کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


به‌ڵێ با ئه‌نفالچییه‌کان بده‌ین به‌ دادگا!

Monday, 02/07/2012, 12:00


(وه‌ڵامێک بۆ کاک بێستون سابوراوا‌یی)

به‌ ناونیشانی (ئایا ئه‌نفالچییه‌کان بده‌ین به‌ دادگا؟) کاک بێستون سابوراوا‌یی له‌ رۆژنامه‌ و سایتی هاوڵاتی بابه‌تێکی بڵاوکردۆته‌وه‌، که‌ به‌ کورتی و کرمانجی به‌رێزی ده‌ڵێت، که‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد ده‌بێت ئه‌و لێبوردنه‌ گشتییه‌ی سه‌روه‌ختی راپه‌رین له‌ لایه‌ن به‌ره‌ی کوردستانییه‌وه‌ بۆ ئه‌نفالچیان و سه‌رۆکجاشه‌کان ده‌چووه‌، به‌ زیندوێتی رابگرێت و ئه‌نفالچییه‌کان دادگایی نه‌کات! دیاره‌ پێم وایه‌ (ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم) ئه‌مه‌ یه‌‌که‌مجاره‌ دوور له‌ ده‌سته‌ڵاتدارێتی و فه‌رمیات و له‌نێو رۆشه‌نبیراندا که‌سێک له‌‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ رای ئاوای هه‌بێت، بۆیه‌ پێم باش بوو، ئه‌م وه‌ڵامه‌ی بده‌مه‌وه‌.

سه‌ره‌تا نه‌مبیستوه‌ که‌ له‌ مێژووی ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌ ژێرده‌سته‌یی رزگاریان بووه‌، تاوانبارانی نێوخۆیی و خۆفرۆشه‌ تاوانکاره‌کانیان، به‌تایبه‌ت ئه‌‌وانه‌ی که‌ له‌ کۆمه‌ڵکوژی و تاوانه‌ گه‌وره‌کاندا به‌شدار بوونه‌، هه‌روا به‌ بریارێکی سه‌رپێی سه‌‌رکردایه‌تی شۆرشه‌که‌یان لێبوردنیان بۆ ده‌رچوبێت و له‌ هه‌موو تاوانه‌کانیان بورابن و له‌ راکێشانیان بۆ دادگا پارێزرابن. بۆ نمونه‌ شۆرشی جه‌زایر که‌ له‌ ساڵی 1962 له‌ ژێر ده‌ستی فه‌ره‌نسییه‌کان رزگاریان بوو، سه‌رکردایه‌تی شۆرشه‌که‌ بریاریدا هه‌موو ئه‌و سه‌رۆک میلیشیا چه‌کداره‌ به‌کرێگیراوانه‌ی ناوخۆ ،که‌ ژماره‌یان نزیکه‌ی چوار هه‌زار که‌س بوون، له‌ وڵات ده‌ربکات و مافی نیشته‌جێبوون و هاووڵاتی بوونیان لێبه‌سه‌ننه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بوو هه‌موویان به‌ره‌و فه‌ره‌نسا وڵاتبه‌ده‌ر کران.

کاک بێستون مافی خۆیه‌تی وه‌ک که‌سێک که‌ له‌شۆڕشی کوردا به‌شدار بووه‌، به‌رگری له‌ بریارێکی ئه‌و کاتی سه‌رکردایه‌تی (به‌ره‌ی کوردستانی) بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ بکات، به‌ڵام ئایا چۆن ئه‌و مافه‌ به‌خۆی ده‌دات، که‌ به‌ بیانوی ئه‌و بریاره‌ سیاسیه‌ی له‌ سه‌روه‌ختی راپه‌ریندا ده‌رچوه‌، بێت و (ته‌نانه‌ت ئه‌مرۆش) پارێزگاری له‌ ‌داگایینه‌‌کردنی ئه‌و ئه‌نفالچیانه‌ بکات؟ من لێره‌دا ده‌پرسم:

*ئایا به‌رێزی ده‌زانێت، که‌ به‌ پێی بریاری دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌ به‌غدا، له‌ رێکه‌وتی 11/8/2010 دا ب‌ کتابی فه‌رمی ژماره‌ (رس /83/15) ئاراسته‌ی هه‌ر یه‌ک له‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، حکومه‌ت و په‌رله‌مانی کوردستان کراوه‌ بۆ ده‌سگیرکردنیان، بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ که‌‌یسی ئه‌نفال ناوی 413 که‌سی تاوانباری تێدایه‌ و له‌مانه‌ش 258 که‌سیان ئه‌نفالچییانی کوردن، که‌ زۆربه‌یان له‌ کوردستان و له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن. تا ئێستا‌ش وه‌‌زاره‌تی ناوخۆی کوردستان هیچ هه‌نگاوێکی کرداری بۆ جێبه‌جێکردنی نه‌ناوه‌.

*ئایا ده‌زانێت، که‌ سه‌دان که‌س له‌ که‌سوکاری قوربانیانی ده‌ستی ئه‌و تاوانبارانه وه‌ک بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان سکاڵایان له‌ دادگاکانی کوردستان و بگره‌ به‌غداش تۆمارکردوه‌، بۆ نمونه‌ قاسم ئاغای کۆیه‌ 170 داوای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار کراوه‌، له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ناوبراو هه‌م له‌دادگای شاری کۆیه‌ و هه‌م له‌ به‌غدا بریاری گرتنی هه‌یه‌. یان هه‌باسی بایز ئاغا زیاتر له‌ 50 داوای یاسایی له‌ دادگای پشده‌ر له‌سه‌ر تۆمار کراوه‌، فه‌تاح به‌گی جاف ده‌یان داوای یاسایی له‌ دادگای که‌‌لار له‌‌سه‌ر تۆمار کراوه‌. به‌داخه‌وه‌ش ئه‌وانه‌ هه‌موو له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا ده‌ژین و به‌ ئازادی ده‌سورێنه‌وه‌!.

*ئایا زانیاری هه‌یه‌، که‌ زۆر له‌و به‌کرێگیراو و سه‌‌رۆکجاشانه‌ دوای راپه‌رینه‌که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ رژێمی به‌عسه‌وه‌ کرده‌وه‌، و بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندان به‌ڵگه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ریان، هه‌روه‌هاش هه‌یانه‌ ته‌نانه‌ت تا ساڵی 2003 و روخاندنی به‌عس له‌ به‌غدا و موسڵ و که‌رکوک ده‌ژیان.

پرسیاری سه‌ره‌کی ئێمه‌ لێره‌دا ئه‌‌وه‌یه‌، ئایا ده‌کرێت به‌ بیانوی، پاراستنی (به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی) و (زیندوهێشتنه‌وه‌ی لێبوردنه‌که‌) که‌ شتێکی سیاسی بوو، نه‌ک یاسایی و دادوه‌ریی، یان به‌ بیانوی به‌ هێندوه‌رگرتنی (برگه‌ی سۆز و لایه‌نی مرۆڤایه‌تی) کچ و کور و نه‌وه‌ و که‌سوکاریان، خۆ له‌ دادگاییکردن و لێکۆڵینه‌‌وه له‌و که‌سانه‌ بدزرێته‌وه‌؟

باشه‌ گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و تاوانبارانه‌ی کوردن و له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن، ئاماده‌ نه‌بین ده‌سگیریان بکه‌ین و راده‌ستی داد و یاسایان بکه‌ین، چۆن داوا بکه‌ین، که‌ داوای دادگاییکردن و ده‌سگیرکردنی ئه‌و 155 تاوانباره‌ غه‌یره‌ کوردانه‌ی تر بکه‌ین، که‌ له‌ لیسته‌که‌‌دا هه‌ن و له‌ دادگای باڵای تاوانه‌کان بریاری دادگاییکردنیان
ده‌رچوه‌؟

من پێم وایه‌ دادگاییکردنی بێ قه‌‌یدومه‌رجی هه‌ر تاوانبارێکی که‌یسی ئه‌نفال نابێت له‌ ژێر هیچ بیانویه‌‌ک و پاساوێکدا په‌ک بخرێت، جا هه‌ر که‌س و سه‌ر به‌ هه‌ر لایه‌نێک بێت، ئاخر ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بواره‌ یاسایی و دادوه‌رییه‌که‌ ره‌هه‌ندێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییشی هه‌یه‌، چونکه‌ گه‌ر ئه‌و گه‌‌وره‌تاونبارانه‌ له‌ ده‌ست داد و یاسا رزگاریان نه‌بێت و لێکۆڵینه‌وه‌ و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت، ئه‌وا گه‌وره‌ جاش و به‌کرێگیراوانی کورد له‌ پارچه‌کانی تری کوردستانیشدا ناتوانن بێخه‌م و بێ بیرکردنه‌وه‌ له‌ پاشه‌رۆژی خۆیان، تاوان و پێشێلکاری گه‌وره‌ ئه‌نجام بده‌ن، چونکه‌ ئه‌و که‌یسه‌ ده‌بێته‌ نمونه‌ و وانه‌یه‌ک بۆ ئه‌وان، دیاره‌ بۆ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌که‌‌شی هه‌ر راسته‌.

ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی که‌ دادگاییکردنی ئه‌و تاوانبارانه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خودی خۆیان و که‌سوکار و خزمه‌کانیشیاندایه‌، که‌ کاک بێستون باسیان ده‌کات، چونکه‌، ده‌شێت به‌شێکی زۆر له‌وانه‌ی ناویان هاتوه‌، پاش نه‌بوونی به‌ڵگه‌ و شایه‌ت و (ئه‌دله‌)ی یاسایی و پێویست بێتاوان ده‌ربچن له‌ لێکۆڵینه‌وه‌که‌دا، ئینجا ئه‌و کات ده‌‌توانن وه‌ک که‌سێکی ئاسایی و بێتاوان له‌ نێو گه‌ل و له‌ زێدی خۆیاندا ژیان به‌سه‌ر به‌رن، له‌و فشاره‌ ده‌رونی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ش رزگاریان بێت، که‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ریانه‌، هه‌روه‌ها که‌سوکاریشیان وه‌ک خه‌ڵکی ئاسایی سه‌یر بکرێن.

پاشان نازانم بۆ به‌رێز نوسه‌ری وتاره‌که‌ دێت وا به‌ گشتگیری،به‌رزترین و توندترین سزا دیاری ده‌کات بۆیان وه‌ک ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌ی دادگا بۆیان؟؟! ئایا ئه‌مه‌ که‌وتنه‌ پێش بڕیاری دادگا نییه‌؟ پاشان کێ ده‌ڵێت ئه‌وان سزای سێداره‌یان بۆ ده‌رده‌چێت؟ یان گه‌ر ده‌رچێت، چه‌ند که‌سیان ئه‌و سزایه‌ ده‌یانگرێته‌وه؟ یان گریمان بۆ هه‌ندێکیان ئه‌و سزایه‌ ده‌ریشچوو، کێ ده‌ڵێت بریاره‌که‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت؟؟

ناکرێت مرۆڤ ته‌نها لایه‌نی ده‌رونی که‌سوکاری تاوانباران ببینیت، کاتێک سزا بدرێت، به‌ڵام دیوه‌که‌ی تری کێشه‌که‌، که‌ لایه‌نی ده‌رونی که‌سوکاری قوربانیانی ده‌ستی ئه‌و تاوانبارانه‌ نه‌بینیت، که‌ رۆژانه‌ ببینن بکوژانی که‌سوکاریان به‌به‌ر چاویانه‌وه‌ ده‌سورێنه‌وه‌ و بگره‌ هه‌ندێکیان ئیمتیازیاتیشیان هه‌یه‌! یان به‌شێکی ئه‌‌مه‌ بیبینیت به‌ڵام ئه‌وانه‌ی یه‌که‌م زیاتر به‌هێند وه‌ربگریت!!

هه‌‌ڵبه‌ته‌ مه‌سه‌له‌ی جێبه‌جێکردنی داد و یاسا وه‌ک پره‌نسیپ ده‌بێت وه‌ک گه‌رانه‌وه‌ی ماف بۆ مافخوراو، هه‌روه‌ها سزا بۆ که‌سی تاوانکار لێی بڕوانین نه‌ک وه‌ک مه‌‌سه‌له‌ی تۆڵه‌کردنه‌وه له‌ تاوانکار، به‌ڵام له‌ کۆی گشتی بابه‌ته‌که‌دا واش ده‌که‌وێته‌وه‌، که‌ ئاهێک به‌ دڵی نه‌وه‌ و که‌‌سوکاری قوربانیانی ده‌ستی ئه‌و تاوانبارانه‌دا بێت کاتێک بریاری سزای
یاساییان بۆ ده‌رده‌چێت و ده‌بینن بکوژان و ئه‌نفالکه‌رانی ئازیزانیان سزای یاساییان وه‌رگرتوه و وه‌ک به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌رنه‌چونه‌، هه‌روه‌ها سه‌رکردایه‌تی کورد و حکومه‌تی هه‌رێم بێخه‌م نییه‌ له‌ ئاست خه‌م و ئازار و مه‌رگه‌سات و مه‌ینه‌تییه‌کانیان.

که‌واته‌ با هه‌موو بڵێینه‌وه‌، به‌ڵێ بۆ دادگاییکردنی ئه‌نفالچییه‌کان، نا بۆ پاراستن و شاردنه‌وه‌ و پارێزگاریی لێیان، له‌ ژێر هه‌ر پاسا و بیانویه‌کدا بێت!

*****************

تێبینی: بۆ خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌که‌ی کاک بێستون سابوراوه‌یی، کلیکی ئه‌م لینکه‌ بکه‌ن

http://www.hawlati.co/babetekan/19917

هیوا ناسیح
نوسه‌ر ئه‌‌ندامی رێکخراوی (چاودێری کوردۆساید چاک)ه‌.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە