کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


کێ یه‌که‌م کۆنفرانسی بۆ ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ له نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان ساز کرد؟؟

Sunday, 13/04/2014, 12:00






گه‌یاندنی دۆسیه‌ی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تی و جیهانییه‌کان و هه‌وڵدان بۆ به‌ جینۆسایدناساندنیان کارێکه‌ ، که‌ ده‌بوو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و یه‌کێتی و پارتی هه‌ر دوای راپه‌رین و پێکهێنانی ئه‌و حکومه‌‌ته‌ شێلگیرانه‌ کاریان بۆ بکردایه‌ و هه‌وڵیان بۆ بدابایه‌. ئه‌وان که‌ هه‌م ئۆتۆریته‌یه‌کی خۆیان له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی هه‌یه‌، هه‌میش بوودجه‌یه‌کی زه‌به‌لاحیان له‌ موڵکی گشتی له‌به‌رده‌ستدایه‌، زۆر ئاسانتر و خۆشده‌ستانه‌تر ده‌یانتوانی، چه‌ندان کۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی له‌ باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان له‌ ئه‌مریکا و سویسرا هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و شوێنانی تر ساز بکه‌ن، وه‌بیانکه‌‌نه‌ سه‌نته‌ری چالاکیه‌کانیان بۆ ئه‌و دۆسیه‌یانه‌.

به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ به‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدانه‌که‌ی حکومه‌تی هه‌رێم، لیژنه‌‌ی شه‌هیدان وئه‌نفالکراوانی په‌رله‌مانی کوردستان وه‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌‌م وڵاتانه‌ی هه‌نده‌ران،‌ له‌ ئه‌وروپا و داموده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کارێکیان له‌‌و دۆسایه‌یه‌دا نه‌کرد، سه‌ره‌ڕای باشیی توانا ماددی و مه‌عنه‌وی و په‌‌یوه‌ندییه‌کانیان به‌ وڵاتانی جهیان، که‌ له‌ئاستی گرنگی دۆسیه‌که‌ و هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌کردنییان بۆ خۆبه‌ پارێزه‌ریی قوربانییانی ئه‌و تاوانانه‌ و مافه‌کانی که‌سوکاری قوربانییان بێت.

هه‌ر له‌ ساڵی ٢٠٠١ و کاتێک به‌ هه‌وڵ و کۆششی هه‌ندێک چالاکوانی سه‌ربه‌خۆ، خۆڕسکانه‌ سکاڵا له‌سه‌ر گه‌وره‌ تاوانباری ئه‌نفال (نزار خه‌زره‌جی) له‌ وڵاتی دانیمارک تۆمار کرا، یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ کوردستانی عێراق نه‌ک هه‌ر پشتیوانی ئه‌و چالاکوانانه‌یان نه‌کرد، به‌ڵکو بوونه‌ رێگر و نامه‌ی (بێتاوانی) و پاکانه‌یان‌ سه‌باره‌ت به‌ تاوانباره‌ بۆ دادگا و حکومه‌تی دانیمارک نارد، دیاره‌ کاتی خۆی له‌ سایته‌ کوردیه‌کاندا ئه‌و به‌ڵگانه‌ سه‌رجه‌م بڵاوکرانه‌ته‌وه‌ و ئێستاش ماون.

له‌و کاته‌ به‌دواوه‌ و ته‌نانه‌ت دوای روخانی رژێمی سه‌دامیش له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، جگه‌ له‌ هه‌ندێک کۆنفرانسی کاڵوکرچ له‌ نه‌رویج و به‌ریتانیا و ئێره‌ و ئه‌وێ و سه‌رفکردنی بودجه‌یه‌کی زه‌به‌لاح بۆ ئه‌و کۆنفرانسانه‌، هیچ کارێکی وایان بۆ ئه‌و دۆسیانه‌ نه‌کردوه‌، که‌ دوور بێت له‌ ریکلامی حزبی و کاری ڕوکه‌شیی.

بۆ نمونه‌ له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، که‌ ئه‌مرۆ یه‌ک له‌ گرنگترین ناوه‌‌ند‌ه‌کانی بڕیاردانه‌ له‌ جیهاندا و له‌ لایه‌ن گه‌وره‌ هێزه‌کانی وه‌ک وڵاته یه‌کگرتوه‌کان و روسیا و چینه‌وه‌ حساب بۆ بڕیاره‌کانی ده‌کرێت، هیچ کۆنفرانسێکی وا سازنه‌کراوه‌ که‌ بتوانرێت کارێکی جدی له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه‌ بکرێت و بخرێته‌ ده‌نگدان، تا پەرلەمانی ئەوروپا ئەنفال و هەڵەبجە بە تاوانی جێنۆساید بناسێنێت، که‌ گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنرێت، واتە ئەمڕۆ 28 وڵاتی ئەوروپا و لە داهاتودا وڵاتانی تری نوێی ئەو یەکێتیە، ئەو تاوانانە بە جێنۆساید دەناسێنێت. ئەو کاتەش بەهێزێکی یاسایی سەنگینەوە دەتوانرێت حکومەتی ئێراقی وهەرێم ناچاربکرێن کە تەواوی تاوانباران و لە ناویان دا مستەشارە کوردەکان، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ لایه‌ن دادگای باڵای عێراقه‌وه ‌داڵده‌ دراون، کە زۆربه‌یان لە لایەن دەسەڵاتی بنەماڵەکانەوە داڵدەدراون، بە پێی مادەی 3ی خاڵی c و e لە رێکەوتتنامەی جێنۆسایدی 1948 ی نەتەوە یەکگرتووەکان رادەستی دادگای نێودەوڵەتی دەنهاخ بکرێن و دادگایی بکرێن.
ئه‌مه جگه‌ له‌وه‌‌ی ده‌توانرێت دوای ئه‌و بڕیاره‌ به‌ ئاسانی داوای قه‌ره‌بوو له‌و کۆمپانیا و وڵاتانه‌ بکرێت، که‌ هاوکاری رژێمی سه‌دام بوونه‌، له‌ به‌رهه‌مهێنان، فرۆشتنی ماده‌ی خاو، گواستنه‌وه‌ی و هه‌روه‌ها له‌ هاوکاری لۆجستی و هونه‌ری بۆ دروستکردنی چه‌کی کۆکوژی کیمیایی و بایۆلۆژی. هه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌کانی ئه‌و دادگاییکردنه‌، خۆی له‌ خۆیدا ره‌هه‌‌ندێکی نێوده‌وڵه‌تی به‌ و تاوانانه‌ و مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌به‌خشێت.

چ له‌وه‌ خۆشتر و باشتره‌ کاتێک پۆستێکی گرنگی نێوده‌و‌ڵه‌تی و دیپلۆماتی بدرێت به‌ که‌سێکی کورد، وه‌ک پۆستی باڵوێزی عێراق له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان، که‌ ئێستا دراوه‌ به‌ د. محه‌مه‌د سابیر، کادری یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان. چونکه‌ گه‌ر ئه‌و جۆره‌ پۆسته‌ دوور له‌ گیانی ده‌مارگیری ته‌سکی حزبایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و که‌سیی به‌کاربهێنرێت، ده‌کرێت خزمه‌تێکی گه‌وره‌ به‌ دۆسیه‌ی به‌ نێوده‌وڵه‌تیکردنی کێشه‌ی کورد به‌ گشتی و ناساندنی تاوانه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال به‌ تایبه‌تی، له‌ سه‌ر ئاستی جیهاندا بکات.
ئه‌مساڵ له‌ رێکه‌وتی ١٧/٣/٢٠١٤ کۆنفرانسێک له‌ باره‌گای سه‌ره‌‌کی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان بۆ ناساندنی ئه‌و تاوانه‌ به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ سازکرا، که‌ له ‌راستیدا پێشنیاز و ده‌ستپێشکه‌ری چێودێری کوردۆساید - چاک/ کۆمیته‌ی سویسرا هه‌روه‌ها سه‌نته‌ری زاگرۆس بۆ مافه‌‌کانی مرۆڤ بوو. ئه‌وه‌ی سه‌یر بوو د. محه‌مه‌د سابیر باڵوێزی عێراق له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌ گیانێکی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ و کوردپه‌روه‌رانه‌ بۆ کۆنفرانسه‌که‌ کار بکات، چوو کۆمیته‌ی رێکخستنی حزبه‌که‌ی خۆی و کۆمه‌ڵێک رێکخراوی تری کلک و پاشکۆی ئه‌و حزبه‌ی راکێشایه‌ ناو بابه‌ته‌که‌وه‌ بۆ دروستکردنی گروپێک بۆ رێکخستنی کۆنفرانسه‌که‌.

دیاره‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئاگاداری چالاکی و کاره‌کان بێت له‌ ساڵانی رابردوودا له‌ سویسرا و به‌تایبه‌تی له‌ باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان، ده‌زانێت که‌ ئه‌و رێکخراوانه‌ و ته‌نانه‌ت کۆمیته‌ی حزبه‌که‌شیان له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌‌کگرتوه‌کان ته‌نها چێلاکییه‌کیشیان بۆ ئه‌و دۆسیانه‌ ئه‌نجام نه‌داوه‌، ئه‌ی خێره‌ وا له‌ پڕ و ئه‌مساڵ به‌ کۆمه‌ڵ دێنه‌ مه‌یدانه‌که‌وه‌ و ده‌بنه‌ خه‌مخۆری ئه‌و دۆسیه‌یه‌؟؟!! تۆ بڵێی تازه‌ هه‌ستیان به‌ گرنگی و بایه‌خی کارکردن بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ کردبێت؟؟

کۆنفرانسه‌که‌ ساز کرا، ئه‌وه‌ی تێبینی کرا، چه‌ند بۆ ناساندنی تاوانه‌که‌ بوو به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ش بۆ بانگه‌شه‌ی حزبی و نیشاندانی ماسولکه و حزبایه‌تی بوو، ئاخر ئه‌و رۆژه‌ که‌ یادی کۆمه‌ڵکوژی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، گه‌ر مه‌سه‌له‌ی حزبایه‌تی ته‌سک نه‌بێت، چۆن ئه‌ندامه‌کانی له‌ بری له‌سنگدانی وێنه‌ی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ دێن و وێنه‌ی سه‌رۆکی حزبه‌که‌یان له‌ یه‌خه‌یان ده‌ده‌ن؟؟!! که‌ ئه‌مه‌ له‌ نه‌ریتی ئه‌وروپی و رۆژئاواییه‌کاندا شتێکی نامۆ و سه‌یره‌. ئه‌ی خێره‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبه‌ هێنده‌ خه‌مخۆر و دڵسۆزی که‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، هیچ باسێکی له‌وه‌ نه‌کرد، بۆ یه‌کێک له‌ فرۆکه‌وانه‌ بکه‌ره‌کانی کیمیابارانکه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ (تاریق ره‌مه‌زان) به‌ فه‌رمانی سه‌رۆکه‌که‌یان بێ دادگایی ئازاد کرا؟؟؟ که‌ سکانداڵێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بوو.

له‌ هه‌مووی سه‌یرتر له که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندی خۆیاندا وایان پیشاندا که‌ (بۆ یه‌که‌مجار کۆنفرانسێکی وا له نه‌ته‌‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان ئه‌نجام ده‌درێت) ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا، ئه‌وه‌ رێکخراوی چاودێری کوردۆساید - چاک بوو، که‌ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستپێشکه‌ری کرد و به‌ هاوکاری دوو رێکخراوی تر، یه‌که‌م کۆنفرانسی بۆ ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ له باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان- نوسینگه‌ی ژنێف ساز کرد، نه‌ک حزبه‌که‌ی ئه‌وان، نه‌ک وه‌زاره‌تی کاروباری ئه‌نفالکراوان و شه‌هیدان، نه‌ک په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم.
ئه‌و لایه‌نه‌ حکومه‌ت و حزبه‌ کوردیانه‌ی باشوریش به‌ پارتی دیموکراتیشه‌وه هیچ پشتیوانییه‌کیان نه‌کردین، جگه‌ له‌ د. پیرۆت محه‌مه‌د، باڵوێزی ئه‌و کاتی عێراق له ‌سویسرا، که‌ کادری پارتی بوو. ئه‌ویش ته‌نها هه‌ندێک هاوکاری دیاریکراوی کردین، به‌ڵام به‌ ویژدانه‌وه‌ ده‌بێت بڵێین، ناوبراو نه‌هات ده‌ستی حزبه‌که‌ی بهێنێته‌ ناو کۆمیته‌ی ئاماده‌کاره‌وه‌، له کاتێکدا ئه‌ویش کادرێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. دیاره‌ چونکه‌ هاورێیان به‌نده‌یان وه‌ک (سه‌رپه‌رشتیاری رێکخستنی کۆنفرانسه‌که‌) دیاریکرد، بۆیه‌ ئاگاداری وردو درشتی رێکخستنه‌که‌ی بووم. شایه‌نی باسه‌ به‌رێزان کاک کاردۆ سه‌رباز و د. ئه‌میر هاشمی و کاک کاروان عه‌بدولکه‌ریمیش زۆر به‌ رێکخستنی کۆنفرانسه‌که‌وه ماندوو بوون‌.

ده‌بێت ئه‌وه‌ش بگوترێت، که‌ من پیش ساڵێک له‌سازدانی ئه‌و کۆنفرانسه‌‌ی ژنێڤ واته‌ ساڵی ٢٠١٠ پرۆژه‌که‌یم ئاماده‌کرد، هه‌ر ئه‌وکات و دواتریش چه‌ند جارێک ناردمانه‌وه بۆ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم و وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفاکراوانی ئه‌وکات د. مه‌جید محه‌مه‌د، که کادری باڵای یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌، به‌ڵام دوای دوو سێجار به‌ڵێن دان، هیچ ئه‌نجامێکی نه‌بوو وه‌ هاوکاریییان نه‌کردین. (ده‌قی پرۆژه‌که‌م بۆ مێژوو ماوه‌ و که‌ی پێویست بکات، بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌).

من لێره‌دا‌ بۆ ئه‌وه‌ی دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی مه‌سه‌له‌ی کورد به‌تایبه‌تی و دۆسیه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال به‌ گشتی بزانن. کێ یه‌که‌م کۆنفرانسی له‌ باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌یه‌‌کگرتوه‌کان ساز کرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ئیمکانه‌ته‌ که‌مه‌ ماددی و مه‌عنه‌ویه‌ی رێکخراوه‌که‌مان، به به‌راورد به‌ یه‌‌کێتی و پارتی، وا لێره‌دا ده‌قی راپۆرتی کۆنفرانسه‌که‌مانتان له‌گه‌ڵ چه‌ند وێنه‌یه‌کدا بۆ بڵاوده‌که‌مه‌وه‌، که‌ کاتی خۆی له‌ زۆر له‌سایته‌ کوردییه‌کاندا بڵاوکرایه‌وه‌، هه‌روه‌هاش له‌ گۆڤاری (تۆپزاوه‌) ژماره‌ سێ، ئۆگۆستی ساڵی ٢٠١١دا بڵاوکرایه‌وه‌:


بۆ یه‌که‌مجار له‌ یادی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌دا، کۆنفرانسێک له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال ساز ده‌کرێت

له‌رێکه‌وتی 18.3.2011 رۆژی هه‌ینی به‌ به‌شداری چه‌ندان پسپۆڕ و که‌سایه‌تی و شاره‌زا له‌ کورد و بیانی له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستانه‌وه‌، کۆنفرانسێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌ نێو باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌ شاری ژنێڤ وڵاتی سویسرا ساز کرا، که‌ له‌ ژێر ناوی (کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی هه‌له‌بجه‌ و ئه‌نفال، گۆره‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان و بێسه‌روشوێنه‌کان و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یان)ه‌ له‌ لایه‌ن رێکخراوه‌کانی (چاودێری کوردۆساید چاک، ئینته‌‌فه‌یس ئینته‌رناشناڵ، ئه‌لحه‌کیم فۆنده‌یشن)ه‌وه‌ رێکخرا بوو‌. شایه‌نی باسه‌ کۆنفرانسه‌که‌ له‌سه‌ر پێشنیاز و داوای کۆمیته‌ی سویسرای چاودێری کوردۆساید - چاک رێکخرا.
ئه‌م کۆنفرانسه‌ که‌ سه‌عات 11ی به‌یانی تا 5 ی ئێواره‌ خایاند، له‌ په‌راوێز و هاوته‌ریبی خولی شانزه‌هه‌می کۆبوونه‌کانی ئه‌نجومه‌نی گشتی مافه‌کانی مرۆڤی سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان سازکرا، به‌ زمانی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی به‌رێوه‌چوو که‌ کۆمه‌ڵێک لێکۆڵینه‌وه ‌و توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمی و زانستی له‌ خۆ ده‌گرت. جگه‌له‌وه‌ی فیلمێکی دۆکیۆمێنتی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی کورد پیشانی ئاماده‌بووان درا، هاوکات پێشانگایه‌کی وێنه‌ییش بۆ شه‌هیدانی کیمیابارانی هه‌له‌بجه‌ به‌ شێوه‌‌ی سلاید نیشان درا.

دانیشتنی یه‌که‌م: سه‌عات 11 تا 1ی پاشنیوه‌ڕۆ

سه‌ره‌تای به‌رنامه‌که‌ د. چارلز گراف، سه‌رۆکی رێکخراوی ئینته‌رفه‌یپ ئینته‌رناشناڵ کۆنفرانسه‌که‌ی کرده‌وه‌، باسی له‌وه‌ کرد، چۆن و بۆچی کۆنفرانسه‌که‌یان رێکخستوه‌، پاشان وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد له‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی رژێمی سه‌دام حوسێن دژ به‌گه‌لی عێراق به‌ گشتی و گه‌لی کورد به‌تایبه‌تی.
- وته‌ی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی عێراق که‌ له‌ لایه‌ن باڵوێزی عێراق له‌ سویسرا د. پیرۆت خوێندرایه‌وه‌.
- وته‌ی د. عه‌بدولئه‌میر هاشم، نوێنه‌ری دامه‌زراوه‌ی ئه‌‌لحه‌کیم .
- پرۆفیسۆر و دکتۆر گێرهارد فرایلینگه‌ر له‌ زانکۆی ڤییه‌ننا، که‌ یه‌که‌م دکتۆری ئه‌وروپی و بیانی بوو، کاتی کیمیابارانی هه‌‌ڵه‌بجه‌ خۆی گه‌یانده‌ ئه‌وێ و چه‌ند بریندارێکی له‌گه‌‌ڵ خۆی برد بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ڤییه‌نا بۆ چاره‌سه‌ر‌. له‌ لێکۆڵینه‌وه‌که‌یدا وێنه‌ و داتای له‌‌سه‌ر مه‌رگه‌ساته‌کانی کاره‌‌ساته‌که‌ و چیرۆکی به‌رکه‌وتوان و کاریگه‌ریی گازه‌کان له‌سه‌ریان پێشکه‌ش کرد.
- پرۆفیسۆر ئه‌نتۆن کیلله‌ر، مامۆستای زانکۆی ژنێڤ و سه‌رۆک و دامه‌زرێنه‌ری رێکخراوی لیکنزیککردنه‌وه‌ی که‌لتور و ئاینه‌کان (SLM) وته‌یه‌‌کی پێشکه‌ش کرد، له‌ میانه‌یدا گوتی کوردستان وڵاتی نه‌ته‌وه‌ و ئاین و گروپه‌ جۆراوجۆره‌کانه‌، تاوانی زۆر به‌رامبه‌ر ئه‌م گه‌له‌ کراوه‌‌، گه‌لانی سه‌ر ئه‌و خاکه‌ ئاشتییان ده‌وێت، ده‌بێت کۆمه‌‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی رێگه‌ نه‌دات ئه‌و کۆمه‌‌ڵکوژیانه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌.
- خاتو فریشته‌ که‌وه‌، که‌ پسپۆڕی سایکۆلۆجییه‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌ناوی (شیکردنه‌وه‌یه‌کی ده‌رونی له‌سه‌ر به‌رکه‌وتوان پاش لێدانی هه‌له‌بجه‌ به‌ چه‌کی کیمیاوی) پێشکه‌ش کرد. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دوا که‌ چۆن ئێستاش ئه‌و به‌رکه‌وتوانه‌ له‌ بارێکی ده‌رونی شله‌‌ژاو و ناجێگیردا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و کاریگه‌رییه‌که‌ی هێشتا کۆتایی نه‌‌هاتوه‌ له‌سه‌ریان.
- ده‌رگای گفتوگۆ کرایه‌وه‌ بۆ پرسیار و وه‌ڵام و تێچنه‌کان (مداخلات) و کۆمه‌ڵێک که‌س به‌شدارییان کرد.

دانیشتنی دووه‌م سه‌عات 3 ی پاشنیوه‌ڕۆ تا 5 ی ئێواره‌

- دکتۆر چارلز گراف، کۆبوونه‌وه‌که‌ی به‌ڕێوه‌ده‌برد

- د. کارزان ناسیح عه‌لی، وته‌ی رێکخراوی (چاودێری کوردۆساید چاک)ی خوێنده‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ناساندنی ئه‌رک و ئامانجه‌کانی رێکخراوه‌که‌، باسی له‌وه‌ کرد، که‌ ئه‌وان ئاماده‌ن بۆ ئه‌م جۆره‌ کارانه‌ هاوکاری و دیالۆگ له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌ مرۆڤدۆست و جیهانییه‌کاندا بکه‌ن، وه‌ گوتی کارکردن بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌م تاوانانه‌ به‌شێکه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی دژ به‌ شه‌ر وه‌ هه‌وڵ بۆ ئاشتی له‌ جیهاندا، که‌ ئه‌رکی هه‌موو لایه‌که‌ هاوپشتی بین.
- د. چۆمان هه‌ردی باسێکی ئه‌کادیمی زانستیی له‌سه‌ر (ژنه‌ رزگاربوه‌‌کانی دوای ئه‌نفال له‌ نێوان قسه‌کردن و بێده‌نگیدا) پێشکه‌ش کرد، که‌ باسی له‌ غه‌م و ئازاره‌کانی ژنانی پاش ئه‌نفال ده‌کرد و‌ جێگه‌ی سه‌رنجی ئاماده‌بووان بوو.
- شۆڕش حاجی، په‌رله‌مانتار له‌ به‌غدا، به‌ ناوی (هه‌ڵمه‌ته‌کانی ئه‌‌نفال چۆن و بۆچی؟؟)، که‌ باسی له‌ بیر و هۆکاری ئه‌نجامدانی ئه‌نفال ده‌کرد له‌لایه‌ن رژێمی سه‌دامه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌کی داتا و باش هه‌موو قۆناغه‌کانی ئه‌نفال و ژماره‌ و قه‌باره‌ی قوربانیان و زیانه‌کانی خسته‌ڕوو له‌گه‌‌ڵ ناوی که‌رته‌‌کانی سوپای ئه‌نجامده‌ر و ناوی تاوانکاران.

- محه‌مه‌د جه‌واد ئه‌لحه‌داد: چالاکوانی ناسراوی بواری مافی مرۆڤ له‌ عێراق، وته‌یه‌کی خوێنده‌وه‌. گوتی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حکومه‌تی عێراق واژۆی چه‌ندین په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی کرد بوو، که‌چی بێباکانه‌ گه‌وره‌ترین تاوانییان دژ به‌ گه‌لی کوردی بێبه‌ش ئه‌نجامدا. باسی له‌وه‌ کرد، که‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق ده‌بێت قه‌ره‌بووی زیانلێکه‌وان بکاته‌و‌ه‌ و ئازارو مه‌ینه‌تییه‌کانی ناوچه‌ کاره‌ساتباره‌کان که‌مکه‌نه‌وه‌. پشتگیری له‌ مافه‌ نه ‌ته‌وایه‌تییه‌کانی گه‌لی کورد کرد.

- وته‌ی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی کوردستان، له‌‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سیان نه‌هاتبوون، له‌ لایه‌ن (هیوا ناسیح) ئه‌ندامی رێکخراوی چاودێری کوردۆسایده‌وه‌ خوێندرا‌یه‌وه‌. سه‌ره‌رای ده‌ستخۆشی له‌‌م هه‌نگاوه‌، ئه‌و کۆنفرانسه‌یان به‌رزنرخاندبوو، که‌ خزمه‌تێکی گه‌وره‌ به‌ دۆسییه‌ی کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی کورد ده‌کات له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا.

- ده‌رگای گفتوگۆ کرایه‌وه‌ بۆ پرسیار و وه‌ڵام و تێچنه‌کان (مداخلات) و کۆمه‌ڵێک که‌س به‌شدارییان کرد.


هاوکات له‌میانی کۆنفرانسه‌که‌دا کتێبێک به‌ زمانی ئینگلیزی به‌ ناوی (ئه‌‌نفال، ژینۆسایدکردنی کورده‌کان له‌لایه‌ن حکومه‌تی عێراقییه‌وه‌)،له‌لایه‌ن شاخه‌وان شۆرش ئه‌ندامی ریکخراوی چاودیری کوردۆساید- چێکه‌وه‌ نوسراو و ئاماده‌کرابوو،‌ سه‌ره‌‌رای باس له‌‌ کاره‌ساته‌‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفاله‌کان دۆکیۆمێنتێکی زۆریشی له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌کانی ئه‌نفال و دادگاییکردن و بریاره‌کانی دادگا به‌رامبه‌ر تاوانبارانی ئه‌نفالی له‌خۆی گرتبوو، به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئاماده‌بوواندا دابه‌‌شکرا.

ئه‌م کۆنفرانسه‌ که له‌سه‌ر پێشنیازی چاودێری کوردۆساید ئه‌نجام دراو زیاتر له‌ 70 که‌س له‌ نوێنه‌رانی وڵاتان و دیپلۆمات و نوێنه‌رانی رێکخراوه‌ جهیانییه‌کان و دۆستانی بیانیی کورد و نوێنه‌رانی حزب و لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کانی هه‌رچوارپارچه‌ی کوردستان ئاماده‌بوون، هه‌روه‌ها هاوکات دوو سه‌رپه‌رشتیار و نوێنه‌ری نه‌ته‌و‌ه‌ یه‌کگرتوه‌کان بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌‌ڵ رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان به‌شداریان کرد.

مه‌به‌ست له‌ به‌ستی کۆنفرانسه‌که‌ش بریتیی بوو له‌:

1/ ناساندنی ئه‌م کۆمه‌‌ڵکوژیانه‌ به‌ جینۆساید له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا
سودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونی گه‌لان له‌ کارکردن و تێکۆشان بۆ ناساندنی ئه‌م تاوانانه‌ له‌باری یاساییه‌وه به‌ جینۆساید 2/
3/ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زیانلێکه‌وتوان و نه‌هێشتن و که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری و ئاسه‌واره‌کانی ئه‌و کۆمه‌‌ڵکوژییانه‌

شایه‌نی باسه‌ و ده‌کرێت بلێین بۆ یه‌که‌مجاره‌ له‌ مێژووی کورددا کۆنفرانسێکی وا له‌باره‌گای نه‌ته‌وه‌‌یه‌کگرتوه‌کان له‌سه‌ر کاره‌سات و کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی میلله‌ته‌که‌مان ئه‌نجام بدرێت. ناشکرێت نه‌ڵێین که‌ له‌ ساڵی پاره‌وه‌ پرۆژه‌ی ئه‌م کۆنفرانسه‌مان دابوو به‌ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان، که‌چی هیچ جۆره‌ یارمه‌تییه‌کی ماددی و مه‌عنه‌ویان پێشکه‌ش نه‌کردین، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ردوولاوه‌ به‌ڵێنی هاوکارییان پێداین.

جێگه‌ی باسه‌ چه‌ند که‌سێکی تر داوه‌تکراوبوون، وه‌ک به‌رێزان مامۆست محه‌مه‌د حه‌مه‌ ساڵح، نوسه‌ر و لێکۆله‌ر له‌ بواری ئه‌نفال و جینۆساید هه‌روه‌ها کاک به‌کر حه‌مه‌سدیق په‌رله‌مانتاری کورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق و پارێزه‌ری که‌یسی هه‌له‌بجه‌ له‌ دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌ به‌غدا، که‌ به‌ هۆی کێشه‌ی ڤیزه‌وه‌ نه‌یانتوانی بێن و به‌شدار بن...
وا بڕیاره‌ پاش کۆنفرانس هه‌موو ئه‌و بابه‌ت و لێکۆڵینه‌وانه‌ی له‌ کۆنفرانسه‌كه‌دا پێشکه‌ش كران له‌ دووتوێی کتێبێکدا به‌ زمانی ئینگلیزی چاپ بکرێن....


+ چه‌ند وێنه‌یه‌ک له‌ کۆنفرانسه‌که‌وه‌....




















تێبینی:

+ ئه‌مه‌ چه‌ند لینکێکه، بڵاوکردنه‌وه‌ی راپۆرته‌ هه‌واڵی کۆنفرانسه‌که‌ کاتی خۆی:

http://archive.awene.com/Direje.aspx?Cor=1&Babet=Hewal&Jimare=11516

http://www.sbeiy.com

http://halabjainfo.info/2011/Jnefyadikomakuzhi220.htm
+ بۆ بینینی هه‌ندێک له‌ وێنه‌کانی کۆنفرانسه‌که‌. کلیکی ئه‌م لینکه بکه‌ن:

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=528776737192617&set=a.528776700525954.1073741830.100001808850875&type=1&permPage=1


+ له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی سایتی ئاوێنه‌، که‌ دواتر سایتی ده‌نگه‌کانیش بڵاویان کرده‌وه‌، باسم له‌و کۆنفرانسه‌ کردوه‌:

http://www.dengekan.info/dengekan/3/10293.html


١٢/٤/٢٠١٤



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە