کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


مامۆستا و سه‌رکرده‌ فاروق ره‌‌فیق ... سڵاو له‌ هه‌ڵوێست و بیرتان!

Saturday, 26/03/2011, 12:00


هه‌موو ئاگادارین هه‌ر له‌ یه‌که‌م رۆژی پاش کوشتار و کاره‌ساته‌ خوێناوییه‌که‌ی به‌رده‌م لقی چوار له‌ 17ی مانگی پێشوه‌وه‌ که‌سێکی زۆر له‌ خۆبردوو و خۆنه‌ویست، پشودرێژ، ره‌وانبێژ، سه‌رکرده‌، بێ دابڕان، بێ دوودڵی هه‌رده‌م به‌ هه‌مان حه‌ماسه‌ت و وره‌ و وزه‌و بیرو تین و تواناوه‌، بێ ماندووبوون هه‌میشه‌ له‌ مه‌یدانی ئازادی سلێمانی ئاماده‌یه‌...
ئه‌و وه‌ک هه‌ندێک نوسه‌ری تر ناچێت ته‌نها له‌ پشت کۆمپیوته‌ره‌که‌وه‌ دانیشێت و ده‌ستبکات به‌ریزکردنی وشه‌ی (ده‌بێت، ده‌کرێت و پێویسته‌ وابکرێت...هتد) به‌ڵکو خۆی به‌ جه‌سته‌ و بیر و هۆش ئاوێته‌ی ناره‌زاییه‌کان کرد و به‌کردار و هه‌ڵوێست، نه‌ک هه‌ر به‌شداری کرد، به‌ڵکو بووه‌ پێشه‌نگ و رابه‌رێکی مه‌یدانه‌که‌ و زۆر چاونه‌ترسانه‌ و به‌بڕوابه‌خۆبونێکی مه‌زن و ئارامییه‌کی بێ وێنه‌وه‌، بوه‌ رێکخه‌ر، وتاربێژ، یه‌ک له‌ نوێنه‌ره‌ هه‌ره‌ دیاره‌کانی ده‌نگی ناره‌زایی شه‌قامی کوردی.
ئه‌م مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ سڵی له‌ هیچ سیناریۆ و هه‌ره‌شه‌ و چاوسورکردنه‌وه‌یه‌کی دهسته‌ڵاتی کوردیی نه‌کرده‌وه‌، که‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبووبێته‌وه‌ له‌ ئاسایش داواکراوه‌، خۆی به‌ پێی خۆی چوه‌ بۆ ئاسایش، خۆی گوته‌نی، گه‌رده‌یانه‌وێت زیندانی بکه‌ن یان لێکۆڵینه‌‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ن (ته‌نها مه‌سجێکم بۆ بکه‌ن خۆم دێم)!!! هیچ رۆژێک ده‌نگی کزتر نه‌بووه‌ له‌ رۆژی پێشو، هه‌ڵوێستی نه‌رمتر نه‌بووه‌ له‌ هی پێشو! ده‌سته‌ڵاتدارانی سلێمانی به‌تایبه‌تی و هه‌رێمی کوردستان به‌ گشتی تێماون و سه‌رسامن‌ و نازانن چی لێبکه‌ن، چۆن شه‌ری جه‌ساره‌ت و هه‌ڵوێسته‌کانی بکه‌ن، چۆن که‌سایه‌تی له‌ پێش چاو جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵک بشکێنن و سوکی بکه‌ن. جا مامۆستا و رابه‌ری خۆپیشاندان، مامۆستا فاروق که‌ی سڵ له‌وانه‌ ده‌کاته‌وه‌، که‌ی حیساب بۆ هه‌وڵی ده‌سته‌ڵات بۆ سوکایه‌تی و هه‌وڵی شکاندنه‌وه‌ و ناوزڕاندنی خۆی و هاوسه‌ره‌ به‌رێزه‌که‌ی ده‌کات، که‌ ئه‌ویش له‌ یه‌که‌م رۆژه‌وه‌ به‌شدارێکی کرده‌یی له‌ مه‌یدانه‌که‌ هه‌یه‌ و له‌به‌ر ئه‌و له‌خۆبوردویی و دڵسۆزی و ئازایه‌تییه‌ی کردیانه‌ قسه‌که‌ری فه‌رمی خۆپیشانده‌رانی مه‌یدانی ئازادی. مامۆستای مه‌زنمان زۆر باش ده‌زانێت، موته‌نه‌بی گوته‌نی (ئێوه‌ که‌ئه‌وه‌نده‌ به‌د کردار و گوتار بن، زه‌م کردنتان ستایشه‌ بۆم و ستایشتان زه‌م و نزمییه‌ بۆم)!
ئاسانه‌ ناکه‌سێک و ئه‌ڵقه‌ له‌گوێیه‌کی ده‌زگا سیخوڕیه‌کان بنێرن و شه‌هیدی بکه‌‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌‌نده‌ش نه‌زان نین، ئاخر وه‌ک خۆری ئاسمان لێێان روونه‌، ئه‌وه به‌نزین کردنه‌ به‌ ئاگری ده‌رون و ناره‌زایه‌تییه‌کانی جه‌ماوه‌ری به‌وه‌زهاتووی کوردستان، ئاسانه‌ زیندانی بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌، قانعی شاعیر گوته‌نی (تاجی شاهانه‌ و که‌له‌پچه‌ و زنیجره‌که‌ی پڵپڵه‌ و له‌‌رزانه‌یه‌)، به‌کورتی، ئه‌وه‌ خه‌ڵاته‌ بۆی، جا ئه‌وان چۆن خه‌ڵاتی ده‌که‌ن، که‌ ئه‌وه‌نده‌ی کێوی پیره‌مه‌گرون کینه‌ و بوغز به‌‌رامبه‌ر ئه‌م مه‌زنه‌مرۆڤه‌ له‌سه‌ر سنگیانه‌...
ره‌نگه‌ ئه‌مانه‌ی گوتم زۆربه‌ی لای چاودێرانی سیاسی و خوێنه‌رانی فه‌یسبوک و سایت‌ و رۆژنامه‌کان ئاشکرا بێت، به‌ڵام ده‌مه‌وێت لێره‌دا هه‌ڵوێستێکی جوان و مه‌ردانه‌ و مه‌زنی ئه‌م مرۆڤه‌ پاک و له‌خۆبوردوه‌تان بۆ باس بکه‌م.
سه‌ره‌تای مانگی شوبات ئێمه‌ وه‌ک رێکخراوی چاودێری کوردۆساید له‌گه‌رمه‌ی ئاماده‌کاری کۆنفرانسه‌که‌ی باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان بووین له‌سه‌ر (کۆمه‌‌ڵکوژییه‌کانی هه‌ڵه‌‌بجه‌ و ئه‌نفال و گۆره‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان)، که‌ له‌ 18/3 ئه‌نجامماندا، کاتێک له‌لایه‌ن هاورێێانمانه‌‌وه‌ ناوبراو ده‌ستنیشانکرا، بۆ داوه‌تکردنی کۆنفرانسه‌که‌ بۆ پێشکه‌شکردنی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی و کۆمه‌ڵایه‌تی و خوێندنه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ ئه‌نفال، نوسه‌ری ئه‌م وتاره‌ وه‌ک رێکخه‌ری کۆنفرانسه‌که‌ تێلم بۆ کرد و ئاگادارمکرده‌وه‌، که‌ گه‌ر بۆی ده‌کرێت و ده‌گونجێت ئه‌وا ئاماده‌کاری خۆی بکات و بلیتی فرۆکه‌ ببڕێت بۆ سویسرا- ژنێڤ، چونکه‌ ئه‌و به‌هۆی بوونی وڵاتنامه‌ی که‌نه‌دییه‌وه‌ کێشه‌ی ڤیزه‌ی نه‌بوو، ئه‌وه‌ بوو به‌رێزی رازی بوو خۆشحاڵ بوو، و‌ه‌ گوتی فرسه‌تێکی خۆشه‌، چونکه‌ به‌رنامه‌ی وابوو بچێته‌ ئه‌ڵمانیا (کۆڵن) و له‌وێ چه‌ند رۆژێک بمێنێته‌وه‌ و هاورێێانی ئێمه‌ و ره‌وه‌ندی کوردی ئه‌و شاره‌ خه‌ریکی گرتنی هۆڵ بوون، تا سیمیناری بۆ بگرن و پاشان به‌رێبکه‌وێت بۆ ژنێڤ بۆ به‌شداریی کۆنفرانسه‌که‌ و له‌گه‌ڵ چه‌ند هاورێیه‌کیش قسه‌مان کرد، که‌ له‌ شاری زویرخیش هۆڵی بۆ ئاماده‌ بکه‌ین، تا کۆری بۆ بگرین. ئه‌وه‌ بوو دوای ماوه‌یه‌ک و له‌ رێکه‌وتی 15ی شوبات په‌یوه‌ندیم به‌ ناوبراوه‌وه‌ کرده‌وه‌، که‌ چی کردوه‌؟ به‌رێزی گوتی بلیتم بریوه‌ و 15/3 ده‌گه‌مه‌ کۆڵن و له‌وێوه‌ 17/3 ده‌گه‌مه‌ ژنێڤ و 21/3 ش ده‌گه‌رێمه‌وه‌، وه‌ گوتی بلیته‌کانم (ئۆ که‌ی) کردوه‌ و دڵنیا بن دێم و به‌شدار ده‌بم، دیاره‌ زۆر خۆشحاڵ بووم.
له‌و نێوانه‌دا خۆپیشاندان و کاره‌ساتی خوێناوی به‌رده‌م لقی چوار 17ی شوبات روویدا، ئیتر وه‌ک هه‌موو ئاگادارین پاش چه‌ند رۆژێک مامۆستا فاروق ره‌فیق ته‌نها نوسه‌ر و مامۆستای زانکۆکه‌ی پێشوو نه‌ما، به‌ڵکو وه‌ک له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان کرد بووه‌ سیمایه‌کی هه‌ره‌ دیاری خۆپیشاندانه‌که‌ی به‌رده‌م سه‌را و خۆی و هاوسه‌ره‌که‌ی بوونه‌ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی به‌رێوبه‌ری مه‌یدانه‌که‌.
پاش هه‌فته‌یه‌ک له‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی رویدا له‌ لایه‌ن هاورێیه‌کمه‌وه‌ ئاگادارکرامه‌وه‌ که‌ مامۆستا فاروق دڵی له‌سه‌فه‌ره‌که‌ سارد بۆته‌وه‌ و ره‌نگه‌ نه‌یات بۆ کۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌که‌ی ژنێڤ!! بۆیه‌ به‌باشم زانیت که‌‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌بگرمه‌وه‌، تا له‌ ده‌می خۆیانه‌وه‌ له‌ دوا بڕیاری ئاگادار بین، منیش هه‌ر ئه‌و رۆژه‌، که‌ نه‌شمزانی رێکه‌وتی ئه‌وه‌ بوو (شه‌وه‌که‌ی چه‌ته‌ ده‌مامک به‌سه‌ر‌ه‌کان خێمه‌کانی مه‌یدانه‌که‌یان سوتاندبوو وه‌ ئازاری خۆپیشانده‌ره‌کانیان دابوو)، بۆ پرسیار له‌سه‌ر بریاره‌که‌ی ته‌له‌فونم بۆ کرده‌وه‌، تا بزانم هۆی دڵساردبوونه‌وه‌ی له‌سه‌فه‌ری سویسرا و به‌شداریی کۆنفرانسه‌که‌ی چییه‌، که‌ داوه‌تی ئێمه‌ ده‌بیت و ته‌واوی مه‌سره‌ف و تێچوونه‌کانی سه‌فه‌ره‌که‌شی ده‌ده‌ینه‌وه‌. سه‌یرم کرد زۆر سه‌رقاڵ و خه‌مناک و پڕکاره‌، پرسیاره‌که‌‌م لێی کرد، ئه‌و گووتی (سه‌یرکه‌ کاکه‌ هیوا، دیاره‌ فرسه‌تێکی زۆر خۆش ده‌بوو بۆ من، بێم بۆلاتان، به‌شداری کۆنفرانسه‌که‌تان بم، به‌ هاوڕێیانی شاری کۆڵنی ئه‌ڵمانیا و ئه‌وانی لای ئێوه‌ شاد بم، به‌ڵام برا ناکرێت، ئاخر من له‌یه‌که‌م رۆژه‌وه‌ به‌رده‌وام و بێدابران له‌ مه‌یدانی ئازادیم، ئاگاداری ده‌سته‌ڵاتیشی چی ده‌که‌ن، خۆ گه‌ر رۆژێکیش ئاماده‌ نه‌بم خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ د‌ه‌کرێت، چ جای هه‌فته‌یه‌ک له‌م مه‌یدان و گۆڕه‌پانه‌که‌ له‌به‌ر چاو ون بم، ئه‌و کات ده‌بێته‌ خۆشاردنه‌وه‌ و راکردن له‌ لێپرسراوێتی و خوێندنه‌وه‌ی تریشی بۆ ده‌کرێت، ئایا چۆن ئه‌مه‌ بکه‌م؟؟) گوتم: ئاخر مامۆستا ئه‌ی بلیته‌که‌تان، خۆ به‌رێزت گوتتان ئۆکه‌یتان کردوه‌، گوتی (کاکه‌ ئه‌وه‌ کێشه‌ نییه‌، من خۆم ته‌حه‌مولی زه‌ره‌که‌ی ده‌که‌م و له‌ پێناو وه‌زعه‌که‌دا، ئاماده‌ی ئه‌و زه‌ره‌ره‌م!!). ئای که‌ سه‌رسام بووم به‌گه‌وره‌یی ئه‌و مرۆڤه‌، ئای که‌ له‌دڵه‌وه‌ ئێره‌یم به‌ له‌خۆبردوویی و دڵسۆزی و توانا و تاقه‌ت و بیری هات! ئای که‌ چه‌ند خۆشه‌ویستتر و جوانتر و مه‌زنتر و به‌ هه‌ڵوێستتر بوو لام، ئیتر ئه‌و بووه‌ ئه‌رستۆی سه‌رده‌م لام. من شانازیی‌ ده‌که‌م قوتابییه‌کی بم.
هێنده‌ ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم، مامۆستا زۆر ڕچه‌ی شکاند، خۆی و هاوسه‌ره‌که‌‌ی نه‌ک هه‌ر بوونه‌ رابه‌ر و پێشه‌‌نگ و رێکخه‌ر و وتاربێژی مه‌یدانه‌که‌، به‌ڵکو ئه‌و رێز و(ئیعتبار)ێکی تری گه‌رانده‌وه‌ بۆ مامۆستای زانکۆش له‌ باشوری کوردستان، ئاخر زۆرن ئه‌و مامۆستایانه‌ی به‌ختیار عه‌لی گوته‌نی (گه‌ر قه‌‌ڵغانی بروانامه‌کانیان لێبسه‌نرێته‌وه‌، هیچی تریان نامێنێت شانازی پێوه‌ بکه‌ن)، ئاخر ببینن چه‌ند زۆرن ئه‌و مامۆستای زانکۆیانه‌ی ده‌ستیان توند توند به‌ به‌رژه‌وه‌ندی که‌سیی خۆیانه‌وه‌ گرتوه‌ و به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ڵات بێهه‌ڵوێستن، تا ئه‌و راده‌یه‌ی زانکۆکه‌شیان به‌ بریاری حزبی داده‌خرێت، که‌چی ئه‌وان هه‌ر بێده‌نگن، بگره‌ هه‌‌ندێکیان راپۆرتیش له‌سه‌ر یه‌ک ده‌نوسن!!... خۆزگه‌ هه‌ر شاره‌ی کوردستان و چه‌‌ند فاروق ره‌فیقێکمان ده‌بوو، خۆزگه‌ دوای سه‌رکه‌وتنی داواکارییه‌ ره‌واکانی خۆپیشانده‌ران و جه‌ماوه‌ری کوردستان، که‌ به‌هیواین له‌‌ نزیکترین کات و بێ خوێنرشتن بێته‌ دی، په‌یکه‌رێک له‌ مه‌یدانی ئازادی بۆ مامۆستای ناوبراو دروست ده‌کرا و خۆی له‌ ژیاندا ده‌یبینیت، تا بزانێت، میلله‌تیش پێگه‌یشتوه‌ و پێشکه‌وتوه‌ و رێزی دڵسۆزی و ماندووبون و ئازایه‌تی ده‌گرن، چی دی (سه‌نعه‌تکارانمان) گۆرانی شاعیر گوته‌نی (وه‌ک و عه‌کسی قه‌مه‌ر نابن- له‌ ناو ئاوێکی لیخندا)!!. به‌ هیوای بینینی ئه‌و په‌یکه‌ره‌م.
سڵاو له‌ هێزی بیر و هه‌ڵوێستی کوردانه‌ و مرۆڤانه‌تان مامۆستای خۆشه‌ویست، سڵاو له‌ گه‌وره‌ییتان...

تێبینی: مه‌به‌ست له‌م کۆنفرانسه‌یه‌:
http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Hewal&Jimare=11516

23.3.2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە