نێچیرڤان بارزانی چی بۆ کۆمپانیای رووداو کردووە؟
Friday, 13/04/2012, 12:00
رێگا
هۆکاری هەرە سەرەکیی کردنەوەی تەلەفزیۆنی روداو لەلایەن کۆمپانیای روداوە، مەترسیی نێچیرڤان بارزانییە لە دەزگا راگەیاندنەکانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەتایبەت دەزگاکانی سەر بە بەرهەم ساڵح- بۆ بەرگریکردن لە کارەکانی نێچیرڤان بارزانی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەند ساڵی رابردودا لەڕێی راگەیاندنەکان رۆژنامەنوس، ئەکادیمی و نوسەرەکانی سەر بە خۆی، توانیویەتی تا رادەیەکی باش وەبازارخستنێکی سەرکەوتووانە بۆ کاروچالاکییەکانی بکا. نێچیرڤان بارزانی تا ئەو رادەیە باوەڕی بە خۆدەرخستنە کە دوای جێهێشتنی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لە ساڵی ٢٠٠٩، لەڕێی کەسەکانیەوە پۆستەری بە ناو هەولێردا بڵاوکردەوە و رێکلامێکی زۆری بۆ خۆی کرد. ئەو لە ئەستەنبۆڵیش هەمان شتی دوبارەکردەوە و دواتر لە راگەیاندنەکانی سەر بە خۆی ئاماژەیان بەوە کرد کە گەنجانی پاڵپشتی نێچیرڤان بارزانی لە ئەستەنبۆڵ پشتیوانیی لە نێچیرڤان بارزانیی دەکەن.
کردنەوەی تەلەفزیۆنی روداو لەلایەن کۆمپانیای روداو، هاوکاتە لەگەڵ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن نێچیرڤان بارزانیی دامەزرێنەری کۆمپانیای روداو.
تەلەفزیۆنە نوێیەکەی روداو، لەلایەن رێبوار کەریم وەلییەوە سەرپەرشتیی دەکرێت. ئەو خۆی یەکێک بووە لە راگەیاندنکارە هەرە سەرکەوتووەکانی سەر بە پارتیی دیموکراتیی کوردستان و نزیک لە نێچیرڤان بارزانی، بەتایبەت لە نزیکبونەوە لە میدیای تورکی و گەورەکردن و پێشخستنی وێنەی نێچیرڤان بارزانی لە میدیای تورکییدا.
کاری سەرەکیی تەلەفزیۆنە نوێیەکە، پێشخستنی کاروچالاکییەکانی نێچیرڤان بارزانی دەبێ لەلایەک، لەلاکەی تریشەوە، لێدان دەبێ لە هەمو ئەوانەی رەخنەی جدی لە کابینە نوێیەکەی نێچیرڤان بارزانیی دەگرن. زیاد بۆ ئەمەش، تەلەفزیۆنەکە سڵناکاتەوە لە رەخنەگرتنی توند لەو وەزیر و بەرپرسانەی حکومەتی هەرێم کە گەندەڵی دەکەن، بەڵام بە هیچ جۆرێک خۆیان نزیکناکەنەوە لە رەخنەگرتن لە خودی نێچیرڤان بارزانی.
نێچیرڤان بارزانی تا ئێستا لەڕێی حکومەتی هەرێمەوە پارەیەکی یەکجار خەیاڵی لە کۆمپانیای روداو سەرفکردووە. لە کابینەی نوێدا، جگە لە میدیای ئۆپۆزسیۆن کە دەبێ کاری سەرەکییان رەخنەکردنی حکومەت بێ و چاودێرێکی زۆر بەهێز بن لەسەری، میدیای یەکێتیی نیشتیمانیش نە سڵدەکاتەوە لە رەخنەکردنی نێچیرڤان بارزانی، نە ئەو ساتانەشی بیردەچێ کە میدیاکانی نزیک لەو دژایەتییەکی لە رادەبەدەری دکتۆر بەرهەم ساڵحی سەرۆکوەزیرانی پێشویان دەکرد.
کۆمپانیای روداو، دەزگایەک لەسەر بودجەی خەڵک کۆمپانیای رووداو لە سەرەتای ٢٠٠٨ بە پشتیوانیی راستەوخۆی نێچیرڤان بارزانی دامەزرا. کۆمپانیاکە لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بۆ خزمەتی کەسایەتییەکی سیاسییە لەناو حیزبێکی سیاسی. کۆمپانیای روداو لەم بەشانە پێکهاتووە:
١-هەفتەنامەی روداو-چاپی کوردستان: نزیکەی چل کەسێک کاری تێدا دەکەن، هەفتانە لە نێوان 3000 تا 4000 دانەی لێ دەفرۆشرێت.
٢- روداوی چاپی ئەوروپا: نووسینگەکەی لە شاری کۆلن-ی ئەڵمانیایە. بە هەردو شێوەزاری سۆرانی و کورمانجی دەردەچێت. هێمن مەلا عەبدوڵا قەلادزەیی بەڕێوەبەریەتی بە هاوکاری مستەفا شەفیق، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی PKK. ئەو سێ ساڵ لەمەوبەر خۆی تەسلیمی پارتی کردەوە. ماوەیەک لە زێرەڤانی لەلای عەزیز وەیسی کاری کرد و دواتر بۆ وەرگرتنی ئیقامە و جنسیە چووە ئەڵمانیا. ئێستا لە نووسینگەی روداو لە ئەڵمانیا کاروباری چاپکردنی روداو دەکات. روداوی چاپی ئەوروپا هەمو پێنج شەممەیەک دەردەچێت و کەمتر لە 300 دانەی دەفرۆشرێت لە تەواوی ئەوروپا و باکووری کوردستاندا. بودجەی مانگانەی روداوی ئەڵمانیا 30 هەزار یۆرۆیە.
هیچ نووسەرێکی کورد لە ئەوروپا مامەڵە لەگەڵ ئەم رۆژنامەیە ناکات جگە لە کاوە ئەمین لە سوێد.
٣- رووداوی وەرزشی بڵاوکراوەیەکی وەرزشیی هەفتانەیە و ٤٠٠٠ دانەی لێدەفرۆشرێت.
٤- لۆمۆند دیپلوماتیک -ی کوردی: کاتی خۆی لە رێگەی رۆژنامەنووس فەیسەل داغلی کە خەڵکی باکووری کوردستانەو لە PKK نزیکە و لە ئەڵمانیا دادەنیشێت، پەیوەندی بە لۆمۆند دیپلوماتیک-ی فەرەنسییەوە کرا کە بە نزیکەی پەنجا زمان هەیە لەسەر ئاستی جیهاندا. داواکرا بە کوردیش هەبێت و ئەوانیش رازیبون، چوونکە هەمو تێچونەکانی لەسەر روداوە نەک لۆمۆند ئەمە لەکاتێکدا وا لە خوێنەرانی کورد گەیەنراوە کە تێچونەکەی لەسەر لیمۆند دیپلوماتیکە. لۆمۆند سێسەد دانەی لێچاپ دەکرێت، بەڵام کەمتر لە سەد دانەی دەفرۆشرێت. سەرپەشتیاری لۆمۆندی کوردی د.نەزەند بەگیخانییە بەهاوکاری ئاسۆ عەبدوڵا حەسەن زادە. دوای ماوەیەک کارکردن، فەیسەل داغلی وازی لە روداو هێنا لەبەر پەیدابوونی کێشە لەگەڵ ئاکو محەمەد کە ئامادەنەبو بودجەی روداو ئاشکرابکات.
٥- کاتی خۆی بۆ سالێک هەفتەنامەیەک بەناوی (نم نم) بەناوی کۆمپانیای روداو لە سلیمانی دەرکرا کە شوان ئادەم ئایڤەس سەرنووسەری بو بەڵام هەرزو شکستی هێنا و داخرائەم رۆژنامەیە تەنها بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەرانی سلێمانی بو وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی خوێنەری میدیای ئەهلی .
٦- تەلەڤزیۆن و رادیۆی رووداو: بڕیارە مانگی شەش دەست بە پەخش بکات. بەڕێوەبەرەکەی رێبوار کەریم وەلییە بەهاوکاری گۆران محەمەد و هیوا مەحمود عوسمان. بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ تەرخان کراوە. زەوییەکی گەورە بە روبەری دەهەزار مەتر لە سەر رێگەی بەحرکە لە لایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دراوە بە تەلەڤزیۆن. هەروەها لە گوندی ئیتاڵی خانویەکیان هەیە کە ئێستا نووسینگەی تەلەڤزیۆنە. هەوڵدەدەن بە پارە کادیرە راگەیاندنەکانی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان بکڕن. بۆ نموونە پەیوەندی بە هوشیار عەبدوڵای KNN کراوە کە لەبەرامبەر موچە و پارەیەکی زۆر پەیوەندی بە تەلەفزیۆنی روداوەوە بکات بەڵام رازی نەبووە. بەلام فازل نەجیب بەرپرسی پیشووی پەیوەندییەکانی KNN رازی بو و ئێستا بەرپرسی نووسینگەی تەلەڤزیۆنی روداوە لە سلێمانی. زۆربەی کارمەندە تەکنیکەکانی تیڤییەکە تورکن .
٧- بودجەی کۆمپانیای رووداو (جگە لە تەلەڤزیۆن) مانگانە نەوەد ملیۆن دینارە کە لەڕێگەی کەسێک بەناوی (مەنسور هەرکی) لە وەزارەتی دارایی کە سەر بە نوسینگەی نێچیرڤانە دەدرێت. جگە لە ئاکۆ محەمەد هیچ کەسێک هیچ زانیارییەکی لەبارەی چۆنییەتیی خەرجکردنی ئەو پارەیە نییە. بۆ ماوەیەکی زۆریش پارەکە لە ماڵی خۆی بووە نەک لە بانک، بەپێی ئەو وتارانەی دەربارەی ئاکۆ نوسراون لەلایەن کەسە نزیکەکانی کە پێشتر کاریان لەگەڵ کردووە، سێجار زەوی وەرگرتووە، جارێک بەناوی مامۆستایەتی، جاریک بەناوی ئەندامی مەکتەب سیاسیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیی کوردستانی غەفور مەخموری، جاریکیش بەناوی رۆزنامەنووسی. گوایە هەشت ساڵە موچەی مامۆستایەتی وەردەگرێت بەبێ ئەوەی یەک رۆژیش دەوام بکات. جاران موچەی مامۆستایەتییەکەی لە دەزگای ئاراس وەردەگرت، بەڵام ئێستا خۆی گواستوەتەوە بۆ فەرمانگەی تامین -دڵنیایی هەولێر و بەبێ دەوامکردن موچە وەردەگرێت.
هەمو ئەو هەوڵانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرگریکردنە لە خۆیی و رکەبەرایەتی کردنی ئەوانەی دژایەتیی دەکەن. نێچیرڤان بارزانی هەم لەناو پارتییەکی خۆیدا کۆمەڵێک نەیاری سیاسیی هەیە و لەڕێی میدیاوە هەم ترسی داونێ، هەمیش لایەنگرانی پارتی زیاتر لە خۆی کۆکردۆتەوە، هەمیش نەیارە سیاسییەکانی لە هێزەکانی دیکەی والێکردووە لەڕێی راگەیاندنەکانیەوە کە کەمتر بتوانن شەڕی راگەیاندنی بکەن.
سەرچاوە:
http://www.regamedia.com/Detail.aspx?id=397
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست