کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


بۆ وه‌زیری شه‌هیدان: ئه‌م زانیاریانه‌تان له‌ کوێ هێنا؟؟!!

Monday, 01/09/2014, 12:00






له‌م ماوه‌یه‌دا به‌رێز مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان، له‌ لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی (ئه‌نادۆڵو) دا، که‌ له‌ سایته‌ کوردییه‌کاندا بڵاوکرایه‌وه‌، ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ جینۆسایدناساندنی که‌یسی کۆمه‌ڵکوژییه‌کان و تاوانه‌کانی تر له‌ کوردستان کۆمه‌ڵێک زانیاری نادروست و ناراستی راگه‌یاندوه‌، دیاره‌ به‌رێزی بیری چۆته‌وه‌ که‌ ئه‌و وه‌زیره‌ و له‌ قسه‌کردن و لێدوان له‌سه‌ر بابه‌تی تایبه‌تمه‌ند به‌ بواری کاری وه‌زاره‌ته‌که‌ی، ده‌بێت زۆر وریا و به‌ئاگا بێت، بۆ ئه‌مه‌ش باشتره‌ پێشر له‌گه‌ڵ راوێژکارانی گفتوگۆ بکات و زانیاری راستییان لێ وه‌ربگرێت.

ناوبراو له‌وێدا ده‌ڵێت "جگە لە كەیسی شنگال، تا ئێستا 16 كەیسی جینۆساید هەیە بیناسێنن، پێویستە قەرەبوو بكرێنەوە. چوار وڵات كەیسەكەیان ناساندوە. بەریتانیا، سوێد، نەرویج و كۆریای باشور و ئەوەی كاری لەسەركراوە ئەمریكا و كەنەدا و یەكێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێكی ترن".

ئه‌وه‌ی زانیاری هه‌بێت له‌سه‌ر (جینۆساید) وه‌ک یه‌ک له‌ سێ تاوانه‌ گه‌وره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌که‌، ده‌زانێت، که‌ کۆمه‌ڵێک پێوه‌ر و مه‌رج و خاڵ هه‌یه‌ پێیان پۆلێن ده‌کرێن و ده‌ناسرێن، ئه‌مه‌ش له‌ ئێستادا له‌ رێگه‌ی دادگایه‌کی نێوده‌وڵه‌تیی وه‌ک (دادگای لاهای) له‌ هۆڵه‌ندا که‌ به‌ بڕیاری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان و له‌ کۆبونه‌وه‌ی رۆما ساڵی ١٩٩٨ دامه‌زرا، یان دادگای ئه‌وروپا بۆ مافه‌کانی مرۆڤ له‌ شاری (شتراسبورگ)ی فه‌ره‌نسا، یان ئه‌و دادگایانه‌‌ی که‌ به‌ بڕیاری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان بۆ تاوانێکی نێوده‌وڵه‌تی داده‌مه‌زرێن وه‌ک دادگاکانی نۆرمبێرگ، تاوانه‌کانی یوگوسلافی پێشوو یان کوشتوبڕی رواندا...هتد.

با له‌وه‌ بگه‌رێین که‌ یه‌ک له‌و دۆسیانه‌ی که‌ حکومه‌تی هه‌رێم زۆر خه‌مسارد، بێ پلان و بێ مشور بووه‌ و جگه‌ له‌ یه‌ک دوو کۆنفرانسی روکه‌شی لێره‌و له‌وێ وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ له‌ نه‌رویج و له‌ به‌ریتانیا کرا، هیچ کارێکی وای نه‌کردوه‌ شایه‌‌نی باس بێت.
بێینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی بزانین، به‌رێز وه‌زیری شه‌هیدان ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ کوێ هێناوه‌؟؟ ئاخر جگه‌ له‌ سوید، که‌ دانپێدانه‌که‌ش ناساندنێکی سیاسی بوو نه‌ک یاسایی، ده‌کرێت بڵێین هاوده‌نگییه‌کی نێوان سه‌رجه‌م سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ بوو، نه‌بۆته‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی فه‌رمی وا، وه‌ک که‌یسی ناساندنی کوشتوبڕی ئه‌رمه‌نییه‌کان یان هۆلۆکۆستی جووه‌کان له‌و وڵاته‌دا، ، دیاره‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی نراش حکومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی کوردستان هیچ رۆڵێکیان تێدانه‌بوو، به‌ڵکو هه‌ندێک چالاکوانی ئه‌و بواره‌ وه‌ک (قادر نادر) وه‌ چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی کوردی ئه‌و وڵاته‌ وه‌ک (جه‌بار ئه‌مین و ئامینه‌ کاکه‌باوه‌) ئه‌نجامیاندا. ته‌حه‌دا ده‌که‌م له‌ هیچ وڵاتێکی جیهاندا (جگه‌ له‌ عێراق) که‌یسێکی تاوانه‌کانی به‌رامبه‌ر کورد کراوه‌ به‌ جینۆساید ناسێنرا بێت، دیاره‌ مه‌به‌ست له‌ (دانپێدانانی فه‌رمییه‌) ، که‌ له‌ رێگه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ و پاشان ده‌رکردنی چه‌ند یاسایه‌ک بۆی و دیاری کردنی سزا بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ دوای ئه‌و بڕیاره‌وه‌، بۆ نمونه‌: ئینکاری ئه‌و تاوانه‌ ده‌که‌ن، یان به‌شداربوونه‌ له‌ ئه‌نجامدانیدا، یان هاوکاربوونه‌...هتد. وه‌ک بۆ نمونه‌ گه‌ر مرۆڤ له‌و وڵاتانه‌دا که‌ که‌یسه‌که‌ی ناساندبێت، که‌سێک بێت ئینکاری کوشتاری جووه‌کان بکات له‌ لایه‌ن نازییه‌کانه‌وه‌ به‌ بڕێک پاره‌ی زۆر یان زیندانیکردن سزا ده‌درێت...هتد.

وڵاتێکی تر که‌ که‌یسی تاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ چۆته‌ پێشه‌وه‌ بریتییه‌ له که‌نه‌دا، که‌ دوورو نزیک نه‌ هیچ حیزبێکی سیاسی کوردی وه‌ نه‌حکومه‌ت و په‌رله‌مانی کوردستان دووروو نزیک پەیوەندی بردنە پەرلەمانی کەیسی هەڵەبجەوە نەبوو بۆ پەرلەمان. به‌ڵکو ته‌نها په‌رله‌مانتارێکیان به‌ ناوی جیم کارجیانیس (Jim Karygiannis) خۆی دۆستی کوردەوە بەڕەچەڵەک خەڵکی یۆنانە لە سەردانەکەی بۆ کوردستان و چونە سەر مەزارگای شەهیدان لە هەڵەبجە بەڵێنی بەخەڵکی ئه‌وێدا که‌ کارێکیان بۆ بکات، ئه‌وه‌ بوو مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٠ توانی پرسەکە لە پەرلەمان بە تاوانی دژی مرۆڤایتی (نه‌ک جینۆساید) بەکۆی دەنگ بناسێنێت.

له‌ سویسرا پاش چوار ساڵ هه‌وڵ و کۆششی به‌نده‌ و چه‌ند هاورێیه‌کم له‌ رێکخراوی چاودێری کوردۆساید - چاک توانیمان دۆسیه‌که‌ بگه‌یه‌نیینه‌ په‌رله‌مانی ئه‌م وڵاته‌ ساڵی ٢٠١٢، به‌ڵام ده‌نگی پێویستی نه‌هێنا. له‌ وڵاتانی نه‌رویج و ئه‌ڵمانیاش هه‌ندێک کاری بۆ کراوه‌، به‌ڵام نه‌خراوه‌ته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و نه‌ له‌ په‌رله‌مان گفتوگۆی ئه‌و بابه‌ته‌ کراوه‌، مه‌به‌ستم کۆبونه‌وه‌ی گشتی په‌رله‌مانیانه‌.

به‌رێزی ناوی به‌ریتانیا دێنێت وه‌ک یه‌ک له‌و وڵاتانه‌ی که‌یسێکی کوردیان (کام که‌یس؟؟) به‌ جینۆساید ناساندوه‌، ئه‌مه‌ش هه‌‌ڵه‌یه‌‌، ئاخر گه‌ر وایه‌، کوا لینکی هه‌واڵه‌که‌، ئه‌ی کوا چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مان ئاماده‌بوون؟ چه‌ندیان ده‌نگیان پێدا؟؟ چه‌ند دژی بوون؟؟ له‌کام پارت بوون؟؟ کوا ژماره‌ی تۆماریی بڕیاره‌که‌؟؟ خۆ مرۆڤ ئه‌مرۆ به‌ هۆی گۆگله‌وه‌ ده‌توانێت لینکی هه‌واڵه‌که‌ (دیاره‌ ده‌بێت له‌سه‌رچاوه‌ و ئاژانسێکی بڕواپێکراوه‌وه‌ بێت) ده‌ست که‌وێت.
هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ به‌ریتانیا کرا، دوای پاره‌سه‌رفکردنێکی زۆر له‌ رێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌، کۆنفرانسێکی سازکرد، پاش ئەوەی نوێنەرایەتی حکومەت کە تەنها ئەندامانی لە پارتی دیمۆکرات پێک هاتووە هەلمەتێکی (پێتیشن) یان کۆکردنه‌وه‌ی واژۆی دەستپێکرد، کە دەبوایە (١٠٠) هەزار هاولاتی بەریتانی واژۆی بکات، وێرای ئەوەی کە کەس نازانێت چەند لە پارە لەم هەلمەتە دا سەرف کرا، هەموو یان زۆربه‌ی زۆری خەلکی شارەزا و چالاکەوانی ئەم بوارەیان لەم هەلمەتە مەزنەدا بایکۆت کرد، به‌ مه‌به‌ستیش داوای هاوکارییان لێ نه‌کرا، ئەمەش وای کرد کە سه‌رکه‌وتوو نه‌بن و تەنها (٢٧) هەزار کەس به‌شداری هەلمەتی واژۆ کردنە کە بکات، دیاره‌ هۆکارەکەی زۆر بە ئاشکرا دیار بوو، نه‌ده‌بوو ناوچەی پارتی دیمۆکرات و نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم (به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان) که‌ ئه‌ویش له‌ پارتییه‌، تەنها بۆ خۆیان خاوەنداریەتی ئەم دۆسیەیە بکه‌ن، چونکە ئەمە دۆسیەی خەلکە نەوەك تەنها حیزبێك، ده‌بوو بۆ بابه‌تێکی وا نیشتمانی گه‌وره‌ بیر لە به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بکه‌نه‌وه‌.

پاشتر له‌ ٢٨ کانونی دوەمی ٢٠١٣ نەدیم زەهاوی کە بەڕەگەز کوردە و ئەندامی لیژنەی کار (کاری بازرگانی - بزنس)ی پەرلەمانی بەریتانیایە بابەتی بەژینۆسایدناساندنی کارەساتی هەلەبجەو ئەنفالی لەگەل هەریەک له‌ په‌رله‌مانتاران Robert Halfon, Meg Munn, Fabian Hamilton and Jason McCartney. باسکردوە، کە لەو رۆژه‌دا بابەتی بەجینۆساید ناساندنی کارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال باس بکەن، ئەوەبوو ته‌نها بە ئامادەبونی ئەو بەرێزانە، کە لە ده‌ دوانزه که‌سێک تێپه‌ری ناکرد گفتوگۆکە بەرێوەچوو (تکایه‌ سه‌یری ڤیدیۆی کۆبونه‌وه‌که‌ بکه‌ن له‌ خواره‌وه‌) ، نه‌ک سه‌رجه‌م لیژنه‌کانی په‌رله‌مان، یان کۆبونه‌وه‌‌ی گشتی، واته‌ ته‌نها ئەو لیژنەیەی ناوبرا تاوانه‌کانی هەڵەبجەو ئەنفالیان وەکو جینۆساید ناساندوە نەک پەرلەمان، هێشتا لە دانیشتنی گشتی پەرلەماندا بەهیچ شێوەیەک باسی ئەوبابەتە نەکراوە! ئیتر کام ناساندن؟؟

سه‌باره‌ت به‌ وڵاته‌یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا، هیچ کارێکی وا که‌ شایانی باس بێت بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ نه‌کراوه‌، نه‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم، یان نوێنه‌رایه‌تی حزبه‌ کوردییه‌کانه‌وه‌ یان لۆبی کوردییه‌وه‌، ته‌نها یەکجار KNC ئاهەنگێكی کۆمەک کۆکردنەوەیان ساڵی ٢٠٠٦ لە شاری تۆرۆنتۆ سازکرد، بۆ ئەوەی پارێزەرێک بگرن تا ئەو کۆمپانیانەی کە مادده‌ی خامی کیمیاویان بە عێراق فرۆشتووە به‌ دادگا بگه‌یه‌نن. وه‌ک باسکرا له‌وێ هه‌ندێک پاره‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کۆکرابۆوه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچی دیار نییەو کەسیش نازانێ بە کوێ گەیشت! ئه‌‌مه‌ له‌ کاتێکدا ئه‌رشیفێکی زۆر گه‌وره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ له‌سه‌ر ئه‌نفال له‌ ئه‌مریکا هه‌یه‌، که‌ چه‌ندان تۆنه‌، که‌ کاتی خۆی ساڵی ١٩٩٢ رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی (ئه‌منستی) و نوسه‌ری گه‌وره‌ پیته‌‌ر گالبرێس به‌ فرۆکه‌ گواستیانه‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌، ئێستا له ئه‌رشیفی نیشتمانی واشه‌نگتۆن پارێزراوه‌، به‌ڵام نه‌ کاریان له‌سه‌ر کراوه، نه‌ وه‌رگێڕراون، نه‌ پوخته‌ وپۆلێنکراون!! ئیتر نازانم ده‌بێت چ کارێک کرابێت بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه‌، که‌ به‌رێز وه‌زیری شه‌هیدان بزانێت و‌ ئێمه‌ ئاگامان لێی نه‌بێت!

سه‌باره‌ت به‌ کۆریای باشور، ئه‌وه‌ی زانیمان و پار له‌ راگه‌یاندنه‌ کوردییه‌کانه‌وه‌ بیستمان، که‌ ((په‌رله‌مانی كۆریای باشور وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌می له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردستان له‌ رۆژی 25-6-2013 ئه‌و تاوانانه‌ی به‌سه‌ر كوردا هاتوون ناساندوه‌!!)) ئیتر بێ ئه‌وه‌‌ی ئاشکرای بکه‌ن، کام تاوان (دۆسیه‌)، له‌ چ دانیشتنێکی په‌رله‌ماندا؟؟ چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مان ئاماده‌بوون؟ چه‌ندیان ده‌نگیان پێدا؟؟ چه‌ند دژی بوون؟؟ له‌کام پارت بوون؟؟ کوا ژماره‌ی تۆماریی بڕیاره‌که‌؟؟ کوا کۆپی ئه‌و بڕیاره‌، بۆ بڵاونه‌کرایه‌وه‌ به‌ ئینگلیزی؟؟!! ئاخر ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵانه‌، نه‌ راستگۆیی تێدایه‌، نه‌ ده‌توانین وه‌ک به‌ڵگه‌ بۆ ناساندنی ئه‌و تاوانانه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی سودی لێ ببینین، راستییه‌که‌‌ی وه‌ک خۆشم گومانێکی زۆرم له‌ بوونی ئه‌و بریاره‌ هه‌یه‌ و لام وا نییه‌ راستیه‌کی تێدا بێت، به‌ڵام ده‌کرێت دانیشتنێکی تایبه‌ت له‌ په‌رله‌مانی کۆریا کرا بێت و وتار له‌ سه‌ر تاوانه‌کان دژ به گه‌لی کورد خوێندرابێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت دوای سه‌ردانیکردنی وه‌فدێکی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ کوردستان و به‌شدارییان له ٢٥ ساڵه‌ی یادی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا. یان سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ نامه‌ی ناردبێت که به‌ڕای خۆی کورد جینۆساید کراوه‌. ئه‌وه‌ش نابێته‌ (ناساندنی فه‌رمی).

بێینه‌ سه‌ر یه‌کێتی ئه‌وروپا، له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، که‌ ئه‌مرۆ یه‌ک له‌ گرنگترین ناوه‌‌ند‌ه‌کانی بڕیاردانه‌ له‌ جیهاندا و له‌ لایه‌ن گه‌وره‌ هێزه‌کانی وه‌ک وڵاته یه‌کگرتوه‌کان و روسیا و چینه‌وه‌ حساب بۆ بڕیاره‌کانی ده‌کرێت، هیچ کۆنفرانسێکی وا سازنه‌کراوه‌ که‌ بتوانرێت کارێکی جدی له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه‌ بکرێت و بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، تا پەرلەمانی ئەوروپا ئەنفال و هەڵەبجە بە تاوانی جێنۆساید بناسێنێت.

گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنرێت، واتە 28 وڵاتی ئەوروپا و لە داهاتوشدا وڵاتانی تری نوێی ئەو یەکێتیە، تاوانه‌کان بە جێنۆساید دەناسێنێت. ئەو کاتەش دەتوانرێت به‌ هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه تەواوی تاوانباران و لە ناویان دا مستەشارە کوردەکان، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ لایه‌ن دادگای باڵای عێراقه‌وه داوا کراون، کە زۆربه‌یان لە لایەن دەسەڵاتی بنەماڵەکانەوە داڵدەدراون، بە پێی مادەی 3ی خاڵی c و e لە رێکەوتتنامەی جێنۆسایدی 1948 ی نەتەوە یەکگرتووەکان رادەستی دادگای نێودەوڵەتی دەنهاخ بکرێن و دادگایی بکرێن. ئه‌مه جگه‌ له‌وه‌‌ی ده‌توانرێت دوای ئه‌و بڕیاره‌ به‌ ئاسانی به‌ جینۆساید، داوای قه‌ره‌بوو له‌و کۆمپانیا و وڵاتانه‌ش بکرێت، که‌ هاوکاری رژێمی سه‌دام بوونه‌، له‌ به‌رهه‌مهێنان، فرۆشتنی ماده‌ی خاو، گواستنه‌وه‌ی و هه‌روه‌ها له‌ هاوکاری لۆجستی و هونه‌ری بۆ دروستکردنی چه‌کی کۆکوژی کیمیایی و بایۆلۆژی. هه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌کانی ئه‌و دادگاییکردنه‌، یان ده‌نگدانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا به‌ زۆرینه‌ له‌ سه‌ری، خۆی له‌ خۆیدا ره‌هه‌‌ندێکی نێوده‌وڵه‌تی به‌و تاوانانه‌ و مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌به‌خشێت، که‌ ده‌بێته‌ گره‌نتییه‌کی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌ترێکی سیاسی و یاسایی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌‌مان تا جارێکی تر کورد قه‌ڵاچۆ نه‌کرێت و توشی جینۆساید و نه‌یه‌ته‌وه‌.

له‌ کۆتاییدا ده‌مه‌وێت بڵێم، تا ئێستا ته‌نها وڵاتێک که‌ که‌یسێک، یان چه‌ند که‌یسێکی کوردی به‌ جینۆساید ناساندوه‌ عێراقه‌، ئه‌مه‌ش پاش بڕیاره‌کانی دادگای باڵای تاوانه‌کانی به‌غدا، که‌ گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وت بوو له‌و رووه‌وه‌ بۆ کورد، به‌ڵام بیرمان نه‌چێت، بڕیاره‌کانی ئه‌و دادگایه‌ش که‌موکوڕی خۆیان هه‌یه‌، چونکه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و له‌ رووی دادوه‌ریی و ئه‌کادیمییه‌وه‌، بڕیاره‌کان و پرۆسه‌ی دانیشتنه‌کانی ئه‌و دادگایه‌ش به‌سیاسی کرابوون و ته‌واو سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو و به‌ پێی یاسا و پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان نه‌بووه‌...
پاشان خودی ناساندن و دانپێدانان و دانپێدانانی فه‌رمی پله‌ی جیاوازی هه‌یه‌، که‌ که‌سانی پسپۆر و تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و بواره‌ ده‌توانن لێی بدوێن، مه‌سه‌له‌ی ناساندنی که‌‌یسه‌کانی کوردیش به‌ جینۆساید زۆر له‌وه‌ زه‌حمه‌ت و گرانتره،‌ که‌ سیاسییه‌کان و هه‌ندێک له‌ رۆشه‌نبیر و نوسه‌رانی کورد تێیگه‌یشتوون، به‌ڵکو پرۆسه‌یه‌کی درێژه‌ و کاری بێسه‌رومڕی دیپلۆماتی، به‌ڵگه‌نامه‌یی، هونه‌ریی، یاسایی و دادوه‌ریی زۆری ده‌وێت و دوور نییه‌ ده‌یان ساڵ بخایه‌نێت و چه‌ندان میلیۆن دۆلاریشی بووێت، تا ئه‌و که‌یسانه‌‌ی ئێمه‌ش به‌ ئاستی هۆلۆکۆست و کوشتاری ئه‌رمه‌نییه‌کان به‌ فه‌رمی و یاسایی به‌ته‌واوی له‌سه‌ر ئاستی جیهان بناسرێن.

--------------------------------------------------------------------------------------------------
(*) چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ و ‌جینۆساید



تێبینی:

١. بۆ خوێندنه‌وه‌‌ی لێدوانه‌که‌ی وه‌زیری شه‌هیدان و کاروباری ئه‌نفالکراوان، ده‌توانن ئه‌م لینکه‌ بکه‌نه‌وه‌:

http://www.lvinpress.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=9187&Jor=1

٢. هه‌واڵی ناساندنی تاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ک تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی له‌ وڵاتی که‌نه‌دا ‌:

http://www.karygiannismp.com/article.php3?id_article=1356

٣. دۆکیۆمێنته‌کانی دۆسیه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ له سویسرا، له‌ سایتی فه‌رمی په‌رله‌مانی سویسرادا:

http://parlament.ch/ab/frameset/f/s/4816/343615/f_s_4816_343615_343993.htm
http://www.parlament.ch/D/Suche/Seiten/geschaefte.aspx?gesch_id=20102027

٤. ڤیدیۆی دانیشتن و گفتوگۆکه‌ی لیژنه‌ی کار و بازرگانی له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا له‌سه‌ر ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌، وه‌ ده‌قی وتار‌ه‌که‌ی به‌رێز نه‌دیم زه‌هاوی:
https://www.youtube.com/watch?v=L7I38Z3nAdE

٥. هه‌واڵی کۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆکه‌ی ناو په‌رله‌مانی به‌ریتانیا له‌ سایتی په‌رله‌ماندا:

http://www.parliament.uk/business/committees/committees-a-z/commons-select/backbench-business-committee/news/25th-anniversary-of-kurdish-genocide-debate/

٦. بۆ به‌راوردکردن، فه‌رموون سه‌‌یری ئه‌م لینکه بکه‌ن که‌ باس له‌ ناساندنی کوشتاری ئه‌رمه‌نییه‌کان ده‌کات به‌ جینۆساید، بزانن چۆن ژماره‌‌ی ئاماده‌بووان، ده‌نگده‌رانی به‌ڵێ و دژ، هه‌روه‌ها ناوی پارته‌کانیشی تێدایه‌:

http://www.panorama.am/en/politics/2010/02/15/uk-genocide

٧. هه‌واڵی ناساندنی جینۆسادی گه‌لی کورد له لایه‌ن په‌رله‌مانی کۆریای باشوره‌وه‌
http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=10647

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە