کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دانپێنانەكانی (لیستی كوردستانی) لە درووشمەكانی خۆیان

Tuesday, 30/06/2009, 12:00


لێپرسراوێکی حکۆمی كوردستانپۆست تێبینی: ئەم وتارە هی لێپرسراوێكی گەورەی پارتێكی كوردستانییە نەیویست ناوی بنووسرێ ئێمەش ئەو ناوەی خوارەوەمان بۆی دانا.


ئەگەر لیستی كوردستانی وەكو تاوانبارێك لەبەردەم دادگای گەل بێنینە بەرچاوی خۆمان و بە وردی هەندێ لە دروشمەكانی ئێستایان كەوا بانگەشەی بۆ دەكەن بیانخەینە ژێر لێپرسینەوە، ڕێك دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە كورد لە مێژە گووتویەتی:ـ تۆبەی گورگ مەرگە و خوی شیری هەتا پیری.
وەرن با پێكەوە ئەو دروشمانە بخوێنینەوە و بزانن چ دانپیانانێك لە خۆ دەگرن بەو تاوانانەی ئەنجامیانداون دەرحەق بە خەڵكی كوردستان:

ژیانێك مسۆگەرتر بۆ خانەنشینان
خانەنشینان كە چینێكی بەربڵاوی كۆمەڵگای ئێمەن و تەمەنی لاوی خۆیان بۆ خزمەتكردن بەسەربرد كەچی لە سایەی یەكێتی و پارتی ژیانێكی كۆڵەمەرگ بەسەر دەبەن و مووچەكانیان لە 150 هەزار تا 300 هەزار تێپەڕ نابێت و هەرەیكەیان بەو تەمەنەوە ئەركی كۆڵێك خێزانیان بەسەرەوەیە و هەر ئەوەندە دەتوانن سەری مانگان برۆنە بەردەم بانكەكان كە چۆن لەبن دیواران پیرە پیاوو پیرە ژنان كەوتوونە هەر دەڵێی وێنەیەكی دارفۆری سودانە، كە چی لە لایەكی تر بەرپرسەكانیان كەس نەماوە بە پلەی وەزیر و ئەندام پەرلەمان و بەرێوەبەری گشتی و بە 80% ی مووچە خانەنشین نەبووبێت.

ئەم درووشمە شەرمەزاریە بۆ لیستی كوردستان. كێ ڕێگربووە تا ئێستا لە باشتر كردنی گوزەرانی خانەنشینان جگە لە ئێوە؟ هەر ئەوەنە بەسە دانپێدانانی خۆتان كەوا ژیانی خانەنشینانتان خستۆتە مەترسی و ئێستا بەڵێن دەدەن مسۆگەری بكەن .

لە پێناو دەسەڵاتێكی دادوەر و سەربەخۆ دەنگ بدە بە لیستی كوردستانی.
هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت ئێوە و كەسوكارەكانتان بە دەسەڵات دادوەر كرد و لەسەر بنەمای حزبی بوون نەبێت نەتانهێشتوە دادوەرێك دابمەزرێت . ئێوە خاوەن بیرۆكەی دادوەری ئاسایشن كە بێویژدانێكتان ناو ناوە بە دادوەری ئاسایش بۆ جێبەجكردنی بڕیارە نامرۆڤانەییەكانی دەزگای ناشەرعی و نهێنیەكانتان بە كوشتن و بزركردن و ئەشكەنجەدانی خەڵكی نەیاری سیاسی خۆتان و تۆمەتی بۆ هەڵبەستن . راست دەكەن دەسەڵاتی دادوەرتان (سەربەخۆتان) كردبوو ئێستاش هەر مەبەستتانە سەر بە ئێوە بمێنێتەوە تاوەكو ڕزگارتان بێت لە دادگای میللەت و سكاڵای مەزڵومان.

بژێوی فەرمانبەران باشتر دەكەین.
ئەم دروشمەش دان نانە بەو تاوانەی چەندین ساڵە بەرامبەر فەرمانبەران ئەنجامیانداوە بە تایبەتیش كە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی حزبی خۆیان كردۆتە مووچە خۆر و فەرمانبەریش، دەوامیش ناكەن و لە و فەرمانبەرەش زیاتر وەردەگرن كە ڕۆژانە لە سعات هەشتی سپێدە تاوەكو ئێوارە دەوامی پێدەكەن . ئەوەشیان كردۆتە ئەزمەیەكی ئیداری لە كوردستان و بەو بیانوە مووچەی فەرمانبەران زیاد ناكەن چونكە رێژیەكی ئێجگار زۆر مووچەخۆریان داناوە لەبۆ مونافەسەی حزب و هەموو پێوەرە نێو دەوڵتیەكانیان شكاندوون، تازە كێ باوەرتان پێدەكات كە بژێوی فەرمانبەران زیاد بكەن؟ مامۆستایانی كوردستان لە بیریان ناچێتەوە كە ئەو 100 هەزارە وەكو بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆیان زیادكرابوو پاشان نەك هەر لێیان بردن بەڵكو لێیان وەرگیرایەوە بە قەزا، جا ئەگەر موچەش زیاد بكەن ئەوان بۆ فەرمانبەران ئەگەر بە هەزار زیادبكەن بۆ پلە تایبەتیەكانی خۆتان بە ملیۆن زیاد دەبێت.

بە تووندی بە گژی گەندەڵیدا دەچینەوە
ئەمەش یەكێكە لە سەمەرەكانی جیهان، گەندەلكاران بە گژ گەندەڵیدا دەچنەوە!!!
ئەوان تا ئێستا یەك بەرپرسیان لەسەر گەندەڵی سزا نەداوە. ئەوان تا ئێستا ڕێگر بوون لەبەردەم پێكهێنانی لێژنەی نەزاهە كە دەمێكە چوار حزبەكە داكۆكی لێدەكات. ئەوان تا ئێستا نەیانهێشتوە دەزگای چاودێری دارایی یەكبگرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو قانونە جێبەجێ بكەن كە پەرلەمان بۆی دەركردوون، ئەوان لەسەر تا خوار نقوومی گەندەڵی بوونە چۆن دەتوانن چارەسەری بكەن؟!
لەوە گەندەڵی زیاتر چییە كە بە ئیعترافی خۆیان مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی تا ئێستا معاشی خۆیان وەرنەگرتووە ئەی دەتوانین بپرسین بەچی بەڕێوە دەچن؟!

بوودجەیەكی شەفاف بە داهات و خەرجەوە ئامادەدەكەین.
ئەوە دوو ساڵە هەندێ لەپەرلەمانتارە ئازاكان داوا دەكەن بوودجە شەفاف بێت ئەوان رێگرن، كەس نازانێ داهاتەكانی تری بوودجە كەی وارداتی فەرمانگەو وەزارەتەكان بۆ كام گیرفان دەروات چەند ساڵە نەفتی شواشۆك دەفرۆشرێت و ساڵێكیشە نەفتی زاخۆ دەفرۆشرێت بە سەدان ملیۆن دۆلار كەوتە قورگی كام ئەژدیهای گەندەڵ؟ ئەو پارەی لە بەغدا وەریدەگرن بەشی ئەوە دەكات خەڵكی كوردستان وەكو كوێتیەكان پێی بژین بەڵام چونكە لەبەردەستی ئەوانە كەس نازانێ چۆن سەرفی دەكەن، دوو ساڵە پەرلەمانتارەكان داوای حیسابی ختامی دەكەن بۆ چۆنەیەتی سەرفكرنی بوودجەكان ئامادەنین دیاری بكەن، بوودجەی هەموو حزبەكان دیارە مانگانە چەندە، بەس پارتی ویەكێتی حەزناكەن كەس بزانێت چەند دەبەنەوە بۆ خۆیان .. ئەوان بەو درووشمەیان ئەو راستیەیان سەلماند كەوا شەفافیەت نەبوە لە بوودجە و داهات و خەرجەكان تەواو دیار نەكرابوون لە رابردوو, هەربۆیەش 20 ئەندام پەرلەمان دەنگیان نەدا بە بودجەی ساڵی 2009 چونكە ئامادەنەبوون ببنە شەریكی دز.

ئێستاش دوای ئەم دانپێانانە بە بەڵگەی سەلمێنەر و بە دانپێانانی خۆیان تاوانەكانی لیستی كوردستانی بەرامبەر خەڵكی كوردستان سەلمێنران و ماوەتەوە خەڵكی كوردستان لە رۆژی 25/7/2009 كە رۆژی دەنگدانە حوكمێكی عادلانەیان بكات و بیانكاتە پەندی زەمانە تاوەكو هچ كەس و لایەنێكی تر بیر لەوە نەكاتەوە دژی خەڵكی خۆی تاوان بكات.

نهێنی زانێكی ناو حكومەتی هەرێم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە