‌، جا له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستانه‌وه‌ بێت، به‌ یه‌که‌مجار بینینی ئه‌و دیمه‌نه‌ی سه‌ره‌وه‌، ئۆخژنی خۆشی و کامه‌رانی به‌ ده‌ماره‌کانیدا نه‌هاتبێت و ته‌زوی شادی گیانی نه‌سمیبێت. ئاخر تا ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردیمان نه‌بێت ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییانه‌ ده‌کرێت وه‌‌ک مه‌ڵبه‌ند و باڵوێزخانه‌ی کوردانی دووره‌ وڵات سه‌یر بکریت، ده‌توانێت رۆڵی خۆی ببینێت و خۆی به‌خاوه‌نی تاکه‌کانی گه‌لی کوردستان به‌ کورد و که‌مه‌نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی تره‌وه‌ بزانێت و ئه‌وانیش به‌ مه‌رجه‌ع و پشتوپه‌نا و یارمه‌تیده‌ر و ئاسانکه‌ری کاره‌کانییانی بزانن.
ئه‌مڕۆ له‌زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژئاوا نوێنه‌ر و نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌. له‌زۆربه‌ی باریشدا خانویه‌کی رازاوه‌ و گران به‌ها و له‌ نێو سه‌نته‌ری پایته‌خت و شه‌قامی نێو باڵوێخانه‌ی وڵاته‌کانی جیهاندایه‌. لای که‌می له‌رووی ده‌رونی و رۆحییه‌وه‌ ده‌کرێت وه‌ک ره‌مزێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تی سه‌یری بکه‌ین و ببینین.
به‌ڵام گه‌ر سه‌رنجێکی بابه‌تییانه‌ی ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیا‌نه‌ بده‌ین و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی دوور له‌ هه‌ست و سۆزێکی رووتی نه‌ته‌وایه‌تی بۆ بکه‌ین، ره‌نگه‌ له‌ چاو ئه‌و چاوه‌روانییه‌ی لێمان ده‌کردن ته‌واو نائومێد ببین. ئاخر ئێستا بۆته‌ شتێکی حاشا هه‌ڵنه‌گر، که‌ زۆربه‌ی گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییانه‌ وه‌ک نوسینگه‌ی بازرگانی سه‌رۆک وسه‌رکرده‌کانی پارتی و یه‌کێتین، له‌باشترین حاڵیشدا وه‌ک نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حزبه‌ی نوێنه‌ره‌که‌ ئه‌ندامه‌ تێیدا ده‌رده‌که‌وێت، یان ده‌شکرێت وه‌ک نوسینگه‌ی کارئاسانیی و کارراییکردنی سه‌رکرده‌ی حزبه‌که‌ی سه‌یری بکه‌ین کاتێک سه‌ردانی ئه‌م وڵاتانه‌ ده‌که‌ن. ئاشکراشه‌ زۆرێک له‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌کان له‌ لای داموده‌زگا فه‌رمییه‌کانی وڵاتی خانه‌خوێ وه‌ک (نوسینگه‌ی بازرگانی) تۆمارکراوه‌ نه‌ک وه‌ک نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ عێراق.
ئه‌م بۆچوونه‌م له‌خۆوه‌ لادروست نه‌بووه‌، ئاخر پێش نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ چه‌ندان هاورێ و دۆستی خۆم پرسیت له‌وڵاته‌کانی تر، که‌ ئایا له‌و وڵاتانه‌ی ئه‌وانداش نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ک لای ئێمه‌ هیچ کارێکی وای نه‌کردوه‌، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ره‌وه‌ندی کوردی و یان پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانی وا، که‌ بۆ ستراتیژی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کوردستان به‌گشتی و دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان سودی هه‌بێت، یان لای که‌می به‌رژه‌وه‌ندی ڕه‌وه‌ندی کوردیی تێدابێت؟؟ به‌داخه‌وه‌ وڵامی هاورێیانم جیاوازییه‌کی نه‌بوو له‌ کار و هه‌ڵسوکه‌وتی نوێنه‌رایه‌تییه‌که‌ی ئه‌م وڵاته‌ی لێی ده‌ژیم (سویسرا)!!!
دیاره‌ له‌م هه‌‌لسه‌نگاندن و بۆچوونه‌مدا مه‌به‌ستم له‌ خودی که‌سه‌کان نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ی نیاز لێی‌ پله‌ و پایه‌ ره‌سمییه‌که‌یانه‌. ده‌کرا و پێویست‌ بوو خودی نوێنه‌ر و نوێنه‌رایه‌تییه‌کانیش ڕۆڵیکی زۆر ئیجابی و گرنگ ببینن، که‌ من له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ کورتی ده‌که‌مه‌وه‌‌:
1/ خۆبه‌خاوه‌نکردنی لای که‌م دانیشتوانی باشوری کوردستان (به‌ کورد و که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کانییه‌وه‌) له‌ کێشه‌ و گرفتی په‌نابه‌ری و یاسایی و نیشته‌جێبوون و خوێندن.
2/ یارمه‌تیدانییان له‌ پرۆسه‌ی ئاوێزانبوون (ئینتیگراسیۆن) له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای ئه‌و وڵاتانه‌، وه‌ک زمان فێربوون، بۆ نمونه‌ کردنه‌وه‌ی کۆرس یان رێنوێنی و رێپیشاندان، ئه‌م کارانه‌ به‌ ده‌رکردنی چه‌ند کتێب و نامیلکه‌یه‌کیش ده‌کرێت.
3/ دروستکردنی لۆبییه‌کی کوردیی به‌هێز و رێکخراو و ئاماده‌ بۆ مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وایه‌تیی و نیشتمانییه‌کان و هاندانیان به‌ گیانی کوردپه‌روه‌رانه‌ و مرۆڤدۆستانه‌، تا وه‌ک هێزێکی دیار و کاریگه‌ر له‌ هه‌نده‌ران و له‌ووڵاتانه‌ی لێی ده‌ژین بتوانن ڕۆڵێکی کاریگه‌ر ببینن بۆ پشتگیری له‌ دۆزی ره‌وای خه‌ڵکی کوردستاندا.
4/ هه‌وڵدان بۆ به‌ جینۆسایدناساندنی گه‌لکوژییه‌کانی وه‌ک ئه‌نفال و هه‌له‌بجه‌ و کاره‌ساته‌کانی تری گه‌له‌که‌مان له‌و وڵاتانه‌دا که‌ نوسینگه‌که‌ی لێییه‌، ئه‌مه‌‌ش به‌ سازکردنی کۆنفرانس و سیمینار و چاپکردنی کتێبی دۆکیۆمێنتی و سیدی و فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی و...هتد به‌ زمانی ئه‌و وڵاتانه‌.
5/ دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ عه‌قڵییه‌تی حزبگه‌رایی له‌ هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌فتاردا وه‌ کارکردن به‌ گیانی کوردانه‌ و سه‌یرکردنی که‌سانی بێلایه‌ن و حزبی به‌ یه‌ک چاو، یان لای که‌می نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوی حزبه‌کانی باشوری کوردستان بکات نه‌‌ک نوێنه‌رایه‌تیکردنی ته‌نها ئه‌و حزبه‌ی نوێنه‌ره‌که‌ ئه‌ندامێتی تێیدا.
ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆیه‌ ده‌نوسم، چونکه‌ دڵنیام، گه‌ر که‌سانی پسپۆڕ و دڵسۆز و به‌توانا و زمانزان ببنه‌ نوێنه‌ر و بودجه‌یه‌کی گونجاویان هه‌بێت ئه‌م کارانه‌ ئه‌سته‌‌م نین و ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانیان زۆره‌.
با نمونه‌یه‌ک بهێنمه‌وه‌ له‌سه‌ر کارنه‌کرده‌یی و ناچالاکیی یه‌ک له‌م نوێنه‌رایه‌تییانه‌، ئاشکرایه‌ کارکردن بۆ به‌جینۆسایدناساندنی گه‌لکوژییه‌کانی به‌سه‌ر میلله‌ته‌که‌مان هاتوه‌ و ناساندنییان به‌ گه‌لانی ئه‌م وڵاتانه‌، ئه‌رکی سه‌رشانی حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه‌، هه‌ر که‌سێک و رێکخراوێکیش له‌م بوارانه‌دا کار بکه‌ن، ده‌بیت به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ هاریکاریی و پشتگیری بکرێن.
له‌ کۆتایی مانگی دوو و سه‌ره‌تای مانگی سێدا به‌ چڕی له‌ هه‌وڵی ئاماده‌کاریی کۆنفرانسی (هه‌له‌بجه‌ و ئه‌نفال وگۆره‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان) بووین، که‌ له‌ 18ی ئازاردا له‌ باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان له‌ ژنێڤ سازمان کرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کێشه‌ی لایه‌نی ماددیمان هه‌بوو، ته‌له‌فونم بۆ به‌رێز د. فه‌وزی قه‌دور نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له‌ سویسرا کرد، هاوکات بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداربم، وه‌ک دواتر زانیم، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش له‌م وڵاته‌ بوو، که‌ نوێنه‌ری ناوبراو ئه‌ندامی حزبه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌.
پاش باسکردنی کۆنفرانسه‌که‌ هاتمه ‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویستمان به‌ کۆمه‌کی ماددیه‌، بۆم باسکرد، که‌ هه‌رچه‌نده‌ وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمیش به‌ڵێنیان پێداوین، که‌چی هیچ کۆمه‌کیان نه‌کردوین، بۆیه‌ داوام کرد گه‌ر بکرێت به‌رێزی هه‌ندێک باربوومان بکات، یان کۆمه‌کمان بۆ له‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم وه‌ربگرێت، بینیم هه‌ر خۆی له‌مه‌سه‌ڵه‌ی پاره‌دان لاده‌دا، پاشان پێم گوت باشه‌ من وه‌ک رێکخه‌ری کۆنفرانسه‌که‌ به‌نوێنه‌رایه‌تی چاودێری کوردۆساید چاک نامه‌یه‌کی فه‌رمی ده‌نوسم ده‌ینێرم بۆتان، به‌رێزتان پشتگیری خۆتانی له‌سه‌ر بنوسن بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و به‌رزی بکه‌نه‌وه‌، تا کۆمه‌کمان بکه‌ن، که‌چی هه‌ر رازی نه‌بوو!!!! هه‌ستم کرد ده‌یویست چه‌ند سه‌د دۆلارێک یارمه‌تیمان بدات (دیاره‌ له‌ ساڵانی پێشودا چه‌ند جارێک وه‌ک شه‌خسی خۆی یارمه‌تی که‌م و سنورداری وای دابووین) من گوتم کاک دکتۆر کاری ئێمه‌ به‌ دووسه‌د سێسه‌د دۆلار سه‌رناگرێت، پێویستمان به‌ کۆمه‌کی زۆرتر هه‌یه‌ و ئێوه‌ ده‌یخه‌نه‌سه‌ر کۆنتۆی رێکخراوه‌که‌مان نه‌ک بیده‌نه‌ من. که‌چی رازی نه‌بوو!! ته‌نانه‌ت ئاماده‌ش نه‌بوو ئه‌دره‌س و ژماره‌ ته‌له‌فونی سکرتێری سه‌رۆکایه‌تی هه‌رمیشم بداتێ و ده‌یگوت، بۆ خۆت بگه‌رێ، له‌ سایته‌که‌یان ده‌یدۆزیته‌وه.
پرسیاری من لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئایا پارتی و یه‌کێتی، که‌ به‌به‌رده‌وامی ختوکه‌ی هه‌ستی کوردایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی میلله‌ت ده‌ده‌ن، گوایا پڕۆژه‌ی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه‌، ئایا ده‌کرێت به‌م جۆره‌ ره‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌کانیانه‌وه‌، دیاره‌ بودجه‌یه‌کی زۆریشیان بۆ سه‌رف ده‌کرێت، ده‌وڵه‌تی کوردی چێ بکه‌ن؟؟؟


تێبینی: بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ر کۆنفرانسه‌که‌ی 18ی ئازاری ئه‌مساڵ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌كان سازکرا‌:
http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Hewal&Jimare=11516

3.6.2011
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە