کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فیرعه‌ونه‌کان ڕۆژانه‌ هه‌ره‌س دێنن

Wednesday, 23/02/2011, 12:00


فیرعه‌ونه‌کان له‌ میسره‌وه‌ له‌ دایک بوون ، له‌ کات و شوێنی جیاجیاشدا به‌ شێوازی جۆراوجۆر ده‌رده‌که‌ون ، فیرعه‌ونه‌کانی میسرو تونس و سوریاو عیراق و لیبیاو کوردستان و زۆربه‌ی وڵاتانی ئاسیاو ئه‌فریکاش هاوشێوه‌و دوانه‌و سیانه‌و ته‌واوکه‌ری یه‌کترن، له جل و به‌رگ و‌ زمان و ڕه‌نگ و ده‌نگدا له‌ یه‌کتر جیا وازن ، به‌ڵام له بیروبۆچون و‌ دیکتاتۆریه‌ت و زوڵم زۆرو داپڵۆسیندا له‌ یه‌ک ده‌چن ، له‌ گه‌نده‌ڵی و هه‌ڵس و که‌وت و دیارده‌ خراپه‌کاندا وه‌ک یه‌کن ، فیرعه‌ونه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌ دونیادا ماون و زۆرن ، هه‌مویان حه‌زیان له گه‌مه‌ی سه‌ربازی و کوشتن و بڕین و‌ ده‌سه‌ڵاته‌، حه‌زیان له‌ ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان و هیچ ئازادیه‌ک نیه‌، عاشقی کورسی و کۆشک و ته‌لارو ده‌یه‌ها ته‌ن خشڵ و زێڕن‌ ،عاشقی چه‌وساندنه‌وه‌و خوێن ڕشتن و شه‌ڕو شۆرن، ئازادی ڕه‌هایان هه‌یه‌ و دوژمنیشیان ئازادیه‌، سارته‌ر واته‌نی ئازادی ئه‌وان له‌و کاته‌وه‌‌ ده‌ست پێ ده‌کات که‌ ئازادی ئه‌وانی تر پێشێل بکات، فیرعه ونه‌کانی ئه‌م سه ر‌ده‌مه‌ پێمان ده‌ڵێن خه‌متان نه‌بێت ئێمه‌ له ئه‌زه‌له‌وه‌‌ خۆمان و‌ بنه‌ماڵه‌که شمان پیرۆزکراوه‌، تا ماوین‌ ده‌بێت بژین و بۆ ئێوه ش ده‌ژین، له‌ هه‌مووی گرنگتر ده‌بێت فیرعه‌ونانه‌ ش بژین، پێمان ده‌ڵێن بێ خه‌م بن ، هیچ کاریک مه‌که‌ن زه‌ره‌ر له ئه‌من و ئاسایش و‌ ناوبانگی وڵات و ئه‌زمونه‌که‌مان بدات،بڤه‌یه‌ باس له‌ گۆڕان بکه‌ین، دونیا شامی شه‌ریفه‌، گه‌ل له‌مه‌ باشتر ناژی، مه‌ڕو گورگ پێکه‌وه‌ ئاو ده‌خۆنه‌وه‌، گه‌نده‌ڵی نیه‌، ئه‌وه‌ش‌ که‌ ڕوده‌دات دیارده‌یه‌کی ئاساییه‌، ئه‌من ،ئاسایش، ئازادی، دیموکراسی، ژیان، هه‌موو شتێک له‌م وڵاته‌ به‌رقه‌راره‌، با دڵی دوژمنان و ناحه‌زان به‌ خۆمان خۆش نه‌که‌ین، ئه‌گه‌ر که‌م و کوڕیه‌کیش هه‌بێت پێویست به‌ هات و هاوارو خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ناکات و ده‌بێت به‌رده‌وام بێ ده‌نگ بین،نه‌وه‌ک دوژمنان و ده‌ورو دراوسی پێمان بزانن، خۆمان هه‌مووی چاره‌سه‌ر ده‌که‌ین، پێمان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر به‌ردمان تێ بگرن گوله‌بارانتان ده‌که‌ین، په‌نجه‌ره‌کانمان بشکێنن ، ماڵتان به‌سه‌ردا ده‌ڕوخێنین، گوڵمان تێ بگرن ماڵ و حاڵ و باخ و بێستانتان ده‌سوتێنین، خواردنمان تێ بگرن نانبڕاوتان ده‌که‌ین، له‌ سه‌رمان بنوسن ده‌ست و په‌نجه و قه‌ڵه‌مه‌کانتان ده‌شکێنین، ناڕه‌زا بن زیندانتان ده‌که‌ین ،پێمان ده‌ڵێن ئێمه‌ نا‌مرین، ئه‌گه‌ر ‌ مردیشین ئه‌وا کوڕو کوڕه‌زاکانمان ده‌بنه‌وه‌ به‌ فیرعه‌ونه‌کانی جاران و ده‌تانپارێزن، ‌ پێمان ده‌ڵێن خه‌متان نه‌بێت ئه‌ی گه‌ل و نیشتیمان،ژیان له‌ خۆتان تێک مه‌ده‌ن، ته‌نها فیرعه‌ونه‌کان ده‌توانن ماڵ وحاڵ و نیشتمانتان بپارێزن، پێمان ده‌ڵێن ئه‌بێت له‌ قوتابخانه‌ وانه‌ی فیرعه‌ونه‌کان فێر بن.

مامۆستاکان ده‌رسی سه‌رۆک فیرعه‌ون به‌ قوتابیه‌کان بڵێنه‌وه،شانۆکان، که‌ناڵه‌کان بڵاوکراوه‌کان باس له‌ ئازایه‌تی سه‌رۆک فیرعه‌ون و پارته‌ تێکۆشه‌ره‌که‌ی بکات، له‌ هه‌موو ماڵێک دا وێنه‌ی سه‌رۆک فیرعه‌ون هه‌ڵبواسن،مناڵه‌کانتان ناو بنێن فیرعه‌ون، سرودی ئه‌ی فیرعه‌ون له‌ به‌ربکه‌ن، به‌رده‌وام سه‌ر بۆ سه‌رۆک فیرعه‌ونیش دانه‌وێنن ، نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک باسی فیرعه‌ونه‌کان به‌ خراپی بکه‌ن ، هه‌میشه‌ وێنه‌ی فیرعه‌ون به‌ جل و به‌رگه‌کانتانه‌وه‌ بێت‌، بۆ فیرعه‌ون له‌ دایک بن و بژین و بۆ فیرعه‌ونیش گیانمان به‌خت بکه‌ین. ئه‌وه‌یه‌ باشترین فیرعه‌ون، له ‌به‌رئه‌وه داواکارم هه‌رکه‌سێک‌ حوکمی سه‌رۆک فیرعه‌ون و پارتی فیرعه‌ونی پێ باشه‌

‌هه‌موو جارێک ده‌نگ بدات‌ به‌ پارت و سه‌رۆک فیرعه‌ون.

حه‌مه‌ گۆپاڵه‌

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە