کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ریی له‌ عێراقدا پڕ له‌ مه‌ترسییه‌

Tuesday, 01/06/2010, 12:00


ئینگه‌ ڕۆگ به‌غداد
له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌: هیوا ناسیح

کوشتنی رۆژنامه‌نوسێکی کورد ڕۆژنامه‌وانانی ته‌واوی وڵات ده‌جوڵێنێت و کۆده‌کاته‌وه‌

ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ریش به‌ یه‌ک له‌ ده‌ستکه‌وته‌‌کانی دیموکراتییه‌تی بنیادنراو له‌ عێراقدا داده‌نرێت، له‌م نێوانه‌دا ڕۆژنامه‌نوسه‌ عێراقییه‌کان به‌ره‌و ڕووی ڕه‌شه‌بایه‌کی دژه‌ئاڕاسته‌ ده‌بنه‌وه‌. پۆلێک له‌ میدیاکاران (رۆژنامه‌وانان)ی چاونه‌ترس به‌رگری له‌ مافه‌کانیان ده‌که‌ن.
خۆپیشاندانێک‌ ڕۆژنامه‌نوسان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، عه‌ره‌ب و کورده‌کان له‌ عێراقدا کۆده‌کاته‌وه‌، ئه‌وان له‌ به‌رده‌م په‌یکه‌ره‌که‌ی ئه‌بونه‌واس له‌ ناوه‌ڕاستی شاری به‌غدادان، که‌ بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربرین به‌رامبه‌ر به‌ کوشتنی هاوڕێی کوردیان سه‌رده‌شت عوسمان کۆبووبونه‌وه‌. ناوبراو ته‌مه‌ن 23 ساڵ بوو، له‌ 5ی مانگی مایسدا له‌ پێش زانکۆکه‌ی له‌ هه‌ولێر به‌ زۆر په‌لکێشی ناو ئۆتۆمبیلێک ده‌کرێت و له‌ رۆژی دواتردا له‌ نزیکی موسڵ به‌ کوژراوی ده‌دۆزرێته‌وه‌.

گومان له‌ ده‌زگای هه‌‌وڵگریی
هاوڕێ و براده‌ره‌کانی قه‌ناعه‌تیان وایه‌‌، که‌ ده‌زگایه‌کی هه‌واڵگریی کوردیی له‌ پشت کوشتنی سه‌رده‌شته‌وه‌یه‌. ناوبراو به‌ نووسینی چه‌ند وتارێک ده‌سته‌‌ڵاتدارانی کوردی توڕه‌ کرد. له‌ یه‌کێک له‌ دوا وتاره‌کانیدا، که‌ به‌ زمانێکی گاڵته‌ئامێز (کۆمیدی) داوای کچه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌ مه‌سعود بارزانی ده‌کات. (ئه‌وه‌ هۆی کوشتنه‌که‌ی بوو) ئه‌مه‌ قسه‌ی رۆژنامه‌نوسێکی کورد بوو، که‌ له‌به‌ر ترسی سزادان نه‌یوێرا ناوی خۆی بڵێت. کوردستان ناوچه‌یه‌کی ئارامه‌ له‌ عێراقدا. ته‌قینه‌وه‌ی وه‌ک له‌ به‌غدادا هه‌یه‌ له‌وێ ده‌گمه‌نه‌ وه‌ ئابورییه‌که‌شی گه‌شه‌ی باشی کردوه‌. به‌ڵام نرخی ئه‌م ئارامی بارودۆخه‌ رژێمێکی سه‌رکوتکه‌ره‌، به‌وه‌ی که‌ دوو پارته‌ باڵاده‌سته‌که‌ی هه‌رێمه‌که‌ هه‌ر ده‌نگێکی ناڕازی ده‌مکوت ده‌که‌ن. ئاماده‌بووانی مه‌یدانی ئه‌بوونه‌واس له‌ په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و شته‌ ده‌ترسن.

مافێکی جێگیرکراو
ئه‌بونه‌واس ئه‌و شاعیره‌یه‌، که‌ له‌ سه‌ده‌ی هه‌شته‌مدا ژیاوه‌، ئه‌و که‌سێکی بێبڕوا و ئازادیخواز بوو. به‌شدار‌بووانی کۆبوونه‌وه‌که‌ش له‌ ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه‌دا بۆ ئازادیی وشه‌ خه‌بات ده‌که‌ن. ئه‌وان بازنه‌یه‌کی بچوکن، به‌ڵام له‌ شارێکدا، که‌ ڕۆژانه‌ ته‌قینه‌وه‌ رووده‌دات. ئه‌مه‌ ئازایه‌تی گه‌ره‌که‌. به‌ پێی (کۆمیته‌ی پارێزگاریی له‌ رۆژنامه‌نوسان) که‌ بنکه‌یان له‌ نیۆیۆرکه‌، له‌ حه‌وت ساڵی رابردوودا له‌ عێراق 119 ڕۆژنامه‌نوسی عێراقی و 13ی بیانیش بوونه‌ته‌ قوربانیی توندوتیژی.
گه‌وره‌ترین مه‌ترسیی بۆ رۆژنامه‌نوسان ئه‌مڕۆ توندوتیژی نییه‌، به‌ڵکو هه‌وڵی حکومه‌ته‌ بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری، ئه‌مه‌ هادی جۆڵه‌مێری که‌ ئه‌ندامی (چاودێریی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ عێراقدا)یه‌ وا ده‌ڵێت. لیژنه‌یه‌ک له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ پێکهاتو‌ه‌ به‌ر له‌ هه‌موو شت چاودێری ڕۆژنامه‌گه‌ریی ده‌کات.
له‌ ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌مریکییه‌کان پاش روخانی رژێمی سه‌ددام ئازادیی رۆژنامه‌گه‌رییه‌، که‌ ئه‌مڕۆ ئه‌مه‌ له‌ ده‌ستوردا جێگیرکراوه‌. (تا پێش دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نه‌مانده‌توانی وا به‌‌ ئازادیی بێینه‌ سه‌رشه‌قام)، عه‌لی مه‌شکیل وا ده‌ڵێت. (هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مڕۆ وا جارێکی تر ده‌توانین ئه‌مه‌ بکه‌ین، به‌ڵام به‌به‌رده‌وامی فشارمان بۆ ده‌هێنرێت)، وه‌ک رۆژنامه‌وانانی ته‌له‌فزیۆن ده‌گێڕنه‌وه، به ‌زۆریی رێگرییه‌کان له‌ پۆلیسه‌وه‌یه‌، ناهێڵن چاوپێکه‌وتن سازبکه‌ین، هه‌ندێک جار رۆژنامه‌نوسان چه‌ندان سه‌عات ده‌گیرێن و بگره‌ دارکاریش ده‌کرێن.

چه‌ند هێڵێکی سور
وه‌ک خراپترین شتی باو ڕۆژنامه‌نوسان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ له‌سه‌ر ڕاپۆرته‌ نه‌خوازراوه‌کان (نه‌ویستراوه‌کان) هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌کرێت. (به‌ تیۆریی ده‌توانین چیمان ده‌وێت بنووسین، به‌ڵام له‌ واقیعدا ناتوانین، خه‌ته‌ سوره‌کان ببه‌زێنین)، تۆفیق ته‌میمی وا ده‌ڵێت، که‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی (سه‌باح)ی نزیک له‌ حکومه‌ت کار ده‌کات. بابه‌تی سیاسه‌ت و ئایین، یه‌ک له‌ هه‌ستیارترین بابه‌ته‌کانن له‌ عێراقدا، که‌ وه‌ک قه‌ده‌‌غه و حه‌رام سه‌یر ده‌کرێن، وه‌ک ناوبراو ده‌ڵێت. به‌ڵام هاوکات ره‌خنه‌ش له‌حکومه‌ت و ده‌سته‌ڵاتداره‌ باڵاکان بڤه‌یه‌. (ته‌نها ته‌له‌فونێک به‌سه‌، ئیتر تۆ ده‌زانیت، که‌ واباشتره‌ ده‌ست له‌ ئه‌و بابه‌ته هه‌ڵگریت).
عیماد ژماره‌ی‌ ته‌له‌فونه-هه‌ڕه‌شه ‌زۆره‌کانی بۆ نه‌ده‌ژمێردران، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند کورته‌نامه‌یه‌کی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ هه‌ندییه‌که‌یدا ئه‌مبار کردبوو. یه‌ک له‌وان نوسرابوو: (ئه‌گه‌ر واز له‌ کاره‌که‌ت نه‌هێنیت، دواتر ده‌بینیت، چی به‌سه‌ر خۆت و خێزانه‌که‌ت دێت). یا (عیماد، بیر له‌ برینه‌کانت بکه‌ره‌وه). بێژه‌رێکی ته‌مه‌ن 40 ساڵه‌ی ته‌له‌فزیۆن، که‌ به‌ ره‌خنه‌گرێکی توندی گه‌نده‌ڵی و واسته‌کاریی (خزمخزمێنه‌) ناسرا بوو، له‌ کۆتایی تشرینی دووه‌مدا له‌ یه‌ک له‌ شه‌قامه‌ باش پاسه‌وانداره‌کانی به‌غدادا به‌ چوار گولله‌ کوژرا. بۆ عه‌بادیی، وه‌ک بۆ هاورێکانیشی له‌ شه‌قامی ئه‌بوونه‌واسدا گرنگ داهاتوی دیموکراتییه‌ له‌ عێراقدا. (ئێمه‌ ده‌بێت داکۆکی له‌ پره‌نسیپه‌کان بکه‌ین) جۆله‌مێری واده‌ڵێت، (ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌نده‌ی پێ ناچێت، ڕه‌وشێکی وه‌ک میسر و ئێران لێره‌شدا زاڵ ده‌بێت).

تێبینی و سه‌رچاوه‌:
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ رۆژنامه‌ی سویسری ئه‌ڵمانیزمانی (Neue Zrcher Zeitung) رۆژی شه‌ممه‌ 29.5.2010 بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ ساڵی 1780 دامه‌زراوه‌، به‌ پێی راپرسییه‌کان حه‌وته‌م ڕۆژنامه‌ی به‌ناوبانگه‌ له‌ جیهاندا و رۆژانه‌ زیاتر له ‌نیو ملیۆن کۆپی به‌ ته‌واوی جیهاندا بڵاوده‌بێته‌وه‌. (وه‌رگێڕ)

http://www.nzz

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە